گوڵان وەك پێشەنگ لەنێو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا

گوڵان وەك پێشەنگ لەنێو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا
گوڵان لە میانەی رووماڵی رووداوەكان و بەدواداچوونە وردەكانی بۆ پرسە هەستیارەكان لە ژیانی نەتەوە لە قۆناخی بونیادنانی نەتەوەدا، گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە بەها و ماناكانی ئازادی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا بەرجەستە دەبێت و تەنیا نەتەوەی ئازاد دەتوانێت لە پرۆسەی بودنیادنانی نەتەوەدا سەركەوتوو بێت، بۆیە هەوێنی كاركردنی گوڵان لە ماوەی نزیكەی 10-12 ساڵی رابردوو، جەختكردنەوە بووە لەسەر پێداویستییەكانی سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە، كە ئەمەش پێویستی بە هۆكارێكی سەرەكی بووە، ئەویش هەوڵدان بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
گوڵان وەك هەر ناوەندێكی سیاسی و فیكری زۆر بە وردی هەردوو چەمكی (بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوەی) لەلایەك پێكەوە گرێ دابوو، لەلایەكی دیكەوە لێكی جیاكردبوونەوە، هەر بۆیە بۆ حاڵەتی سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە، هەردوو پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوەی وەك یەك جمك پێكەوە پێناسە دەكرد، بەڵام كاتێك پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت وەك ئەو پرۆسەیە لە عێراق و ئەفغانستان ئاماژەی پێ دەكرا و بونیادنانی دەوڵەت وەك دەوڵەتێكی سەنتڕاڵی پێناسە دەكرا، گوڵان ئەو پرۆسەی بونیادنانەی دەوڵەتی رەتدەكردەوە و پێی وابوو، پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت لەو چوارچێوەیەدا نەك هەر نابێتە بازنەیەك بۆ رەنگدانەوەی ئازادیی گەلەكەی، بەڵكو دەبێتە كۆت و بەند و ئازادیی گەلەكەی پێ كۆت دەكرێت، ئەم جیاكردنەوەیەش پێویستییەكی گرنگی قۆناخی بونیادنانی نەتەوە بووە بۆ ئەوەی دەوڵەت ببێتە چوارچێوەیەك بۆ بەرزڕاگرتنی شكۆی ئیرادەی نەتەوە.
لایەنێكی دیكە كە گوڵان وەك ئەركێكی نیشتمانی كاری لەسەر كردووە، گرنگیی سەقامگیری بووە لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، بۆیە گوڵان هەموو كاتێك سەقامگیریی سیاسی لە پرۆسەیەكی دیموكراتی نەسەقامگیر لا باشتر بووە، بۆ ئەمەش جیا لەوەی چەندین راپۆرتی رۆژنامەگەریی وردی لەسەر ئەنجام داوە، لە هەمانكاتدا دیدار و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیشی لەگەڵ دەیان و سەدان پسپۆڕ و توێژەر لەم بوارەدا ئەنجام داوە و هەوڵی داوە، خوێنەرانی لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسیی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان تێبگەن و فەوزای سیاسیی حزبەكان چەواشەیان نەكات.
ستافی ئێستای گوڵان . هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە دەخەنە كار كە تەواوكاری ئامانج و پەیامە پیرۆزەكەی رۆژنامەی كوردستان بن كە 121 ساڵ پێش ئێستا بۆ داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەییەكانی كورد و كوردستان وەك نیشتمان دەستنیشانی كردووە، هەروەها هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە كار لەم بەشە ئازادەی كوردستان كە هەرێمی باشووری كوردستانە، حوكمڕانییەكی باش پیادە بكرێت، ئەمەش لەو قەناعەتەوە سەرچاوەی گرتووە كە كوردستانی ئازاد دەبێت ژینگەیەكی تەندروست بێت بۆ كەرامەتی هەر تاكێكی كوردستانی و حكومەتەكەشی دەبێت بەو ئاستە خزمەتگوزار بێت كە شایستەی خەڵكی كوردستانە.
Top