هەفتەنامەی گوڵان.. دەزگای گوڵان.. گۆڤاری گوڵان

هەفتەنامەی گوڵان.. دەزگای گوڵان.. گۆڤاری گوڵان
رەوتی هەڵكشان و داهێنان لە بواری رۆژنامەگەری پەیوەستە بەو ژینگە سیاسییەی كە لە وڵاتدا دێتەئاراوە، هەر بۆیە كاتێك باسی دەركردنی هەفتەنامە و دامەزراندنی دەزگای گوڵان دەكەین، دەبێت چاوێك بەو ژینگە سیاسییەدا بخشێنین كە ئەم دەزگایەی تێدا لەدایك بوو، كە بە شانازییەوە لەناو رای گشتیی كوردستاندا، گوڵان وەك دەستپێشخەرییەك و داهێنانێك لە بواری رۆژنامەگەریی كوردستان لە قەڵەم دەدرێت.
ئاشكرایە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 1992 كە یەكەمین هەڵبژاردنی ئازاد بوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا لەسەر بەشێكی ئازادی خاكی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەدوای خۆیدا وەرچەرخانێكی گەورەی دروست كرد، جیا لەوەی دوای ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا و بڕیاری فیدڕاڵی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا، لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی كوردستانیش جارێكی دیكە سەرلەنوێ پرۆسەی سیاسی وەرچەرخانی بەسەردا هات كە دەكرێت لێرەدا بەچەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:
1. ساڵی 1993 ساڵی خۆڕێكخستنەوەی حزبەكانی كوردستان بوو لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم ساڵەدا كۆنگرەی 13ی خۆی گرێدا، بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بكات بۆ سەردەمی حوكمڕانیی مەدەنی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەستاودەستكردنی دەسەڵات.
2. بەرەی یەكگرتن كە پێكهاتبوو لە حزبەكانی (گەل، سۆشیالیست، پاسۆك) بڕیاریان دا، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێكەڵاو بن، ئەم یەكگرتنەی نێوان (پارتی و یەكگرتن) ژینگەیەكی تازەی سیاسی هێنایەئاراوە كە رەوتی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان خێراتر كرد.
ئەم گۆڕانكارییە سیاسییانە هەموویان لە كۆتایی ساڵی 1993 و دەستپێكی 1994 هاتنەئاراوە، لەم ژینگەیەدا بەشێك لە رۆژنامەنووسان كە لە ئۆرگانەكانی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كاریان دەكرد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی برایەتی بوون، بیرۆكەی ئەوەیان بۆ هات كە مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناخی تازەی حوكمڕانی و خۆئامادەكردن بۆ دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت لەلایەن میدیاوە، پێویستی بە دامەزراندنی میدیایەك هەیە كە لەژێر كاریگەریی حزبی دەربچێت، بۆ ئەمەش لەلایەن ئەو رۆژنامەنووسانەوە بیرۆكەی دامەزراندنی هەفتەنامەی گوڵان ئامادەكرا و درایە دەست رێكخراوە جەماوەریی و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو كە هەفتەنامەی گوڵان وەك چالاكییەكی گەنجانەی مەدەنی لەژێر چەتری رێكخراوە جەماوەریی و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربچێت.
ئەم بیرۆكەیە لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-یەوە بە گەرمی پێشوازی لێكرا، هەر بۆیە لە بەهاری 1994 ئامادەباشی كرا بۆ ئەوەی سەرەتا هەفتەنامەیەك بە ناوی (گوڵان) بە شێوەی (رۆژنامە نەك گۆڤار) دەربچێت و، بۆ گرێدانەوەی ئەرك و ئامانجی ئەم هەفتەنامەیەش لەگەڵ پەیام و ئامانجی رۆژنامەی كوردستان، وا بڕیار درا كە یەكەمین ژمارەی لە 22ی نیسانی 1994 دەربچێت.

هەفتەنامەی گوڵان وەك لە یەكەمین ژمارەیەوە خۆی پیشانی خوێنەرانی دا، بەو ئامانجە دەرچوو، كە ئەو رەوتە نەریتییە حزبییەی ناو رۆژنامەگەریی كوردی بشكێنێت و سەرەتایەكی نوێ بۆ رەخنەگرتن و رێزگرتن لە جیاوازییەكان و چەسپاندنی پرانسیپەكانی دیموكراتی و رێزگرتن لە فرەیی سیاسی بێنێتە ئاراوە، بەڵام بەداخەوە هەفتەنامەی گوڵان تەنیا دوو ژمارەی لێ دەرچووبوو، كاتێك شەڕی بەدناوی ناوخۆ دروست بوو.
هەفتەنامەی گوڵان هەر لە سەرەتاوە دژایەتی خۆی بۆ شەڕی بەدناوی ناوخۆ دەربڕی، پاشانیش كە هەفتەنامە بوو بە دەزگای گوڵان و (رادیۆ و تەلەفزیۆنی) گوڵان-یش وەك دوو كەناڵی دیكە بوونە هاوشانی هەفتەنامەكە، هەموو پێكەوە بوونە بەشێك لەو هەوڵانەی كە بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە شوومە خرابوونەگەڕ.

ئامانجی گوڵان دروستكردنی گوشارێكی هەمەلایەن بوو لەسەر هەردوو لایەنی شەڕەكە، بۆ ئەوەی گوشارێكی میللی دروست بێت و هەردوو لایەنی شەڕەكە چاوپۆشی بكەن و لەسەر مێزی ئاشتی پێكەوە دابنیشن، هەر بۆیە هەر لایەك پێشێلكاریی رێككەوتنی ئاگربەستەكانی بكردایە، كەناڵەكانی گوڵان (هەفتەنامە، رادیۆ، تەلەفزیۆن) ئەو پێشێلكارییانەی دەخستە ناو رای گشتییەوە، ئەمە وایكرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لایەنی بەرامبەری شەڕەكە بوو لە بەرامبەر پارتی، هەموو هەوڵی خۆی بۆ دژایەتیی گوڵان بخاتەگەڕ، بەڵام بەردەوامیی گوڵان لەسەر میتۆدی ئاشتییانەی خۆی و پابەندبوونی بە دژایەتیی شەڕی خۆكوژی، بووە هۆكاری ئەوەی ببێتە قوربانیی ئەم شەڕە و، هەر بۆ مێژوو، دەزگای گوڵان زۆر هەوڵی دا لە شەڕی ناوخۆی ساڵی 1994- 1996 نەبێتە بەشێك لەو شەڕە و، وێڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە گەمارۆ درا و، بارەگاكانی پارتی لەناو هەولێر نەمان، بەڵام دەزگای گوڵان لەناو بینایەكەی خۆی بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگ مایەوە و لەسەر رەوتی خۆی بۆ دژایەتیی شەڕی خۆكوژیی ناوخۆ بەردەوام بوو. بەڵام پاش ئەوەی بە هێزی میلیشیایی بینایەی گوڵان لە هۆتێل (شیراتۆن) داگیركرا، دەزگای گوڵان ناچار بوو، بچێتە هاوینەهەواری پیرمام و لەوێ درێژە بە كارە رۆژنامەنووسییەكانی خۆی بدات.
جێگەی باس و وەبەرهێنانەوەیە، هەردوو دەزگای (رادیۆ و تەلەفزیۆن)ی گوڵان، كارە رۆژنامەوانییەكانیان گۆڕانكاریی ئەوتۆی تێ نەكەوت، بەڵام هەفتەنامەی گوڵان كە لە سەر شێوازی (رۆژنامەیەكی رۆژانە) چاپ دەكرا، لەبەر نەبوونی چاپخانەی چاپكردنی رۆژنامە لە دەرەوەی هەولێر، ناچار بیر لەوە كرایەوە كە هەفتەنامەی گوڵان لە شێوازی چاپكردنی بە شێوەی (رۆژنامە) بگۆڕێت بۆ چاپكردنی بە شێوەی (گۆڤار)، بۆیە تەمەنی هەفتەنامەی گوڵان بە شێوەی (رۆژنامە) تەنیا 38 ژمارە بوو، لە ژمارەی 39 تا دەگاتە ئەمڕۆ كە ژمارەی 1215یە، بە شێوەی گۆڤار چاپ كراوە.
Top