پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: رێگەی شیاو و شایستەی گۆڤاری (گوڵان) لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی كوردیی وایكردووە هەردەم گیانێكی نوێی داهێنەرانەی بە

پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: رێگەی شیاو و شایستەی گۆڤاری (گوڵان) لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی كوردیی وایكردووە هەردەم گیانێكی نوێی داهێنەرانەی بە
بەڕێز دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی گۆڤاری گوڵان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەكە كردووە، ئەمەش دەقەكەیەتی:

هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و سەرجەم ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)
بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵیادی گۆڤاری (گوڵان) و لە یۆبێلی زیوینی تەمەنی، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و نووسەر خوێنەرانی گوڵان دەكەین، كاری بەردەوام و بەخشش و بەرهەمی چەندین ساڵەتان بەرز دەنرخێنین و، بۆ داهاتووش ئومێدەوارین بەهەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانەتان بەردەوام بن و لە گشت روویەكەوە هەنگاوی نوێتر و سوودمەندتر لەو بوارە بنێن.
رۆژنامەگەریی كوردی هەمیشە لە خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەماندا رۆڵی كاریگەری خۆی گێڕاوە، گۆڤاری (گوڵان)یش لەو كاروانەدا نموونەی ئەزموونێكی گەش و تایبەتمەندە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆژنامەگەریی و مەعریفیمان، هەروەها هەردەم وەك سەكۆیەكی دەوڵەمەندی بواری توێژینەوە و بەدواداچوون بووە بۆ پرسە هەنووكەیی و چارەنووسسازەكانی ئەو ئەزموونە و دۆزی رەوای گەلەكەمان.
رێگەی شیاو و شایستەی گۆڤاری (گوڵان) لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی كوردیی وایكردووە هەردەم گیانێكی نوێی داهێنەرانەی بەباڵادا ببڕدرێت و لە پێشەنگدا بێـت، هەر بۆیەش مایەی بەهەندگرتن و رێزە.
جێی شانازییە بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردیی، كە (گوڵان) بەو مۆرك و رەسەنایەتیەی لە یۆبیلی زیوینیدا جێدەستی دیار و كاریگەر بووە بەسەر بواری رۆشنبیری و كولتووری وهەر بەو گیانە لەخۆبردووانەیشی بەردەوام دەبێ.
جارێكی دیكە (٢٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان_تان لێ پیرۆزدەكەین و، پاڵپشتیی تەواو و بەردەوامی دەزگاكەمان بۆ پێشكەوتن و بەردەوامبوونی گۆڤارەكە دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە داهاتووش هەردەم ئەو سەكۆیە دیاروبەرچاوەی رۆژنامەگەریی كوردیی بن.

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2019
Top