حوكمڕانیی دروست و سەركەوتوو وەڵامدانەوەی ناسیۆنالیستانەیە بۆ خواستی هاووڵاتیان

حوكمڕانیی دروست و سەركەوتوو  وەڵامدانەوەی ناسیۆنالیستانەیە بۆ خواستی هاووڵاتیان
پێناسەكردنی چەمكی ناسیۆنالیست بەبێ چوارچێوەی دەوڵەت، یان قەوارەیەكی سیاسیی هاوشێوەی تایوان و هەرێمی كوردستان كارێكی مەحاڵە. مێژووی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیست كە هێشتا نەگەیشتۆتە 300ساڵ، راشكاوانە ئەو راستییەی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ئاشكرا كردووە كە چەمكی ناسیۆنالیست، هاووڵاتیبوونی ئەندامانی نەتەوە، یان گەل لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە دیاری دەكات، كە پێی دەگوترێت دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دەوڵەت یان قەوارەیەكی سیاسیی بوونی نەبوو، ئەوا ئامانجی ناسیۆنالیست دامەزراندنی دەوڵەت، یان قەوارەیەكی سیاسی دەبێت بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەندامانی نەتەوە پێناسە بكاتەوە.
گرێدانەوەی چەمكی ناسیۆنالیست بە ناسنامەی هاووڵاتیبوونەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، دەبێتە بنەمای رێكخستنی ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەی كە نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو رێكدەخات، ئەم گرێبەستە كۆمەڵایەتیەش كە هەردوو چەمكی فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو پێناسە دەكاتەوە، چەمێكی چەقبەستوو نییە، بەڵكو جۆرە داینامۆیەكی هەیە كە دەتوانێت جێگۆڕكێ بە فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو بكات.
راشكاوانەتر ئەگەر گرێبەستی كۆمەڵایەتی لەناو دەوڵەتی نەتەوەیی، دەستەبژێرێك هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بەناوی تەواوی گەلەوە حوكمڕانی بكەن و فەرمانڕەوایی لەدەوڵەتدا بكەن، ئەوا ئەم دەستەبژێرە پێش ئەوەی ببنە فەرمانڕەوا، فەرمانپێكراوی گەلن و ملكەچی ئەو بڕیارەن كە ئەندامانی نەتەوە لە چوارچێوەی سندوقەكانی دەنگدان داویەتی، بۆیە كاتێك گەل بە فەرمانی خۆی فەرمانڕەوا بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەوا چۆن ئەندامانی نەتەوە بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە دەبنە فەرمانپێكراوی فەرمانڕەوا، بەهەمان شێوەش دەبێت فەرمانڕەوا خۆی بە فەرمانپێكراوی گەل بزانێت، ئەم هاوكێشەیە زۆر بە رێكوپێكی بەرەو پێشكەوتن و داهێنان هەنگاو هەڵدەگرێت، هەتا متمانە لەنێوان فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراودا مەحەكی پەیوەندیی نێوانیان بێت، بەڵام كاتێك متمانە لەم گرێبەستە هاوسەنگە كەموكورتی تێكەوت، یان بوونی نەما، ئەوا نە فەرمانڕەوا فەرمانڕەوایی پێ دەكرێت و نە ئەندامانی نەتەوەش فەرمانەكانی فەرمانڕەوا جێبەجێ دەكەن، لەم حاڵەتەشدا پرۆسەی حوكمڕانی وەك لاشەیەكی بێگیانی لێ دێت.
لە ئێستای سەرانسەری جیهاندا و لە سایەی بانگەشەكردن بۆ گلۆبالیزم، هاوسەنگیی نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو بە جۆرێك ناهاوسەنگی تێ كەوتووە، كە دەشێت راشكاوانە بڵێین: متمانەی نێوان ئەندامانی نەتەوە و دەستەبژێری حوكمڕان بە ئاستێك لاواز بووە كە لە زۆر حاڵەتەدا دەكرێت بڵێین هەر نەماوە. هۆكاری سەرەكیش بۆ نەمان، یان لاوازبوونی متمانەی نێوان ئەندامانی نەتەوە و دەستەبژێری فەرمانڕەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پابەندبوونە تازەیەی دەستەبژێری حوكمڕان بە راسپاردەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نەك پابەندبوونیان بە راسپاردە، یان خواست و داخوازیی هاووڵاتیانی خۆیان، ئەم پابەندبوونەی دەستەبژێری حوكمڕان بەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەوە وای كردووە، دەستەبژێری حوكمڕان خەریكی دروستكردنی ئەو سیاسەت و بڕیارانە بن كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو راسپاردە نێودەوڵەتییانە پێویستن، لەم حاڵەتەشدا ئەو بڕیار و سیاسەتانەی دەستەبژێری حوكمڕان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵت دروستی دەكەن، كەم تا زۆر پەیوەندی بە سیاسەتی لۆكاڵیی دەوڵەتەوە نییە، بۆیە كۆمەڵگە و دروستكردنی سیاسەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە لێك جیادەبنەوە و لەم حاڵەتەشدا شتێك نامێنێت لەناو كۆمەڵگە ناوی سیاسەت بێت، بۆیە هاووڵاتیان دەیانەوێت ئەو دەستەبژێرە فەمانڕەوایە لەناو پرۆسەی سیاسی بكەنە دەرەوە. ئەمەش وایكردووە لە هەموو وڵاتانی گەورەی پیشەسازی و ئەو وڵاتانەی كە بانگەشە بۆ گلۆبالیزم دەكەن، شەپۆلێكی ناڕەزایی زۆر توند دژی دیاردەی گلۆبالیزم سەرهەڵبدات.
ئەگەر ئەمە كێشەی نێوان ئەندامانی نەتەوە و دەستەبژێری فەرمانڕەوا بێت لە وڵاتانی رۆژئاوای پیشەسازی، ئەوا لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هۆكاری نەمانی متمانە لە نێوان ئەندامانی نەتەوە و دەستەبژێری فەرمانڕەوا، هۆكار گەلێكی دیكەن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەم كێشەیەش لەگەڵ كێشەی دەوڵەتانی رۆژئاوای پیشەسازی یەك دەگرێتەوە، كە ئەویش داماڵینی كۆمەڵگەیە لە سیاسەتی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و وەڵامدانەوەی خواستی هاووڵاتیان.
دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا كە لە ناو حزبە سیاسییەكانەوە سەرچاوە دەگرن، هێندەی خۆیان سەرقاڵ كردووە بە سیاسەتی حزبایەتیی تەسك و شەڕی ئایدیۆلۆژی نێوان حزبەكان، هێندە ئاگایان لە كێشە و خواستەكانی خەڵك نییە، ئەم سیاسەتە جیاكراوەیە لە خەم و داواكاریی هاووڵاتیان جۆرێك لە نائومێدی لای هاووڵاتیان دروست دەكات، كە لە رقی دەستەبژێری حوكمڕان لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بەو حزبە ئایدیۆلۆژییانە بدەن كە دژایەتیی دەستەبژێری ئێستای فەرمانڕەوا دەكەن، هەروەك چۆن لە رۆژئاوای پێشەسازی دەنگ بەو سەركردە و حزبە پۆپۆلیستانە دەدەن، كە دژایەتیی ئەو دەستەبژێرە حوكمڕانە دەكەن، كە پشتگیری لە گلۆبالیزم، یان بەرگری لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دەكەن، وەك ئامانج، نەك ئامراز.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان كە ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی كابینەیەكی تازەین بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگە راشكاوانە دەست لەسەر ئەو برینە دابنێین كە حزبە سیاسییەكان لە پرۆسەی حوكمڕانی كوردستاندا دروستیان كردووە، ئەو برینەش ئەوەیە: سیاسەتی حزبایەتیی تەسك (كۆمەڵگە و سیاسەتی دروستی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان)ی لە یەكتر جیاكردۆتەوە، راستە حزبەكان كۆبوونەوە دەكەن بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكەن، بەڵام ئەو سیاسەتەی دروستی دەكەن بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی حوكمڕانی و بەشداریكردن لە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هێندە پەیوەندی بە پشك و پۆستی حزبەكانەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە دروستكردنی سیاسەتێكی دروستی حوكمڕانییەوە نییە كە بتوانێت چارەسەرێك بۆ خواست و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بدۆزێتەوە، ئەمەش وایكردووە هاووڵاتیانی كوردستان متمانەیان بەو دەستەبژێرە لاواز بێت كە حزبەكان دەیانەوێت وەك نوێنەرانی گەل و نەتەوە بەشداری لە پرۆسەی حوكمڕانیدا بكەن.
پڕۆفیسۆر ئۆستن رەنی خاوەنی كتێبی (سیاسەتی حوكمڕانی)، زۆر بە راشكاوی هەر دوو چەمكی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەداری لە یەكتری جیاكردۆتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەموو سیاسەتمەدارێك نابێتە دەوڵەتمەدار، یان توانای ئەوەی نابێت لە پرۆسەی فەرمانڕەوایی دەوڵەتدا سەركەوتوو بێت، بەڵكو تەنیا ئەو سیاسەتمەدارانە دەبنە دەوڵەتمەدار كە توانای ئەوەیان هەبێت سیاسەتی حزبی بگۆڕن بۆ سیاسەتی حوكمڕانی و كاتێك دەبنە فەرمانڕەوا هێندەی خەمی ئایندەی نەتەوەی خۆیان دەبێت، هێندە چاویان لەسەر سندوقی دەنگدانی داهاتوو نییە، ئەگەر ئەم لۆژیكەی ئۆستن رەنی بەسەر پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پراكتیزە بكەین، ئەوا هەر لەدوای راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی رابردوو، راشكاوانە هەست بەوە دەكرێت كە حزبە سیاسییەكان هێندەی چاویان لەسەر سندوقی هەڵبژاردنی داهاتووە، هێندە چاویان لەسەر سبەینێی خەمەكانی نەتەوەی خۆیان نییە.
ئەو واقیعە تاڵەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا هەموو كەسێك هەستی پێدەكات، ئەركی سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان و مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان قورستر كردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ئێستاوە هەست بەوە دەكرێت نە لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا ئەو ژینگەیە بەو ئاستە لەبارە كە بە راشكاوی بە بێ مكیاجكردن یاسا و بڕیاری زۆر بوێرانە دەربچێت، نە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ئەو ژینگە لەبارە بوونی دەبێت كە بتوانرێت بوێرانە هەموو بەرنامە و سیاسەت و بریارەكانی حكومەت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
كێشەی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسەت و بڕیار دروستكردن لەناو پرۆسەی حوكمڕانی كوردستاندا بە پلەی یەكەم ئەوەیە كە هێڵێكی روون و ئاشكرای نەتەوەیی و نیشتمانی بوونی نییە كە سیاسەتی تەسكی حزبایەتی لە سیاسەتی حوكمڕانیی نیشتمانی جیابكاتەوە، زۆر جاران حزبە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتیی خۆیان سیاسەتی حوكمڕانیی نیشتمانی دەكەن بە قوربانیی سیاسەتی تەسكی حزبایەتیی خۆیان.
لە مێژووی حوكمڕانی نەتەوەكانی جیهاندا، ئەركی دەوڵەتمەدار ئەو ساتانە دەردەكەوێت و دەوڵەتمەدار ئەو كاتە دەدرەوشێتەوە كە توانای ئەوەی هەبێت لەناو ئاسمانی تەمومژاوی پرۆسەی حوكمڕانیدا بە سیاسەت و بڕیارەكانی بەرچاوی هاووڵاتیانی خۆی رۆشن بكاتەوە، لەمەش زیاتر بڕیاری بوێرانە بدات و چاوی لەوە نەبێت كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا باجەكەی دەدات، یان حزبەكەی چەند كورسییەك كەم، یان زیاد دەكات. ئەوانەی لە رۆژە سەخت و ئاڵۆزەكانی مێژووی نەتەوە ئازادەكاندا لە پرۆسەی دەوڵەتمەداریدا بڕیاری قورس و بوێرانەیان داوە، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەیان نەكردووە، نەیار و دژەكانیان چ دەڵێن، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە بوون تا چەند تروسكاییەكی رووناكی بۆ ئایندەی نەتەوەكەیان دەكەنەوە، بۆیە لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەو بڕیارە بوێرانەی ئەبراهام لینكۆڵن بكەین كە بۆ شەڕی دژی كۆیلایەتی دای، ئەوكات نەیار و دژەكانی لینكۆڵن بە هەموو جۆرێك هەوڵیاندەدا كە لەو شەڕە سەركەوتوو نەبێت، بەڵام لەوكاتەی كە لینكۆڵن بڕیاری شەرەكەی دا، لە هەمانكاتدا دەستی بە دروستكردنی بینایەكی نوێ بۆ كەپیتاڵ هۆڵ كرد و رایگەیاند: دوای ئەم شەڕە ئامادەم لەم بینا تازەیە گەل لێپرسینەوەم لەسەر بڕیارەكەم لێ بكات. هەروەها جەختی لە سەر ئەوە كردەوە، گرنگیی بڕیاردان ئەوەیە لە بڕیارەكەت سەركەوتوو بیت، ئەگەر بڕیارەكە سەركەوت، ئەوا ئەوەی نەیارەكان ئێستا دەیڵێن، هیچ بایەخێكی نامێنێ و ئەگەر بڕیارەكەش سەرنەكەوت، ئەو كات من هەرچی بڵێم هیچ بایەخێكی نامێنێت.
ئەم پەندەی لینكۆڵن، وانەیەكی گەورەیە بۆ شێوازی حوكمڕانی و كۆكردنەوەی ئامانجەكان لە ئایندەی نەتەوەدا، لەوانەیە بۆ ئێستای حوكمڕانیی كوردستان و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووش راست بێت، لەبەر ئەوەی خەڵكی كوردستان بەو متمانە زۆرەی بە پارتی داوە و هەروەها بەو متمانەیەی بە سەرۆك بارزانی-یان هەیە و ئەویش مسرور بارزانی بۆ ئەم پۆستە كاندید كردووە، ئومێدێكی زۆریان لەسەر كابینەی تازەی حكومەت هەڵچنیووە، هەر بۆیە ئەگەر پارتی و مسرور بارزانی لەم ئەركە پشتیوان بەخوا سەركەتووبن و لە ئاستی ئەو متمانەیە بن كە گەلی كوردستان پێی بەخشیوون، ئەوا ئەوەی ئێستا حزبەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەیكەن، هیچ بایەخێكی نامێنێت.
Top