بۆ بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی . . . شانشینی ئوردن بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان پێشوازی لە رێبەری نەتەوەیەك دەكات
April 8, 2019
راپۆرتەکان
پڕۆفیسۆر كینس پۆلاك
بەڕێوەبەری پڕۆگرامە ستراتیژییەكانی ئامۆژگای برۆكینگز
پڕۆفیسۆر كلاوس شواب –ی بە رەچەڵەك ئەڵمانی ئەو ئیكۆنۆمیستەیە كە لە ساڵی 1971ـەوە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس-ی سویسرا دامەزراندووە و لەو كاتەشەوە هەتا ئێستا هەر خۆی سەرۆكی ئەم كۆڕبەندەیە.
كۆڕبەندی (داڤوس) لە سویسرا كە ساڵانە لە مانگی كانوونی دووەم گرێدەدرێت، ئامانجی بایەخدانە بە پەرەپێدانی ئابووری لە سەرانسەری جیهان و كاریگەریی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی و مەترسییەكانی گۆڕینی كەشوهەوای گۆی زەوی و ساڵانە لە سەرانسەری جیهانەوە سەرۆك و وەزیرانی دەوڵەت و زانایانی بوارە جیاجیاكانی زانست و وەبەرهێنەران و پیاوانی كار بە فەرمی بانگهێشت دەكرێن بۆ ئەوەی لەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ژیانی مرۆڤایەتی قسە بكرێت و رێگەچارە بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆی هەسارەی زەوی. بەڵام لە دوای ساڵی 2003وە كۆڕبەندێكی تایبەت بە كێشەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا رێكدەخرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زۆر تایبەت باس لە كێشە و گرفتەكانی ئەم ناوچە هەستیار و ئاڵۆزە لە جیهاندا بكرێت.
بیرۆكەی دامەزاندنی كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی (داڤۆس) لەگەڵ ئەوەی هاوكاتە لەگەڵ شەپۆلی سێیەمی دیموكراتی و سەرەتاكانی دەركەوتنی داكشانی سیستمی كۆمۆنیستی، بەڵام لە روویەكی دیكەشەوە هاوكاتە لەگەڵ مەزندەی ئەو بیرمەندانەی كە پێیان وابوو سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاواش بەرەو جۆرێك لە نادادپەروەری هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كۆمەڵگەكانی رۆژئاوا بەرەو جۆرێك لە سستی بچن و چالاكیی خۆیان لە دەست بدەن، هەر بۆیە ئەگەر بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆڕبەندە گرێ بدەینەوە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای 2003 و گرێدانی ئەم كۆڕبەندە تایبەت بە كێشەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا، ئەوا ئەم بەروارەشیان هاوكاتە لەگەڵ سەرەتای ئەو گۆڕانكارییانەی كە سەرەتاكانی لە دوای 2003وە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەركەوتن، كەواتە گرنگیی ئەم كۆڕبەندە ئابوورییە نێودەوڵەتییە ئەوەیە كە تایبەتە بە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشانەی تەواوی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەی گرتۆتەوە.
گرنگیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ئەوجا لە ( داڤۆسی سویسرا) بێت، یان لە (دەریای مردوو)ی ئوردن، تەنیا ئەو پەنێڵانە نییە كە بۆ كۆڕبەندەكە ئامادە دەكرێن، بەڵكو لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندەدا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان پادشا و سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەشداربووی ناو ئەو كۆڕبەندە گرێدەدرێت و لەسەر پرسە وردەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەركردنی كێشەكان وتووێژی زۆر جددی و گرنگ ئەنجام دەدرێت، بەشێك لەم دیدارانەش لە دوای تەواوبوونی كۆڕبەندەكە گۆڕانكاریی گەورە لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان و شێوازی هاوكاریكردنیان بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان دێنێتەئاراوە.
كەواتە ئەگەر كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە (داڤۆس) تایبەت بێت بە كێشە جیهانییەكان لە سەر ئاستی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتی و نێودەوڵەتی، ئەوا كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە (دەریای مردوو)ی ئوردن، تەنیا تایبەتە بە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و ئەو پادشا و سەرۆك و كەسایەتییە گرنگانە بەشداری تێدا دەكەن كە دەتوانن رۆڵێك لە چارەسەركردنی كێشەكاندا بگێڕن، یان خاوەنی ئەزموون و فیكرێكی ئەوتۆ بن كە لە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رێگەی تازە و پێكەوەكاركردنی هەمەلایەنە بەرهەم بهێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵای پادشای ئوردن بۆ مسعود بارزانی وەك رێبەر و ناسنامەی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، ماناو مەغزایەكی تایبەتی هەیە و، راشكاوانە لە میانەی ئەم بانگهێشتە فەرمیەی و ئەو پێشوازییە ئاست بەرزەی بە هاوشانی سەرۆكی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بە هەموو جیهان دەڵێت، بەبێ ئەزموون و لۆژێك و شێوازی بیركردنەوەی بارزانی، مەحاڵە بتوانرێت نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆهەڵاتی ناوەراست دابڕێژدرێت، بەتایبەتی كە دەبێت یەكەم سكێچی ئەم نەخشەیە لە عێراق و سووریاوە دەست پێ بكات.
بەشێك لە ماڵپەڕە عەرەبییەكان لە رووماڵكردنیان بۆ بەشداریی كەسایەتییە دیارەكان لەم كۆڕبەندە جیهانییەدا، پێناسەی مسعود بارزانی-یان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ئەم هەڵەیە وەك كەمئەزموونیی ئەو رۆژنامەنووسانە ناخوێندرێتەوە، بەوەی ئێستا بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو ئاستی بەرزی پڕۆتۆكۆڵی پێشوازیی شانشینی ئوردن و دانانی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای شانشینی ئوردنی هاشمی لە پێشوازی بارزانی دا ، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە رۆژنامەنووسەكە وابزانێت ئەم پێشوازییە پڕۆتۆكۆڵییە لە ئاستی پێشوازیی سەرۆكی دەوڵەتدا، پێشوازییە لە پۆستەكەی بارزانی، نەك كەسایەتی و شكۆی بارزانی وەك رێبەری نەتەوەیەك و ، دیارە شانشینی ئوردن و شاعەبدوڵا باش ئەو راستیە دەزانێت كە بارزانی بە بێ پۆستیش هەر هێما و ناسنامەی هەموو كوردستانە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (دەريای مردوو) كە راستەوخۆ بە سەرپەرشتی شا عەبدوڵا بەڕێوەدەچێت و هەر خۆیشی كۆڕبەندەكەی كردەوە و وتارێكی گرنگیشی تێدا پێشكەش كرد. ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆڕبەندە هەوڵێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و پادشای ئوردنیش دەزانێت ئەم كێشانە دەبێت لە عێراق و سووریا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، هەر بۆیە كاتێك لە فڕۆكەخانە ئاڵای كوردستان بۆ پێشوازی بارزانی هەڵدەكرێت و لە كاتی پێشوازیكردنیشی ئاڵای كوردستان دەخاتە پشتی بارزانی، ئەمە مانای ئەوەیە كە شا عەبدوڵا لە رێگەی ئەم كۆڕبەندەوە بە جیهان دەڵێت، ئەو بڕیارەی بارزانی كە لە ئەیلوولی 2017 بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان ئەنجامی دا، رێگە راستەكەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق كە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق دەبێتە سەرەتایەكی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا.
ئەوەی لە میانەی پێشوازیی شانشین و پادشای ئوردن بۆ بارزانی لەم كۆڕبەندەدا تەواوی جیهان بینی، ئەو راستییە بوو كە چیدیكە لە چوارچێوەی بیركردنەوەی تەقلیدییانەی دەوڵەتانی ناوچەكە و نەخشەی بەدناوی سایكس پیكۆ، نەك هەر هیچ یەكێك لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ناكرێن، بەڵكو خۆ پابەندكردن بە داكۆكیكردن لە ئەقڵییەتی تەقلییدی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وەك ئێستا لەم ناوچەیە پیادە دەكرێت و، پێداگری لەسەر مانەوەی نەخشەی سایكس پێكۆ وەك نەخشەیەكی پیرۆز، ئەوا تەواوی كێشەكانی ئەم ناوچەیە رووبەڕووی دەرگا داخراوەكان دەكاتەوە و هەرگیز رووناكییش لەو سەری تونێڵەكەوە دەرناكەوێت.
ئەم وەرچەرخانە كە لە هەمانكاتدا بە هەنگاوێكی لۆژیكانە و بوێرانەی شانشینی ئوردن دادەنرێت و، سەرەتایەكی گرنگە بۆ بیركردنەوەیەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێزگرتن لە لۆژیكی حوكمڕانی بارزانی كە لە ناوچەیەكی ئاڵۆز و لێوانلێو لە گوتاری توندڕەوی و یەكتری سڕینەوە، ژینگەیەكی دروست كردووە كە پێكهاتەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە كوردستان شانازی بە لێبوردەیی و پێكەوە ژیان دەكەن، بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا بە چاوی رق و كینەی شۆڤینییانە مامەڵە لەگەڵ كوردستان و رێبەرەكەی كرابێت، ئەوا ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەزموون و لۆژیكی ئەم رێبەرە بكرێتە سەرەتایەك بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و وەرچەرخانێك بەرەو بیركردنەوەی هاوچەرخانە بۆ حوكمڕانی و دەوڵەتداری و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی ئەم ناوچەیە، ئەم تێگەیشتنە بۆ لۆژیكی بارزانی دە ساڵ پێش ئێستا لە ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە شاهیدی بۆ دراوە، بۆیە ئێستا كە بۆ بەشداریكردنی لەم كۆڕبەندە جیهانییەدا ئاستی بەرزی ئەو پێشوازییە پڕۆتۆكۆڵییە دەبینین، دووبارە ئەو راستییە دووپات دەبێتەوە كە كینس پۆلاك لە ئامۆژگای برۆكینگز بە ئامادەبووانی راگەیاند: بارزانی هەر پۆستێكی هەبێت هەر پێشمەرگەیە و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پاریس وایە بۆ فەرەنسا.