عێراقی دوای تیرۆریستانی داعش هەوڵەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی دوای شەڕ

عێراقی دوای تیرۆریستانی داعش هەوڵەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی دوای شەڕ
ماوەیەكە دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگریی حكومەتی عێراق ئەو هەواڵانە بڵاودەكەنەوە كە باس لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە هەندێك ناوچەی عەرەبی سوننەنشین دەكات، وەك ناوچەكانی حەویجە، بەرزاییەكانی حەمرین تا دەگاتە پارێزگای دیالە، هەروەها باشووری پارێزگای نەینەوا و چەند شوێنێكی دیكەش. لایەنی حكومەتی عێراقی پاساوی بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەوەیە: هۆكاری سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە بریتییە لەو شانە نووستووانەی كە لە دوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی خۆیان حەشار داوە و لە ئێستا جارێكی دیكە خۆیان رێكخستۆتەوە و ناوە ناوە لە شوێنانە سەر هەڵدەدەنەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا تەنیا هۆكارەكە ئەوەیە كە تیرۆریستانی داعش جارێكی دیكە خۆیان رێكخستۆتەوە، یان ژینگەی كاولكاری دوای شەڕی دژی داعش هەر وەك خۆیەتی و هێشتا هەوڵەكان بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە دەستیان پێ نەكردووە؟
بێگومان شەڕی گەریلایی و پچڕپچڕ، یان شێوازی گرووپ گرووپی تیرۆریستان پەیوەستە بە ئاستی وەڵامدانەوە و پشتگیریی خەڵكی ناوچەكە بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە، ئەگەر پشتگیریی لۆكاڵی لەو گرووپانە نەبێت، ئەوا هەرگیز بە ئاسانی ناتوانن جموجۆڵ بكەن، یان سەرلەنوێ خۆیان رێكبخەنەوە. سەبارەت بەم پرسە پڕۆفیسۆر ماكس بوت توێژەری باڵا لە ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا لە كتێبەكەیدا بە ناونیشانی (سوپا نەبینراوەكان - Invisible armies) وەك بەراوردكاری (گیڤارا و هاوەڵاكانی) بە نموونە دەهێنێتەوە و دەپرسێت: بۆچی ژمارەیەكی زۆر كەمی گەریلا روویان كردە پایتەختی كوبا و رژێمی (باتیستا)یان رووخاند، بەڵام هەر هەمان گیڤارا و هاوەڵاكانی لە پۆلیفیا نەیانتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنن و بە ئاسانی دەستگیر كران و كوژران؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای ماكس بوت بەو جۆرەیە كە خەڵكی كوبا زۆر لە رژێمی باتیستا بێزار بوون، بۆیە پشتگیری گەریلاكانیان كرد و رژێمی باتیستایان رووخاند، بەڵام خەڵكی بولیڤیا بە هاوشێوەی خەڵكی كوبا لە رژێمەكەیان بێزار نەبوون، بۆیە پشتی رژێمەكەی خۆیان گرت و گیڤار و هاوەڵەكانی كوژران و بەدیل گیران.
ماكس بوت لەم كتێبەیەدا چیرۆكی زیاتر لە 2000 ساڵی شەڕی گەریلایی دەگێڕێتەوە و بۆ هۆشداریدان بە حكومەتی ئەمریكا كە دەشێت سوپایەكی نەبینراو بە هاوشێوەی ئیمپراتۆریەتی رۆما بیڕووخێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر دامەزراوەكانی حكومەتی ئەمریكا بە هاوشێوەی ساڵانی 2012-2016 كاربكەن و نەتوانن وەڵامی خواست و داواكانی خەڵكی ئەمریكا بدەنەوە، ئەوا ئەوانیش وەك هاووڵاتیانی ئیمپراتۆریەتی رۆما بەرگری لە حكومەتی خۆیان ناكەن و بەمەش زەمینەی لەبار بۆ سوپا نەبینراوەكان دروست دەبێت، كە سەركەوتن بەدەست بهێنن.

بارودۆخی ئێستای حكومەتی عێراق بەتایبەتی لەدوای راگەیاندنی رووخانی خەلافەتی داعش لە موسڵ، بەو جۆرەیە كە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە لە ئەدای دامەزراوەكانی حكومەتی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان رازی نین و، لەمەش خراپتر ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق بۆ نۆژەنكردنەوەی كاولكارییەكانی دوای شەڕی داعش بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخان كراوە، زۆر كەمە و ناتوانێت هیچ شتێك لە بارودۆخی ئەو ناوچانە بگۆڕێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە خەڵكی ئەو ناوچانە لە ئاستی هەوڵەكانی حكومەتی بەغدا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و سڕینەوەی ئاسەواری شەڕ و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بێ ئومێد بوون، ئەوا كارێكی زۆر ئاساییە كە خەڵكەكە هاوكاری هێزەكانی حكومەتی عێراق نەبێت بۆ رێگرتن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی فیكری داعش و دووبارە دروستبوونەوەی چەكدارە تیرۆریستییەكانی داعش لەو ناوچانەدا.
دیارە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ دووبارە بونیادنانەوە و سڕینەوەی ئاسەواری كاولكارییەكانی شەڕی دژی داعش، كارێكی ئاسان نییە و ئەم ئەركە بە تەنیا بە حكومەتی عێراق جێبەجێ ناكرێت، راستە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریی دەوڵەتی عێراق بۆ سڕینەوەی كاولكارییەكانی شەڕی دژی داعش گرێدرا، بەڵام ئەو بڕە پارانەشی لەو كۆنگرەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخانكراون، هەروەها بە ئاسانی ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە و لەوانەیە زۆر وڵات كە گومانی لەسەر ئاستی گەندەڵی لە كۆی دامەزراوەكانی حكومەتی عێراق هەیە، بە ئاسانی ئەو پارەیە رادەستی عێراق نەكات و جۆرێك لە بیرۆكراتیەت پیادە بكرێت كە بەشێوازی دیكە ئەو پارانە بدرێنە عێراق كە راستەوخۆ ئەو ناوچانە سوودی لێ نەبینن، یان كاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر رەوتی خێرای بونیادنانەوەی ئەو ناوچانە نەبێت و رۆڵێكی وا نەگێڕن.

ئیدارەی ئێستای ترەمپ كە شەڕی ئەمریكا لە عێراقدا بە شەڕی شەش تریلیۆن دۆلاری ناودەبات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەمریكا زیاتر لە شەش ترلیۆن دۆلاری لەو شەڕەدا خەرجكردووە و هیچ دەستكەوتێكیشی نەبووە، بەڵام لەسەر تەرخانكردنی پارە بۆ ئاوادانكردنەوەی ئەو ناوچانەی شەڕی دژی داعش كاولی كردوون، هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆی نەبووە، تەنانەت ئامادەباشی ئەوەشی پیشان نەداوە، كە كۆمپانیاكانی ئەمریكا بە قەرزی درێژخایەن بەشدارییەكی كارا لە پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراقدا بكەن. لەسەر ئاستی هەوڵەكانی حكومەتی عێراقیش وەك نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی قانوون لە دیمانەیەكدا لە كۆتایی ساڵی رابردوو جەختی لەسەر كردەوە، هەوڵەكانی عێراق بۆ دەستپێكردنی بونیادنانەوەی ئەو ناوچانە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەرەكی بۆ عێراق هەر لە سەرەتاوە پێویستی بە نزیكەی 70 ملیار دۆلار بووە، ئەو ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر پەرلەمانی عێراق یاسایەك بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی عێراق پەسەند بكات، ئەوا زۆر لە دەوڵەتان ئامادەن ئەو پارەیە و زیاتریش قەرز بدەنە عێراق، بەڵام ئەو پرسیارەی كە نوری مالیكی ورووژاندنی سەبارەت بەوەی بۆچی پەرلەمانی عێراق ئەو یاسایە پەسەند ناكات؟ ئەو هۆكارەكەی گێڕایەوە بۆ ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە و بۆ ئەو ململانێ سیاسییەی لەنێوان فراكسیۆنە گەورەكانی ناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە.
كەواتە پرسیاری سەرەكی لەسەر ئەم پرسە ئەوەیە: ئایا تێكڕای خەڵكی عێراق بە (شیعە و سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكەوە) هەست بەوە دەكەن كە ئەم حكومەتەی د.عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت جۆرێك لە (یەكسانی و دادپەروەری) لەناو كۆمەڵگەی عێراق دروست بكات و هەنگاوەكانی خێراتر بكات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ عێراقییەكان دابین بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەداخەوە هەتا ئێستا بەو جۆرەیە كە پێش هەر پێكهاتەیەكی دیكە، عەرەبی شیعە نائومێد بوون لەوەی كە هیوایەكیان بەم حكومەتە هەبێت كە بتوانێت هەنگاو بۆ (یەكسانی ودادپەروەری ) هەڵبگرێت، لێرەدا پرسیاری یەكلاكەرەوە ئەوە دەبێت: ئەگەر عەرەبی شیعە بەو حیسابەی حكومەتەكە هی خۆیانە و بەو ئاستە لەم حكومەتە نائومێد بن، ئایا دوو پێكهاتە سەرەكییەكەی دیكە كە (كورد و عەرەبی سوننە)ن، دەبێت لە بواری رێكخستنەوەی ژێرخان و سڕینەوەی ئاسەوارەكانی شەڕی دژی داعش چ ئومێدیكیان بەم حكومەتە هەبیت؟!
ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، راستە بە هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكەی عێراق توانرا تیرۆریستانی داعش لە رووی سەربازییەوە تێك بشكێنرێت و خەلافەتی ئیسلامی بڕووخێندرێت، بەڵام ئەوەش راستە كە دەبێت عێراقییەكان هەموو پێكەوە هاوكار بن بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان و ئەو فیكرە ژەهراویەیان، بەڵام ئەركی سەرەكی دەكەوێتە سەرشانی حكومەتی عێراق و دەبێت بیر لە پلانێك بكاتەوە كە نائومێدی لە ناخی عێراقدا بگۆڕێت بۆ ئومێد بە ئایندەیەكی باشتر.
Top