پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لە كارەساتی شەپۆڵێكی نوێی پەتای كۆرۆنا

پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لە كارەساتی شەپۆڵێكی نوێی پەتای كۆرۆنا
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی تەنگژەكان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری دا لە ڕوودانی كارەساتێكی گەورە بە هۆی شەپۆڵێكی نوێی چاوەڕوانكراوی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو جۆرەی كە ئێستا لە هیندستان بڵاو دەبێتەوە.

جەواد موسەوی بڕیاردەری لیژنەی تەنگژەكان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە زۆر نزیكە ئەم جۆرە نوێیەی پەتای كۆرۆنا كە ئێستا بەرۆكی هیندستانی گرتووە، بگاتە عێراقیش.

موسەوی ڕای گەیاندووە كە تەنها گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند، عێراق لە شەپۆڵێكی نوێی كارەساتاوی پەتای كۆرۆنا دەپارێزێت، دەنا ئەم جۆرە نوێیەی كۆرۆنا كە لە هیندستان بە شێوەیەكی مەترسیدار بڵاو دەبێتەوە، زۆر نزیكە عێراقیش بگرێتەوە.

بڕیاردەرەكەی لیژنە پەرلەمانییەكە دەڵێ ئەم جۆرە نوێیەی پەتای كۆرۆنا كە هیندستانی گرتووەتەوە، تا ئێستا مەترسیدارترین جۆری پەتای كۆرۆنایە، بۆیە پێویستە حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕێوشوێنی پێشوەختەی توند بگرنەبەر نەوەك ئەم جۆرە نوێیە بگاتە عێراق، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێگرتن لە هاتنی هەر كەسێك لە هیندستان بۆ ناو عێراق دەكرێت.

بەقسەی موسەوی، بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیەی پەتای كۆرۆنا چل هێندەی جۆرە ئاساییەكەی پەتای كۆرۆنا خێرایە و زۆر مەترسیدارتریشە، چونكە هەموو ئەندامەكانی جەستەی تووشبوو لە هەموو تەمەنەكان دەگرێتەوە.

جێی باسە هەر ئەمڕۆ سێشەممە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ وڵاتی هیندستان ڕاگرت، ئەمەش بە هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای جۆرێكی نوێی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم وڵاتە.

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق و كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق رایانگەیاند كە تەواوی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆكانی نێوان عێراق و هیندستان لەمڕۆ سێشەممەوە ڕادەگیرێن تا كاتێكی نادیار.

ئاماژەشیان بەوە داوە كە بڕیارەكەیان بەپێی ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقیە بەهۆی ئەوەی هیندستان چووەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە لە ڕووی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ماوەی پێنج ڕۆژە هیندستان كەوتووەتە باری ئەوپەڕی مەترسیدارییەوە لە ڕووی ڕێژەی نوێی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە و ئێستا سوپای وڵاته‌كه‌ هاوكاریی تیمه‌كانی ته‌ندروستی دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە.

حكوومەتی ھیندستان فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی داوە لە بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی رێژه‌ی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاریكار بن، ئەمەش لە كاتێكدایە چەندین وڵات بەڵێنی پێشكەشكردنی ھاریكاری پزیشكیی بە پەلەیان به‌ هیندستان داوە، بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی لەناكاو، دوای ئەوەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا تەواوی نه‌خۆشخانه‌كانی هیندستانیان ته‌نی.












باسنيوز


Top