ره‌واندوزی: مالیكی ئاماده‌یی نیشانداوه‌ گفتوگۆ له‌ سه‌ر داواكارییه‌كانی كورد بكات

ره‌واندوزی: مالیكی ئاماده‌یی نیشانداوه‌ گفتوگۆ له‌ سه‌ر داواكارییه‌كانی كورد بكات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتاری پێشووی سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق فریاد ره‌واندوزی، دووپاتیكرده‌وه‌ به‌شداری كردنی كورد له‌ حكومه‌تی داهاتوو په‌یوه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كه‌ له‌ 19 خاڵ پێكهاتووه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ره‌واندوزی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا مالیكی دۆستێكی نزیكی كورده‌، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كورد به‌شداری له‌ حكومتێك ده‌كات كه‌ داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ بكرێ و حكومه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی دابمه‌زرێنێ.
ره‌واندوزی روونیشی كرده‌وه‌ چه‌ند رۆژێك له‌ مه‌وبه‌ر شاندی كوردی چاوی به‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی كه‌وت، له‌ میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شدا مالیكی ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ گفتوگۆ له‌ سه‌ر داواكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد بكات.
له‌ دیارترین داواكارییه‌كانی كورد كه‌ له‌ 19 خاڵ پێكهاتووه‌، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانی و پێكهێنانی ئىنجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی و ته‌به‌نی كردنی سیسته‌می ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و چه‌ندین خاڵی دیكه‌ی گرنگ.
Top