تاڵه‌بانی داوا له‌ رێكخراوی سۆسیال دیموكراتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات پشتگیری گه‌لی عێراق بكات

تاڵه‌بانی داوا له‌ رێكخراوی سۆسیال دیموكراتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات پشتگیری گه‌لی عێراق بكات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵبانی به‌ سیفه‌تی جێگری سه‌رۆكی رێكخراوی سۆسیال دیموكراتی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ كرد كه‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری نیویۆرك به‌رِێوه‌چوو.

له‌ میانی پێشكه‌شكردنی وتاری خۆیدا، سه‌رۆك تاڵبانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرس و ته‌وه‌ری به‌ بارودۆخی ئێستای عێراق و جیهان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 7 ی ئازارو گفتوگۆو دانووستانه‌كانی نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ر له‌ نوێ داوای له‌ ته‌واوی هێزو كوتله‌ سیاسییه‌كان كرد كار بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانی بێئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌ك په‌راوێز بخرێت.

سه‌رۆك تاڵه‌بانی داوای له‌ رێكخراوی سۆسیال دیموكرات كرد پشتگیری له‌ گه‌لی عێراقی بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به‌ سه‌ر ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ زاڵ بێت كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی، به‌ ئامانجی سه‌رخستن و به‌رقه‌رار كردنی سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ عێراق.

هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی تیشكی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان عێراق وهه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و توركیا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌روه‌كو خۆشحاڵی خۆی ده‌ربرِی سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی راپرسی چاكسازی ده‌ستووری توركیا كه‌ له‌ 12 ی ئه‌م مانگه‌ به‌رِێوه‌چووه‌، سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌شی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف كرد بۆ رێرِه‌وی پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌ ناوچه‌كه‌.

جێی باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ جۆرج باباندریۆ سه‌رۆكی سۆسیال دیموكراتی جیهانی و سكرتیری رێكخراوه‌كه‌ لویس ئایلا و چه‌ند به‌رپرس و نوێنه‌رێكی دیكه‌ی سه‌ر به‌رێكخراوه‌كه‌ به‌شدار بوون.

-pukmedia
Top