عه‌بدولمه‌هدی: ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا نه‌گه‌ینه رێككه‌وتن بۆ هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر بژاری دیكه
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌ركرده له ئیئتیلافی نیشتمانی و جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی پێشبینی كرد له چه‌ند رۆژی داهاتوو گه‌رِێكی دیكه‌ی گفتوگۆ‌و دانووستانه دوو قۆڵییه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی ناو ئیئتیلافی نیشتمانی ده‌ست پێبكاته‌وه به‌رله‌وه‌ی ئیئتیلافی نیشتمانی روو له په‌رله‌مان یاخود هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا بكات.
عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا تا ئێستا پێكهاته‌كانی ناو ئیئتیلافی نیشتمانی سه‌باره‌ت به دانانی میكانیزمێكی یه‌كگرتوو بۆ هه‌ڵبژاردنی یه‌ك كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا عه‌بدولمه‌هدی روونی كرده‌وه ئیئتیلافی نیشتمانی به‌دوای ئه‌و میكانیزمانه ناگه‌رِێ كه ده‌بنه هۆی په‌كخستن و راگرتنی هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران گوتیشی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له واقیعدا هه‌یه سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له نێوان هه‌ردوو ئیئتیلافی نیشتمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌بێت، باسی له‌وه‌شكرد هه‌ردوو ئیئتیلافه‌كه ده‌یانه‌وێ بگه‌نه رێككه‌وتن بۆ هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانیش گه‌یشتنه بنبه‌ست ئه‌و كات ئیئتیلافی نیشتمانی په‌نا ده‌باته به‌ر بژاری دیكه.