ئیئتیلافی نیشتمانی: كارنامه‌ی كوتله‌ی كوردی پێویستی به‌ هه‌موار كردنه‌وه‌و دیراسه‌كردنێكی زۆرتر هه‌یه‌

ئیئتیلافی نیشتمانی: كارنامه‌ی كوتله‌ی كوردی پێویستی به‌ هه‌موار كردنه‌وه‌و دیراسه‌كردنێكی زۆرتر هه‌یه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ ئیئتیلافی نیشتمانی مه‌حه‌مه‌د شوكر رایگه‌یاند كارنامه‌ی داواكارییه‌كانی كورد كه‌ له‌ 19 خاڵ پێكهاتووه‌، هه‌ندێك له‌و خالاَنه‌ پێویستیان به‌ دیراسه‌كردنێكی زۆرتر و هه‌موار كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێكی دیكه‌شیان ئیجابین و ئیئتیلافی نیشتمانی هیچ لارییه‌كی له‌ سه‌ریان نییه‌.

شوكر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌موو كوتله‌یه‌ك داواكاری و مه‌رجی قورس داده‌نێ، به‌لاَم ده‌كرێ له‌ رێگه‌ی دانووستان و گفتوگۆ دوو قۆڵییه‌كان ئه‌و داواكاری و مه‌رجانه‌ سووك بكرێن، گوتیشی هیچ داواكاری و مه‌رجێكیش نابێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوور یه‌كنه‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا جارێكی دیكه‌ ته‌نگژه‌ی نوێ درووست ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی پێشێلكردنی ده‌ستوور.

ناوبراو روونی كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای ئیئتیلافی نیشتمانییه‌وه‌ چاوه‌رِوان نه‌كراو بوو بریتی له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كوتله‌ی كوردستانی داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرێت ئه‌وكات له‌ حكومه‌ت ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌وكات حكومه‌تی داهاتوو هیچ ده‌سه‌لاَتێكی نابێت، ئه‌مه‌ش به‌گوته‌ی ناوبراو مه‌رجێكی نا ده‌ستوورییه‌و هیچ یاسایه‌كی ولاَت پشتگیری لێناكات، بۆیه‌ ئه‌م مه‌رجه‌ له‌لایه‌ن ته‌واوی كوتله‌كانه‌وه‌ ره‌تكراوه‌یه‌ چونكه‌ جێبه‌جێكردنی مه‌حاڵه‌.

جێی باسه‌ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بۆ ده‌رچوون له‌ ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كارنامه‌یه‌كی 19 خاڵی خستۆته‌ به‌رده‌م كوتله‌ سیاسییه‌كان كه‌ گرنگترینیان جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستوور و پرسی نه‌وت و گازوپرسی پێشمه‌رگه‌یه‌ وه‌كو هێزێك له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق.
Top