لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا برِیارى گۆرِینى كاندیدكردنى مالیكی دا

لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا برِیارى گۆرِینى كاندیدكردنى مالیكی دا

گولاَن/ساڵح محمد
بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوى عێراق و هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى نێوان لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا و لیستى ئیتلافی نیشتیمانى ، حیزبى ده‌عوه‌ برِیارى گۆرِینى كاندیدكردنى نورى مالیكی دا بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق.

دواى ئه‌وه‌ى ئیتلافی نیشتیمانى كه‌ هاوپه‌یمانى لیستى ده‌وڵه‌تى یاسایه‌ كه‌ \"نورى مالیكی\"" سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات سوربونى خۆی دوپات كرده‌وه‌ له‌سه‌ر رِه‌ت كردنه‌وه‌ى كاندیدكردنى نورى مالیكی بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق، لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا برِیارى دا كه‌ كاندیدێكى تر دیارى بكات بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له‌بری نورى مالیكی.

به‌پێه‌ سه‌رچاوه‌كان بۆیه‌كه‌م جار نورى مالیكی نه‌رمى نیشانداوه‌ بۆ ده‌ستبه‌رداربون له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق كه‌ پێشتر به‌رده‌وام رِه‌تى ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پۆسته‌ ببێت.

هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ په‌رِله‌مانتاران و به‌رپرسانى عێراق سوربونى مالیكی بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق به‌ هۆكارى سه‌ره‌كى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوى عێراق ده‌زانن.

(مه‌حمود عوسمان) ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى كوردستان رِایگه‌یاند:
هاوپه‌یمانى نیشتیمانى كه‌له‌نێوان هه‌ردو لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ نورى مالیكی سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و له‌گه‌ڵ لیستى ئیئتلافی نیشتیمانى كه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات پێكهاتوه‌ به‌ربه‌ستى سه‌ره‌كیه‌ بۆ پێكنه‌هێنانى حكومه‌تى داهاتوى عێراق، و پێكهێنانى ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ ته‌نها بۆ رِێگرتن بو له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌لایه‌ن لیستى عێراقیه‌ كه‌ خاوه‌نى زۆرترین ژماره‌ى كورسى په‌رِله‌مانى عێراقه‌.

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ \""حسین سافی\"" ئه‌ندامى لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا رِایگه‌یاند:
ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى پێویست بكات ئه‌وه‌ كاندیدى تر ده‌خه‌ینه‌ رِو بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ك جێگره‌وه‌ى نورى مالیكی، چونكه‌ مالیكی په‌یوه‌ست نییه‌ به‌و پۆسته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆی، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى خوازیار بو ئه‌وه‌ مالیكی كاندید ناكه‌ین بۆ ئه‌و پۆسته‌."
Top