مەحموود محەمەد شاكر (مەحموودە رەش) سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: سەركردەكانی پەكەكە زۆربەیان كورد نین و توركن و ناشزانن بە كوردی قسە بكەن

مەحموود محەمەد شاكر (مەحموودە رەش) سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: سەركردەكانی پەكەكە زۆربەیان كورد نین و توركن و ناشزانن بە كوردی قسە بكەن
پارتی كرێكارانی كوردستان «پەكەكە» لاف و گەزافی كوردایەتی لێدەدات و دروشمی وڵاتپارێزی بە لاوەكانی كوردستان دەفرۆشن، بەڵام ئەم حزبە وەك ئەندامانی خۆیان باسی دەكەن، بەشی زۆری ئەو سەركردایەتییەی لە توركیا هەڵاتوون و لە قەندیل خۆیان شاردۆتەوە، ئەسڵەن هەر كورد نین و توركن و نازانن بە كوردییش قسە بكەن و، بڕواشیان بە دۆزی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان نییە، بە ئاشكراش بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، كە بڕوایان بە پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نییە، بۆ هەڵماڵینی رووی راستەقینەی پەكەكە و سیاسەتە هەڵەكانی ئەم دیدارەمان لەگەڵ مەحموود محەمەد شاكر ناسراو بە «مەحموودە رەش» سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا و، بەمجۆرە وەڵانی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا ئێستا تەنیا هەرێمی كوردستان پەناهەندەیەكە بۆتە ناسنامە بۆ هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت، بەڵام چەكدارانی پەكەكە دژایەتیی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و رەتی دەكەنەوە؛ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر پەكەكە حزبێكی كوردستانییە بۆچی دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- بەشێوەیەكی گشتی لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا هەر مرۆڤێك نەتەوەیی و نەتەوەپەروەر و وڵاتپەروەر بێت، دەبێت بە تێڕوانینێكی نەتەوەیی و دروست بڕوانێتە پێگە و نەفەسی میللەتی كورد لە باشووری كوردستاندا، چونكە لەم بەشەی كوردستاندا ناسنامەی نەتەوەیی كورد دروست بووە، كورد بەم رێگایەدا بە هەزارەها شەهیدی داوە و راپەڕین و شۆڕشی كردووە، ئەوەش تەنیا لەپێناوی ئازادی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بووە. ئەمڕۆ هەر كەس و حزب و لایەنێك بێت، ئەگەر هەڵگری هزری نەتەوەیی بێت، دەبێت پشتگیریی ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان بكات و هاوكاری چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی بێت، بەپێچەوانەوە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لە باشوور بە هیچ شێوەیەك خزمەتی میللەتی كورد ناكات، هەركەسێك بخوازێت خزمەتی میللەتی كورد بكات، مادام بەشێكی كوردستان سەركەوتووە، پێویستە پاڵپشتی ئەم سەركەوتنە بكات و، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیشەوە چاو لەو بەشە بكەن. ئەمڕۆ دوژمنانی ئێمە حەز ناكەن نێوماڵی كورد تەبا و رێك بێت، بەپێچەوانەوە دەخوازن كێشە دروست بكەن و كوردستان ئازاد نەبێت، مادام جێگایەكی خاكی ئێمە ئازاد و رزگار بووە، دەبێت ئێمە بە هەموومان خزمەتی ئەو بەشە ئازادە بكەین و بیپارێزین، لێرە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم دامەزراوە و، دەبێت پاڵپشتی و هاوكاریان بین، بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، نەك دژایەتی بكەین و هەوڵ بدەین، حكومەتەكە بكەینە حكومەتێكی ژێردەستە. بەداخەوە ئەمڕۆ دژایەتیی پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حزبیدایە و ئەم بەرژەوەندییە كەوتۆتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی. پەكەكە لەسەر بنەما و هزری نەتەوەیی و كوردایەتی دانەمەزراوە، بەڵكو لەكۆندا حزبێك بووە لەسەر هزری چەپ دروست بووە، مەسەلەی كوردایەتییەكەشی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە، حزبێكی بەم شێوەیە هەرگیز سەركەوتوو نابێت. پەكەكە ئێستا نوێنەرایەتیی كوردی توركیاش ناكات، چونكە لەسەر بنەمای هزرێكی سڕینەوەی بەرامبەر دروست بووە و تەنیا بە راست زانینی خۆی دەڕوانێتە پرسەكە، ئەمەش هزرێكی هەڵەیە و زیانی گەورەی بە نەتەوەی كورد گەیاندووە.
* ئەم دوژمنایەتییەی پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان، هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، ئەمڕۆ پەكەكە لەپێناو ئەو بەرژەوەندییە تەسكەی خۆیدا پەیام و پیلانی دوژمنكارانەی وڵاتانی ناوچەكە جێبەجێ دەكات، ئایا تاچەند جێبەجێكردنی پەیام و پیلانی بیانی زیان بە دۆزی كورد و خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت؟
- نەك پەكەكە هەر كەس و لایەن و هێزێك دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت و گرفت و كێشەی بۆ دروست بكات، خزمەتی هێزی داگیركەری تورك و فارس و عەرەب دەكات، چونكە رژێمەكانی ئەو وڵاتانە ناخوازن هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، بۆیە بەردەوام دوژمنایەتی دەكەن، بۆ گەیشتن بەم راستییە هیچ پێویست بە شارەزایی و لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەیەكی ورد ناكات، دوژمنی ئێمە و ئامانجەكەی دیار و روونە، ئەوان ناخوازن كوردستان ئازاد بێت.
* ئاشكرایە پەكەكە دەمێكە لە هێڵی نەتەوەیی لایداوە و بانگەشە بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی دەكات، بەم بیانووەشەوە ئاشكرایە دژایەتیی چەمكی دەوڵەتی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان دەكات؛ ئێوە خۆشتان دەزانن هەموو لاوەكانی كورد لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان چەك دەكەنە شانیان و خەبات دەكەن؛ ئایا پەكەكە لەپێناو چیدا ئەم هەموو لاوەی كورد بە كوشت دەدات، لە كاتێكدا بەئاشكرا رایگەیاندووە كە ئامانجی ئەو رزگاركردنی كوردستان نییە؟
- پەكەكە لە سەر ئایدیۆلۆژیەتی چەپ دروست بووە، راستە لە دەستپێكی كاركردنیدا پەكەكە بە بەرنامەی نەتەوەیی دەستی پێكرد، تەنانەت لە یەكەم بەندی ئەو بەرنامەیەدا باسی لە (كوردستانێكی دیموكرات و ئازاد و سەربەخۆ) كردووە، هەموو گەریلاكانیش لەسەر ئەو بنەمایە خزمەتێكی زۆری پەكەكەیان كردو، بە سەدان قوربانی و شەهیدیان دا، كەچی ئەمڕۆ پەكەكە لە هێڵە نەتەوەییەكەی دوور كەوتۆتەوە، هەر بۆیە لاواز دەردەكەوێت، چونكە دواجار دووركەوتنەوە لەو هێڵە نەتەوەییە دەبێتە هۆی نەمانی پەكەكە، تەنانەت هاوكارییەكانی كوردانی ئەوروپاش روو لەكەمی دەكات، چونكە دواجار ئەگەر ئامانج لە شۆڕشی چەكداری و سیاسی بۆ ئاوەدانكردنەوە و ئازادكردنی كوردستان و لە سەر فكری نەتەوەیی نەبێت، لاوەكان چ پێویست دەكات ئەو هەموو قوربانییە و هاوكارییە بدەن؟ ئەم حاڵەتە لە هەرسێ بەشەكەی دیكەی كوردستانیش هەروایە، پەكەكە بە دووركەوتنەوە لە هێڵە نەتەوەییەكەوە چیتر ناتوانێت خەڵكی باكوور هەڵبخڵەتێنێت و لە دەوری كۆببنەوە و بە كوشتیان بدات، لە كاتێكدا هەموو خەبات و شۆڕشەكەی بۆ كوردستان نەبێت و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی كار بكەن و زیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد بگەیەنن.
* لە كاتێكدا چەكدارانی پەكەكە توانای ئەوەیان نییە تەنیا گوندێكی باكووری كوردستان ئازاد بكەن و، سەركردایەتیی خۆیانی لێ دابمەزرێنن و لە جەماوەرەكەی خۆیان نزیك بن، كەچی لەسەر سنوورەكان بۆ ئاژاوە و راپێچكردنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندن بە ئاواییەكانی هەرێم شەڕەكەی خۆیان گواستۆتەوە بۆ نێوخۆی هەرێمی كوردستان؛ پرسیار ئەوەیە ئەگەر چەكدارانی پەكەكە ئەوەندە جوامێرن، بۆچی ناگەڕێنەوە باكوور و لە دژی سوپای توركیا شەڕ بكەن؟
- پەكەكە لە40 ساڵی رابردوودا تەنانەت نەیتوانیوە گوندێكی باكووری كوردستان ئازاد بكات، راستە لە دەرسیم و چەند شوێنێكی دیكە بە نهێنی پەكەكە بوونیان هەیە، بەڵام لەوێش نەیانتوانیوە كاریگەر بن و سوود بە دۆزی رەوای گەلی كورد بگەیەنن، ئەوان هێزی چەكداری خۆیان لەو ناوچانە بڵاو كردووەتەوە كە لە سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان كە ئازاد كراوە، پەكەكە بەپێچەوانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەجووڵێتەوە. بۆ نموونە بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا پێشمەرگە چووە كۆبانێ و شەڕی كردو كۆبانێ و خەڵكەكەی لەدەستی داعش رزگار كرد، دواتر كە كاری نەما كشایەوە و ئەركە نەتەوەییەكەی خۆی بەرامبەر كوردانی رۆژئاوا جێبەجێ كرد، بەڵام بەداخەوە پەكەكە بە جیاواز و هەڵە رەفتار دەكات و بچێتە هەر شوێنێك دەڵێت ئەمە شوێنی منە و داگیری دەكات، هەروەكو چۆن لە شنگال رووی دا و بە موڵكی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا ئەمە وڵاتێكە و سیستەمی خۆی هەیە و، كوردان لەم بەشەدا نوێنەران و هێزی سەربازیی خۆیان هەیە كە پێشمەرگەیە، پەكەكە لەبری ئەوەی پشتگیریی ئەو سیستەمە بكات و پاڵپشتی دامەزراوەكانی بكات، تێكی دەدات، هەر بۆیە ئەمڕۆ پەكەكە لەبەردەم پرسیارێكی مێژووییدایە: ئایا بۆچی ئەم بەشە ئازادەی كوردستانی باشوور وێران دەكەیت و ئاژاوە و ناسەقامگیریی بۆ دروست دەكەیت؟ لە كاتێكدا وا پێویست بوو پەكەكە وڵاتپارێز بن و بە نهێنی پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی هەبێت، كەچی كار لەگەڵ نەیارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئەجیندەی دەرەكی جێبەجێ دەكەن، خۆ ئەگەر لە داهاتوودا لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایەك ئەنجام بدرێت، لەسەر ئەو كارە نایاسایی و خراپانەی پەكەكە دەرهەق بە خەڵكی دەیكات، زیانێكی گەورە بە گەلی كورد دەكەوێت.
* باس لەوە دەكرێت كە سەركردایەتیی ئێستای پەكەكە لە قەندیل هەر كورد نین و ئەجیندەی چەپی توركچێتی تەبەنی دەكەن، لەمەش زیاتر هاوكاریی دەزگاكانی هەواڵگریی ئیقلیمی دەكەن بۆ دژایەتیكردنی كوردستان، راوبۆچوونتان لەسەر سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل چۆنە؟
- سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل زۆربەیان كورد نین و فێری زمانی كوردیش نەبوون. بۆ نموونە دۆران قاڵقان كورد نین و بەكوردی قسە ناكەن، قەرەسوو كەمال پیرپا و هەقی قارا كە لە قەندیل كوژران ئەوانیش كورد نەبوون، تەنانەت لە قەندیل گرووپی ئەنقەرە هەیە، كە هیچ باوەڕیان بە فكرەی نەتەوەیی كورد نییە و پیر بوون و ئامادە نین دەسەڵات بدەنە لاوەكان و هەر چوار ساڵ جارێك بگۆڕدرێن، هەموو ئەو توركانەی قەندیل لە خزمەتی كوردایەتی نەبوون، بەڵكو لە خزمەتی چەپی توركچێتی بوون، بۆیە بە كوردی قسە ناكەن و، لە بەرنامەی ئەوان هزری نەتەوەیی كورد نییە، لە كاتێكدا گەنجە كوردەكانی ناو پەكەكە دەیانەوێت لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و رزگاری كوردستان و لە ژێر ئاڵای كوردستاندا خەبات بكەن و هەنگاو بەرەو چارەسەركردنی پرسی كورد بە رێگای دیالۆگ و سیاسی بنێن. ئەمڕۆ ئەرك و كاری سەرەكیی ئەوان خزمەتكردنی گەلی كورد و پاراستنی ئەم بەشەی هەرێمی كوردستانە كە موڵكی تەنیا حزبێك نییە، بەڵكو موڵكی هەموو نەتەوەی كوردە و ناسنامەی كوردە، بەداخەوە سەركردایەتیی پەكەكە لەسەر ئەو فكر و ئایدیۆلۆژیا چەپی توركچێتییە بەردەوامە و دەرئەنجامەكەی لاوازبوونی پێگەی كوردە لە باكووری كوردستان.
* یەكێك لە رەفتارەكانی پەكەكە كە زۆر نامۆیە بە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، رفاندنی منداڵی كچ و كوڕی كوردە كە چەكداریان دەكات و، رێگە نادات كەسوكاریان بیانبینێ. ئایا ئەم رەفتارەی پەكەكە لە رفاندنی منداڵەكان لە چ تیورێكی شۆڕشگێڕیدا جێگای دەبێتەوە؟
- رفاندنی منداڵی كوڕ و كچ و چەكداركردنیان هەڵەیەكی گەورەیە، بەتایبەتی بەبێ ویستی باوكیان، یاسایەكی نێودەوڵەتی هەیە كە نابێت لە تەمەنی 18 ساڵ كەمتر چەكدار هەبێت، پەكەكە پابەندی هیچ یاسا و رێسایەكی نێودەوڵەتی نییە هەر ئەمەشە وایكردووە پەكەكە بكرێتە هێزێكی تیرۆریست و ئەمەش تەنیا زیان بە پەكەكە ناگەیەنێت، بەڵكو زیان بە هەموو كورد دەگەیەنێت. ناكرێت لاوەكانمان بۆ چوونە ناو ریزی گەریلاوە ببنە قوربانیی رێگای چوون و نەهاتن، پێویستە رێگای چوون و هاتن بێت.
* لەم كاتەدا كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەورەترین وەرچەرخان تێپەر دەبێت، تەبایی و یەكڕیزیی نێوان كوردان لە هەموو شتێك گرنگترە، بەڵام پەكەكە وەكو داردەستی دەوڵەتانی داگیركەر ئەو یەكڕیزییە تێك دەدات و خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات.پرسیار ئەوەیە بۆ لەم كاتەدا پەكەكە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات و شەڕی پێ دەفرۆشێت؟
- پێویستە پەكەكە و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەم هەلە لەدەست نەدەن و یەكڕیزیی و یەكدەنگی نێوماڵی كورد بپارێزن. هەر كاتێك میللەتی كورد یەكڕیز و تەبا بوون، سەركەوتوون، ئەو گۆڕانكارییانەی لەدنیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویداوە، وا پێویست دەكات هەموو كورد یەكڕیز بن. هەر كەسێك دەستی لە تێكدانی ئەمە هەبێت، ئەوا خزمەتی دوژمن و داگیركەرانی كورد دەكات. پێویستە هەمووان بە كار و فكر و رەفتاری خۆی خزمەتی یەكڕیزی و یەكدەنگی بكەن. بێگومان بە كاری تیرۆری ناگەینە ئەنجام، سەرۆك بارزانی شەڕی ناوخۆی كوردی حەرام كرد، لەمەشدا سەركەوتوو بوو، كەچی پەكەكە ئەم مەسەلەیان قۆزتەوە و لە هەڵەكانیان بەردەوامن و هێرشیان كردە سەر حكومەتی هەرێم و تەنانەت پێشمەرگەیان شەهید كرد. پیلانێكی گەورە هەبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شەڕی نێوخۆوە پێگەی كورد لاواز بكرێت، سەرۆك بارزانی لە رێگەی حەرامكردنی شەڕی ناوخۆ و هەوڵەكانی ئەو پیلانەی تێكدا. ئەمڕۆ میللەتی كورد رۆڵ و پێگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پیلان و فكرەی شەڕی ناوخۆ و هیچ سەركێشییەك سەرناگرێت و باشوری كوردستان بە پێشمەرگەو پەرلەمان و حكومەت دێتە ناسین و ئەگەر هەوڵی ئاژاوە و شەڕیش بدەن، سەركەوتن بەدەست ناهێنن و جگە لە فكرەی نەتەوەیی كورد هیچ فكرەیەكی دیكە سەرناگرێت.
Top