جۆزێف ئۆلمەرت شارەزای كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئیدارەی نوێی ئەمریكا ناتوانێت واقیعی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەرامۆش بكات و فەرامۆشیشی ناكات

جۆزێف ئۆلمەرت	 شارەزای كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئیدارەی نوێی ئەمریكا ناتوانێت واقیعی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەرامۆش بكات و فەرامۆشیشی ناكات
جۆزێف ئۆلمەرت پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی. پێشتریش پڕۆفیسۆری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی تەل ئەبیب و زانكۆی بار ئیلان، هەروەها وانەبێژ بووە لە زانكۆی كۆرنێل و زانكۆی یۆرك، لە هەمان كاتدا پۆستی باڵای هەبووە لە حكومەتی ئیسرائیلدا وەك: بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی سەرۆك وەزیران ئیسحاق شامیر و راوێژكاری وەزیری بەرگری مۆشێ ئارێنس. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوخۆی ئەو وڵاتە و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسیارێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* سەرەتا دەمانەوێت بیروبۆچوونی ئێوە بزانین لە بارەی ئەو مشتومڕانەی بە دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا هات، ئایا لە رووی گەورەترین سەركەوتن و بەرچاوترین شكستیدا چ هەڵسەنگاندنێكت بۆ چوار ساڵی سەرۆكایەتییەكەی سەرۆك ترەمپ هەیە؟
- ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دابەشبوونە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی نێوخۆی ئەمریكای نەخوڵقاند، بەڵام بە دڵنیاییەوە بووە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوون و توندبوونەوەیان، زۆرێك لە سیاسەتەكانی سەرۆك ترەمپ سیاسەتی دروست و مانابەخش بوون، بەڵام شێوازی سەرۆكایەتییەكەی و ئەو دابەشبوونە قووڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ كرا، ئەو تێڕوانینەیان دروست كرد، كە ئەو سەرۆكایەتییەكی شكستخواردووی هەبوو، راگەیاندنیش رۆڵی هەبوو لە برەودان بەم تێڕوانینەدا، لەبەر ئەوەی دژی بوون. هەڵنەبژاردنەوەشی ئاماژەیەكی روون بوو بۆ ئەوەی كە خەڵكی ئەمریكا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شێوازێكی نەرمتر و ئارامتری سەرۆكایەتی.
* لەبارەی سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن و ئەدای ئیدارەكەی لەبارەی پرسە ناوخۆییەكانی وەك پەرەپێدانی ئابووری و باشتر ئیدارەدانی پەتاكە و مامەڵەكردن لەگەڵ جیاكاریی رەگەزپەرستی، پێشبینیەكانت چین؟
- سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن بۆ ئەوە هەڵبژێردراوە تاوەكو ببێتە ساڕێژكاری برینەكان، نەك بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكێكی شۆڕشگێڕ، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە یەكەم جار بووە كاندیدی دیموكراتەكان، چونكە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، گەلی ئەمریكا حەزیان بەو جەمسەرگیری و ناكۆكییە نەبوو، كە شێوازی سەرۆكایەتی ترەمپ قووڵی كردبوونەوە. لەم روانگەیەوە، بایدن هەوڵی ئەوە دەدات كە هەڵوێستی هەردوو حزبەكە یەك بخات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە هاوكاری لەگەڵ كۆمارییەكانی نێو كۆنگرێس دەكات، با ئەوەش لە یاد نەكەین كە دیموكراتەكان براوەی ئەنجومەنی پیران نەبوون و، لە كۆنگریسدا 10 كورسییان لەدەست دا.
* دەگوترێت كە شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بۆتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا گومان لەوە بكەن، كە ئایا دەتوانن متمانە بە ئەمریكا بكەن و پشتی پێ ببەستن، واتە ئەم ئیدارەیە زیانی بە پێگەی ئەمریكا گەیاندووە، ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەمەدا؟ ئایا جۆ بایدن دەتوانێت ئەمە راست بكاتەوە؟
- من هاوڕام، لە ئەوروپا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەرهەڵستیی ترەمپیان كرد، هەروەها پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین بە هۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوە تێك چوون، بەڵام لەلایەكی دیكەوە لە ئەفریقا پێگەی ئەمریكا بە شێوەیەكی بەرچاو باشتر بوو، هەروەها لە ئەمریكای باشوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. دەبێت بایدن وریا بێت و هەڵەكانی سەرۆك ئۆباما دووبارە نەكاتەوە، كە هەمیشە وشە و نییەتی جوانی هەبوو، بەڵام هەنگاوی یەكلاكەرەوە و دروستی هەڵنەدەگرت.
* پێت وایە سیاسەتی ئیدارەی جۆ بایدن لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەبێت و ئایا هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا دێت؟ بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا و كێشەی فەلەستین و ئیسرائیلدا هەیە؟
- سەرۆك بایدن دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، ئەویش دوای ئەوەی هەموار دەكرێتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، بەڵام ئەمەش بەندە بە ئێرانییەكانەوە، زەحمەتە باوەڕ بەوە بكەن كە ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەم رێككەوتنە وەك ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هیچ شتێك رووی نەدابێت. با ئەوەمان لەیاد بێت، هەلومەرجی ئێستا دۆخی 2015 نییە- ئێستا ئیسرائیل لە نزیكەوە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداودا دەكات لە دژی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێراندا و دەبێت ئەمریكاش ئەمە لەبەرچاو بگرێت. كێشەی فەلەستین لەلایەن بایدنەوە ئەولەوییەتێكی زیاتری پێ دەدرێت و دەستپێشخەرییش دەكات لە ئاست فەلەستینیەكاندا، بەڵام من پێم وانییە گۆڕانكاریی بنەڕەتی رووبدات، تێكڕای چاوەڕوانییەكانی فەلەستینییەكانیش لەم رووەوە بەدی نایەن.
* ئاماژەتان بە واقیعێكی نوێ كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە بریتییە لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و هەندێ لە دەوڵەتە عەرەبییەكان، ئایا ئیدارەی جۆ بایدن لەم بارەیەوە چ هەڵوێستێكی دەبێت؟
- ئیدارەی نوێی ئەمریكا ناتوانێت واقیعی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەرامۆش بكات و فەرامۆشیشی ناكات. رەنگە سعودیە بە رەوتێكی خاوتر و بە نهێنیتر لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندی بگرێت، بەڵام پرسی ئێران، ئەوە بەهۆی ترس لە ئوسووڵگەرایی ئیسلامی و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەكاندا، دەستەبەری بەردەوامبوونی رەوتێكی ئەرێنی دەكەن.
* ئێستا كە جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردراوە، ئایا پێت وایە كار لەسەر پلانەكەی دەكات كە پەیوەستە بە دابەشكردنی نەرمی عێراقەوە؟
- نەخێر، بە داخەوە بایدن بیرۆكەكانی لەبارەی دابەشكردنی عێراقەوە جێبەجێ ناكات.
Top