دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: تەنیا ئەو پرۆژانەی لە 2020 رەزامەندیمان لەسەر داون بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: تەنیا ئەو پرۆژانەی لە 2020 رەزامەندیمان لەسەر داون بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە
لەگەڵ ئەوەی پەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەموو وڵاتانی جیهانی دوچاری داكشانێكی ئابووریی گەورە كردووە و، بۆتە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت و نەمانی گەشتیاری و چەندین پرۆسەی دیكەی پەك خستووە، بەڵام حكومەتەكانی جیهان لە هەوڵی ئەوەدان جارێكی دیكە لە سەر بنەمای نەخشەیەكی نوێ، هەنگاوی گرنگ و جددی بۆ دەستپێكردنەوەی ژیان لەگەڵ پەتای كۆرنا دابڕێژنەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەوەی حكومەتێكی هەرێمییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا و، وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو دەرگاكانی لەبەردەمدا كراوە نییە، بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورەتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەكە بگرێتە بەر، بەڵام وێڕای هەموو ئەم ئاستەنگانەش سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە هاوكاریی تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی جددیدان بۆ ئەوەی چەندین دەروازە بكەنەوە و كارەساتی ئەم قەیرانانە كەم بكەنەوە و ئابووریی كوردستان لە وڵاتێكی پشتبەستوو بە تەنیا داهاتی نەوتەوە بگۆڕن بۆ وڵاتی فرە سەرچاوەی داهات، لەم لایەنەشەوە هەنگاوی زۆر باش بۆ رێكخستنەوەی سیاسەتی ئابووری و داڕشتنەوەی سیاسەتی وەبەرهێنان هەڵگیراوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هەوڵانە بەگشتی و كۆنفڕانسی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، چەند پرسیارێكمان لە د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كرد و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* وەك سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی هۆڵەنداتان كرد، ئایا تەوەرەی سەرەكیی سەردانەكەتان هاندانی وەبەرهێنەران بوو بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بێنە هەرێمی كوردستان؟ دەكرێت گرنگترین وێستگە و تەوەرەكانی ئەو سەردانەمان بۆ باس بكەن؟
- ئامانجی ئەو سەردانە فەرمییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هۆڵەندا وێڕای گفتوگۆكردن لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان و راكێشانی كۆمپانیاكانی هۆڵەندا بوو بۆ كوردستان، تاوەكو كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان لەسێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بەتایبەتی لەبواری پیشەسازیی خۆراكی لە كوردستان ئەنجام بدەن و، هاوكار و پاڵپشتی وەبەرهێنەرانی ناوخۆش بن لە رووی تەكنەلۆژیا و شارەزاییەوە، هەر لەم سەردانەدا رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مارك رووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە شاری لاهای كۆبووەوە، لە نزیكەوە لەسەر هەلی كار و وەبەرهێنان و پێكەوە كاركردن گفتوگۆیان كردو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا كرد، پاڵپشتیی بەهێزكردنی كشتوكاڵ و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بكات، بەتایبەتی هەنگاونان بەرەو پیشەسازیی خۆراكی كە رۆڵێكی كارای دەبێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و بەهێزكردنی ژێرخان و دۆزینەوەی زۆرترین هەلی كار لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی. لە پەراوێزی ئەو سەردانەدا من وەكو سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان و بەڕێز وەزیری پلاندانان سەردانی چەندین پڕۆژە و كۆمپانیای ئەو وڵاتەمان كردو، لەنزیكەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە وەبەرهێن و بزنێسكاری هۆڵەندی كۆبووینەوە و، باسی پەرەپێدانی پیشەسازی شیرەمەنی و پەتاتە و بەرهەمەكانی و دروستكردنی خانووی پلاستیكی و چاندنی بەرهەمەكانی ناو خانووە پلاستیكەكانمان كرد. گومانی تێدا نییە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات و رووبەرووبوونەوەی قەیرانی داراییە، كە بە هۆی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە زیانی گەورە بەر هاووڵاتیان و ئابووریی هەرێم كەوتووە. خەمی سەرۆكی حكومەت ئەوەیە شوێنەوارەكانی ئەو قەیرانە دارایی و پەتای كۆرۆنا و دژایەتیكردنی ئابووریی هەرێم كەم بكاتەوە.

* دیارە بۆ ئەم هەنگاوانە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە پلانی گرنگی داڕشتووە، ئایا دەكرێت باسی بەشێك لەو بەرنامە و پلانە بكەن؟
- پێش هەموو شت بەرنامە و پلانێكی درێژخایەنمان داڕشتووە، بۆ پلانی وەبەرهێنانی دە ساڵە (2020-2030)، بەشێكی ئەم پلانە ئەمساڵ هەنگاومان بۆ هەڵگرتووە، ئەویش راگەیاندنی 1055 پڕۆژە بوو، بەشی زۆری ئەو پرۆژانە پرۆژەی پیشەسازین، بە راددەیەك پلانەكە 461 پڕۆژەی پیشەسازی لەخۆگرتبوو. بۆ ساڵی 2021 هانی وەبەرهێنانی هەندێك پڕۆژەی گرنگ لە بوارەكانی ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵ و پیشەسازی دەدەین، وەكو پرۆژەی راكێشانی بۆریی ئاوی خواردنەوە و بەنداو و پیشەسازیی خۆراك و پیشەسازیی پترۆكیمیاوی و غازی سرووشتی و رێگاوبان و چەندین پیشەسازیی دیكەی پلاستیكی و كەرەستەی بیناسازی و فلزییەكان و.. تادوایی. لە ئێستادا كەرتی تایبەتی كوردستانی و كۆمپانیا نێوخۆییەكانمان لە ئاكامی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ بزنێسكار و وەبەرهێنەرانی بیانی و گەورە كۆمپانیاكانی بیانی هەیانە، توانیویانە بیر لەو رێگاو شێوازی كاركردنانە بكەنەوە، كە لە رێگەیەوە بتوانن كێبڕكێی بەرهەمە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بكەن، بۆ ئەمەش زۆر لە كارگەكانمان ئامێر و تەكنەلۆژیای بەرز و پێشكەوتوو دەهێننە كوردستان و بوونی ژینگەیەكی لەبارو دەرفەتی باش ئەم پلان و بەرنامانە خێراتر دەكەن، لە بواری كشتوكاڵیشدا كار بۆ بەدامەزراویكردن و هاتنی گەورە كۆمپانیاكان دەكرێت، بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ بە دامەزراوەیی بكرێت و لەو شێوازە كلاسیكی و كۆنەوە بەرەو كەرتێكی پێشكەوتووی دامەزراوەیی و كۆمپانیایی ببرێت، گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كۆگاكانی ساردكەرەوە و ئەمبار و سایلۆ و رێگاوبان و كارەبا و دروستكردنی ناوچە پیشەسازییەكان هەمووی لەو چوارچێوەیە دێت ئابووریی كوردستان بەرەو فرەچەشنكردن ئاراستە دەكرێت كە دەرفەتی كار بۆ هەزارەها گەنجی كوردستان دابین دەكات و، هاوسەنگییەك لەنێوان هەناردەو هێنراوەكان دروست دەبێت.
* ئەنجامدانی (كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا) كە بە هاوبەشی لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریكا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو؛ تاچەند توانی پەیامێك بدات بە گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی زیاتر ئەنجام بدەن؟

- وەكو لە وتارەكەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا هاتووە، ژینگەی هەرێمی كوردستان لەبارە لە رووی سەقامگیری و پێشكەشكردنی ئاسانكارییەوە و چەندین هەلی گەورە و باشی هەیە تاوەكو وەبەرهێنانی تێدا بكرێت. لە هەمووشی گرنگتر خەڵكی كوردستان و نەوەی نوێ چاویان لە كرانەوەی ئابوورییە بەرەو رۆژئاوا و، گرێدانی كاری هاوبەش لە نێوان كۆمپانیا نێوخۆییەكان و كۆمپانیا بیانییەكان، ئەوەش ئامانجێكی سەرەكیی كۆنفڕانسەكە بوو. ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەسەر بنەمای كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكیمان دۆزینەوەی دەرفەتی كارە بۆ هەمووان و بە یەكسانی و ئاراستەكردنی بزنێس و وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و بیانییە بەرەو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، هەر لە رووی كرداریشەوە هەنگاوەكانی فرەچەشنكردنی ئابووریمان دەست پێ كردووە و، زۆرترین هەلی كاری وەبەرهێنانیش لەلایەن كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ناوخۆوە ئەنجام دراون، لە دەستەی وەبەرهێنان بەدەیان وەبەرهێنەری ناوخۆیی و بیانی پڕۆژەیان پێشكەش كردووە، تەنیا ئەو پرۆژانەی رەزامەندیمان لەسەر داوە، بە بەهای دوو ملیار دۆلار زیاترە، ئەوەشی پێشكەش كراوە، زۆر لەو بڕە پارەیە زیاترە، خۆ ئەگەر كێشەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و گرفتی نەبوون و كەمیی زەویمان نەبووایە، بە سەدان پرۆژەی دیكە مۆڵەتی دەدرایە، كاركردنی كۆمپانیاكان رووی لە زیادبوونە، بۆ نموونە ئەو پڕۆژانەی لە كوردستان لە بواری بەخێوكردنی مریشك و بەرهەمهێنانی هێلكە دامەزراون، توانای نەك دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیان هەیە، بەڵكو توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی عێراقیشیان هەیە. لەماوەكانی رابردووشدا دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی كە بریتی بوون لە ناوچەی پیشاسازیی خۆراكی لە كواشێ لە دهۆك و پڕۆژەی (بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان) لە هەولێر نموونەیەكی بەرچاوی هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتە بۆ پەرەپێدانی ئابووری و راستكردنەوەی هەیكەلی ئابووریی هەرێم، لە داهاتووشدا هاوشێوەی ئەو پڕۆژانە لە پارێزگاكانی دیكەی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان ئەنجام دەدرێت. من لە پەنێڵێكی (كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆرۆنا) بەشدار بووم، كە تایبەت بوو بە بواری وەبەرهێنان و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، تێیدا ئاماژەم بەوە كرد یاسای وەبەرهێنانی كوردستان ئەوەندەی ئاسانكاریی بۆ وەبەرهێنەرانی تێدایە، كە بە یەكێك لە هەرە یاسا پێشكەوتووەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، من و بەڕێزان وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان باسی ئەو گۆڕانكارییە ئابوورییە باشانەمان كرد كە لە بوارەكانی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، گۆڕانكارییەك كە پێداویستیی خەڵك و حكومەت ئاراستەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان دەكات، لە بەرامبەردا دەیان ئاسانكاریمان پێشكەشی كەرتی تایبەت كردووە و رۆتینمان كەم كردۆتەوە و، سیستەمی یەك بەنچەرەمان بۆ وەبەرهێنان جێبەجێ كردووە و هەماهەنگی و پەیوەندیی وەزارەتە پەیوەندارەكانمان بەهێز كردووە، هەوڵەكانیشمان بەرەو كەمكردنەوەی زیاتری رۆتین دەچێت، لەئێستادا پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان تەواو بووە و لە چاوەڕوانی ئەوەین لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت.
* یەكێك لە لایەنەكانی سەركەوتنی وەبەرهێنان كاری چاودێری و بەدواداچوونی ئەو پڕۆژانە بوو كە كەمتەرخەمیی تێدا بوو، ئەمەش خزمەتێكی باشی خەڵك و ئابووریی كوردستانی كرد، ئایا لەو ماوەیەدا كە پلانی وەبەرهێنانی ساڵی 2020 دەرچوو، چەند پرۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە؟

- خاڵێكی گرنگی ئەو یاسایەی وەبەرهێنان ئەوەیە كە زۆر بەتوندی سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە سەرپێچی و كەموكورتی لە پرۆژەكانیاندا هەیە، لە ئەم ساڵیشدا توانیومانە زیاتر لە 22 مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵبوەشێنینەوە و زەوییەكانیشیان بۆ حكومەت گەڕێندراوەتەوە، هەروەها نرخی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونمان كەم كردەوە و، هانی وەبەرهێنانمان دا، ئەو پرۆژانەی راوەستابوون، دەست بەجێبەجێكردنیان بكرێتەوە، لە هەر شوێنێكیش كەمتەرخەمی هەبێت، سەرۆك وەزیران چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، ئیجرائاتی یاسایی و سزای دارایی توندی ئەو وەبەرهێن و پرۆژانە بدەین كە كەمتەرخەمن، هاوكات لە بەرامبەردا هەر وەبەرهێنەرێك كاری باش و رێكوپێك ئەنجام بدات و پابەندی رێنمایی و راسپاردەكان بێت، كارئاسانی و پاڵپشتیی گەورە دەكرێت.
* ئایا دەتوانین بە گەشبینییەوە سەیری ئایندەی هەستانەوە و گەشەی ئابووری لە كوردستان بكەین؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە وریاییەوە دیراسەتی هەموو ئەو تەحەددی و ئاستەنگانەی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەی كردووە، بەتایبەتی تەحەددای دابەزینی بەهای نەوت و درێژبوونەوەی ماوەی قەیرانی كۆرۆنا و شوێنەوارەكانی و لاوازی فرەچەشنكردنی ئابووری و بوونی گەندەڵی و دژایەتیی حكومەتی ناوەندی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكانی سەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەر لەم روانگەیەوە ستراتیژیەتی وەبەرهێنانی كوردستانمان داڕشتووە و دەرفەتەكانی كارمان تێدا دیاری كردووە، ئەم ستراتیژیەتەش لەسەر بنەمای ئەوە دانراوە خەڵك و حكومەت چ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانیان دەوێت و، تاچەند هاوبەشی راستەقینەی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی حكومەت بەدی دەكەن. وەك هەموو لایەك ئاگادارن، لە ساڵی 2020، ئابووریی كوردستان و عێراق و جیهانیش بە دۆخێكی سەختی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی تێپەڕ بوون، بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسی ئابووریی هەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا ئاماژەی پێ دا، بەوەی هیوادار بوو لە 2021 جیهان بگەڕێتەوە سەر رێچكەی خۆی و ڤاكسین ببێتە سەرەتایەك بۆ ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ئابووری، كوردستانیش دەروازەیەكی باش بێت بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و عێراقی و بیانی. حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێوەرەكان لە تێپەراندنی سەختترین دۆخی قەیرانی دارایی سەركەوتوو بووە و بەسەدان پرۆژە لە كوردستان بەگەڕخراونەتەوە و بەدەیان ملیار دۆلار لە كەرتەكانی عەقارات و پیشەسازی و كشتوكاڵ و ژێرخان هەڵدەسووڕێت و، لەم بارودۆخە سەختەشدا جموجووڵی بازاڕ و وەبەرهێنان رانەوەستاوە و لە چەند ساڵی داهاتووشدا وەرچەرخان لە وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان روودەدات.
Top