لۆرانس رۆبین پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتی لە پەیمانگەی تەقەنی جۆرجیا بۆ گوڵان: بایدن سەرۆكێكی شەفافە و دەزانێت وڵاتەكەی بە چ ئاراستەیەك دەبات و موفاجەئە لە سیاسەتی دەرەوە روونادات
November 22, 2020
دیمانەی تایبەت
لۆرانس رۆبین پڕۆفیسۆرە لە سكووڵی سام نون بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا و توێژەرە لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەندیدار بوون بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و كاریگەری و رەنگدانەوەكانی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە، لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.* بە شێوەیەكی گشتی چ هەڵسەنگاندنێكت بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا هەیە و چۆن لە دەرئەنجامەكانی دەڕوانیت؟
- ئومێدەكە ئەوەیە كە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا سەقامگیریی زیاتر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بێنێتەدی، بە چەشنێك كە هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان لە جیهاندا لایان روون بێت كە ئەمریكا سیاسەتێكی دەرەكیی روون و جێگیری هەیە.
* كەواتە پێت وایە هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا چ گۆڕانكارییەك بەسەر پێگەی ئەمریكادا دەهێنێت، یان با بڵێین بۆ دۆخی ناوخۆیی ئەمریكا چ مانایەكی هەیە؟
- ئێمە دەزانین ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی بووە و ئەوانیش چاویان لەوە بووە ئەمریكا لە ئاست ئەو بەهایانەدا بێت، كە نوێنەرایەتیی دەكات، جۆ بایدنیش جەختی لەسەر گەڕاندنەوەی رۆحی ئەمریكا كردۆتەوە، كە مەبەستەكە لەوەیە ئێمە وەك نەتەوەیەك كێین، واتە سەرەڕای بۆچوون و تێڕوانینە سیاسییە جیاوازەكانمان، دەبێ دووبارە ببینەوە بە نەتەوەیەكی یەكگرتوو كە بە رێز و كەرامەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بكەین.
* سەرەڕای ئەو قسەوباسانەی باس لە گرنگیی سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكا دەكەن، بەڵام دەوترێت كێشە ناوخۆییەكان ئەولەوییەتی یەكەم و سەرەكین لای دەنگدەرانی ئەمریكا، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن و چۆن ئەم پرسە لەم هەڵبژاردنانەی ئەم دواییەدا رەنگیان دایەوە؟
- راستە دەنگدەرانی ئەمریكا كەمتر بایەخ بە پرس و كێشەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەدەن، بەڵكو تەركیزەكە زیاتر لەسەر پرسە ناوخۆییەكانە، یەكێك لەو كێشە و پرسانەی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو بریتی بوو لە چۆنێتی ئیدارەدانی پەتاكە لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، مەسەلەیەكی دیكەی گرنگ بابەتی ئابووری بوو، كە ئەمانەش پرسی پێكەوە گرێدراون، چونكە پێش سەرهەڵدانی پەتاكە ئەمریكا ئەدایەكی ئابووریی باشی هەبوو، دەرئەنجامی پەتاكەش كاریگەریی لەسەر رای گشتی ئەمریكا لەبەرامبەر سەرۆك ترەمپ هەبوو، ئەویش لە پەیوەندی بە خراپ ئیدارەدانی پەتای كۆڤید-19ەوە لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە. هەرچەندە ئەمەش تەحەدییەكی ئاسان نەبوو، واتە داڕشتنی هەر سیاسەتێكی ناوخۆیی خۆی لە خۆیدا هەڵگری تەحەددیە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی دەیانەوێت لەم سەروەختانەدا سەركردایەتی بەدی بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ژمارەیەكی زۆری دەنگی هاووڵاتیانی ئەمریكای بەدەست هێنا.
* باشە ئەگەر زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریكا پرس و كێشە و تەحەدییە ناوخۆییەكانیان لەبەرچاو گرتبێت و لە روانگەی ئەم پرسانەوە دەنگیاندابێت و بەڕێز جۆ بایدنیان وەك سەرۆك هەڵبژاردبێت، ئایا تا چ راددەیەك بایدن بۆ راستكردنەوەی دۆخە ناوخۆییەكە و بۆ باشتركردنی رەوشی وڵاتەكەی، دەتوانێت هەوڵی جدی بدات و سیاسەتی راست و دروست پیادە بكات؟
- لە راستیدا تێڕوانینی من ئەوەیە كە هۆكاری هەڵبژاردن و متمانەبەخشین بە جۆ بایدن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی دەنگدەران و هاووڵاتیانی ئەمریكا پێیان وابوو بەڕێز بایدن بەراورد بە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ باشتر دەتوانێت ئیدارەی پرسە ناوخۆییەكانی وەك بووژاندنەوەی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە جۆ بایدن رووبەڕووی كۆمەڵە تەحەدییەكی جدی دەبێتەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە رووبەڕووبونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەرچۆنێك گەلی ئەمریكا چاویان لەوەیە سەركردایەتییەكەی بەدی بكەن. كە لە ئێستادا پەیامی جۆ بایدن بە پێچەوانەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، بریتییە لە گەلێكی یەكگرتوو، نەك دابەشكردنی ئەمریكا لەسەر بنەمای دیموكرات و كۆمارییەكان، پەیامی ئەو ئەوەیە كە دەبێت هێندەی كار بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە دەنگیان پێداوە، بە هەمان ئەندازەش كار و كۆششی جدی بكرێت بۆ ئەو كەسانەی دەنگیان پێ نەداوە. بە دیدی من ئەمە جیاوازییە گەورەكەیە لە پەیوەندی بە ئیدارەدانی هەر یەكێك لە كێشە و تەحەدییەكانەوە، كە هیچیان ئاسان نین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پەتاكەوە هەبێت، ئەوا لەبەر ئەوەی متمانە بە زانست دەكات، ئەوا چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت سەركردایەتی پیشان بدات و ئەو كاتەش رەنگە ئابوورییش بوژاندنەوە بەخۆوە ببینێت. هەروەها ئەوەی دەبێت لێرەدا ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە، كە خەڵكی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی ژیان، هەروەها لە بەشێكیدا جۆ بایدن لەبەر ئەو بنەمایە هەڵبژێردراوە كە توانای بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەیە.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە جۆ بایدن هەوڵ دەدات سیاسەتێكی دەرەكیی سەقامگیر و روون بگرێتەبەر و كار بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییانە بكات، كە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەسەر پێگەی ئەمریكا و پەیوەندی ئەمریكا بە هاوپەیمانەكانییەوە دروستی كردوون، ئەی پێت وانییە سەرقاڵبوونی ئیدارەی جۆ بایدن بە كێشە ناوخۆییەكانەوە دەبێتە رێگر لەوەی جۆ بایدن وەك پێویست بپرژێتەسەر كێشەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی؟
- لە راستیدا سەرۆكەكان دەبێ توانای ئەوەیان هەبێت لە یەك كاتدا چەند كارێكی جیاواز ئەنجام بدەن، ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە جۆبایدن تیمێكی بەهێزی پێكهێناوە لە كەسانی دەوروبەری خۆی كە شارەزایی و ئەزمونییان هەیە لەوەی چۆن كاروبارەكان بەڕێوە دەبردرێت و هەڵدەسوڕێن، واتە ئەو سەركردەیەك نابێت بانگەشەی ئەوە بكات كە هەموو شتێك دەزانێت، كە پێم وایە ئەوەش بەشێكە لە سەركردایەتی، بەڵكو لەم رووەوە پشت بە كەسانی خاوەن شارەزایی و ئەزمون دەبەستێت. ویلایەتە یەكگرتووەكانیش وڵاتێكە كە توانای ئەوەی هەیە لە یەك كاتدا و پێكەوە چەند كارێك ئەنجام بدات، بەڵام پێم وایە لە پەیوەندی بە پرس و كێشەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، ئەوا پێویستە ئەولەویەتی سەرەكی و یەكەم بریتی بێت لە دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی وڵاتەكەمان، بەوەی كە ئەمریكا دەستبەردارییان نەبووە و لەگەڵیاندایە و ئەوەیان بۆ دووپات بكرێتەوە كە ئێمە بایەخیان پێ دەدەین و باوەڕمان وایە كە هاوپەیمانەكانمان زۆر گرنگن بۆ ئێمە.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، بە تایبەتی سیاسەتی ئەم وڵاتە لە ئاست ناوچەیەكی گرنگ و پڕ لە كێشە و قەیرانی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئایا پێشبینی دەكرێت كە لە سایەی ئیدارەی جۆ بایدندا گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەر سیاسەتی ئەمریكادا بێت، بەتایبەتی لە ئاست ئێران و ئیسڕائیل كە لە ئێستادا دەوترێت ئیسڕائیل نیگەرانە و ئێرانیش تا رادەیەك هەست بە ئاسوودەیی دەكات؟
- من نازانم ئەو هەستەی ئاماژەتان پێكرد لە ئیسرائیل و ئێراندا هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە، كە ئێران و ئیسرائیلیش ئاشنای سیاسەتی ئەمریكان و ئاشنای ئەو كەسانەن كە سەرۆكی هەڵبژێردراو بەڕێز جۆ بایدن دەیەوێت لەگەڵیدا كار بكەن، جۆ بایدنیش كەسێكی شەفافە و دەزانێت دەبێت وڵاتەكەی بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا بڕوات، لەم رووەوە پێم وانییە هیچ موفاجەئەیەك رووبدات. دواتر ئیسرائیل لە نزیكەوە كاری لەگەڵ ئەو كەسانەدا كردووە كە ئەگەری ئەوە هەیە ببنە تیمی سیاسەتی دەرەوەی جۆ بایدن، لەبەر ئەوەی جۆ بایدنیش رێچكەیەكی روونی هەیە، ئەوا ئێرانیش دەزانێت ئەمریكا بە چ ئاراستەیەكدا هەنگاو هەڵدەگرێت. دواتر ئێمە دەزانین كە لە ئێستادا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بارودۆخ و هەلومەرجێكی جیاوازدایە بەراورد بە چوار ساڵ پێش ئێستا، ئەوەتا ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە كشاوەتەوە، هەروەها چەندین وڵاتی عەرەبی پەیوەندیی ئاشكرایان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دامەزراندووە، هەموو ئەمانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەوەی ئایا جۆ بایدن دووبارە بگەڕێتەوە نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا یان نا.
* ئاماژەتان بە ئاساییبونەوەی پەیوەندیی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێكی عەرەبی كرد، ئایا راوبۆچونی ئێوە لە بارەی ئەم رێككەوتن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییانە چییە و لە كاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتدا لەلایەن ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا دەكات؟
- من ئاماژەم بە روودانی گۆڕانكاری لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كرد، بەتایبەتی كە ئێستا پەیوەندیی ئەم وڵاتە عەرەبییانە لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاشكرایە و چیتر بە نهێنی نەماوەتەوە، من پێم وایە ئەمە واقیعێكی گرنگە و لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمریكا پەیوەندی نزیكی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا هەیە و لە ئێستادا دەتوانێت بە ئاشكرا گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات و لەبارەی چەندین پرس و بابەتی جیاوازەوە، هەماهەنگییان لەگەڵدا بكات. لەلایەكی دیكەوە ئەم پەرەسەندنەی نێوان ئەم وڵاتە عەرەبییەكان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلدا، بۆی هەیە لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فشارێكی زیاتر بۆ سەر ئێران دروست بكات، ئەمەش بوار دروست دەكات بۆ كاركردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
* كەواتە باوەڕت وایە هەلومەرجێكی لەبار دروست بووە بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێت بە شێوەیەكی بنیاتنەرانە كار لەسەر كێشەكانی ئەم ناوچەیەدا بكات؟
- من دەڵێم كۆمەڵێك دەرفەتی جیاواز دروست بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە چۆن ئەمریكا دەتوانێت باشترین مامەڵە لەگەڵ هەندێ لە كێشەكانی ئەم ناوچەیە بكات، وەك شەڕە ناوخۆییەكان، هەروەها پرسێكی دیكەی كاریگەر دەستڕۆیشتویی چین و رووسیایە لەم ناوچەیەدا كە رەنگە دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بن. پرسێكی دیكەی گرنگ كە دەبێت بایدن كاری لەسەر بكات مەسەلەی فەلەستینە، كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ فەلەستینییەكانی پەراوێز خست، ئەگەرچی تا ئێستاش پەرچەكردارێكی سیاسیی گەورەی لێ نەكەوتۆتەوە، بەو شێوەیەی كە زۆرێك لە رەخنەگران هۆشدارییان لەبارەوە دەدا.