دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان: پێویستە ئیدارەی سەرۆك بایدن لە نزیكەوە كار لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات

دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان: پێویستە ئیدارەی سەرۆك بایدن لە نزیكەوە كار لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات
دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئەنستیتیوتی زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ دیراسەتی مافەكانی مرۆڤ. دەیڤید فیلیپس وەك راوێژكاری باڵا لە سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە، هەروەها وەك شارەزا و راوێژكاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا خزمەتی كردووە. چەند پۆستێكی گرنگی دیكەی هەبووە وەك توێژەر لە سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆگرامی چارەسەركردنی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بەرگرتن بە ناكۆكی و بنیاتنانی ئاشتی لە زانكۆی نیویۆرك بووە. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و ئەو گۆڕانكارییانەی چاوەڕوان دەكرێت، لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا، لە پەیوەندی بە ناوخۆی ئەو وڵاتە و جیهان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەدی بێن.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا دەڕوانی و ئایا دەرئەنجامەكان چ پەیامێكیان لەخۆگرتبوو، دەكرێت چۆن لێكدانەوەیان بۆ بكەین؟
- لەپاڵ نزیكەی 75 ملیۆن دەنگدەری ئەمریكیدا كە گەورەترین سەركەوتنیان بە بەڕێز جۆ بایدن بەخشی، كە لە مێژووی هەڵبژاردنی ئەمریكادا هیچ كاندیدێكی ئەم سەركەوتنەی بەدەست نەهێناوە، ئەوا منیش خۆشحاڵم بە سەركەوتنی جۆ بایدن/ كامیلا هاریس. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ئەوەی خستەڕوو كە خەڵكی ئەمریكا كەسێكیان دەوێت كە یەكخەر بێت و كێشەكان چارەسەر بكات و خوازیاری ئیدارەیەكن كە متمانە بە فاكت و زانست بكات و سەركردەیەكیان دەوێت كە بەهاكانی راستگۆیی و رێزگرتن لە كەسانی دیكە بگەڕێنێتەوە نێو لیستی ئەو بەهایانەی كە خەڵكی ئەمریكا بەرز دەیاننرخێنن.
* هەروەك ئاشكرایە كە سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن دەنگێكی زۆری بەدەست هێنا و سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، ئایا چۆن لەم سەركەوتنە دەڕوانیت و پێت وایە ئەولەوییەتی كارەكانی ئیدارەی جۆ بایدن چی دەبن؟
- سەركەوتنی بەڕێز جۆ بایدن ئەو كردەوە و بەهایانە دەگەڕێنێتەوە كە بە هۆیانەوە و لە رابردوودا ئەمریكا وەك گەلێكی ئازادیخواز رێزی جیهانی بەدەست هێنابوو، جۆ بایدن دووبارە جەخت لەسەر هاوپەیمانێتییەكان دەكاتەوە و، برەو بە هاوكاریی نێودەوڵەتی دەدات، كە لە ئێستادا لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستمان پێیەتی، بەتایبەتی كە سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆڤید-19ین، هەروەها دەبێتە هۆی هۆشداریدان بە تاكڕەو و دیكتاتۆرەكان بەوەی چیتر چاوپۆشی لە كار و كردەوە و رەفتارەكانیان ناكرێت.
* دروشمی سەرەكیی سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكاندا بریتی بوو لە گێڕانەوەی رۆح و بەهاكانی ئەمریكا لە بەرامبەر دروشمەكەی دۆناڵد ترەمپ كە بانگەشەی گێڕانەوەی شكۆ و مەزنێتی بۆ ئەمریكا دەكرد، ئایا بایدن تا چەند دەتوانێت لە ئاست ئەم دروشمەدا بێت؟
- ئەمریكییەكان خەڵكانێكی میهرەبان و بەهەست و سۆزن، لەبری بە شەیتانكردنی ركابەرەكان بەڕێز جۆ بایدن جەخت لەسەر یەكێتی و یەكبوون دەكاتەوە، تەركیز لەسەر یەكخستنی خەڵك دەكاتەوە بۆ بەرەوپێشبردن و برەودان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.
* دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئاشكرایە كە هەرچەندە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام توانیتی نزیكەی 70 ملیۆن دەنگی هاووڵاتیانی ئەمریكا بەدەست بهێنێت، ئایا پێت وایە گەورەترین سەركەوتن و بەرچاوترین شكستی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ چی بوون؟
- شكست و ئەدای هەرە خراپی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بریتی بوو لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی كۆڤید-19دا. لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نزیكەی 240 هەزار هاووڵاتی ئەمریكی گیانیان لە دەست داوە و نزیكەی 10 ملیۆن كەسیش تووشی ئەم پەتایە بوون، ئابووریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەوتۆتە ژێر كاریگەریی سەخت و دژوارەوە، بەهۆی ئەوەی دەیان ملیۆن كەس كارەكانیان لەدەست داوە، چەندین بزنسكاریش دووچاری مایەپووچبوون بوونەتەوە. سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و سیناتۆر میتش مەككۆنێڵ، سەرۆكی زۆرینە لە ئەنجومەنی پیران، دەستەبەركردنی هاوكارییان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی ئەمریكا فەرامۆش كرد، كە زۆر پێویستیان پێی بوو.
* دەوترێت ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا یەكلا دەكاتەوە، پرسە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەیە، واتە خەڵكی لەسەر بنەمای هەڵوێستی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لە ئاست ئەم پرسانەدا دەنگ دەدەن، ئایا پێت وایە بایدن بتوانێت، وەك ئیدارەدانێكی باشتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و بووژاندنەوەی ئابووری و چارەسەركردنی پرسی جیاكاریی رەگەزی، لەسەر چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ئەمریكا كار و كۆششی جددی بكات؟
- ئەوەی ئەم پرسە پتر روون دەكاتەوە، ئەوەیە كە یەكەم كاری جۆ بایدن بریتییە لە كۆكردنەوەی لیژنەی تایبەتمەند بە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی بە ستراتیژیەتێكی نیشتمانی و پلانێكی كاركردنە كە لەسەر بناغەی زانست بنیات نرابێت، نەك نكۆڵیكردن، یان چەواشەكردنی راستییەكان. هەر كاتێك توانرا بەر بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگیرێت، ئەو كاتە دەتوانین هەنگاوی كارای زیاتر هەڵبگرین بۆ بووژاندنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی ئابووریی وڵاتەكە. دەبێ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بنیاتنانەوەی ئابووری، شان بە شانی یەكتر ئەنجام بدرێن، بەڵام بە بێ ئیحتیواكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناكرێت ئابووری ببووژێندرێتەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆتە هۆی لاوازكردنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و دورخستنەوەی دۆستەكانی، لە هەمان كاتدا زیانی بە پێگە و سەركردایەتیی جیهانی ئەمریكا گەیاندووە، ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەمەدا و ئەگەر وەڵامەكە ئەرێنییە ئایا تا چ راددەیەك سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدن دەتوانێت ئەم دۆخە راست بكاتەوە؟
- جۆ بایدن پابەندبوونی ئەمریكا بە هاوكاریی ئەمنی و نێودەوڵەتی لە رێی رێكخراوی ناتۆوە دووپات دەكاتەوە، ئەو دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ نێو رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوكاریی نێودەوڵەتی برەو پێ دەدات لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها لە رێی دووبارە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی پاریس، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی گۆڕانی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەدات. هاوكاریی فرەلایەن و هەردوو بەرەی ئەتلانتیك دەبنە خەسڵەتی ئیدارەی داهاتووی سەرۆك جۆ بایدن.
* ئایا پێت وایە بە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئیدارەی سەرۆكی هەڵبژێردراو جۆ بایدنەوە، سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانكاریی گەورە و بەرچاوی بەسەردا بێت، بەتایبەتی لە ئاست پرسەكانی پەیوەست بە ئێران و كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین؟
- پێویستە ددانپێدانانی دەوڵەتە عەرەبییەكان بە ئیسڕائیل بەردەوام و بەرفراوان بێت. لە پەیوەندی بە پرسی فەلەستینەوە، ئەوا باوەڕم وایە كە پێویستە ئەمریكا جەخت لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێك بكاتەوە كە لە دەرئەنجامدا ببێتە هۆی هێنانەئارای دەوڵەتێكی فەلەستینی، كە بتوانێت بە ئاشتییانە و شان بە شانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام بێت. بەرەوپێشچوونی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەكە فاكتەرێكی گرنگە بۆ چارەسەركردن و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی فەلەستین و ئیسڕائیل.
* دوایین كتێبی ئێوە ئەم ناونیشانەی هەڵگرتبوو (خیانەتە گەورەكە: چۆن ئەمریكا دەستبەرداری كورد بوو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەستدا)، ئایا پێت وایە پێویستە چۆن ئیدارەی جۆ بایدن بتوانێت بە شێوەیەكی هاوكاریئامێز و بنیاتنەرانە مامەڵە لەگەڵ كێشەی كورد، بەتایبەتی و پرس و قەیرانەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بكات؟
- كورد رووبەرووی زنجیرەیەك خیانەت بووەوە لە سەدەی 20دا، كە بە رێككەوتنی لۆزان لە ساڵی 1923 دەستی پێكرد و، بەردەوام بوو تاوەكو رێككەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1974 و، دوای شەڕی كەنداو كاتێك كورد هاندرا بۆ ئەوەی لە دژی دەسەڵاتی سەددام حوسێن راپەڕین بكات، دواتر پشتیان تێكرا. بەم دواییە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چاوپۆشی كرد لە داگیركردنی كەركووك لەلایەن ئەو میلیشیا شیعانەی كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی دەكران، پێویستە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن رۆڵی گرنگی كورد لەبەرچاو بگرێت لە عێراقدا و زیاتر لە نزیكەوە كار لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات، بۆ بەهێزكردنی دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ، پەرەپێدانی ئابووری، هاوكاریی ئەمنی لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ بنیاتنانی ئاشتی لە شوێنەكانی وەك كەركووك، گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ برەودان بە پەرەپێدان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.
* كاتی خۆی جۆ بایدن وەك سیناتۆر پڕۆژەی دابەشكردنی نەرمی عێراق خستەڕوو، ئایا پێت وایە جارێكی دیكە ئەم پرسە دێتەوە بەرباس؟
- دەستووری عێراق پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردنی لە دەسەڵاتدا لەخۆگرتووە، كە دەبێ ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ بكرێن، بەتایبەتی ماددەی 140 كە رێكاری ئەنجامدانی راپرسی لەسەر پێگەی كەركووك لەخۆدەگرێت، ئەویش دوای ئەوەی خەڵكە ئاوارەكە دەگەڕێنەوە و نیشتەجێ دەبن، مافە كولتووری و ئابووری و سیاسییەكان گرنگن بۆ بنیاتنانی ئاشتی و بەرەوپێشچوون و سەقامگیری.
* ئەی چۆن لە ئایندەی هەرێمی كوردستان دەڕوانیت؟
- ئەگەر عێراق دوچاری شكست بێت و لێك بترازێت، ئەوا رەنگە ئەو كاتە كوردستانی عێراق سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، پێم وایە نابێت ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بە ئاراستەی ئەم ئامانجە كار بكات و هەنگاو بنێت، پێویستە جەخت لەسەر دروستكردن و خوڵقاندنی دۆخێك بكاتەوە كە ببێتە هۆی باشتركردنی هەلومەرجی عێراقییەكان، ئەمەش پێویستی بە هاوكاریی چڕوپڕ هەیە، كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها حكومەتی عێراق دەبێت. پێویستە سیاسەتی ئەمریكا لەسەر بنەمای ئەو راستییە بێت كە كوردی عێراق، كە هەم بەرژەوەندی و هەم بەهای هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریكییەكاندا هەیە، باشترین دۆست و لە هەرە دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریكان.
Top