زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی مافە داراییەكانی هەرێم لە بودجە سێ ساڵییەكەی عێراقدا جێگای ببێتەوە

زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی مافە داراییەكانی هەرێم لە بودجە سێ ساڵییەكەی عێراقدا جێگای ببێتەوە
زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی شاندی تەكنیكیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەداڕشتنەوەی بودجە، لە لێدوانێكی تایبەتدا لە بەغداوە بۆ گوڵان ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆكانی تایبەت بە داڕشتنەوەی بودجەی سێ ساڵەی عێراق كرد.
ئا: شەماڵ نوری

سەرەتا سەرۆکی شاندی تەكنیكیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە داڕشتنەوەی بودجە گوتی: "بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنەوەی بودجەی عێراق لەوەدایە کە راستەوخۆ و بە روونی دەتوانین لەگەڵ بەغدا باسی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بكەین و، لەگەڵ ئەو ماددە و بڕگانەدا بیانگونجێنین كە دەبێت لە بودجەدا جێگایان بۆ بكەینەوە، لەم بوارانەدا گفتوگۆ دەكەین و لەسەر بنەمای سەرچاوەکانی داهات هەوڵ دەدەین ڕێژەی بودجەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا زیاد بکەین و، لە بەرامبەردا تا ئەوپەڕی توانا خەرجی بەکاربردن کەم بکەینەوە. راستە لەكۆتاییدا رێکكەوتنەكان بە پێی ئەو رێکكەوتنە سیاسییانە دەبێت كە هەردوو لا (هەولێر و بەغدا) بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام لەم قۆناغەدا گرفت و كەلێنە تەكنیكییەكان کە لە نێوان هەردوولادا هەیە، پڕ دەکرێنەوە".

سەبارەت بە داڕشتنەوەی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق كە لەسەر راسپاردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی ئامادە دەکرێت، زاگرۆس فەتاح گوتی: "داڕشتنەوەی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق لە رووی ئابوورییەوە گرنگیەكی زۆری هەیە، بەوەی جۆرێك لە سەقامگیری بەدۆخەكە دەدات و ئەوەندە دەستێوەردان و ململانێی سیاسی و حزبی تێكەڵ بەلایەنی تەكنیكی و هونەری و ئابووریی ناکرێت، حكومەتیش دەتوانێت پلانی ستراتیژی بۆ جێبەجێكردنی ریفۆرمی ئابووری دابڕێژێت و جێبەجێی بكات، ئەمەش بۆ رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان گرنگە و لەم كاتەدا بۆ عێراق و ئابوورییەكەشی بایەخی لە رادەبەدەری هەیە، بەتایبەتی بۆ رێکكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی ئەم راسپاردەیان داوەتە عێراق و وەزارەتی دارایی و، داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كردووە لێژنەی تەكنیكی بنێرێت بۆ داڕشتنەوەی ئەو بودجەیە، ئێمەش لەسەر داواكاریی وەزارەتی دارایی عێراق، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بۆ لێژنەی باڵای داڕشتنی پرۆژە یاساكەی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2021 تاوەكو 2023 بەشدار دەبین و لە ئێستاوە دەست بە زنجیرەیەك كۆبوونەوە کراوە، کە تا مانگی نۆ بەردەوام دەبێت و هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ناو پرۆژە یاسای بودجە سێ ساڵییەكەدا جێگا بكەینەوە."

زاگرۆس فەتاح سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە: "لە ئامادەكارییەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی2021 ی عێراقدا بڕیار لەسەر خەمڵاندنی 43 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دراوە، لەكاتی هەر گۆڕانكارییەك کە بەسەر بەهای نەوتدا بێت، دەتواندرێت گۆڕانكاری لەم خەمڵاندنەدا بکرێت".
Top