دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بەگوڵان: پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی سەروەرییە و دامەزرێنەر و پاڵپشتی کاری سیاسی و دیموکراسی بووە و، یەکەمین بناخە و چوارچێوە

دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بەگوڵان: پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی سەروەرییە و دامەزرێنەر و پاڵپشتی کاری سیاسی و دیموکراسی بووە و، یەکەمین بناخە و چوارچێوە
کاتێک ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ( پەڕلەمان ) کە لە نەوەتەکاندا دەستبەکار بوو، هێشتا عێراق لەژێر حوکمێکی دیکتاتۆردا فەرمانڕەوایی دەکرا، لەبەر ئەوە ئەزموونی پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی پەرلەمانیی پێشەنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا.
(گرینگیی پەرلەمانی کوردستان )





کاتێک ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ( پەرلەمان ) کە لە نەوەتەکاندا دەستبەکار بوو، هێشتا عێراق لەژێر حوکمێکی دیکتاتۆردا فەرمانڕەوایی دەكرا، لەبەر ئەوە ئەزموونی پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی پەرلەمانیی پێشەنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا.
پەرلەمان یان ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەنجومەنی گەل، دەزگایەکی یاسادانانە لە دەوڵەتانی دەستووریدا، کە بەپێی ئەسڵەکەی تایبەتمەندە بە گشت هەڵسوکەوتێکی دەسەڵاتی یاسادانان و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

پەرلەمان لە ژمارەیەک تاک (ئەندام) پێک دێت کە پێیان دەگوترێت نوێنەر و، بوونیان بە ئەندام لەم دەزگایەدا لەڕێی هەڵبژاردن و دەنگدانی گشتی و بە بەکارهێنانی شێوازە دیموکراسییەکان دەبێت. دەستنیشانکردنیان لەلایەن ئەو هاووڵاتییانەوە دەبێت کە ناویان لە تۆمارەکانی دەنگدەراندا تۆمار کراوە و، بە پرۆسەیەکی هەڵبژاردن یان دەنگدانی گشتیی نهێنی و ڕاستەوەخۆ دەبێت.

پەرلەمان دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە بابەتەکانی پەیوەست بە دەرکردنی یاسا، یان هەڵوەشاندنەوەیان و، پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتی و دەرەکییانەی نوێنەرانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرێیان دەدەن.

پەرلەمان بەپێی دەوڵەتەکان ناوی جیاوازی هەیە، وەک: ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی یاسادانان، ئەنجومەنی گەل، ئەنجومەنی نەتەوە، یان کۆمەڵەی نیشتمانی، یان کۆمەڵەی گشتیی نیشتمانی.

پەرلەمان سێ ئەرکی هەیە کە بریتین لە یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی حکوومەت و نوێنەرایەتیکردنی گەل لە بەردەم حکوومەتدا.

سەرەتاکان:

یەکەمین پەرلەمان لە شانشینی لیۆن لە ئیسپانیا لە ساڵی ١١٨٨دا پێک هێنرا.

زاراوەی پەرلەمان بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٢٣٦ لە شانشینی یەکگرتوودا بەکار هات و، پێش ئەوە بریتی بوو لە ژمارەیەک ڕاوێژکاری نزیک لە پادشا.

وشەی پەرلەمان بە ڕەچەڵەک لە وشەی parlerی فەرەنسی وەرگیراوە کە بەواتەی گفتوگۆ و وتووێژ دێت.

پەرلەمانی کوردستان

کاتێک لە سەرەتای نەوەتەکاندا سیستمی دیکتاتۆر شکستی خوارد و حزبە کوردستانییەکان توانییان کۆنترۆڵی زۆربەی خاکی کوردستان بکەن، زۆر گرینگ بوو گۆڕانێکی جەوهەری ڕوو بدات، لە قۆناخی شۆڕشی چەکدارەوە بەرەو قۆناخی حوکمڕانی و کاری سیاسیی دیموکراتی و دامەزراندنی بنەماکانی قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن سەروەری بە دانپێدانانێکی ڕانەگەیەندراوی نێودەوڵەتییەوە.

سەرۆک مەسعود بارزانی لەم چوارچێوەیەدا خاوەن دیدێکی دەستپێشخەر بوو و، دیدی ئەو جەختی دەکردە سەر چۆنیەتیی داهێنانی پرۆسەیەکی سیاسیی دیموکراتیی فرەیی ئاشتییانە، کە خزمەتی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و هەرێمەکە لە هەڵدێران بەرەو ململانێی توندوتیژ بپارێزێت، کە زۆر لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان لە گەلێ نموونەی نێودەوڵەتیدا تێی کەوتن وەک بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ئەفغانستان لە دژی یەکێتیی سۆفیێت، کە لە کۆتاییدا کەوتنە شەڕی ناوخۆیی و کێشەی خێڵەکی و ئایدیۆلۆجیایی و ئەفغانستانیان گەیاندە ئەم حاڵەی ئێستا دەیبینین.

لەبەر ئەمە و لەپێناو دامەزراندنی پرۆسەیەکی دیموکراسی، سەرۆک بارزانی لە یەکەم ڕۆژەکانی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن حزبە کوردستانییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی دیموکراسییانەی کرد، بەمەبەستی بنیاتنانی پرۆسەیەکی سیاسی کە حکوومەتێکی لێ بکەوێتەوە بتوانێت خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دابین بکات و پرۆسەی بنیاتنانی سەروەری بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببات.

هەنگاوی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان پشتبەستوو بوو بە دیدی سەرۆک بارزانی و خوێندنەوەی بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیستمی سیاسیی جیهانیدا شانبەشانی ڕووخانی یەکێتیی سۆفیێت و ڕاگەیاندنی کۆمارە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە سەرەتای نەوەتەکاندا لەئارادا بوون و، هەمان ئەو کاتە بوو کە تیایدا هەرێمی کوردستان دەستی دابووە هەنگاونان بەرەو کاری سیاسیی دیموکراسی و، وڵاتانی ئەوروپا پێشمەرجیان بۆ کۆمارە نوێیەکان دانابوو بۆ ئەوەی لایەنی نێودەوڵەتی ددانیان پێدا بنێت. گرینگترینی ئەو مەرجانەش بریتی بوو لە دامەزراندنی پرۆسەیەکی دیموکرات و پێکهێنانی سیستمێکی سیاسیی فرەیی و دامەزراندنی پەرلەمانێک کە بتوانێت خواستی گەلان دەرببڕێت و چاودێریی کاری حکوومەتەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم مەبەستە بکات.
بەمەش، مەبەستی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دامەزراندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بوو بەشێوازێکی گونجاو لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە نێودەوڵەتییانە و دروستکردنی ژێرخانی گرینگ بۆ هەنگاوەکانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.

کاتێک هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەنجام دران، پەرلەمان لە حزبە براوەکانی هەڵبژاردن خۆی پێک هێنا و، لە خولی یەکەمیدا کۆمەڵێک دەسکەوتی جەوهەری و گرینگی هێنایە دی، ئەوە بوو بۆ یەکەم جار لە عێراقدا بەشێوەیەکی فەرمی چەمکی فیدرالیزمی خستە واری جێبەجێکردنەوە و، دواتر ئەم دیدگەیەی پەرلەمانی کوردستان لە دەستووری عێراقدا ڕەنگی دایەوە کە ددانی نا بە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گشت یاسا و بڕیارەکانیان و بە کاریگەرییەکی ڕەجعی. بەمەش فیدرالیزم بە شێوەکی دەستووری لە عێراقدا چەسپی.

جگە لەمەش، پەرلەمانی کوردستان بنیاتی یاسایی و چوارچێوە یاساییەکانی کەرتەکانی نەوت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها کەرتی ئەمنیی داڕشت.

لەم خاڵانەدا بەشێک لەو یاسا و دەسکەوتانە دەخەینە ڕوو:

١- کەرتی نەوت: بەردی بناخەی پێشڤەچوونی لە پێشخستن و کاراکردنی کەرتی نەوتی لە هەرێمەکەدا دانا، کە یەکێکە لە گرینگترین هەنگاوە ستراتیجییەکان.

٢- کەرتی ئابووری: ئەو یاسا گرینگانەی داڕشت کە یارمەتیدری کەرتی تایبەت بوون و هاندەری وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بوون. کە یاسای گرینگ و پێشکەوتوون بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکەدا. لەکاتێکدا هێشتا عێراق بەدەست کۆمەڵە یاسایەکەوە دەناڵێ کە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانیان قۆڵبەست کردووە.

٣- کەرتی کۆمەڵایەتی: پەرلەمان هەنگاوی زۆر پێشکەوتووانە و گرینگی نا، لە کاتێکدا عێراق لەو یاسا کۆمەڵایەتییە گرینگانە بێبەشە. وەک یاسای توندوتیژیی خێزانی و یاسای ڕێکخراوەکان و یاسای ڕێگری لە فرەژنی.

٤- هەروەها پەرلەمانی کوردستان توانیی بگات بە ددانپێدانانی نێودەوڵەتیش بەم دامەزراوە یاسادانەرە گرینگە، لەڕێی پەیوەندی لەگەڵ، بۆ نموونە پەرلەمانی بریتانیا و پەرلەمانی ویلایەتە گرینگەکانی ئەمەریکا وەک مێریلاند و ماساشوسیتس و نیویۆرک، سەرباری پەیوەندی لەگەڵ هەردوو ئەنجومەنی گشتی و پیرانی کۆنگرێس.

٥- پەرلەمانی کوردستان لە یاساکانی و لەو دیدگە یاساییانەی دەیانخاتە ڕوو دەربڕین لە دیدگەی گەلی کوردستان بۆ پرسەکانی یاسایی و یاسادانان دەکات و، بە داڕشتنی یاساکان لەسەر ئاستی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، وەک یاسای ڕێکخراوەکان و یاسای توندوتیژیی خێزانی، پێشانی دا کە گەلی کوردستان داهێنەرە و چاوی لە داهاتووە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ئەو یاسایانە لە قۆناخێکی زۆر دواکەوتوودان.

٦- جگە لەمانەیش، دامەزراوەی یاسادانان کە خۆی لە پەرلەماندا دەنوێنێت، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکی و گرینگەکانی ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان و، دامەزراوەیەکی گرینگە بۆ شەرعیەتی حکوومەت و شەرعیەتی پرۆسەی سیاسی و پێشکەوتنی لە هەرێمی کوردستاندا.

٧- هەروەها پەرلەمانی کوردستان ڕێککەوتنی واشنتۆنی نێوان پارتی و یەکێتیی پەسەند کرد و، ئەم ڕێککەوتنە بەردی بناغەی دانا بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیجی کە بووە مایەی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵگەیی و بواری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کارا و بنیاتنانی هەرێم لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، خۆش کرد.

٨- پەرلەمانی کوردستان یاسای ئاڵای کوردستانیشی داڕشت، بەمەش کۆڵەکەکانی سەروەریی گەلی کوردستانی بەسەر خاکی خۆیدا چەسپاند و هێمایەکی گرینگی بۆ ئەو قەوارە سیاسییە نوێیە دانا، کە ئاڵا یەکێکە لە پێداویستییەکانی ددانپێدانانی ناوخۆیی و دەرەکی بە سەروەریی کوردستان.

٩- داڕشتنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێم لە پەڕلەمانی کوردستانی عێراق ( بووە بنەمایەك بۆ چەسپاندنی فیدرالی ھەرێمی کوردستان لەدەستووری ھەمیشەی عێراق بە گشت یاساو بڕیارەکانییەوە بۆ ھەمیشە )

١٠- یاسای حزبەکانی دەرکرد و پرۆسەی سیاسی و کێبەرکێی دیموکراسی و ئازادانەی لەسایەی سەروەریی یاسادا ڕێک خست.

١١- یاسای سەندیکا جەماوەرییەکانی دەرکرد، کە یەکێکە لە گرینگترین ئەو یاسایانەی چوارچێوەی یاسایی داڕشت بۆ کاری سەندیکایی و پاراستن و پارێزگاری لە مافەکانی چینی کرێکارانی کوردستان.

١٢- یاسای ئەنجومەنەکانی سەرکردایەتییەکان و پرۆسەی ڕێکخستنی ڕۆڵ و جیاکردنەوە و یەکترتەواوکردنیانی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم بە ئاوەزی دەوڵەتمەدارانە و دیدگەی ڕوون، داڕشت.

١٣- داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆ لە خولی یەکەمدا (خولی دامەزراندن) و، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد، پەیڕەوی ناوخۆی دامەزراوەی پەرلەمان و هەیکەلی حوکمڕانیی لە کوردستان داڕشت و جەختی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کرد.

١٤- ژمارەیەک یاسای بۆ داڕشتنی چوارچێوە بۆ ڕێزگرتن و نرخاندنی ڕۆڵی هێزە سەربازییەکان و دانانی بناخەی کۆمەڵایەتیی ڕەسەن دەرکرد، وەک یاسای پێشمەرگە و یاسای شەهیدان و یاسای باری کەسی و یاسای هەڵبژاردنەکان.

١٥- دەرکردنی کۆمەڵە یاسایەک بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستی شیاویی یاساکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و، تا چ ئاستێک دەکرێت کاریان پێ بکرێت.

١٦- بڕیاری بەپارێزگاکردنی قەزای هەڵەبجەی دەرکرد، کە یەکێکە لە گرینگترین هەنگاوەکان بەرەو دداننان و نرخاندنی قوربانییەکانی ئەم پارێزگایە و، بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستانیش بوو حکوومەتی عێراقی ناچار کرد ناڕاستەوخۆ ددان بەم پارێزگایەدا بنێت.

بەم شێوەیە دەبینین پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی سەروەرییە و دامەزرێنەر و پاڵپشتی کاری سیاسی و دیموکراسی بووە و، یەکەمین بناخە و چوارچێوە یاسایی و جەوهەرییەکانی کاروانی هەرێمی کوردستانی داڕشتووە و، سەرکەوتووانە لەم ئەزموونە پێشەنگ و ناوازەیەدا، نەک تەنیا لە عێراق بگرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بەشداریی کردووە.
Top