دڵـــشـــاد شـــەهـــاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان چەتری كۆكەرەوەی هەمووانە و بە سوپاسەوە لایەنە سیاسییەكانیش بەدەنگەوەهاتنی باشیان هەبووە
دیدار و چاوپێكەوتنەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەریەك لە بەغدا و تاران و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا كە وا نیشان بدرێت فیدڕاڵییەتی هەرێمی كوردستان بەرەو سنوورداركردن دەچێت و، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوخۆی عێراق و ناوچەكەدا تێگەیشتنێكی نوێی لەلایەن زۆر لە لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییەكانی عێراق لێكەوتەوە، بەوەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان پێویستە و بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانیش بۆ عێراق گرنگە، ئەوەتا لەسەر ئاستی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لێكتێگەیشتنی باش دروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی بۆ جارێكی دیكە بابەتی پێكەوەژیانی نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق بووە زەروورەتێكی ئەم قۆناغە، لەلایەكی دیكەوە واچاوەڕوان دەكرێت لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نێوماڵی كورد ڕێك بخرێتەوە و پرسێكی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دروست بێت، لەسەر هەموو ئەم پرسانە و چەند تەوەرەی دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سازدا . لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.
* با سەرەتای پرسیارەكەمان لە سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەست پێبكەین، كە پێشتریش جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك سەردان و دیدار و گفتوگۆی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و گەورە بەرپرسان هەبووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا تاچەند ئەم هەنگاوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئومێدبەخشە بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا؟
- سەردان و دیدارەكانی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و حزووری بەڕێزیان لەگەڵ دەسەڵاتداران و بڕیاربەدەستدانی دامەزراوە فەرمییەكان، كە پێكهێنەری حكومەتن و خۆیان لەناو هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبیننەوە، بە تەئكید كاریگەرییەكی زۆر ئەرێنی و باشی لێكەوتووەتەوە، بۆ دۆخی گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرسە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی. ئەوە بوو لە دوا سەردانیدا لەسەر دۆسێ هاوبەشەكان و پلان و ستراتیژیی پێشخستنی ئابووری و پەرەپێدان لە تەواوی عێراق گفتۆگۆی جددی كرد. هەڵبەتە ئەزموونی فیدڕاڵییەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونێكی نوێیە و تاكە هەرێمی فیدڕاڵییە لە ناوچەكەدا، هەرچەندە ئەم فیدڕاڵییە لە شێواز و پێكهاتن و ڕێككەوتندا لە چوارچێوەی دەستوورێكی دەنگ پێدراوی گەلانی عێراقدا ددانی پێدا نراوە، بەڵام هێشتا جۆرێك لە بیركردنەوە هەیە بەوەی چۆنیەتی مامەڵەی دروستی هەرێمێكی فیدڕاڵی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی ئیتحادی ڕێك بخرێتەوە. ئاشكرایە دەستوور هێڵە گشتییەكانی داناوە و بەشێكی بۆ یاساكان و دواتر بۆ ڕێنمایی و ڕاسپاردەكان و بابەتەكانی دیكەی بەجێ هێشتووە. ئەوە بوو لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشەكان و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی وا، گوایە هەرێمی فیدڕاڵی كوردستان دەسەڵاتەكانی بەرەو لاوازی و سنووردار دەبرێت و تەنانەت لەنێو هەندێك ناوەندی سیاسی و فیكری و میدیاییدا باس لە نەمانی فیدڕاڵییەتەكەش دەكرا و قسەوباسی وا دەورووژێنرا، گوایە فیدڕاڵییەت بۆ عێراق گونجاو نییە، هەرچەندە لە دەستووردا فیدڕاڵییەت چەسپێنراوە و لەسەر ئەم بنەمایە عێراقی نوێ دامەزراوەتەوە. لەناو هەموو ئەم كێشە و ئاڵۆزییەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونێكی دیپلۆماسییانەی سەركەوتووانەی خۆی لە گەیاندنی هەقیقەت و دیدگای گەلی كوردستان بۆ پێكەوەژیان و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەقامگیری ناوچەكە و دڵنیاییدان بە دراوسێكان لە ناوچەكەدا توانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پێگەی هەرێمی كوردستان لەناوچەكەدا بەهێزتر بكات، بەوەی كوردستان ببێتە كاراكتەر و فاكتەری ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو ئەمانە ڕەنگدانەوە و كاریگەرییان لە بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەبێت.
* كەواتە، دەتوانین ئومێد لەسەر كردنەوەی گرێ كوێرەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەڵبچنین و ئەم قۆناغە بەستەڵەكەی نێوان هەردوولا تێپەڕێنین؟
- كردنەوەی گرێ كوێرە و ئاراستەی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی بە تەواوەتی لە دوو مانگی ڕابردوودا دیارە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو لێكتێگەیشتنانەی بەتایبەتی لەلایەن بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێز سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی و لایەنە سیاسییەكان هەیە، كە گۆڕانكاریی باش ڕووی داوە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی چارەسەركردنی كێشە و ئاستەنگەكان و گەیشتن بە قۆناغی هاریكاری و هاوكاریی نێوان هەولێر و بەغدا هەر لە پارێزگاریكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە و نەوت و سامانە سروشتییەكان و چەندین بابەتی دیكەوە، هەر جارەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، هەنگاوێكی نوێی بەرەوپێشچوون ڕوودەدات.
* وەكو ئاماژەت پێدا، ئاساییبوونەوە و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەرێم و عێراق قۆناغی باشی بڕیوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، كەچی هەر كاتێك لێكنزیكبوونەوە دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان، ئاستەنگ و كێشەی نوێ دەخوڵقێنرێت. ئایا تا چەند ئێوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئومێدتان هەیە، هەموو ئەو كێشانە ڕوو لە چارەسەركردن بكات؟
- بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014وە تاكو ئێستا، تەنانەت یەك ساڵیش نەبووە بە ڕێكوپێكی بدرێتە هەرێمی كوردستان، واتە 10 ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی بۆ هەرێمی كوردستان خوڵقێنراوە. ئێمە مەبەستمان نییە بگەڕێینەوە سەر هۆكارەكانی، هێندەی ئەوەی مەبەستمانە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین. واقیعی ئەو 10 ساڵە لە ئەنجامدا كەلێنێكی گەورەی لێكەوتووەتەوە، لە نەبوونی گفتوگۆ و لێكتێنەگەیشتنی نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق. بۆچوون لە عێراق هەیە، بەوەی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە كۆنفیدڕاڵی زیاترە و هەندێكجاریش ئێمە پێمان وایە ئەو مامەڵەی لەگەڵ ئێمە دەكرێت، لە مامەڵەی پارێزگایەكیش كەمترە. بۆشایی و كەلێنێكی زۆر گەورە لەنێوان هەردوو بۆچوون و تێڕوانینەكەدا هەیە. لە ئێستادا ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لە ڕێگای ئەم دیدار و گفتوگۆیانە ئەو كەلێنە كەم بكاتەوە. ئەوەتا لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە دەرئەنجامی دیدار و گفتوگۆكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی بەغدا، ئەوەتا مووچە لە ئینفاقی فیعلی جیا كراوەتەوە و لە ڕێژەیەك كە لە یاسای بودجەی گشتی لە پشكی هەرێم لە 12،6% پرسی مووچەكە جێگیر كراوە و لەم پشكە دەربازی بووە و لە ئێستادا ئاراستەیەكی دروستی وەرگرتووە و بەلانی كەمەوە لە ناكۆكییە سیاسییەكان جیا دەكرێتەوە. لەسەر بەبانكیكردنی مووچە و دانانی سیستەمێكی ڕێكوپێك بۆ دابەشكردنی مووچەكان بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند گفتوگۆیەكی زۆر جددی و باش هەیە و، تەنیا هەندێك وردەكاری ماونەتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەدادگای فیدڕاڵییەوە، بە شێوەیەكی گشتی بەبانكیكردنی مووچە لە چوارچێوە گشتییەكەیدا ڕێككەوتن لەسەر هێڵە گشتییەكان كراوە. دانوستان و ڕێككەوتنەكانیش لەسەر داهاتە نانەوتییەكان ئەنجام و ئاراستەیەكی باشیان وەرگرتووە. واتە ئێمە پابەندییەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و بەرەوپێشچوونی باش هەیە. دیدارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەغدا ئومێدی زۆری لێكەوتووەتەوە. بەگشتی ئومێدمان زۆرە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی چارەسەر بكرێت، مادام ئاراستەیەكی دروست و ئیرادەیەكی سیاسی و ئیداریی باش هەیە، سەرۆكی هەرێمیش لە دیدارەكانیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵ بە ناكۆكی و گرژیی نێوان هەردوو حكومەت بكرێت.
* سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران، سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی دیدارەكانی لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان، ئایا ئەو دەرئەنجامانە چین كە بەهۆی ئەو دیدارانەوە ڕوو دەدەن؟
- سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانێكی باش و گرنگ بوو. بەتایبەتی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و شورای ئەمنییەت. ئێمە پەیوەندییەكی مێژوویی و هاوبەشی پێكەوەمان هەیە و سنوورێكی دوور و درێژمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە و ئاڵووێرێكی بازرگانیی گەورەشمان لەنێواندا هەیە، هاوكات تێكەڵاوییەكی كۆمەڵایەتی لەنێوان كوردەكانی هەردوو سنوور هەیە و ڕۆژێك لە ڕۆژان كۆماری ئیسلامیی ئێران پەناگەی سەدان هەزار ئاوارە و بنكەیەكی بەهێزی پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی عێراق بووە. بە تەئكید لە چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیری ئەوەی كردووە، هەموو كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، نابێت ئەو ڕۆڵەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەبیر بكەین كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری لە عێراق و بونیادنانی دەوڵەتی ئێستای عێراق. ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران وەرچەرخان بوو بەڕووی كرانەوە و دڵنیایی دوو لایەنەی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران. دڵنیایی بە لایەنی ئێران دا، كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئاشتی و سەقامگیری و ئارامی و پێكەوەژیانە لە ناوچەكەدا و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی، لەلایەكی دیكەوە لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی شیعە كە پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و لەم وڵاتە دەتوانن ڕۆڵی گەورە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لا ببینن، هەموو ئەمانە واقیعێكن و وجوودیان هەیە لەم جوگرافیایە و لەو گەمە سیاسییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە. بۆیە ئەم وەرچەرخانە لەپەیوەندییەكان ڕەنگدانەوەی باشی بووە و هەموو ئەمانەش لە بەرژەوەندیی هەرێم و خەڵكی كوردستان و ئێرانیشدایە.
* ڕا و بۆچوونی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكان چۆنە و، بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم پرسە لە چیدایە و ئایا لەبەرنامەدایە گفتوگۆكان لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی دەست پێ بكەنەوە؟
- كارێكی ئاساییە كە نزیك دەبینەوە لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن ئاستی ناكۆكی و گرژییەكان و لێدوانەكانی نێوان حزبە سیاسییەكان و كاراكتەرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن زیاتر بێت. ئەوەش ئاساییە كە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر دەسەڵات توندتر دەبن و حزبەكانی فەرمانڕەواش باسی دەستكەوتەكان دەكەن و هەموو ئەم ململانێیە كارێكی نائاسایی نییە. ڕاستە ئێمە یەكەمین هەڵبژاردنمان لەساڵی 1992 بووە و زیاتر لە 30 ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام بەراورد بە زەمەنی پیادەكردنی دیموكراتی و قووڵیی ئەم پرۆسەیە بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بكرێت بە ئەزموونەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئێمە هێشتا لە پیادەكردنی ئەم پرۆسە دیموكراتییەدا لەقۆناغی پێگەیشتنداین و ئەزموونێكی زۆر دەوڵەمەندمان نییە. سەبارەت بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیدگای ئێمە بەم شێوەیەیە كە بۆ هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە زەمینە سازی باشی بۆ بكرێت و هەمووان هەست بەدڵنیایی بكەن و لە پێشیانەوە هاووڵاتیانی كوردستان. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا زۆر بە ڕوونی وتی: «ئێمە هەڵبژاردن دەكەین بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین و نابێت هەڵبژاردن ببێتە هۆی لێكترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان». بەپێچەوانەوە دەبێت هەڵبژاردن ببێتە خاڵی كۆكەرەوەو لێك نزیكبوونەوە. هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە ڕای میللەتی خۆت وەربگری دەربارەی كێبڕكێیەكی سیاسی و لە دەرئەنجامیش حكومەت دابمەزرێت. ئێ خۆ نابێت ئەو كەلێنانەی لە كاتی هەڵبژاردن ڕوودەدات، ئەوەندە گەورە بن، ببنە ئاستەنگ لەبەردەم دوای هەڵبژاردنەكە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لە ساڵی 2022ـەوە تاكو ئێستا بەردەوام مەرسووم و هەوڵەكانی لەم ئاراستەیە بەردەوامە و بە ئاراستەی زەمینەسازی بووە بۆ هەڵبژاردن، نەك تەنیا دیاریكردنی بەروارێك بۆ هەڵبژاردن. ڕاستە بۆ هەڵبژاردن زۆر دواكەوتووین، بەڵام بە ئومێدەوە دەڕوانینە هەنگاوەكان، ئەوەتا بەردەوام ڕێنمایی نوێ دەردەچێت. هەر لە هەفتەی ڕابردوو بوو ڕێنمایی دیكە لە كۆمیسیۆن دەرچووە، بۆ ئەوەی ئەو دەیان هەزار دەنگدەرەی هەیە لە ئامێرەكانی دەنگدان، كێشەی پەنچە مۆریان هەیە و ناخوێنرێتەوە، جارێكی دیكە سەر لەنوێ دەرگا دەكرێتەوە بۆ چارەسەركردنی، ئەمەش یەكێكە لە لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە و سوودی لێ وەردەگیرێت. لە ئێستادا دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی دەركردووە لەسەر داوایەكی ڕێزدار سەرۆك وەزیران بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەكەی ڕاگرتووە ئەم ڕاگرتنەش ئاساییە، چونكە پەیوەستە بە هەندێك ئیجرائاتەوە. ئەگەر ئەم ئیجرائاتەی كۆمیسیۆن ڕانەگیرایە، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تووشی بارگرانییەكی زۆر دەبوون. ئەم داوایە دوو بەشە، بەشێكی ڕاگرتنی ئیجرائاتەكانە بەشەكەی دیكەی پێداچوونەوەیە لە پێداچوونەوەی كورسییەكان بە شێوەیەكی دادوەرانە و بەپێی دەستوور و بە زامنكردنی مافی پێكهاتەكان، هەروەكو ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە. خۆ ئەگەر كۆمیسیۆن كارەكانی ڕانەگرتایە، ئەوا بە دەیان ملیۆن دۆلار بە هەدەر دەدرا، بۆ نموونە ئەگەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەرچوو پشتیوانیی ئەو داوایەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی كرد، بەشێكی زۆری ئەو ئیجرائاتەنەی دەبێت كۆمیسیۆن دووبارەی بكاتەوە. لەم هەفتەیە چاوەڕوان دەكرێت، دەست بە دانیشتنەكانی بڕیاردان لەسەر داواكەی سەرۆك وەزیران بكرێت. خۆ ئەگەر وەڵامی داواكە هەبوو، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەبێت دووبارە خشتەی خۆی ڕێك بخاتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە هەنگاوی ئیجابی نراوە، بۆ نموونە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەمەنی تەشریعی خۆی لە ماوەی مانگێك درێژ كردەوە، یەكێك لەو ئامانجانەی بۆ ئەوەی بتوانێت هەمواری یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكاتەوە، تاوەكو كۆمیسیۆن بتوانێت لەكارەكانی بەردەوام بێت، لە كاتێكدا گۆڕانكاری لە وادەی هەڵبژاردنەكان ڕوو بدات، تووشی كێشەی یاسایی نەبێت. بە شێوەیەكی گشتی من ئومێدم زۆرە، ئاراستەیەكی دروستی وەرگرتووە و گەشبینم لەوەی ئەم هەوڵانە سەردەگرن و پشتیوان بەخوا هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو ئەنجام دەدەین.
* سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا چەند لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردن؟
- بە خۆشحاڵییەوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ كات لە بۆشاییەكی وا نەبووین كە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان دوور بین. لەدەستپێكی كارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا سەرۆكایەتیی هەرێم بووە ئەو چەترەی كۆكەرەوەی هەمووانە، لە بەرانبەریشدا لایەنە سیاسییەكان بەدەنگەوەهاتنی باشیان هەبووە و لە بارودۆخە سەخت و قورسەكاندا حزبە سیاسییەكان كە زۆر زەحمەت بووە لەگەڵ یەكدا كۆببنەوە، هاتوون و لێرە لە سەرۆكایەتی كۆبوونەتەوە . ئێستا لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی فیدڕاڵی كە لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆدەبنەوە، ناكۆكیی زۆریان هەیە، بەڵام شوێنێك هەیە كۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەكەن. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوامی بەو نەهجە دەدات و ڕێز لە ڕاوبۆچوونی هەمووان دەگرێت و حزبەكانیش ئامادەیی باشیان تێدایە و تەنانەت بۆ یەكجار نەبووە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوەتی لایەنەكانی كردبێت و ئامادە نەبووبن، خۆشمان سەردانمان كردوون و سەردانی دیكەمان دەبێت و هیچ لایەنگیرییەكیش بۆ هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نییە، تەنیا ئامانجی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پارێزگاریكردنە لەو پێگە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان كە جوانییەكەشی لەوەدایە كە ئەزموونێكی جوانی دیموكراتی و ئازادی پێشكەش بكەین و هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بەڕێوە ببەین. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر چوار بنەمای سەرەكی لە نێوخۆدا كار دەكات، ئەویش (پارێزگاریكردنە لە ژینگە، پێكەوەژیان، پارێزگاریكردن لە ئازادییەكان و پارێزگاریكردن لەمافی ئافرەت و خێزان) لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگایەكی دروستی گفتوگۆ، جەنابیان هەمیشە پێی وایە كەوا هیچ دەرگایەكی داخراو بە هەمیشەیی نییە و هەموو دەرگایەك كلیلێكی هەیە و كلیلی هەموو دەرگا داخراوەكانیش كە هەمیشە بەڕێزیان هەڵیدەبژێرێت، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە.
جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و ئیقلیمییەكان بەتایبەت لە هاتنی سەرۆك كۆماری توركیا و سەردانە سەركەوتووەكەی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و سەردانە بەردەوامەكانی كە لەگەڵ دەسەڵاتە ئیتحادییەكان لە بەغدا هەیەتی، هەمووی لە دواجاردا پارێزگاریكردنە لە بەهێزیی پێگەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی و لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و پێگەی هەرێم شكاوەتەوە.