عـیــرفــــان كـــەركـــووكـــی سەرۆكی حزبی گەلی توركمان بۆ گوڵان:   ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی بۆ نەتەوە و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون لە سایەی پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە

عـیــرفــــان كـــەركـــووكـــی  سەرۆكی حزبی گەلی توركمان بۆ گوڵان:     ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی بۆ نەتەوە و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون لە سایەی پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە

 

كورسیی كۆتاكان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بووە كێشە لە نێوان فراكسیۆنەكان و لە خولی پێنجەم تەشەنەی كرد و گەیشتە ئەو ئاستەی كە لەلایەن یەكێتییەوە لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان تۆمار كرد و سەرئەنجام بە بڕیارێك دادگای فیدڕاڵی كورسیی كۆتاكانی نەهێشت و بەم هۆیەشەوە پارتی و بارزانی بەشداریكردنی پەرلەمانی كوردستانیان بایكۆت كرد. بۆ ئەو پرسە و چەندین پرسیاری دیكە گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ عیرفان كەركووكی سەرۆكی حزبی گەلی توركمان ئەنجام دا.

 

* بۆچی كورسیی كۆتاكان بووە خاڵی ناكۆكی لەناو پەرلەمانی كوردستان و خۆت وەك سەرۆكی حزبی گەلی توركمان هۆكارەكان بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟ ئەو هۆكارانە چی بوون كە لایەنێكی سیاسیی كوردی دژی كورسیی كۆتاكان پرسەكەی بردە دادگای فیدڕاڵیی عێراق؟ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی تا چەند مەترسی لەسەر پێكەوەژیان لە كوردستان دروست دەكات؟

- ئێمە لە پارتی گەلی توركمانی هەمیشە باوەڕمان زۆر بەو پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی هەیە كە لە كوردستان زۆر بە جوانی ڕەگی داكوتاوە و بەرجەستە بووە، ئێمەش هەموو كاتێك هەوڵ و جەختمان لەسەر ئەو پێكەوەژیانە كردووەتەوە و لەگەڵ ئەو كار و بەرنامەیەین كە حكومەتی كوردستان بەتایبەتی كابینەی نۆیەم تەوەر و كار و پلان و بەرنامەی تایبەتی بۆ گەشەكردن و زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی پێكەوەژیان داڕشتووە. ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە كە خۆی لە هەموو پرس و جومگە سیاسی و دامەزراوەكانی حكومەت دەبینێتەوە، بووەتە هۆكاری ئەو ئاوەدانی و خۆشگوزرەرانی و سەقامگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت. ئێمە وەكو حزبی گەلی توركمان كە لە ساڵی 1987 دامەزراوین و چەندین ڕۆڵە و كەسی دڵسۆزمان بوونەتە قوربانی و شەهید لە پێناو نەتەوەی توركمان و تەواوی گەلی كوردستان و خۆمان بە هاوبەشی پێهكاتەكانی دیكە بەتایبەتی كوردو كریستیان و ئایین و ئایینزاكان دەزانین، بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوون و جێگیربوونی ئەو پێكەوەژیانە و ئەو ئاشتی و لێبوردەییەی كە بە درێژایی مێژوو لە كوردستان لەلایەن سەركردایەتیی سیاسی بەتایبەتی بارزانیی نەمر كار و هەوڵی جددی بۆ دراوە. بەڵام هۆكاری ئەو ناكۆكییەی لەسەر كورسیی كۆتا دروست بوو، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ سیاسییەی كە لەلایەن حزب و لایەنە كوردستانییەكان هەیە و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لەناو پەرلەمان لەلایەن حزب و لایەنی سیاسی كوردستانی تەشەنەی كرد، واتە زیاتر موزایەدەی سیاسی بوو، ئەگینا ئێمە قەت وەكو توركمان و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە كێشە و مەترسی نەبووین لە هەموو ڕووەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەو كورسیی كۆتایانە پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانی لە دیدی جیهان و پڕۆسەی دیموكراتییەوە زۆر جوانتر كردووە، بەڵام لە ئەنجامی ئەو كێشە و گرفتە كە پێویستی نەدەكرد، گەیەندرایە دادگای فیدڕاڵی، كە خۆی لە تانە و سكاڵاوە بینییەوە، سەرئەنجام دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا بە نەمانی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو بڕیارەش پێش هەموو شتێك بڕیارێكی سیاسی بوو، لە دژی پێكەوەژیان و قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی كوردستان. كە بە هەموومان ببووینە سمبولێكی جوان بۆ پێكەوەژیان و دیموكراتی. ئەم نموونە جوانە نەوەكو تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، چونكە ئێمەی نەتەوە و پێهكاتەی توركمان و ئەوانی دیكەش لەناو ئەو پەرلەمانی كوردستان كە بە خوێنی سەدان و هەزارن ڕۆڵەی قارەمانی كوردستان هاتووەتەدی و هەموو لایەكمان وەكو یەك و هاوبەش بەشداری لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دەكەین. ئەگەرچی بەداخەوە ناحەزانی ئەو هەرێمە جوان و ئەو پێكەوەژیانە و ناحەزانی ئارامی و ئاشتی و ناحەزانی ئاوەدانی و بونیادنانی ئازادی و دیموكراتی كوردستان، هەستان كێشە و ململانێی نێوخۆییان گەیاندە دەرەوەی هەرێمەكەمان، بەتایبەتی گەیاندیانە ئەو دادگایە كە سەرئەنجام بڕیارێكی زۆر سیاسی درا، پێش ئەوەی دەستووری بێت، چونكە بڕیارێكە زۆر سیاسییانە بووە لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بە نەمانی كورسیی كۆتاكانیش بە تەئكید كەلێنێك لەناو پێكەوەژیانەكە دروست دەبێت و كاریگەریی خۆی لەسەر پێكهاتەكان دروست دەكات. دەتوانین بڵێین بە پشتگیریی جەنابی سەرۆك بارزانی نەبێت، ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر پێكەوەژیانەكەش دروست دەكات، بەڵام لە هاتنەدی كورسیی كۆتا و شادبوون و گەیشتنمان بە مافە ڕەواكانمان، بەتایبەتی وەكو نەتەوەی توركمان بە پاڵپشتی و داكۆكیی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، وەكو كەسایەتی و كاریزمای خۆی و مەرجەعی گەورە و سەرەكیی گەلی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ هەموو نەتەوەو لایەن و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان كردووە، هەر ئەمەشە وای كرد، نەتەوەی توركمان و پێهكاتەكانی دیكە بگەن بە ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانیان لە هەرێمی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە ئەو سكاڵا و تانەیەی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كرا، كە ئەو بڕیارەی لە هاتەدی كە هیچ خزمەتێكی بە كوردستان و هیچ حزبێك نەكردووە، تەنانەت خزمەتی بەو لایەنەش نەكردووە كە سكاڵاكەی كردووە. بەڵكو پێویست بوو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خۆمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشتباین و چارەسەری ئەو گرفت و كێشانەمان بكردایە كە هەبوون، نەك كێشەی نێوخۆی ببەینە دەرەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی خۆمان كە كێشەكانی گەورەتر و زەحمەتتر كردووە.  

* بەڵام ئێستا و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، كورسیی كۆتاكان ڕەت كراونەتەوە و توركمانەكانیش بەشداریكردنیان لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێت. ئایا ئێوە وەك توركمان و كلد و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، هەوڵەكانتان گەیشتووەتە كوێ بۆ ئەوەی كورسیی كۆتاكان بگێڕنەوە؟

- ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و پێكهاتەكانی دیكەش چەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆی تێر و تەسەل و كاریگەرمان ئەنجام دا و لەگەڵ یۆنامی كۆبووینەوە و دەنگمان و بیر و هەست و ناڕەوایی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقمان پێیان ڕاگەیاند، لەپاشان بە نووسراو دەنگی خۆمان گەیاندە نوێنەر و كونسووڵگەریی وڵاتان و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ لە دنیادا بەتایبەتی ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان هەیە، واتە بە هەموو لایەكمان ڕاگەیاند، مەبەست لەو بڕیارە سیاسییە و دەستتێوەردانە لە پڕۆسەی دیموكراتی و ئازادیی هەرێمی كوردستان و نانەوەی كێشە و دروستكردنی كەلێنە لەو پێكەوەژیانە جوانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە. بێگومان بە پشتیوانیی پارتی و بارزانی هەوڵی جددی و زۆرمان داوە، وەكو پێكهاتەكان بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارە ناهەق و سیاسییەی دادگای فیدڕاڵی كە لە دژی ئێمە و هەموو گەلی كوردستان داویەتی. چاوەڕوانین هەوڵەكانیشمان بەرهەمی خۆی هەبێت. 

* لەناو تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی توندیان لەسەر ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان وەرگرت و ڕایانگەیاند ئەگەر كورسیی كۆتاكان نەمێنن، ئەوا پارتیش لە هەڵبژاردنەكان بەشداری ناكات و بایكۆتی دەكات. ئایا ئێوە وەك توركمان چۆن سەیری ئەم هەڵوێست و پشتگیرییەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی تەئكیدیان لەوە كردووە، ئەگەر مافی نەتەوەی توركمان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان نەگەڕێتەوە ناو پەرلەمانی كوردستان، كە (11) كورسیی كۆتایە و نوێنەرایەتیی واقیعی و هەقیقەتی نەتەوە و پێكهاتەكان دەكەن جگە لەوەی ئەوە قابیلی قبووڵ نییە، ئێمەش بەشداریی پڕۆسەی ئەو خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكەین، چونكە پڕۆسەكە لە دیموكراتییەت دەردەچێت و خزمەت بە ئایندە و ئێستای كوردستان ناكات. لە هەقیقەتدا جەختكردنەوەی جەنابی بارزانی لەو كارەدا متمانەیەكی تەواو و گەورەی بە پێكهاتەكان داوە و ڕۆحیەتێكی زیندووی دایەوە بە نەتەوەی توركمان و كریستیان و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، كە بە هیچ جۆرێك كەس ناتونێت زوڵممان بەرانبەر بكات، تاوەكو جەنابی سەرۆك بارزانی پاڵپشت و داكۆكیكاری مافەكانمان بێت، كە نەك هەر لە ئێستادا، بەڵكو لەو كاتەی كە دەستووری هەمیشەیی عێراق ئامادە دەكرا، جەنابی سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی ئەو پڕۆسەیەی دەكرد، كە ئێمەش نوێنەرمان وەكو توركمان تێدا بەشدار بوو. لەو كاتەیی دیباجەی دەستوورەكە دەبەنە خزمەت جەنابی سەرۆك بارزانی دەیگێڕێتەوە و دەفەرموێت: «دەبێت مافی نەتەوەی توركمان وەكو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت لەناو دەستوورەكە جێگیر بكرێت»، كە ئەمە پاڵپشتییەكی زۆر گەورە و بەهێز بوو، چونكە نوێنەری خۆمان لە لێژنەكە بوو، نەیتوانیبوو ئەوە بكات. جەنابی سەرۆك بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و خەمخۆری جێبەجێی كرد. بۆیە هەموو كات ئێمە جەنابی سەرۆك بارازنی وەكو مەرجەعی گەلی كوردستان و كەسایەتی و كاریزمایەكی كەم وێنە دەبینین لە پاڵپشتی و داكۆیكردن لە ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێمەی نەتەوەی توركمان، بە هەمان شێوە بۆ هەموو پێهكاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و هەموو عێراقییش، ئەوەی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمەی كردووە مێژوو شاهیدیەتی و دەبێت بە زێڕ بنووسرێتەوە. لەلایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ عێراقش مەرجەعە، چونكە لەپاش هەموو هەڵبژاردنێك بۆ پێكهێنانی حكومەت و ڕێككەوتنەكان دەگەڕێنەوە لەلای جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ سەقامگیری و جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا، ئەمەش بۆ ئێمە سەروەرییەكی زۆر گەورە و لەبیر نەكراوە. 

* پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان زۆرینەن لە پەرلەمانی كوردستان، ئایا ئەگەر وەك بڕیارتان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، بە ڕای ئێوە هەڵبژاردن لە كوردستان دەكرێت؟

- هەر چەندە ئێمە وەك حزبی گەلی توركمان لە كۆمیسیۆنی باڵا بۆ بەشداریی هەڵبژاردن ناوی خۆمان تۆمار كردبوو، بەڵام لەپاش ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی كە كورسیی كۆتاكانی ڕەت كردەوە لە پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارەكە زۆر سیاسی بوو و هیچ مۆركی یاسایی پێوە نەبوو، هەر بۆیە ئێمەش بایكۆتی هەڵبژارنەكەمان ڕاگەیاند. سوپاسی هەڵوێستی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەین، كە هەمان هەڵویستیان هەبوو كە بەبێ كورسیی كۆتاكان لە هەڵبژارن بەشداری ناكەن. هەر بۆیە لەو كاتەی دەستنیشان كراوە، هەڵبژاردن ناكرێت و باوەڕمان وایە پارتی كێشەی لە هەڵبژاردن نییە، بەڵام بەشداری لە هەڵبژاردنێك ناكات، ئەگەر هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان وەكو مافێكی خۆیان لە هەڵبژاردنەكە بەشدار نەبن. 

* لەدوای 13 ساڵ جارێكی دیكە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی بەغدا و هەولێری كرد، ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە كە سەرۆك كۆماری توركیا مەبەستی ئەوەیە پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبێت، ئایا ڕەنگدانەوەی ئەم سەردانەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- سەردانەكەی بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ بەغدا و لە هەمان كاتدا كە هاتە هەولێری پایتەختی كوردستان و كۆبوونەوە و دانیشتنی لەگەڵ كاربەدەست و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، زۆر گرنگ بوو. لەبیری نەكەین پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا زۆر گەورەیە و سنوورێكی دوور و درێژیشی لەگەڵ توركیا هەیە. لە دوای ساڵی 1991 پەیوەندیی بازرگانیی بەهێز و بەردەوامیان بە قەبارەیەكی زۆری دارایی لەگەڵ هەرێم هەیە، لەلایەكی دیكەوە پێگەی وڵاتێكی وەك توركیا لە دنیادا زۆر گەورەیە، بەتایبەتی كە لە هاوپەیمانیی ناتۆدایە، بۆیە هاتنی ئەردۆگان بۆ هەرێمی كوردستان مێژوویی و گرنگ بوو، ئەمەشمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان لە هەر ڕێككەوتن و گفتوگۆیەكدا لەگەڵ عێراق كرابێت، ئەوە هەرێمیش وەكو ناوچە و هەرێمێكی فیدڕاڵی تێیدا هاوبەش و بەشدارە.

* پرسی نەمانی كۆتای توركمان لە پەرلەمانی كوردستان تا چەند جێگەی بایەخی سەرۆك كۆماری توركیا بوو؟ هێندەی ئێوە ئاگادارن، ئایا ئەم پرسەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی باس كردووە؟

- ئەوەی كە من ئاگادارم زۆر شت باس كراون و پێش ئەوەی جەنابی سەرۆك كۆماری توركیا بێتە عێراق و كوردستان، كورسیی كۆتاكان یەكێك بووە لەو خاڵانەی كە باس بكرێت. لەلایەكی دیكەوە توركیا هەموو كاتێك ویستوویەتی پارێزگاری لە پەیوەندییە هەمە لایەنییەكانی بكات، چ لەگەڵ عێراق و چ لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە باش دەزانێت هەرێمی كوردستان هۆكار و هەرێمێكە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكەدا، هەموو كاتێكیش هەرێم و حكومەتەكەی لە هەوڵی باشتكردنی پەیوەندییەكانیان بوون لەگەڵ توركیا و هەموو وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دنیا، توركیاش زۆر باش دەزانێت، كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوان و باشی پێكەوەژیان و ئاشتی بووە لە ناوچەكدا، بۆیە بە پێویستی دادەنێت، ئەو پێكەوەژیانە جوانە بەرەوام بێت، كە یەكێك لە بنەما و هۆكارەكانی بوونی نوێنەرانی پێكهاتەكان بووە لە پەرلەمانی كوردستاندا. 

 

Top