هیمداد سەباح بیلال سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی زۆر بەرز و گرنگ و بە جەسارەت بوو
بۆ ئەوەی بزانین هۆكار چی بوو كە كورسیی كۆتا بووە خاڵی ناكۆك و ململانێ لە ناو پەرلەمان و سكاڵای لەسەر تۆماركرا و پێكهاتەكان چۆن تەماشای هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەن، لەوەی قبووڵیان نییە هەڵبژاردن بە بێ پێكهاتەكان بكرێت، لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ هیمداد سەباح بیلال سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ساز دا.
* بۆچی كورسیی كۆتاكان بووە خاڵی ناكۆكی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، وەك پەرلەمانتاری ئەو خولەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی، ئەو هۆكارانە چی بوون كە لایەنێكی سیاسیی كوردی دژی كورسیی كۆتاكان پرسەكەی بردە دادگای فیدڕاڵیی عێراق؟ ئایا ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی تاچەند مەترسی لەسەر پێكەوەژیان لە كوردستان دروست دەكات؟
- ئەم بابەتە زۆر گرنگ و هەستیارە، پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بە كوردو توركمان و كلد و ئاشوری و ئەرمەنی و سریانی و چەندین ئایین و ئایینزاش ئەو فرە ڕەنگ و فرە دەنگییەی كە هەرێمی كوردستانی جوانكردووە و كورسی كۆتاكانیش كە بۆ پێكهاتەكان دانراوە سەرەتا لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بەپێی بڕیاری سیاسی پێنج كورسیی بۆ كریستیانەكان تەرخانكرا لە پاشان لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2005ـەوە بەپێی یاسا ئەو كورسییانە بوونە یانزە كورسی كە پێنج كورسیی بۆ پێكهاتە و نەتەوەی توركمان و یەك كورسییش بۆ ئەرمەنی زیاد كرا، ئەمەش وای كرد، هەموو پێكهاتەكانی كوردستان كە بە درێژایی مێژوو لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەكتر دەژین، لە یاسادانان و چارەنووسیشیان لەو هەرێمەدا ببێتە یەك و، ئەو كورسیی كۆتایانە كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر بەوپێشەوەچوون و بەرجەستە و گەشەكردنی پێكەوەژیان هەبوو و سەرنجی هەموو وڵاتانی ڕاكێشا، بەڵام لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە ناو پەرلەماندا كێشە لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێ كرد، هەر چەندە ئێمە كێشەكە بە موزایەدەی سیاسیی لایەنێك لە لایەنەكانی ناو پەرلەمانی دەزانین، ئەگەرچی لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا ئەو ناكۆكی و ململانییەی لە نێوان هەردوو لایەن و حزبی گەورە كە یەكێتی و پارتییە زیاتر گەورە بوو، ئەم ناكۆكییەش زیاتر بۆ نەبوونی دەستووری هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر دەستوور نەبێت، ئەوە ئالییەتێكیش نابێت كارەكان ڕێك بخات و كێشە و ناكۆكییەكانیش بەپێی یاسا و ڕێنمایی چارەسەر بكات، هەر بۆیە كورسیی پێكهاتەكان زەق بووەوە و بووە خاڵی دیاری ناكۆكییەكە، چونكە ئێمە وەكو پێكهاتەكان بەگشتی و توركمان بەتایبەتی بەپێی ئەو بەرژەوەندییانەی هەمانبوو، بینیمان، ئەو لایەنەی كە لە هەموو بابەت و ماف و بەرژەوەندییەكماندا تاكە فراكسیۆن بوو بەرگری و داكۆكی لێ دەكردین، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هەر ئەمەش وای كرد پێهكاتەكان هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ببەستین، ئەمەش عورف و كارێكی گونجاوە و هەر وەكو ئەو هاوپەیمانییە بوو كە لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا كراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كوردستان، لە لایەكی دیكەوە لەو ململانێ سیاسییەی لە ناو پەرلەمان دروست بوو، ئەوە نابێت هۆكار و كێشەكان هەر هەمووی بخەینەسەر نەتەوەی كورد و لایەنە كوردییەكان، بەڵكو ئێمەش وەكو پێكهاتەكان بەگشتی نەمانتوانی تەوازون لە نێوان لایەنە كوردییەكاندا ڕابگرین، هەر چەندە ئێمە وەكو فراكسیۆنی بەرەی توركمانی هەوڵی خۆمان دا بۆ چارەسەر و كەمكردنەوەی كێشەكە، بەڵام ئەو لایەنەی كە نەیدەویست هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە كورسیی كۆتایان زەق كردەوە، لە پاشان نەدەبوو كێشە و گرفتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كێشەی ناو پەرلەمان ببردرێتە دادگای فیدڕاڵی كە دیتمان لایەنێكی كوردستانی كورسیی كۆتاكانی كردە سكاڵا و لە دادگای فیدڕاڵی تۆماری كرد، كە هەر ئەم سكاڵایەش بووە هۆی ئەوەی كورسیی كۆتاكان نەمێنێت لە پەرلەمانی كوردستاندا.
لێرەدا لەو دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم، كە زۆر كەس و لایەن دەیانگوت ئەگەر نەوتی كوردستان ڕادەستی عێراق بكرێت، ئەوە بەردەوام و بە ڕێكوپێكی بودجە و مووچەمان بۆ دێت، ئەگەرچی دیتمان هەرێمی كوردستان هەموو ئەو داواكارییانەی جێبەجێ كرد، كەچی ئێستا زۆر لە پێشتر بارودۆخی كوردستان خراپترە و نە بودجە و نە مووچە دەنێرن و ناهێڵدرێت نەوتەكەش بڕوات. بۆیە پێویستە خەڵكی ئاسایی و سیاسییەكانیشمان بزانن مەبەستی هەر هەنگاوێكی حكومەتی عێراق بریتییە لە لاوازكردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیەش ئەو بڕیارەی داگای فیدڕاڵی داویەتی لەسەر نەمانی كورسیی كۆتاكان، نە یاساییە و نە دەستوورییە، تەنیا ویستیان كاریگەرییەكی خراپ لەسەر ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دروست بكەن. من لێرەدا پێیان دەڵێم بەوانەی سكاڵایان كرد و بە دادگای فیدڕاڵییش بە هیچ جۆر و ڕێگەیەك ناتوانن پێكەوەژیان لە كوردستان تێك بدەن. جەنابی سەرۆك بارزانی، كە كەسایەتییەكی بارز و سەركردەیەكی سیاسیی كاریزمای كوردستانییە، قەت ناهێڵێت پێكهاتەكانی كوردستان لە ماف و بەرژەوەندییەكانیان بێبەش بن. لەلایەكی دیكە چۆن دەبێت لە كوردستان سیستمی دیموكراسی و پەرلەمانی هەبێت، بەڵام چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێكهاتە نوێنەریان لە پەرلەمانەكەدا نەبن؟
* ئێستا و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، كورسیی كۆتاكان ڕەت كراونەتەوە و توركمانەكانیش بەشداریكردنیان لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێت. ئایا ئێوە وەك توركمان و كلد و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، هەوڵەكانتان بە كوێ گەیشت بۆ ئەوەی كورسیی كۆتاكان بگێڕنەوە؟
- لەو كاتەی دادگای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی داوە، لەلایەن پێكهاتەكانەوە هەوڵێكی زۆر دراوە و چەندین كۆبوونەوە و سیمنیاری تایبەتی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دراوە و، بە نووسراو و ڕاپۆرت دەنگی خۆمان گەیاندووەتە هەموو كونسووڵییە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و یۆئێن و چەندین شوێنی پێویست، هاوكات لەگەڵ پارت و لایەنەكانی كوردستان كۆبوونەوە و قسەمان كردووە و دەنگمان گەیاندووەتە دادگای فیدڕاڵیی عێراق و شكایەت و دەنگی ناڕەزاەتی خۆمان گەیاندووەتە بەغدا، ئێمە وەكو پێكهاتەكان بەتایبەتی توركمان دەستخۆشی لە حكومەتی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆریان بۆ گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان هەیە و بە هیچ جۆرێكیش هەڵبژاردنێك ناكرێت ئەگەر هەموو پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدار نەبن.
* لە ناو تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی توندیان لەسەر ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان وەرگرت و، ڕایانگەیاند ئەگەر كورسیی كۆتاكان نەمێنن، ئەوا پارتییش لە هەڵبژاردنەكان بەشداری ناكات و بایكۆتی دەكات. ئێوە وەك توركمان چۆن سەیری ئەم هەڵوێست و پشتگیرییەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- زۆر بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لەو بڕیارە و لەو هەڵویستە و لەو هەڵسوكەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەتی هەڵویست و پێداگریی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەین، كە ئێمە وەكو مەرجەعێكی هەرێمی كوردستان دەیبینین و دەبێت هەموو دنیا بزانێت، تاكو ئێستا پارتی تاكە لایەن و حزبێكە و جەنابی سەرۆك بارزانی تاكە سەركردە و پێشەوایە كە بە ڕوون و ئاشكرا و بە جەسارەتەوە لە دژی نەمانی كورسیی كۆتاكان ڕاوەستاون، پێداگریشیان لەوە كردووە، كە هەڵبژاردن ناكرێت و پارتی بەشدار نابێت بێ پێكهاتەكان و گەڕانەوەی ئەو یانزە كورسییەی كۆتا كە هەقێكی شەرعیی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە كە بەپێی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان ڕێك خراوە.
* پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان زۆرینەن لە پەرلەمانی كوردستان، ئایا ئەگەر وەك بڕیارتان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، بەڕای ئێوە هەڵبژاردن لە كوردستان دەكرێت؟
- ئێمە و پارتی و زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەین هەڵبژارن ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵبژارنەكە بە بەشداریی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، ئێمە و پارتیش لەگەڵ ئەوەین كە ناكرێت پێكهاتەكانی كوردستان لە هەڵبژاردن بەشدار نەبن، هەر چەندە ئێمە وەكو بەرەی توركمانی لە 10/6یان هەر كاتێك بێت بەشداریی هەڵبژاردنی كوردستان وەكو نەتەوەی توركمان دەكەین، بەڵام لە كاتێكدا پارتی بەشدار نەبێت، كە لایەنێكی زۆرینەیە و جەماوەرێكی بەرچاوی هەیە، ئەوە هەڵبژاردنەكە ناكرێت و بشكرێت سەركەوتوو نابێت، چونكە بە لایەنی كەمەوە دوو پارێزگای وەكو هەولێر و دهۆك لە هەڵبژارنەكەدا بەشدار نابن.
* لە دوای 13 ساڵ جارێكی دیكە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی بەغدا و هەولێری كرد، ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە كە سەرۆك كۆماری توركیا بە مەبەستی ئەوەی كە پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبێت، هاتە هەولێر، ئایا ڕەنگدانەوەی ئەم سەردانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- عێراق و توركیا بە هەموو پێكهاتەكانەوە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی مێژوویی و كەلتووری و كۆمەلایەتیی یەكجار بەهێزیان لە نێواندا هەیە. هەروەها لە دوای ساڵی 1991 پەیوەندیی بازرگانییش لە نێوان توركیا و عێراق و بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەشەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بووە هەرێمێكی فیدڕاڵیی فەرمی و سنوورێكی زۆریشی لەگەڵ توركیا هەیە. بۆیە پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر باش و بەهێزە و قەبارەی بازرگانی ساڵ لە دوای ساڵ لە هەر بارودۆخێكدا بێت، زۆر و جێگەی گرنگیپێدانە و لەلای جەنابی سەرۆك كۆماری توركیاش هەرێمی كوردستان جێگە و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و هەر كەسێكی دیكەش ببێتە سەرۆك كۆمار لە توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگانیش بگۆڕێت، ئەو پەیوەندییە باش و سەركەوتوو و بەهێزە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەمێنێت. چون بەغدا چۆن پایتەختی عێراقی فیدڕاڵە، هەولێریش پایتەختی سیاسی و بازرگانی و پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانی فیدڕاڵە، بۆیە گرنگیی زۆر و تایبەتی خۆی لەلای توركیا هەیە. هاوكات هاتنی سەرۆك كۆماری توركیا ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەو ڕێككەوتننانەی لەگەڵ بەغدا كراوە، ئەوە هەرێمی كوردستانیش تێدا بەشدارە و بەشێكە لەو ڕێككەوتنانە.
* تا چەند پرسی نەمانی كۆتای توركمان لە پەرلەمانی كوردستان جێگەی بایەخی سەرۆکكۆماری توركیا بوو؟ هێندەی ئێوە ئاگادارن، ئایا ئەم پرسەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی باس كردوووە؟
- ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە هەقیقەت جێگەی نێگەرانیی ئەوانیش بووە، توركیاش وەكو وڵاتێكی دراوسێ و نزیك و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و نزیكی لەگەڵ نەتەوەی توركمان هەیە، زۆر نیگەرانە بەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان، بە تەئكید ئەو پرسەشی لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و ڕێگەی دیكەی دیپلۆماسییەوە گەیاندووەتە بەرپرسانی عێراق، لە سەردانەكەشیدا سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق و حكومەتی سوودانی باسی ئەم پرسەی كردووە.