پڕۆفیسۆر مایكڵ مۆسۆ بۆ گوڵان: چین بۆ هیچ وڵاتێك مۆدیلێكی بەدیل نییە
مایكڵ مۆسۆ، پڕۆفیسۆری سیاسەت و ئاسایش و كاروباری نێودەوڵەتییە لە زانكۆی سەنتڕاڵ فلۆریدا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پەیوەندیی نێوان هەلومەرجە ئابوورییەكان و دامەزراوە و ناكۆكییەكان دەدات و، خاوەن تیۆرێكی تایبەتە كە پەیوەستە بەوەی چۆن دەرفەتی یەكسان لە بازاڕدا بایەخ دروست دەكات، بۆ لیبڕاڵ دیموكراسی و هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان نەتەوە و دەوڵەتەكاندا. مۆسۆ پشتیوانی لەوە دەكات كە وڵاتە دەوڵەمەندەكان هەوڵی ئەوە بدەن، دەرفەتی بەربڵاوی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە بڕەخسێنن، كە كەمتر گەشەكردوون، ڕای وایە ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەكی هەمیشەیی و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی جیهان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەندین پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بەوەی كە پێی دەوترێت «ئاشتیی دیموكراسی»، كە ناوەڕۆكەكەی بەرجەستە دەبێت لەو بیرۆكەیەی كە ئەگەر وڵاتان سیستمی دیموكراسی پەیڕەو بكەن، ئەوا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوانیاندا كەم دەبێتەوە، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* با سەرەتا لە پرسی شەڕەوە دەست پێبكەین، بەتایبەتی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە كاریگەری و لێكەوتەی جیهانی لێكەوتووەتەوە، ئایا ئێوە چۆن لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڕوانن لە پەیوەندی بە پشتیوانیكردنیان لە ئۆكرانیا و هەوڵەكانیان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا؟ ئایا ئەم هەڵوێستەیان بووەتە هۆی ئەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نوێ كەم بكەنەوە، بەتایبەتی لە سایەی ئیدارەی دووەمی ترەمپ كە ئاشكرایە ترەمپ وا بانگەشە بۆ خۆی دەكات، كە دەتوانێت شەڕەكان بوەستێنێت؟
- جارێ با لەو خاڵەوە دەست پێبكەین كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون، بوونەتە هۆی ئەوەی ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێك بكرێت لە نێوان دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان و وڵاتی چیندا. چونكە ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەروەختی پێش ڕوودان و بەرپابوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو، كە سەركردەكانی چین هەمان هەڵەی سەرۆكی ڕووسیا(ڤلادمیر پوتین)یان دووبارە بكردایەتەوە، واتە شەڕیان لە دژی تایوان هەڵبگیرساندایە لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەی كە دەوڵەتە پیشەسازییە دیموكراتییەكان پێیان باشترە پارێزگاری لە پەیوەندییە بازرگانییەكانیان بكەن و پەرەیان پێبدەن لەسەر حیسابی بەرگریكردن و كاركردنیان بە ئاراستەی چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەری و مافی بڕیاردانی چارەنووس. كەواتە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پێی وتین، یان ئەوەی بۆ خستینەڕوو كە دەوڵەتە پیشەسازییە دیموكراسییەكان پشتیوانی لە پرەنسیپەكانیان دەكەن و فەزڵی ئەم پرەنسیپانە دەدەن بەسەر قازانجكردندا، بە چەشنێك لە ئێستادا پێویستە سەركردەكانی چین دووبارە پێداچوونەوە بكەن، بەوەی ئایا هێرشكردنەسەر تایوان هێندە هەڵدەگرێت كە لە بەرانبەریدا زیان و خەسارەتێكی زۆری ئابووری بكەن.
* كەواتە ئەگەر بەراوردی نێوان ڕووسیا و چین بكەین و ئەگەری ئەوە دابنێین كە چین هێرش دەكاتە سەر تایوان، ئایا پێتان وایە لە ڕووی ئابوورییەوە چین تووشی زیانی گەورەتر دەبێت بەراورد بەوەی تا ئێستا ڕووسیا ڕووبەڕووی بووەتەوە؟
- ئەگەر ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە بەراوردی ڕووسیا و چین بكەین، ئەوا دەكرێت بڵێین چین بە ڕاددەیەكی گەورەتر پشتبەستووە بە هەناردەكردنی كاڵا بەرهەمهێنراوەكان بۆ دەوڵەتە پیشەسازییە دیموكراسییەكان. لەبەر ئەوە سەركردەكانی چین دەرك بەوە دەكەن كە ئەگەر هێرش بكەنەسەر تایوان، ئەوا ئەمە سەردەكێشێت بۆ داڕووخانی ئابوورییەكەیان بە چەشنێك كە ئەگەری ئەوە هەیە بۆ چەندین ساڵی دواتر نەتوانن بكەونەوەسەر ڕێڕەوی بووژانەوە و گەشەكردن. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە شەڕی ئۆكرانیا و كاردانەوەی ڕۆژئاوا لە ئاستیدا بوونەتە هۆی ئەوەی جیهان سەلامەتتر و سەقامگیرتر بێت بەراورد بە بارودۆخی پێشوو.
* لێرەوە دەمانەوێت پرسیارەكان بە ئاراستەی پرس و بابەتێكی دیكە ببەین، كە ئەویش بریتییە لە ئاشتیی دیموكراتییانە، ئایا پێتان وایە ئەم تیۆرە ڕێگایەكی كارایە بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكان، یان ڕیشەكانی هاتنەئارای شەڕ؟
- ناوەڕۆكی بیرۆكەی ئاشتیی دیموكراتییانە بریتییە لەوەی كە بەراورد بە دەوڵەتانی دیكە دەوڵەتە دیموكراسییەكان پتر ئاشتیخوازترن، بەلای كەمەوە لە نێو خۆیاندا ئاشتی پتر بەرپایە و پایەدارە. لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بوترێت كە ئەمە ڕێچكەیەكی بەردەوامە بۆ نەهێشتن و چارەسەركردنی هۆكارە ڕیشەییەكانی شەڕ، چونكە ئێمە نازانین هۆكارەكانی بەرپابوونی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتە دیموكراتییەكاندا چین. زۆرێك لە بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە بوونی داهاتێكی زۆر هاوشان بە بوونی بازرگانی و پیشەسازی ئەگەری بەدیهێنانی ئاشتین لە نێوان ئەم دەوڵەتانەدا. كەواتە برەودان بە دیموكراسی بێ پەرەپێدانی ئابووری ئەگەری ئەوەی لێناكرێت ئاشتییەكی گەورەی لێبكەوێتەوە.
* ئەگەر باس لە پەیوەندیی نێوان گەشەی ئابووری و دیموكراسی بكەین، ئەوا ئەوە بەدی دەكەین، كە هەندێ كەس بانگەشەی ئەوە دەكەن بەرفراوانبوونی دیموكراسی گرێدراوی گەشەی ئابووریە و ئەمەش سەردەكێشێت بۆ باشتربوونی داهاتی هاوڵاتییان و زیادبوونی خۆشگوزەرانییان، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەوە ڕاستە كە دیموكراسی شان بە شانی گەشە و پەرەپێدانی ئابووری هەنگاو هەڵدەگرێت. لە هەمان كاتدا ئەوەش ڕاستە كە نە داهات و نە دیموكراسی نابنەهۆی هێنانەئارای ئەوی دیكەیان. هەرچۆنێك بێت دەوڵەتە دیموكراسییە داهات بەرزەكان پێویستیان بە دوو شتە: حكومەتێك كە پارێزگاری لە سەروەریی یاسا بكات، واتە دەستەبەری مافی موڵكدارێتی و گرێبەستكردن بكات، و بازرگانییەكی هەڵكشاو. حكومەتی باش بە بازرگانییەكی هەڵكشاو ناتوانێت بەردەوام بێت، چونكە ئەو گرووپانەی دەكەونە پەراوێزەوە ئالنگاری دروست دەكەن. لە هەمان كاتدا بازرگانییەكی هەڵكشاویش بە بێ بوونی حكومەتێكی باش ناتوانێت بەردەوام بێت، چونكە لەم حاڵەتەدا كەسانێكی كەم متمانە بەوە دەكەن كە حكومەت پارێزگاری لە مافی موڵكدارێتی و گرێبەستكردن دەكات. كەواتە گرنگە بتوانرێت پەرە بە حوكمڕانیی باش و بازرگانییەكی هەڵكشاو بدرێت لە یەك كاتدا. لێرەوە دەتوانین بڵێین كاتێك ئابووری گەشە دەكات، حكومەتیش لە ڕووی دیموكراتییەوە بەرەوپێش دەچێت.
* زۆرێك لە شارەزایان و شرۆڤەكاران جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە ئەدای ئابووریی چین بە هەند وەربگرن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە سیستمێكی حوكمڕانیی خۆسەپێن لەو وڵاتەدا هەیە، ئەوەتا لە بواری ژیریی دەستكردیشدا چین پێشبڕكێ دەكات، كە دییپ سییك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ڕاچڵەكاند، لێرەدا دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین، ئایا چین دەتوانێت ببێتە مۆدێلێكی بەدیل بۆ دیموكراسی؟
- من پێم وایە چین مۆدیلێكی بەدیل نییە بۆ هیچ وڵاتێك. با لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە سەركەوتنی چین بۆ چەند هۆكار دەگەڕێتەوە، كە هەموویان تایبەتن بە هەلومەرجی ئەو وڵاتە، یەكەمیان ئەوەیە كە دانیشتووانێكی زۆری هەیە، دەوڵەتێكی پۆلیسیی تەواو كارای هەیە، هەروەها دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری كە پێداگرە لەسەر ئەوەی چین بكاتە ناوەندی بەرهەمهێنانی جیهان. ئەم هۆكارانە بوونەتە هۆی ئەوەی چین مژدەهەڵگرتر بێت بەراورد بە وڵاتانی دیكە، لەبەر ئەوەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەتوانن پتر متمانەیان بەوە هەبێت كە حكومەتێكی پشتیوانكار لەو وڵاتەدا هەیە، هاوشان بە بوونی هێزێكی پابەند و هەرزانیی كار، و بوونی ئابوورییەك كە زۆربەی پێداویستییەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی دەستەبەر دەكات. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێژەیی قسە بكەین، ئەوا داهاتی تاكەكەسی تاك لە چین هێشتا لە ئاستێكی نزمدایە و ئەگەری ئەوە هەیە، بەم شێوەیە بمێنێتەوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین كە ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ بەرهەمهێنانی سادە، شتێكی تا ڕاددەیەك ئاسانە. بەڵام وەبەرهێنانی ئاست بەرزتر پێویستی بە ئاستێكی متمانەیە كە دەوڵەتی پۆلیسی ناتوانێت هەیبێت و دەستەبەری بكات. بۆیە چین ناگاتە پێگەی وڵاتێكی داهات بەرز، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە لەگەڵ ئابووریی دیموكراسییە پیشەسازییەكان ئاوێتە نەبێت و حكومەتێكی بەرپرس لەو وڵاتەدا نەیەتەئاراوە كە پێدەچێت سەركردەكانی ئەم وڵاتە ئامادە نەبن ئەم كارە بكەن.