نـــەجـــم عــــەبـــــد مـــوراد نــــاســـــراو بە ئەبو شیرین فەیلی بۆ گوڵان:   كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست و پاڵپشتیی شۆڕشی ئەیلوولیان دەكرد

نـــەجـــم عــــەبـــــد مـــوراد  نــــاســـــراو بە ئەبو شیرین فەیلی بۆ گوڵان:     كوردانی فەیلی  مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست و پاڵپشتیی شۆڕشی ئەیلوولیان دەكرد

 

 

كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی و بەزۆرەملێ ڕاگواستنیان بۆ ئێران، تاكو ئەمڕۆی لەگەڵدا بێت، شوێنەوارەكانی بەسەر پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردی باشووری عێراقەوە ماوە. ئەوان لەبەر كوردبوونیان ڕووبەڕووی دڕندەترین جینۆساید بوونەوە و حكومەتی نوێی عێراقیش هەرچەندە لە پەرلەمان و دادگای تاوانەكان، ددانی بە جینۆسایدەكەدا ناوە، بەڵام لە ڕووی قەرەبووكردنەوە و گەڕانەوەی پێگەی ڕاستەقینەی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا هەنگاوی پراكتیكی نەناوە. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردانی فەیلی و ڕۆڵی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ نەجم عەبد موراد، ناسراو بە ئەبو شیرین فەیلی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی ساز دا.

 

 

* بەو پێیەی باوكتان لە شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگەی مەلا مستەفا بارزانی بووە و خۆت هەڵگری مەدالیای بارزانیت، دەكرێت پرسیارەكەمان لەوەوە دەست پێبكەین، ڕۆڵی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی چۆن بوو؟

- فەیلییەكان كوردی ڕەسەن و نیشتمانپەروەر و دڵسۆزن بۆ نەتەوەكەیان، ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و پەلاماردانەكانی شۆڤێنییەكانی دژ بە كورد بوون. كوردانی فەیلی بە مەزهەب شیعەن و ئینكاری شیعەبوون و ڕێزگرتنیان بۆ مەزهەبەكەیان ناكەن، بەڵام هەرگیز ئەمە لەسەر حیسابی نەتەوەكەیان نەبووە. جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی و داگیركردنی ماڵ و حاڵیان و بە زۆر ڕاپێچكردنی خێزانەكان بۆ ئێران و لێسەندنەوەی ناسنامە و ڕەگەزنامە و بگرە داگیركردنی خاك و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانیان و دەیان تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی، تەنیا لەبەر كوردبوون و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی سەرۆكی گەورەی مێژوویی كورد ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی بووە.

هەر سەبارەت بە ڕاپێچكردنی خێزانەكانی فەیلی بۆ ئێران، هەندێك سەرچاوە ئەم شاڵاوەی ڕاپێچكردنە بە زیاتر لە 300 هەزار كەس دادەنێن، ئەمە وێڕای دەستگیركردن و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنج و لاو، بەمەش دەركردن و بەزۆرەملێ ڕاپێچكردنیان بۆ ئێران بە دوو مەبەست بوو، بەوەی كوردن و شیعەن و لەناو جەرگەی بەغدا ژمارەیان زۆر بوو، بەتایبەتی كە هەموویان ئەو سەردەمە لەسەر ڕێبازی بارزانی و پارتی بوون و ژمارەیەكی زۆری كوردانی فەیلییش لەسەركردایەتیی پارتی بوون. كوردانی فەیلی لە ساڵی 1963 ئێزگەی دەنگی كوردستانیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی دابین كرد، هەر لەو ساڵەشدا كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی دەستی پێكرد، لە حەفتاكانیش بەردەوام بوو تاوەكو لە ساڵی 1980 كاتێك سەدام وتی: «دەبێت ئەم توێژە لە عێراق ڕیشەكێش بكرێن». ئەوە بوو بە دڕندەترین شێوە تاوانەكانی بەعس دژی كوردی فەیلی ئەنجام دران، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان هەر لەسەر ڕێبازی بارزانی مانەوە، تەنانەت زۆربەی بەرپرسانی وەكو ڕێكخراوی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و تەنانەت سكرتێری پارتی حەبیب محەمەد كەریم بوو. لەبیرمە كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤێتی پێشوو گەڕایەوە، كوردانی فەیلی لە بەندەری بەسرا ئۆتۆمبێلەكەیان هەڵگرت و تاوەكو بەغداش لە پێشوازیدا بوون. لە كاتی واژووكردنی ڕێككەوتنی 11ی ئاداریش لە ڕێپێوانە گەورەكەدا و بۆ پاڵپشتیی ڕێككەوتننامەكە كوردانی فەیلی لە پێشەنگی ڕێپێوانەكە بوون.

ئەو سەردەمە گەورەترین لقەكانی پارتی لقی بەغدا بوو كە بە هەزاران كوردی فەیلی ئەندامی ئەو لقە بوون و سێ ناوچەی گەورەشی لە بەغدا و كوت و خانەقین هەبوو. ئەمە هۆكاری ئەوە بوو كە هەڵمەتی دەستگیركردن و ئازاردانی كوردانی فەیلی بە شێوەیەكی زۆر بەربڵاو دەستی پێكرد، پێشتریش لە حەفتاكانەوە ئەم ڕەشبگیرییەیان ئەنجامدابوو. پیاوانی موخابەراتی بەعس لەم پەیوەندییە بەهێزەی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و كوردانی فەیلی و بوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا ترسیان لێ نیشت. ڕاستییەكە ئەوەیە ئەو كوردە فەیلییەی پارتییش نەبوو، دڵسۆزی مەلا مستەفا بارزانی بوو. لە ساڵانی شەستەكانەوە لەناو ماڵی كوردانی فەیلی وێنەی مەلا مستەفا بارزانی هەڵدەواسرا. نەجم عەبد مورادی باوكم لە ساڵی 1953وە پارتییە و لە ساڵانی شەستەكان بەرپرسی هێڵی كرێكاران بوو، لە ساڵی 1968 دەستگیر كرا و لە كاتی دانوستان و شاندی دانوستانكار باوكم و عەزیز پشتیوان ئازاد كران،. ئەو دەمە دەیانگوت ماڵی مەلا مستەفا بارزانی كراوەتەوە بۆ ئاشتی.

* ئەم گرنگییەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ كوردانی فەیلی لە چییەوە هاتووە؟ ئایا خۆشەویستیی كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

- مەلا مستەفا بارزانی، تەنیا سەركردەیەكی گەورەی كورد نەبوو، بەڵكو سەركردەی هەموو نەتەوە و ئایین وئایینزاكان و پێكهاتەكانی كوردستان بوو. لای هەموو كەسێكی مەزڵووم خۆشەویست بوو. دادپەروەری و خەباتكردنی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد و سازش نەكردن لەسەر مافەكانمان، وای لە كوردانی فەیلی كرد، لە دەوری ئەم سەركردەیە كۆ ببنەوە و بە خوێن و پارە پاڵپشتی بكەن. مەلا مستەفا بارزانی جیاوازی لە نێوان كورد و هیچ نەتەوە و ئایینزایەك نەدەكرد. لەبەر لێهاتوویی كوردانی فەیلی و بوونیان لەناو جەرگەی پایتەختی عێراق، بارزانی زۆربەی بەرپرسیارێتی خستەسەر شانی كوردانی فەیلی، ئەوە بوو جگە لە سكرتێری حزبەكە، یەدوڵڵا فەیلی و جەلیل فەیلی قیادەی پارتی بوون و بەرپرسی قوتابیان عادل موراد و بەرپرسی ئافرەتان و دەیان سەركردەی دیكەی پارتی كوردانی فەیلی بوون. كوردانی فەیلی بە دەیان شەهید و قوربانییان لە شۆڕشی ئەیلوول بەخشیوەتە كوردستان، ئەم هەڵوێستەی كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول وای كرد، پیاوانی ڕژێم و موخابەراتی بەعس خۆیان بۆ سیناریۆیەك ئامادە بكەن، تاوەكو شاڵاوە دڕندەكەیان دەست پێبكەن.

* مەبەستت لە سیناریۆ تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییەی بەغدا بوو، كە كوردانی فەیلییان تۆمەتبار كرد و سەرەتایەكیش بوو بۆ دەستپێكردنی شاڵاوە گەورەكەی بەزۆر ڕاپێچكردنی خێزانە كوردە فەیلییەكان بۆ ئێران؟

- بەڵێ، تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییە بە دوور و نزیك پەیوەندی بە كوردانی فەیلییەوە نەبوو، ئەوە سیناریۆیەكی موخابەراتی بەعس بوو بۆ لەناوبردنی كوردانی فەیلی و دەستپێكردنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران. ئەوان پێشتر پێویستیان بەوە بوو كورد لە بەغدا دوور بخەنەوە، بە پاساوی پاڵپشتیكردنی شۆڕش و كوردبوونیان، ئەوە بوو سەرەتا بازرگانە كوردەكانی فەیلیان لە شۆڕجە و بەغدا لە هۆڵێكدا كۆكردەوە و دەستبەسەر كران و ڕەگەزنامە و مۆڵەتی بازرگانیان لێ سەندرایەوە و ڕاپێچی سەر سنووری ئێران كران و، دواتر خێزانەكانیشیان دەربەدەر كران و ماڵ وموڵكیان دەستبەسەر كرا و درایە پیاوانی ڕژێمی بەعس و دواتر فرۆشتن و كڕین و فرۆشتنی زۆری پێوەكرا. تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییە سیناریۆ بوو، بۆ ئەوەی كۆمەڵێك ماڵ و كەسایەتیی كوردی فەیلی لەناو بەرن و هەمووشیان لە سێدارە دران. هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە 22 هەزار گەنجی كوردی فەیلی بێسەروشوێن كران و ڕوفاتیان تا ئێستاش دیار نییە. من كاتێك لە 2003 لە بەغدا بووم لە لق، سەرۆك بارزانی بەدواداچوونی بۆ ڕوفاتەكان كرد و ئەوەی بۆ دەركەوت، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری بارزانییەكاندا تاقیكردنەوەی كیمیاییان لەسەر كراوە.

* لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003، پەرلەمانی عێراق و دادگای تاوانەكان ددانی بە جینۆسایدی كوردانی فەیلی ناوە، ئەی بۆچی نەتوانرا كوردانی فەیلی پێگە و مەكانەتی خۆیان پێ بدرێتەوە؟

- با لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا كەمێك ڕاستگۆ بین. حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەرانبەر دۆسێی بێسەروشوێنەكانی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی كەمتەرخەم بوون. ددانپێدانان بە جینۆسایدی كوردانی فەیلی و دەستگیركردن و دادگاییكردنی سەدام و سەرانی بەعس كافی نییە بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی. یەكێك لە خەسڵەتەكانی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی ئەوەیە، توخمی زەمەن و كات گرنگ نییە بۆ هەڵدانەوەی تاوانەكە و ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ تۆمەتباران و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان، جێگای داخە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، نەك هەر كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلییان فەرامۆش كرد، بەڵكو كاریان بۆ ئەوە كرد، كوردی فەیلی جیاواز بكەن لە نەتەوەی كورد و هەرچی ماف و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بوون، تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەز بوو. ئێمە كە بە خانەوادەوە ئاوارەی ئێران بووین، لەوێش وەكو عێراقی و عەرەب مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین و لە زۆر ماف بێبەش بووین. ئێمە لە ئێران مافی كڕین و فرۆشتنمان نەبوو، هەر خۆی لەو سەردەمەدا واتا لە ساڵانی هەشتاكاندا ئابووریی ئێران لە بارودۆخێكی باشدا نەبوو.

* ئاماژەت بەوە كرد كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی پەراوێز خراوە، تەنانەت لە ئێستادا وێڕای ئەو ژمارە زۆرەی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا، كەچی ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نییە لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- كورد لە دوای ڕاپەرین و ڕووخانی ڕژێمی بەعس گرنگییەكی ئەوتۆی بە كوردانی فەیلی نەداوە. حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیش بەردەوام ویستوویانە وەكو لایەنی مەزهەبی كوردی فەیلی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، یان بە واتایەكی دیكە لەناو كۆمەڵگەی عێراقی و حزبە شیعەكان بیانتوێننەوە. ئەوان هەر كوردێكی فەیلی لەگەڵیاندا بێت، كاری بۆ دەكەن و ئەوەی لە گەڵیاندا نەبێت، كاری بۆ ناكەن، بەڵام تەنانەت لەناو ڕەگەزنامەی عێراقیدا هێشتا ڕەگەزنامەكانمان نووسراوە «التبعیة الایرانیة»، تەنانەت لە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەكانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستانیش هەمان مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن، واتە وەكو هاووڵاتییەكی بیانی مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن.

سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی داوای دامەزراندنی سەنتەرێكی بۆ دیراسات و كاروباری كوردانی فەیلی كرد كەچی تاكو ئێستا ئەو سەنتەرە دانەمەزراوە. لە بەغدا بە سەدان كوردی فەیلی موڵك و خانوویان دەستی بەسەردا گیراوە و كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە، كەچی ئێمەیان بردووەتە دادگایەكی پڕووكێنەرو بێ ئەنجام بە ناوی «نزاع الملكیة» و بە ڕاددەیەك بێ هیوا بووین، زۆر لەو خاوەن موڵك و خانووانە لە عێراق و ئێران و وڵاتانی بیانی مردن، ئیتر كوڕ و كچیان چییان بۆ دەكرێت. من هیوام بە سەرۆك بارزانی و خانەوادەی مەلا مستەفا بارزانی زۆرە كە بەردەوام گرنگییان بە كوردانی فەیلی داوە، بەڵام لایەنی دیكە و لەناو دامەزراوەكانی حكومەت كەمتەرخەمییان لە جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانی هەیە و وەكو بیانی مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن. بۆ نموونە لە مامەڵەیەكی ئاساییدا چەندین بەڵگەنامە و پشتگیری و كاروباری سەیرمان لێ داوا دەكەن، سەبارەت بە داواكارییەكانمان زۆر پێویستە لەناو جەرگەی پایتەختی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كە پایتەختی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستانە، سەنتەرێك بۆ كوردانی فەیلی دابمەزرێنرێت و كار بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی شەهیدانی كوردی فەیلی بكات، كە مۆركی كوردبوونیانی پێوەدیار بێت و لە ناوەندێكیشدا وێنە و بەڵگەنامە و پەرتووك و تەنانەت دیكۆمێنتەكان كۆبكرێتەوە، تاوەكو نیشانی بیانییەكانی بدەین، كە كورد چەند جار جینۆساید كراوە.

Top