دكتۆر خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان : خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكانی خەڵك لەعێراقدا گۆڕانكاریی دیكە لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت

دكتۆر خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان : خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكانی خەڵك لەعێراقدا   گۆڕانكاریی دیكە لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت
خۆپیشاندانەكان لەعێراقدا دەرئەنجامی خراپی خزمەتگوزاریی و باروبژێوی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق سەریهەڵدا، سەرەڕای دەست بەكاربوونی حكومەتەكەی كازمی بەڵام هێشتا خۆپیشاندان لەبەغداو شارەكانی دیكەی عێراق بەردەوامی .. دكتۆر خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان پێی وابوو ناڕەزایەتیەكان لەپاڵ كۆمەڵێك هۆكارو رووداوی دیكەدا گۆڕانكاریی ئابووری و سیاسی دیكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت ؛ لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
- لەعێراقدا ئیرادەیەكی راستەقینە بوونی نییە بۆ چاكسازیی و باشكردنی باروبژێوی ژیانی هاوڵاتیان، لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەو حكومەتانەی لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو هاتوون ئەو ئیرادە راستەقینەیان نەبووە، خۆپیشاندەرانیش باش ئەو راستی یە دەزانن تاوەكو ئەو سیاسەتمەدارانەی ناو حزبانە لەسەر هەرەمی حوكمڕانی بن ژیانیان و ئاستی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە. چاكسازیی لە پرۆسەی حوكمڕانی و ئابووری دا بە چاكسازیی سیاسی بەستراوەتەوە و ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆی بەدەوڵەتی هاوڵاتیبوونەوە هەیە ، گەنجەكان باش ئەم راستیانە دەزانن بۆیە هەلێكیان بەحكومەتەكەی كازمی نەداوە و چاوەڕوان نین تاكو ئەداو كارەكانی ببینن. لەرووی دەستووری و یاسایشەوە مافێكی دەستووری و یاسایی خەڵكە خۆپیشاندان بكەن ئەم مافە لەماددەی 38 دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێكراوە، بەمەرجێك رێڕەوی خۆپیشاندەران لەروو ئاشتی و هێمنیەوە بپارێزرێت و خۆپیشاندانەكان پشێوی و نائارامی نەنێنەوە، گرفتەكە لەوەدایە لەعێراقدا هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەك نییە دەستێوەردانی تێدا نەكرێت و لێرەو لەوێ بۆ ئامانج و مەرامی تایبەتی حزبی و یەكلاكردنەوەی ململانێكانی سیاسی بەكار نەهێنرێت، هەرچەندە لەماوەی رابردوودا گەنجە خۆپیشاندەرەكان توانیان تاڕادەیەكی باش بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن سەرەڕای ئەو فشارو پاڵەپەستۆیانەی لەسەریان بوو ، چونكە ئەوان وشارییەكی باشیان هەبوو بەوەی دەستێوەردان و موزایەدەی ئەم و ئەو ئامانجە سەرەكییەكەی خۆپیشاندان لەبار دەبات كە گۆڕانكاریی ریشەیی و چاكسازیی و باشبوونی باروبژێوی ژیانیان و نەهێشتنی گەندەڵی یە ، دوو خاڵ هەیە زۆر گرنگە بۆ هەموو خۆپیشاندانێك ئەویش ئەوەیە:
1- ئامانج و مەبەستی خۆپیشاندانەكە بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت
2- هەوڵی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی عێراق بدرێت.
ئەم دوو خاڵە تاڕادەیەك لەخۆپیشاندانەكاندا بوونیان هەبوو،هەرچەندە بەداخەوە قوربانیەكی زۆری لێكەوتەوەو گەنجێكی دڵسۆزو وشیاری باش لەدەست درا، مافی خۆپیشاندەران بوو كاتێك داواكاریی كەمكردنەوەی بێكاری و هەژاری و باشبوونی باروبژێوی ژیانی گەنجەكان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و دژایەتیكردنی گەندەڵی و دامەزراندنی گەنجەكانیان دەكرد، كاتێكیش سەقفی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەرز بووەوە ئەمەش هۆكاری خۆی هەبوو.

- سەبارەت بەهۆكاری بەرزبونەوەی سەقفی داواكاریی خۆپیشاندەرانیش دكتۆر خالیدە خەلیل پەرلەمانتاری كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق وتی:
دەسەڵاتێك دوای 17 ساڵ هەر بەهەمان ئایدیۆلۆژیاو فكری مەزهەبی و سڕینەوەی مافەكانی بەرامبەر كار بكات و نغرۆی گەندەڵی بێت هەڵبەتە بێ ئومێدییەك لای خۆپیشاندەران دروست دەكات بەوەی ئەمجۆرە دەسەڵاتە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون كار ناكات و لەگەندەڵی و بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی وڵات بەردەوام دەبێت و ئابووری و وڵات بەرەو داڕمانی سیاسی و ئابووری بەلكێش دەكات، بۆیە خۆپیشاندەران لەعێراقدا حكومەتێكی چالاك و كارایان دەوێت كە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و دادپەروەریی كار بكات ، پاڵپشتی و پشتگیریی چاكسازییەكی راستەقینە بكات و گۆڕانكاریی خێرا بەدوای خۆید بهێنێت.
- سەبارەت بەئایندەی خۆپیشاندەران و ئەو گۆڕانكارییانەی بەدوی خۆیدا دەیهێنێت پەرلەمانتار دكتۆر خالیدە خەلیل وتی: حكومەتی نوێش دەبێت دەستبەرداریی ململانێ و كێشەكان بێت پێویستە گوێ بۆ خۆپیشاندەرەكان بگرێت و بەیەك چاو سەیری هەموو هاوڵاتییانی عێراق و كوردستانیان بكات، كار بۆ ئەوە بكات لەسەر بنەمای دامەزراوەیی وڵات بەڕێوە ببات نەك لەسەر بنەمای ئینتمای حزبی و شەخسی لە رۆژانی داهاتوو دا زۆر گرنگە كازمی گوێ لەداخوازییەكانی خۆپیشاندەران بگرێت، وابزانم هەر واش دەكات، چونكە ئیرادەو هێزی خۆپیشاندەران بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق گرنگە ئەو پرۆسەیەی لەرووخانی رژێمی پێشووەوە بەئاراستەیەكی هەڵەدا دەبرێت، هنەربۆیە من بڕوام بەوە هەیە بەهێزو فشاری جەماوەری ناڕازی گۆڕانكاریی لەپرۆسەی سیاسی و ئابووریدا روودەدات و حكومەتی نوێ ناچار دەبێت هەوڵی چارەسەریی هەموو كێشەكان بدات ، تەنیا ئاستەنگ لەبەردەم ئەم گۆڕانكارییە بوونی حزب و كەسانێكە لە هەرەمی دەسەڵاتی حزبەكانی عێراقدا كە بەلۆژیكی عەقڵ و زمانی هاوچەرخ قسە ناكەن و رێگرن لەبەردەم چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان چونكە ئەوان لەناو كێشەكان و بەبەردەوامی كێشەكان بوونیان ماوە، بوونی ئەم عەقڵیەتە لەناو پرۆسەی سیاسی دا ناسەقامگیریی سیاسی لێكەوتۆتەوەو بەردەوام تەنیا بڕوای بە بیروبۆچوونی خۆیان هەیە و بەرامبەر رەت دەكاتەوە و وادەزانێت راستیەكان تەنیا لای ئەون، تەنانەت بڕوای بە پێكەوەژیان و زمانی گفتوگۆو لێگەیشتن نییە ، من لەو بڕوایەدام خۆپیشاندەران و رووداوەكانی ئەم دواییەی جیهان و ناوچەكەو عێراق نەخشە ڕێگای سیاسی و ئابووری عێراق دەگۆڕن ، مەرج نییە بەخێرایی بەڵكو قۆناغ بەقۆناغ ئەوەتا هەنگاوی یەكەم كۆتایهاتنی حكومەتی پێشوو دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێ یە و قۆناغەكانی دیكەش بەدوایدا دێت.
Top