كەرخی ئالتیبەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان بۆ گوڵان: هەڵگرتنی پارێزبەندی بەدەنگدانی راستەوخۆ و زۆرینەی ژمارەی پەرلەمانتاران دەبێت بۆ ئەوەی یاسا سەروەربێت

كەرخی ئالتیبەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان بۆ گوڵان:  هەڵگرتنی پارێزبەندی بەدەنگدانی راستەوخۆ و زۆرینەی ژمارەی پەرلەمانتاران دەبێت بۆ ئەوەی یاسا سەروەربێت
پێكهاتەی توركمان یەكێكە لەو پێكهاتانەی هەرێمی كوردستان كە 5 ئەندام پەرلەمانی كۆتایان هەیەو لەگەڵ كریستیان و ئەرمەنەكانیش 11 كورسی كۆتایان لە پەرلەمانی كوردستان بەدەستە و ژمارەی كورسیەكانی كۆتاش لەهەر بڕیارو یاسایەك لە پەرلەماندا خاوەنی راوسەرنج و بڕیاری خۆیانن، هاوكات كۆتاكان لەگەڵ ئەوەن كە هەرێمی كوردستان دیموكراسی و سەروەری یاسا تێدا بەرقەراربێت و ژمارەی ئەندام پەرلەمانەكانیشیان لەوە زیاتر دەبێت لەكاتێكدا تەنیا پێكهاتەكان دەنگ بە كاندیدەكانی خۆیان بدەن، گەرچی لێرەو لەوێ و هەندێك لایەن و كەس پێیانوایە ژمارەی كۆتاكان زۆرە و پێویستە لەوە كەمتربێت، بۆ ئەو پرس و چەندین پرسی دیكە، بەڕێز كەرخی ئالتیبەرماخ سەرۆكی بزوتنەوەی دیموكراتی توركمانمان وەك گوڵان دواند، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.دیمانە: ساڵح عومەر
هەڵگرتنی پارێزبەندی بۆ ئەوەیە پەلەمانتار لەبەردەمی دادگا ئامادەبێت، بۆ ئەوە نییە ئەندام پەرلەمانی لێوەربگیرێتەوە
بڕینی موچەو شایستە دارایەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە زوڵم و غەدرێكی زۆر گەورەو بێویژدانانەیە بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێت

• ئایا بۆچی ئێستا لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەندێك لایەن و كەسەوە باس لەوە دەكرێت كە كۆتای پێكهاتەكان زۆرە پێویستە كەمبكرێتەوە، دەمانەوێت جەنابتان خوێندنەوەت وەك پێكهاتەی توركمان لەسەر ئەو بۆچووانانە چییە و بۆچی وادەگوترێت؟
- بوونی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان بەڵگەی پرۆسەیەكی دیموكراتییە لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كۆتاكان نوێنەرایەتی پێكهاتەی نەتەوەكانی توركمان و كریستیان و ئەرمەنی دەكەن كە بەشێوەیەكی ئاشتیانەوەو ئازادی و لێبوردەی لەگەڵ یەكتر دەژین و دەستكەوتێكی زۆر گرنگیشە هەم بۆ سستەمی حوكمڕانی كوردستان هەم بۆ پێكهاتەكان كە لەجومگەیەكی گرنگی دەسەڵاتی هەرێم راستەوخۆ بەشدارن بەتایبەتی كە پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە هەر لەم رێگایەشەوە پێكهاتەیەكی وەك ئێمە كەتوركمانین بەدرێژای حكومڕانی لە عیراق و ناوچەكە لەهەموو شتێك بێبەش بووینن بەڵام ئێستا لەسایەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 1992 زۆر بەباشی مومارسەی ژیان و كلتورو رۆشنبیری و . . . تاد خۆمان دەكەین. بێگومان ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان ژمارەی كۆتاكانمان زۆر دەمێكە پێ كەمە، بەڵام سستەمی هەڵبژاردن لە هەرێم بەمشێوەیە، بەڵام ئەگەر بێتوو بەپێی ژمارەی پێكهاتەی توركمان بەشداری بكەین لە هەڵبژاردنەكان و هەموو توركمان تەنیا دەنگ بەپێكهاتەكەی خۆیان بدەن ئەوە بەتەئكید ژمارەی پەرلەمانتارەكانی توركمان زۆر لە پێنج ئەندام زیاترە، بەڵكو دەگاتە 10 بۆ 15 ئەندام كە ئێستا ئێمە وەك كۆتا خاوەنی 5 كورسین و كریستیانەكانیش بەهەمانشێوە، بەڵام هەندێ لایەن یاخود كەس ژمارەی كۆتاكان بەزۆر دەزانن ئەوە دیارە بەچاوێك سەیری كوردستان دەكەن كە تەنیا خۆیان دەبینن، گەرچی مێژوو و بەشداری توركمانەكان وەك نەتەوەیەكی هاوبەش لە كوردستان سەڵماندوویەتی كە پێكهاتەی توركمان هاوبەش و خەمخۆری هەموو گەلی كوردستانە شان بەشانی كورد و نەتەوەو ئاین و ئاینزكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێم هاتووتەدی لە ئازادی و دیموكراسی هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە هەموو پێكهاتەكان لە هەرێم شان بەشانی یەكتر دەمانەوێت وڵاتەكەمان بەئارامی و دیموكراسی و خۆشگوزەرانی بەڕێوەبچێت هەر ئەمەش هۆی سەركەوتنی حكومڕانی هەرێمە و بۆتە جێگای سەرنجی هەمو وڵاتان لەناوچەكەدا.
• ئایا پێكهاتەكان بەشێوەیەكی سەربەخۆ و ئازاد لە پەرلەمان بڕیار دەدەن یان كاریگەری لایەن و فراكسێنەكانی دیكەیان لەسەر بەتایبەتی لەبڕیاردان لە یاسا و بڕیارەكاندا كە لەپەرلەماندا گفتوگۆو دەنگی لەسەر دەدرێت؟
- هەموو كارو بەرنامەو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێكدەخرێت و بەپێی یاسایش پیادە دەكرێن، بەتەئكید ئەندام پەرلەمان كە نوێنەری هەڵبژیرداروی كۆمەڵانی خەڵك و پێكهاتەكانن دەبێت داكۆكیكاربن لەسەر ماف و داواكاری و خزمەتكردنی خەڵك و دەنگدەرانیان بەپێی ئەو بەرنامەو بەڵێنانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن رایانگەیاندوە و هەموو ئەندام پەرلەمانێك لە بڕیاردان لەسەر هەر پرس و یاساو كارێك لەناو پەرلەماندا ئازادی خۆی هەیە بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی خەڵك و دەنگدەران و پێكهاتەكانیان و لەبڕیارە چارەنووسسازو باڵاكانی وڵات و نیشتماندا دەبێت و پێویستە رەچاوی بەرژەوەندی گشتی و سەروەری یاسا بكەن، لەلایەكی دیكە هەر ئەندام پەرلەمان و فراكسێۆنێك ئازادن چۆن و لەگەڵ چ لایەن و فراكسێۆنێك رێكدەكەون و هاوپەیمانی دروست دەكەن، بەڵام لێرەشدا دووبارە دەبێت بەرژەوەندی وڵات و سەروەری یاساو سەقامگیری هێمنی و ئاسایش رەچاو بكەن و لەپێش هەموو كارو شتێك دابنین و هەموو پەرلەمانەكانی دنیا بەمشێوەیە كار دەكەن و ئەندام پەرلەمان كە خۆی لەناو پەرلەمانە لەهەموو كەس شارەزاتر و باشتر دەزانێت چی دەكات و لەو خاڵەی لەبەرژەوەندی پێكهاتەو خەڵكەكەیدایە دەچێت هاوپەیمانی یان رێككەوتن لەسەر بڕیارو یاساكان ئەنجام دەدات و ئەوەی لەم كۆبوونەوانەی پەرلەمانی كوردستان لە خوڵی پێنجەم دەیبینم زۆر یاسایە و لەچوارچیوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێم دەگوزەرێت و گفتوگۆو دەنگدانەكان بەتەواوی دیارە رەچاو دەكرێت و لەهەر كاتێك رێژەی بەشداربوو لە ئەندام پەرلەمان لە كۆبوونەوەكان تەواو دەبێت ئێنجا دەست بە كۆبونەوە و گفتوگۆ كراوە و بەئازادانە هەر ئەندام پەرلەمانێك دوای قسەكردن و گفتوگۆی كردوە ماوەی دیاریكراویان وەك یەك پێدراوە جیاوازی نابینین لەنێوان بەشداربووان لە حكومەت و فراكسێۆنە ئۆپۆزسێۆنەكان بۆیە دەتوانم بلێم كە خۆم لە یەكێك لە خۆلەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەندام پەرلەمان بوومە ئازادی رەها هەیە و كۆتاكانیش زۆر بەسستەماتیك بەپێی بەرژەوەندی پێكهاتەكان و وڵات بەگشتی هاوپەیمانی و رێككەوتن لەسەر بڕیارێك یان یاسایەك لەگەڵ فراكسێۆنەكانی دیكە دەكەن، چونكە كۆتاكان دەنگی پێكهاتەو میللەتی خۆیانن و خاوەنی بڕیارو ئازادی و سەربەخۆیان زۆر باش پارێزراوەو رێككەوتنی كۆتاكان لەپەرلەمان لەگەڵ هەر فراكسێۆنێك كارێكی ئاساییە و ئەوەی لەدوا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەم خولە دیتم كە كارو بەرنامەكە لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر چەند پەرلەمانتارێك پاش ئەوەی كە رێژەی ئەندام پەرلەمانتارن بەشێوەی یاسای تەواوبوو دەست بەدانیشتن و گفتوگۆیەكە كرا و دەنگدانەكەش لەوپەڕی دیموكراسی و ئازادی دابوو كە دانیشتن و دەنگدانەكەش لەسەر ئەو بابەتەوە كە سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان پارێزگاری لێبكرێت و یاسا سەروەربێت و بەشداری ئەندام پەرلەمانە كۆتاكان و دەنگدانیان لەسەر ئەو پرسە هەر وەك هەموو دانیشتنەكانی دیكەی پێشوو بوو.
• ئایا جەنابتان هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارن چۆن دەخوێنیتەوە؟
- هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران كارێكی زۆر ئاساییە و لەهەموو پەرلەمانانی وڵاتانی دنیا ئەمە هەیە و جێبەجێ دەكرێت و ئەمە لەو كاتە دەبێت كە پەرلەمان بیەوێت بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ و دیموكراسی بجولێتەوە دەبێت لە هەر كاتێك دادگاكان داوا بكەن یان سكاڵایەك لەسەر پەرلەمانتارێك هەبێت بۆ ئەوەی لەبەردەمی دادگاێ ئامادەبێت ئەوە دەبێت لە دانیشتنی ئاسایی بە زۆرینەی دەنگ پارێزبەندی لەسەر ئەو كەسە هەڵگیرێت و ئەەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەندام پەرلەمانی لەو كەسە وەردەگیرێتەوە، بەڵكو كارێكی زۆر شیاوو باشە كە یاسا جێبەجێ بكرێت و سەروەری یاسا بپارێزرێت و مەرج نییە ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگێرێت لەو سكاڵاو دادگایەی دەچێتەبەردەمی زەرەرمەندبێت زۆرجار ئەندام پەرلەمانەكە داوایەكە دەباتەوەو لەكاتێكدا داواو سكاڵاكەش بدۆڕێنێت هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەندام پەرلەمانی و پارێزبەندیەكەشی وەردەگریتەوە، من لەمبارەوە دەلێم هەموو ئەندام پەرلەمانێك ئەگەر بۆ ئەوەی دیمكراسیەت مومارەسە بكرێت و یاسا سەروەربێت نابێت نارازی بێت بەوەی پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرێت و ئەمە كارو بڕیارێكی زۆر ئاسایی و رەوایە نەك بە كوفرو ستەمی بزانین. بێگومان ئەو هەڵگرتنی پارێزبەندیەی لە كۆبوونەوەی كۆتایی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەردرا بە دەنگدان بوو و دەنگدانی 50 زائید یەكی هێناو زۆر ئاسایی و یاسایی بوو.
• ئایا تاچەند وەك پێكهاتەی توركمان رازی لەبەشداری توركمان و پێكهاتەكان لە حكومەت و پەرلەمان و هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و چۆن بەراوردی دەكەیت لەگەڵ بەشداریكردنتان لە حكومەتی عیراقدا؟
- لە پێكهینانی حكومەتی عیراقدا لە كابینەی مستەفا كازمی غەدرێكی زۆر گەورە لە پێكهاتەو نەتەوەی توركمان كرا كە هیچ پۆستێكی وزاری بۆ توركمانی تەرخان نەكرد، گەرچی لە هەرێمی كوردستاندا لەسایەی ئەو دیموكراتی و پێكەوەژیانەی هەیە ئەوە چەند ئەندام پەرلەمان و وەزیرێكیشمان وەك هەموو پێكهاتەكان هەیەو جەنابی وەزیر لە پێكهاتەی توركمانە و لە هەموو جومگەكانی حكومەت و دەسەڵاتی هەرێم توركمان بەشداری كارای هەیە، گەرچی تموحی ئێمە وەك توركمان لە هەرێمی كوردستان هێشتا زۆرترە و چاوەڕوانی ئەوەش دەكەین لە داهاتوودا توركمان و پێكهاتەكانی دیكەی نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاكان لە كوردستان زیاتر دێنەپێشەوەو رۆلمان زیاتر پێدەدرێت، هەر ئەم كارو ئەدای حكومەتی كوردستانە وایكردوە كە دیموكراسی بەرقەرار بێت و پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو گەشە بكات و لەناو كۆمەڵگاكەمان بەرجەستە بێت، لەلایەكی دیكە ئەو شێوە راست و دروستەی حكومڕانی كوردستانە وایكردووە كە خۆمان بەبەشێكی نەپچڕاوی و كاریگەری گەلی كوردستان بزانین و لەخۆشی و ناخۆشیەكان بەشدارین و راوسەرنج و پێشنیارەكانیشمان بەهەند وەردەگیرێت و حیسابی جددی و بەرچاو لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستان بۆمان دەكرێت.
• ئایا چۆن سەیری بڕینی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەكەیت؟
- بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی بەغداوە ئەوە تاوانە بەرامبەر میللەتی كوردستان دەكرێت و من دەلێم ئەوە تاوانێكی زۆر گەورەیە هیچی كەمتر نییە لە ئەنفاڵ و جینۆسایدو كیمیاباران كە رژێمی عیراق دەرهەق بە گەلی كوردستانی كردویەتی، چونكە بڕینی موچە واتە بڕینی قوتی ژیان كە هۆكارێكە بۆ چەندین ناخۆشی و دەردەسەری كە رووبەری هەرێمی كوردستان دەبێتەوە بەتایبەتی لەو بارودۆخەی كە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا بڵاوبۆتەوەو نرخی نەوت دابەزیوە و داهاتی ناوخۆی كوردستان بەرەو سفر چووە، بەڵكو ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لەو بارودۆخە لەبەغدا دەكرد جگە لە موچەو شایستە داراییەكان هەندێك پاداشت و هاەوكاری و یارمەتیش بۆ خەڵكی كوردستان بنێرێت نەك بەوشێوە ناڕەوایە دوور لە دەستوورو یاساوە هەستێت بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانمان و شاریستە دارییەكانی هەرێم، هەر بۆیە لێرەدا دەلێم دەبێت حكومەتی كوردستان بیر لە كارو پلانێكی هەمیشەی بكاتەوە بۆ باری دارایی و سەقامگیری و سەربەخۆی ئابوری نەك هەموو رۆژێك عیراق بەبیانووێك ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان تێكبدات. لە هەقیقەدا ئەوەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات زۆر بێویژدانانەیە و عەقلیەتێكی شۆڤینی و مەزهەبی و دوور لە هاوبەشی و پێكەوەژیانە لە عیراقدا، چونكە ناكرێت هەندێك لە كێشەی سیاسی بە فشارو بەكارهێنانی كارتی برسیكردنی خەڵك و بەبڕینی موچە بەرامبەر بە خەڵكی هەرێم بكرێت، بەڵكو هەموو كێشەیەك بە دانیشتن و گفتوگۆو لێكتێگەیشتن و رێككەوتن چارەسەر دەكرێت.
Top