دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: پێویستە ئێمە لەسەر جێبەجێكردنی رێنمایە تەندروستی و تاكپارێزیەكان بەردەوام بین تاوەكو سەركەوتنی گەورە لەدژی ڤایرۆسی كۆڤید

دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: پێویستە ئێمە لەسەر جێبەجێكردنی رێنمایە تەندروستی و تاكپارێزیەكان بەردەوام بین تاوەكو سەركەوتنی گەورە لەدژی ڤایرۆسی كۆڤید
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان تا ئێستا توانیویەتی بەپاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ودابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ بەرینگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید19 و جێبەجێكردنی رێنمایە تەندروستیەكان لەلایەن هاوڵاتیانەوە سەركەوتنی باش بەسەر ڤایرۆسەكە بەدی بكرێت، بەڵام بەپێی راگەیاندنەكانی وەزارەتی تەندروستی و رێنمایەكان تا ئەو ساتەش مەترسی ڤایرۆسەكە هەر هەیە و پێویستە خەڵك رێنمایی تەندروستی و تاكپارێزی جێبجەێ بكەن بۆ ئەو پرس و چەند پرسیارێكی دیكە بەپێویستمانزانی وەك گوڵان وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لەنزیكەوە بدووێنین بۆ ئەو مەبەستەش بەرێز دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بمجۆرە قسەی بۆ كردین.راپۆرت: ساڵح عومەر
لەم قۆناغی ئێستاشدا مەترسی ڤایرۆسەكە بەردەوامە، چونكە تا ئێستا لەسەر ئاستی دنیادا ماوە
تا ئێستا هیچ پێكوتەو دەرمانێك بەتەواوی نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەو ڤایرۆسە


• ئایا ئێستا لە بڵاوبوونەوە و رێكارەكانی پەتایی ڤایرۆس كۆڤید19 لە چ قۆناغێك داین و رێكارو رێنمایە پێویستەكان چییە؟
- دەتوانین بە خۆشحالیەوە تا ئەو ساتەوە وەك وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆڤید19 كردوەو بەهیچ شێوەیەك لەژێر كۆنترۆڵ دەرنەچووە و ژمارەی ئەو شوێنانەی دابینكراوە و ئەو كەرستەو پێداویستیە تەندروستیانەی كە هەیە و ئەو پزیشك و كارمەندە تەندروستیانەی راهێنانیان پێكراوە هەر هەمووی بەگوێرەی پێویست بەردەستەو دەتوانین بلین لە كوردستانە تا ئێستا مەترسی گەورە دروست نەبووە، بەڵام ئەو مەترسیەی لەو ڤایرۆسە هەیە هەر بەردەوامە و پەتایی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی پێ نەهاتووە، چونكە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوامە، هەر بۆیە هەموو رێكارو رێنمایە خۆپارێزی و تەندروستیەكان وەك خۆیان دەمێنەوە كە بریتیە لە گرنگیدان بەپاكوخاوێنی و دووركەوتنەوە لەبەركەوتنی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لەو رێكارو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەو گواستنەوەی ڤایرۆسەكە وەك دۆقەكردن و ماچوموچ و بەركەوتنی راستەوخۆ و نزیكبوونەوە لەشوێنی قەرەباڵخ و شوێنی داخراو.
• ئایا كەمكردنەوەی و ئاسانكاری قەدەغەی هاتوچۆ لەم قۆناغەدا چەند كاریگەری لەسەر پەتاكە هەیە و ئەو حالەتانەی ئێستا تۆماردەكرێن بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
- بێگومان ئەو رێكارانەی بۆ كەمكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ هەیە كاریگەری خراپی لەسەر بڵاوبوونەوەی پەتاكە دەبێت، ئەمەش نێگەرانی بۆ ئێمە دروست دەكات، چونكە لەكاتێكدا ئێستا حالەتێك ، دوو حاڵەت لەو پەتایە تۆمار بكرێت ئەوە مەترسی زیاتر دەبێت لە پێشتر لەبەر ئەوەی ئێمە پێشتر بەهۆی هەبوونی قەدەغەی هاتوچۆوە دەمانزانی كەسەكە لەكوێیە و بەركەوتەكەی سەرچاوەكەی كوێندەرە بۆیە ئێستا مەترسی ڤایرۆسەكە زیاترەو ئەو حالەتانەی ئێستا تۆمار دەكرێت هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەلای خۆمان و لەسەر ئاستی دنیاش كۆتایی نەهاتووەو لەكاتێكدا ژمارەكان بەو شێوەی ئێستا بێت ئەوە ئاساییە، بەڵام لەكاتێدا ژمارەی تووشبووەكان زیاد بكات و ژمارەكان چەندجارە ببێتەوە ئەوە ئەو كات جێگای مەترسی دەبێت.
• ئایا ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتووتە چەند كەس و حالەتی گیان لەدەستدان هەبووەو چەند تووشبوو لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و تا ئێستا وەك ئێوە ئاگادارن بەگشتی چەند كەس كرەنتین كراون و ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرەنتین ماون چەندە و رێكاری كرەنتین چەند بەرز دەنرخێنیت لە رێكارەكاندا؟
- تا ئەو ساتە كە 8/5/2020ە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 391 كەس و لەو ژمارەیەدا 5 كەسیان گیانی لەدەستداوە و تووشبووان تەنیا 25 كەس لە نەخۆشخانە ماوەن و 361 كەس چاكبوونەتەوە بۆ ناو خێزانەكانیان گەڕاونەتەوە و لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەو دەنگۆكەی تا ئێستا لە دەهەزار كەس زیاتر كەرەنتینە كراون و ئێستا لە نێوان 1100تا 1200 كەس لە كەرەنتینە ماون و ئەو كەسانەش پاش ماوەی دیاریكراوی كەرەنتینەكانیان پشكنینیان بۆ دەكرێت لەكاتێكدا حالەتی تووشبوو نەبێت رەوانەی ناو ماڵەكانیان دەكرێن وشایانی باسە كەرەنتینەو قەدەغەی هاتوچۆ رۆڵی باش و زۆریان هەبوو لەكۆنترۆلكردنی پەتاكە كە وایكرد ژمارەی زۆرو مەترسیدار لە هەرێمی كوردستان بەدی نەكرێت.
• رێكارو كارە تەندروستیەكانتان بەتایبەتی پشكنینی تاقیگەی ڤایرۆسی كۆڤید19 لە فڕۆكەخانەكان و خالە سنووریەكان ماوە و ئەو كارو پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت رۆژانە نزیكەی چەند پشكنین لەو شوێنانەی ئاماژەمان پێداوە ئەنجام دەدرێت؟
- بێگومان رێكارو پشكنینەكان لەو شوێنانە وەك فرۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی و هەموو خالە سنووریەكان وەك خۆی دەمێنێت و ئەنجام دەدرێت و رۆژانە بەپێی پێویستی و هاتوچۆیەكان لەو شوێنانە پشكنینی تەندروستی بۆ ڤایرۆسی كۆڤید19 ئەنجام دەدرێت و هەندێ رۆژ و جار پشكنینەكان دەگاتە 2هەزار پشكنین و لەكاتی حالەتی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە ئەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەو كەس و بەركەوتەكان دەبێت لەو رۆژانەدا ژمارەی پشكنینەكان یەكجار بەرز دەبێتەوە.
• ئایا ئەو قۆناغەی ئێستای ڤایرۆسەكە چۆن هەڵدەسەنگێنن ئایا مەترسیدار نییە و بۆچی، چی بكرێت باشە، پلانتان هەیە بۆ پشكنینی هەرەمەكی لەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی شارو شارۆچكەو گوندەكان؟
- پلانی پشكنینی هەرەمەكیمان لەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی هیچ شارو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان ئەنجام نەداوە، چونكە ڤایرۆسەكە تا ئێستا نەچۆتە ناو كۆمەڵگاكەمان و ژمارەی تووشبوو وەك ئاماژەم پێدا تەنیا 391 كەس بووە كە ئەمەش ژمارەیەكی زۆر نییە بەپێی ستانداردی رێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسی نییە و زۆر نییە، بەڵام لەو شوێنانەی كە تووشبوو هەبوو وەك لە كۆمەڵگای سیبیران لە هەولێر و دەربەندیخان لە سلیمانی و شارۆچكەی خەلیفان و گەڕەكی كارێزان لە شاری هەولێر پشكنینی هەرەمەكی لەو شوێنانە ئەنجامدرا و لە هەر شوێنێك گومانی تووشبوون هەبووە پشكنین و رێكاری تەندروستی بەتەواوی گیراوەتەبەر بەم هۆیەشەوە ئەنجامی باشمان دەستكەوتووە بۆیە لە هەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا پێویست بەوە ناكات هەموو خەڵك یان بەشێك لە كۆمەڵگا لەناو گەڕەك و كۆڵانەكان پشكنینیان بۆ بكرێت، گەرچی دووبارەی دەكەمەوە بێگومان قۆناغەكەی ئێستا مەترسیدارەو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ماوەو بەردەوامە لەسەر ئاستی هەمو دنیاداو لەكاتێكدا دەلین بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدار نییە مەبەست ئەوەیە كە لە كۆنترۆلی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەرنەچووە كە نەتوانێت شوێن بۆ تووشبووەكان دابین بكات.
• ئایا لەلایەن عیراق وەك وەزارەتی تەندروستی عیراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتان چ هاوكاری و هەماهەنگیەك هەبووە و ئایا پێداویستی خۆپارێزی و تەندروستی بۆ كارمەند و پزیشكە بەرێزەكان كە ئەوانەی هەر وەك پێشمەرگە ئاسا لەبەرەی جەنگەكەنە فەراهەمكراوە؟
- لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەو دەستپێكردنی كارو چاڵاكیەكانمان وەك وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر هێڵ و پەیوەندی بووین و لەسەر رێنمایە تەندروستی و رێكارەكانەوە بەردەوام گفتوگۆمان لەگەڵیان ئەنجامداوەو وەزارەتی تەندروستی عیراقی هاوكاری كردووین و رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەدابینكردنی كەلوپەڵ و پێداویستی تەندروستی بۆ بەرینگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە هاوكاری باشی كردووین و وڵاتانی وەك چین لەڕێگای ناردنی پسپۆڕو ماسك هاوكاریان كردووین و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەرێمی كوردستان لەبارەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بۆمان ئەنجامداوەو وڵاتی ئەلمانیا لەرێگای رێكخراوێكەوە هاوكاری كردووین و چەندین رێكخراوو سەنتەری تەندروستی پزیشكی لەسەر ئاستی جیهان هاوكارمان بوونە بۆ بەرینگاربوونەوەو خۆپارێزی لەدژی ڤایرۆسی كۆڤید19، هەروەها وەك لەسەرتای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ئاماژەمان بەوەدابوو كە پزیشك و كارمەندەكانی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەرماڵەو ئیمتیازاتی تایبەتی خۆیان دەبێت كە لەم زووانەدا دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.
• ئایا بۆ دەرمان و دۆزینەوەی ڤاكسین هێچ هەنگاوی مژدەبەخش لە كوردستان و هەموو جیهان هەیە؟
- تا ئێستا لەسەر ئاستی هەموو جیهان و لە هیچ وڵاتێك هیچ پێكوتەو دەرمانێك نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەو ڤایرۆسەو هەوڵەكان زۆر زۆرە و كاری باش كراوە، بەڵام هیچ ڤاكسینێك بە كۆتا نەگەیشتووەو چەندین كۆمپانیا و سەنتەری توێژینەوەی تەندروستی و زانستی بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و دەرمانی چارەسەری ڤایرۆسی كۆڤید19 لە كێبڕكێدان كە چەندین پێكوتە لە تاقیگەدان و چەندین هەنگاویان بڕیووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كۆتایمان نییەو هەنگاوەكان لەسەر ئاستی جیهان زۆر باشن، بەڵام لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ شتێكمان نییە وەك ئەوەی بلین دەرمانمان دۆزیوەتەوە ئەوە نییە، گەرچی ئەوەی وایكرد كە بەشێوەیەكی باش و سەركەوتوو بتوانین بەرینگاری پەتاكە ببینەوە ئەوە رێكارو رێنمایە خۆپارێزیەكان بوو. هەر بەو رێكارو رێنمایە جوانەكانمان توانیمان نمونەیەكی باش پێشكەش بە هاوڵاتیانمان و هەموو دنیا بكەین كە ئێمە لەرووی ماددی و مەعنەویی و تەندروستی سوودی زۆر گەورەمان لە رێكارو رێنمایەكانمان وەرگرت و لەچاو وڵاتان پزیشكان و كارمەندەكانمان كەمتر ماندووبوون و دەتوانین لێرەدا بلین تا ئەو كات و ساتە هەرێمی كوردستان بەسەر ڤایرۆسی كۆڤید19 سەركەوتووبووە و پێویستە لەسەر رێنمایی و رێكارەكان بەردەوامبین تا ئەو سەركەوتنە زیاتر وگەورەتر بێت و غرورو بێباك نەبین بەتایبەتی لە فەرامۆشكردنی رێنمایی و رێكارە تەندروستیەكان دژی ئەو ڤایرۆسە. بۆیە تەئكید دەكەمەوە دەبێت تا دوا قۆناغی ئەو ڤایرۆسە ئێمە لەسەر جێبەجێكردنی رێنمایە تەندروستی و تاكپارێزیەكان بەردەوام بین تاوەكو سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەین و كۆمەڵگایەكی تەندروست لە هەرێمی كوردستان ببینینەوە.
Top