دكتۆر محمد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 لە 1055 پرۆژە پێكهاتووە كە461 پرۆژەی پیشەسازیی تێدایە
May 6, 2020
دیمانەی تایبەت
لەدیمانەیەكی تایبەت بە گۆڤاری گوڵان دكتۆر محمد شوكر سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان باس لە پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 دەكات و جەخت لەسەر ئەو سێكتەرانە دەكاتەوە كە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان دەیخەنە بەردەستی وەبەرهێنەران ، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.دیمانە : شەماڵ نوری• هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی سەختی ئابووری و قەیرانی دارایی دا تێپەڕ دەبێت، بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە هەستیارو سەختە دارایی و ئابوورییە شارەزایانی ئابووریی باس لەوە دەكەن هاتنە پێشەوەی كەرتی تایبەت و بەشداریكردنی ئەو كەرتە لە ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی تاڕادەیەكی باش ئابوورییەكەمان لەداڕمان دەرباز دەكات، ئایا پلانی وەبەرهێنان بۆ ئەمساڵ رەچاوی فرەجەشنكردنی ئابووری كوردستانی كردووە؟
- هەر لەدەستپێكی دەستەبەركاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایسپاردین كە پلان و بەرنامەی وەبەرهێنان لەكوردستاندا بگۆڕین و زیاتر گرنگی بەو سێكتەرانە بدەین كە ئابوورییەكەمان هەمە جەشن دەكات، هەروەكو چۆن لە كارنامەكەیدا ئاماژەی پێدراوە، گرنگیدان بەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی وێڕای ئەوەی ئابوورییەكەمان بەهێز دەكات هاوكات هەلێكی كاری زۆر بۆ گەنجەكان دابین دەكات بەتایبەتی بۆ دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان، لەمەشدا رەچاوی هاوسەنگی لەدابەشكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی دابەشكردنی جوگرافی و هاندانی وەبەرهێنان لە شوێنە دوور دەستەكان لە قەزاو ناحیەكان كراوە. دەستەكەمان لەسەر ئەم بناغەیە كە لەمانگی ئابی 2019 جەنابی رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دەركرد كە پێویستە لەكوردستان نەخشەی وەبەرهێنان هەبێت و مامەڵەی دروست لەگەڵ وەبەرهێنەری راستەقینە بكرێت و چیتر ناكرێت هەركەسە بێت و بڵێت من وەبەرهێنەرم پرۆژەی بدرێتێ ئەوەبوو لەسەر بنەمای رێنمایی و راسپاردەو بڕیارەكانی بەرێزیان و لە پێناو هاتنە پێشەوەی وەبەرهێنەران لەم شوێنانەدا نەخشە رێگایەكمان داناوەو ناومان لێناوە پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 و بۆردێكی تایبەتمان دروست كردووەو ناومان لێناوە نەخشەی وەبەرهێنان و بڕیارێكی باڵای ئەنجومەنی وەبەرهێنانی كوردستانمان وەرگرتووە كە بەواژووی بەڕێز سەرۆكی حكومەتەو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی كوردستانیشە و بۆردێكی تایبەتیشمان دروست كردووە بۆ دروستكردنی سیستەمی یەك بەنچەرەیی كە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لەناو وەزارەتەكان هەیە و 14 شوێنە پێكەوە بەشدارن لەمۆڵەتی پێدانی وەبەرهێنان لەو بۆردەدا نوێنەری هەموو وەزارەت و دەزگاكان دێتە ئێرە ئەمەش بۆ ئەوەی بەنووسراوو نوسراوكردن و رۆتین ئەو مۆڵەتە لەناو نەبرێت بەمانگ لەناو وەزارەتەكاندا هاتوچۆ نەكات بگرە بە هەفتەیەك بۆ 15 رۆژ لەناو ئەو بۆردەدا رەزامەندی لەسەر دەدرێت و ئێمە دەتوانین مۆڵەتیان پێ بدەین ، لەمەشدا رەچاوی دابەشكردنی جوگرافی كراوە لەسەر نەخشە بۆ پلانەكە دانراوە و بەمەش كەمترین كات و دادپەروەرانە مۆڵەتەكانی وەبەرهێنان دەدرێت ، بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو پرۆژانەی لەپلانی وەبەرهێنان باسی لێوە دەكەم بریتی یە لە تێكڕای ئەو پێداویستیانەی لەوەزارەتەكان و پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و تادەگاتە قایمقامیەت و ئیدارەی ناحیەكان پشتمان بەستووە بۆ پێداویستی ناوچەكان لە پرۆژەی كەرتی تایبەت ، پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 لە 1055 پرۆژە پێكهاتووە كە461 پرۆژەی پیشەسازیی تێدایە و بەپلەی یەكەمیش پیشەسازیی خۆراكە و تەنانەت ناوچەی پیشەسازیش لەو پرۆژەیەدا هەیە، هەموو ئامادەییەكیشمان دەربڕیوە كە ئاسانكاریی و ئیمتیازاتی زۆربدەین بەو وەبەرهێنەرانەی دەست بەئەنجامدانی ئەم پرۆژانە دەكەن. سەبارەت بە فرەجەشنكردنی ئابووری ئێمە لە پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 بەریزبەندی گرنكیمان بەم سێكتەرانە داوە ( پیشەسازی – كشتوكاڵ – گەشتوگوزار – كارەبا كەرتەكانی گواستنەوەو گەیاندن و پەروەردەو خوێندنی باڵاو تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون و رێگاو بان و بازرگانی رۆشنبیری و لاوان و ژێرخانی ئابووری..) .
• هەموو وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی و عێراقی و دەرەكی دەتوانێت بەشدار بێت لەو پرۆژانەی ئێوە لە پلانی وەبەرهێنانی 2020 دا راتان گەیاندووە؟
- بەڵێ هەموو وەبەرهێنەرێم دەتوانێت بەشداری بكات و لەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كار بكات، هەربۆیە ئێمە بەسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی پلانەكەمان خستۆتەڕوو، لەویب سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا بڵاوی دەكەینەوە و بەنامیلكەش لەناوخۆدا بڵاوی دەكەینەوەو دەدرێتە كونسوڵخانەكان ، ئێمە لەئێستادا 43 پرۆژەی وەبەرهێنانی بیانیمان لەكوردستاندا هەیە و 29 پرۆژەش هاوبەشە لەنێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی ، ئەم ژمارەیە بەپێی خواست و ویستەكانی ئێمە نییە دەمانەوێت لەم ساڵدا ئەم ژمارەیە زیاتر بكەین بەتایبەتی لە پرۆژە گەورەكان كە سەرمایەكی زۆری دەوێت و لەم كاتەدا لەتوانای دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە و هێنانی ئەو سەرمایەیەش ئابووری كوردستان بەهێز دەكات.
• كەواتە گرنگیەكی زۆر بەكەرتی پیشەسازیی دراوە لەمساڵدا ئایا دەكرێت بزانین لەپلانی وەبەرهێنان گرنگی بەچی جۆرە پیشەسازییەك دراوە؟
- تەنیا لەكەرتی پیشەسازیی دا 461 سێكتەر خراوەتە بەردەم وەبەرهێنەران لەم ژماریەش زۆرترین گرنگی بە دروستكردنی كارگەكانی خۆراك و پێترۆكیمیاویات و پزیشكی و خواردن و خواردنەوەو بیناسازیی و كەرەستە فلزیەكان و پیشەسازی دیكەی جۆراوجۆری پێكەوەبەستن و پاتری و جۆرە پێوەرێكی كارەبا و كەلوپەل و كەرەستەی كارەبایی و كاغەز و تایەو كارگەكانی ریسایكلین و چەندین بواری دیكە ، لەهەمووشی گرنگتر بایەخێكی رادەبەدەرمان داوە بە دروستكردنی كارگەكانی خواردن و خۆراك كە لەپارێزگاكانی كوردستان 158 پرۆژەمان ئامادەكردووە، ئەمەش وەكو پاڵپشتیەك بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی لەهەرێمی كوردستان و ساخكردنەوەی بەرووبوومی جوتیاران و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و پاراستنی ئاسایشی خۆراكیمان.
• لە پلانی وەبەرهێناندا باس لە ناوچە و شارە پیشەسازییەكان كراوە دەكرێت زیاتر ئەم پرۆژەیەمان بۆ روون بكەیتەوە ؟
لە پلانی وەبەرهێنان 11 پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی لەكوردستان لەهەر چوار پارێزگا و دوو ئیدارەی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت، لەو ناوچە پیشەسازییانە ئێمە 6 ناوچەی پیشەسازیی خۆراكیمان هەیە ، ئێمە پێمان وایە و قەیرانی كۆرۆناش سەلماندی كە بەلانی كەم لەبواری خۆراك و پیشەسازیی خۆراكی خۆیان بە پشتبەستن بەخۆیان بكەن ، كەرەستەی خاوی باش لەكوردستان هەیە و دەستی كاری هەرزان هەیە و حكومەتیش ئاسانكاریی باشیان پێشكەش دەكات
• كەواتە كەرتی كشتوكاڵ لەم نەخشە ڕێگایەی وەبەرهێنان بۆ ئەمساڵ پشكێكی باشی بەركەوتووە دەكرێت زیاتر باسی ئەمبوارەمان بۆ بكەیت؟
- بۆئەوەی كەرتی كشتوكاڵ پێشبخرێت پێویستە سەرەتا كار بۆ بەهێزكردنی ژێرخانەكەی بكرێت و دواتر هەنگاو بۆ ئەو شێوازو ڕێگایانە بگیرێتەبەر كە بەرووبوومەكانی جوتیارانی تێدا ساخ دەكرێتەوە واتە بەبازاڕ كردنی كشتوكاڵ ، بۆ ئەمەش لە پلانی وەبەرهێنانی كوردستاندایە چەندین بەنداو لە ڕێگەی وەبەرهێنان دروست بكرێت وەكو بەنداوی باسێ و بەردەسورو خلیكان و رەواندز و دەڵگەو سارتك و خێوەتە و باكرمان ، هەروەها كار بۆ دابینكردنی بنەتۆی باوەڕپێكراو دەكەین ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی نەمامی باخداری و دارستان و جوانكاریی ، دواتر چەند پرۆژەیەكی وەبەرهێنانمان ئامادەكردووە بۆ وەبەرهێنان تاوەكو كاری تێدا بكەن بۆ پرۆژەكانی كۆگای ساردو كۆمەڵگەی بەبازاڕكردن و هەناردنی هەنارو میوەی جۆراوجۆر.
• هەر لەناو كەرتی كشتوكاڵدا سێكتەری ئاژەڵداریش پرۆژەتان هەیە؟
- بەڵێ چەند پلانێكی پرۆژەمان بۆ بەخێوكرجنی مریشك بۆ هێلگەی پیتێنراوو هەڵهێنەری جوجك و هەێلكەی خواردن و بەخێوكردنی ماسی و مەڕوماڵات و دامەزراندنی سەربڕخانەی مریشك و كارگەی دروستكردنی گۆشتی پەلەوەر لە پارێزگاكانی كوردستان هەیە.
• زۆرجار گلەیی لەوە دەكرێت كە وەكو پێویست و بەدادپەروەریی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دابەش نەبووە بەسەر پارێزگاو بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان و دوورە دەستەكان بۆ ئەمە چیتان كردووە؟
دابەشكردنی جوگرافیای پرۆژەكان بۆ ئێمە گرنگە بۆ نموونە لەهەولێر نزیكەی 280 پرۆژەو سلێمانی 273 و دهۆك و 238 و هەڵەبجە 98 و گەرمیان 74 و راپەرین 53 پرۆژەی وەبەرهێنانمان ئامادەیە بۆ وەبەرهێنەران، واتا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان پرۆژە دانراوە ، تەنانەت ئامادەیی دەستەكەمان دەربڕیوە كە هەر وەبەرهێنەرێك دەیەوێت لەناوچە دوورەكان یاخود دوورە دەستەكان وەبەرهێنان لەو پرۆژانەدا بكات كە پێویستمانە ئاسانكاریی تەواویی پێشكەش دەكەین ، حكومەت پلانی وەبەرهێنانی وەكو نەخشەیەكی رێگا ئامادەكردووەو بەوەبەرهێنەرانی دەڵێت لەم شارەو ئەم شوێنە ئێمە و خەڵكی پێویستیان بەم پرۆژانەیە و دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بكەن.