شیروان دووبەردانی ئەندامی لیژنەی پارێزگاو ھەرێمەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گوڵان: خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم پێویستە ھەڵویست و ناڕەزای بەرانبەر ئەو پەرلەمانتارنەی کورد لە بەغدا کە دژی
May 6, 2020
دیمانەی تایبەت
بۆ ئەوەی بزانین فراکسێۆنە کوردستانیەکان ھەڵویستیان بەرانبەر کابینەی مستەفا کازمی چۆنە و تا چەند یەکھەڵویست و یەکبڕیارن و بۆچی ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیک ورد لە بەغدا لەدژی بەرژەوەندی کوردو ھەرێمی کوردستانن و ئایا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە بەغدا رەوانە دەکرێت و کازمی تا چەند دەتوانێت بارودۆخی عیراق لەو قەیرانەی تێکەوتووە دەربازبکات، بۆ وەڵامی ئەو پرس و چەندین پرسیاری دیکە پەیوەندیمان بە بەرێز شیروان دووبەردانی ئەندامی لیژنەی پارێزگاو ھەرێمەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد ئەویش راوبۆچوونەکانی بەمجۆرە دەربڕی.راپۆرت: ساڵح عومەرلەھەر کاتێک ھەرێمی کوردستان غاز بە عیراق بفرۆشێت کارێکی زۆر گرنگ و باشە بۆ کوردو کوردستان
• ئایا کەی پەرلەمانی عیراق دادەنیشێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی مستەفا کازمی و پێشبینی جەنابتان چییە لەسەر ئەوەی ئەو کابینەیە دەنگدەھێنێت؟
- وەک زانیاری قسە ھەیە بەیانی پاش کاتژمێر ٩ی ئێوارە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی مستەفا کازمی، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆرینەی پەرلەمانتارەکانی کوردستانی بڕیارو ھەڵوێستمان جێگیرە کە دەنگ بە کازمی و کابینەکەی دەدەین، بەڵام لەنێوان لایەنەکانی شیعە ناکۆکی لەسەر ھەیە و کوتلەی ئەیاد عەڵاوی و مالیکی و چەند ئەندام پەرلەمانێکی فەتیحیش تا ئێستا لەگەڵ ئەوەدان کە دەنگ بە کازمی و حکومەتکەی نادەن، ئەم ناکۆکیەش زیاتر لەسەر پۆستی وەزارەتەکان و کازمی بەرنامەی کابینەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردوە و لە٨٠%ی کابینەکەی تەواوبووەو چەند وەزارەتێک لەسەر کاندیدەکانیان ماوەو رێکنەکەوتوون، وەک کورد سێ وەزارەتیمان بەرکەوتووە کە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب لەسەر ئاستی ھەموو عیراق زۆرترین کورسیمان ھەیە بۆیە وەک وەزارەتی سیادی وەزارەتی دارایی پشکی کوردەو لە کوردیش پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لەلای ئێمەو سەرکردایەتی سیاسیش کاندیدمان بەرێز دکتۆر (فوئاد حسین)ە بۆ ئەو پۆستە، ھەرچەندە چەندین ئەندام پەرلەمانی شیعە و سوننەش لەسەر کاندیدی دکتۆر فوئاد نارازین، چونکە دکتۆر کەسایەتیەکی باش و پاک و گەندەل نییە و رێگای بە ھەندێ پەرلەمانتار بەتایبەتی لایەنی شیعە نەداوە دەستتێوەردان لە ئێش وک ارو وەزارەتی دارایی بکەن لەماوەی رابردوو.
• ئایا حکومەتەکەی کازمی دەتوانێت لەو قەیرانەی تووشی عیراق بووە سەرکەتووبێت و عیراق لەو بارودۆخە ناخۆشە دەرباز بکات؟
- لەھەقیقەدا لە عیراق کێشەی سەرۆک وەزیرانمان نییە، بەڵکو کێشەو ناکۆکی سیاسی لە نێوان لایەنە شیعەکان ھەیە کە ئەوان زۆرینەن ماوەی ١٧ساڵە نەیانتوانیوە حکومداری ئەو وڵاتە بکەن کە ئەمەشیان بۆ عەقلیەتی شۆڤینی و مەزھەبی دەگەڕێتەوە، سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی ئیداری و گەندەلیەکی یەکجار زۆر کە لەو ١٧ ساڵەی ھەیە زیاتر لە ھەزارو دووسەد ملیار دۆڵار بودجەی خەرجکراوی عیراق بووە گەرچی نە لە پارێزگاکانی خواروو نە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عیراق ھیچ پرۆژەو کاری خزمەتگوزاری ئەنجام نەدراوە ھەر ئەمەش بوو وایکرد خەڵکی عیراق ھاتنەسەر شەقامەکان و دەستیان بە نارەزای و خۆپیشاندان کردوە کە ئەمەش لەبەر ئەو گەندەڵی و سیاسەتە ھەلەیەیە کە دەسەڵاتدارانی عیراق بەتایبەتی لایەنی شیعە پیادەیان کردوەو ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان کە بەشێکین لە عیراقی فیدراڵ کە دەبێت بەشێکیش بین لەبڕیاردانەکانی عیراق بۆ ئەمەش دەبێت بەرپرسیاریەت وەربگرین، گەرچی دەبینین بەشێوەیەکی دوور لە شراکەت و عەقلیەت سیاسەتی ناڕەواو ھەلە بەرامبەر کوردو کوردستان دەگرنەبەر لەوانە موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی ھەرێم دەبڕن کە ئەمە دوورە لە دەستوورو یاسا و یاسایی موازنەشەوە و حکومەتی عیراق تا ئێستا زیاتر لە٥٠ماددەی دەستووری جێبەجێ نەکردوە کە دوو لەو ماددانە لەھەرە گرنگەکانن ئەویش یاسای نەوت و غازو خدمەی مەدەنی فیدڕاڵیە بەھیچ شێوەیەک حکومەتی عیراقی فیدراڵ جێبەجیان ناکات و پابەندیان نەبووە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان و چەندین ماددەو بڕگەی دیکەی دەستوورو یاسا ھەیە کە لایەنی شیعە جێبەجیان نەکردوە بۆ ھەرێم و لەکاتێکدا ئەو شیعانە ھەر بەو سلوک و عەقلیەتە کار بکەن ئەوە نە کازمی و نەعەڵاوی نەکەسی دیکە ناتوانێت سەرکەوتن و پێشکەوتن بەدەستبێنێت بەتایبەتی لەو بارودۆخە خراپەی ھەیە و لەو قەیرانی داراییەی لە ئەنجامی دابەزینی نەوت و ڤایرۆسی کۆڕۆناو سیاسەتی ھەلەی دەسەڵاتدارانی شیعە تووشی عیراق بووە دەربازی بێت، لەلایەکی دیکەوە کێشەیەکی بەرچاو لە عیراق لەتەشەنەکردندایە کە ئەویش چەک لەدەستی حکومەت نەماوە، بەڵکو ھەر ھەمووی لەدەستی گروپ و ماڤیاو میلیشیای جۆراجۆری شیعە دایە و ماددە ھۆشبەرەکان بە شێوەیەکی یەکجار زۆر لە عیراق تەشەنەیکردوە کە کاریگەری زۆر خراپی لەناو کۆمەڵگاو خەڵک دروستکردوە تا ئاستێکی ئاوا بڵاوبۆتەوە کە ماددە ھۆشبەرەکان گەیشتۆتە چەندین گەڕەکی ناو شاری موسڵ ھەر بۆیە ھەموو ئەو ھۆکارو قەیرانانە کاریگەری و بارقورسی زۆریان لەسەر مستەفا کازمی و حکومەتەکەی دەبێت بۆیە لەکاتێکدا کازمی بەتەواوی دەسەڵاتی نەبێت ئەوە بارودۆخەکەی عیراق بەرەو خراپتر دەڕوات نەک بەرەو چارەسەرو باشبوون.
• ئایا ھەموو ئەو بارودۆخە خراپەی دەبینین بەشی زۆری بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە شیعە باوەڕی بە شەراکەت و تەوازن و تەوافق نییە کە دروستبوونی عیراقی نوێ لەدوای ٢٠٠٣ بەپێی دەستوور تەئکید لەم سێ بنەمایە دەکاتەوە لە حکومڕانی و دەسەڵاتدا؟
- بێگومان دروستبوونی حکومەتی تازەی عیراق لەسەر ئەو سێ بنەمایە دانراوە و دەبێت ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی عیراقی فیدڕاڵ پابەندی بن و ئێمە وەک پێکھاتەی دووەم و سەرەکی عیراق ھاتووینە ناو حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ و بۆ وەزارەت و پۆست نەھاتووین، بەڵکو دەمانەوێت شەریک بین لەو وڵاتە لە بڕیاردان و لەبەرپرسیاریەتی و لەماف و ھەقەکانیشمان و ئێمە لەعیراق ھاوبەشین بۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و کوردو کوردستان کە چەندین ساڵ کیمیاباران و جینۆسایدو ئەنفاڵ و دەربەدەرکراوین لەلایەن رژیمە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی عیراق و رژێمی لەناوچووی ئەوسای عیراقەوەو لە ھەرێمی کوردستان بەو ئێمکانیاتە کەمەی ھەیە توانراوە بە توانای حکومەتی ھەرێم و دڵسۆزی ئاوەدانی و گەشەیەکی بەرچاو پێشکەش بکرێت و یاسا و سەروەری یاسا لە ھەرێم لەسەر ھەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت بۆیە بووینەتە خاوەنی ئەو قەوارە سیاسیە بەرچاو و پێشکەوتووە کە حکومەتی عیراق چاوی پێمان ھەڵنایەت و ئەوەی لە کوردستان ھەیە لە عیراق بەھێچ جۆرێک بەدی ناکرێت ، چونکە عیراق بۆتە خاوەنی عەقلیەتێکی شۆڤینی و مەزھەبی و چەندین گروپی میلیشیاو چەکدار کە کەس نازانێت ئەمانە کێن و سەر بەچ لایەن و کەسێکن و فەرمان و بەرپرس و ھەڵسوکەوتەکانیان لەدەستی حکومەتی عیراق نییە بۆیە کە دەبینین بارودۆخی عیراقیان بەرەو ھەڵدێرو ناسەقامگیری بردووە. لەلایەکی دیکە ھیچ بنەمایەکی دارایی و داھات لەوڵاتەی عیراق چ لە پیشەسازی چ لە کەرتی کشتوکاڵ چ لەلایەنی بازرگانی نەماوە و دزی و گەندەلیەکی زۆر لە نەوتیش دەکرێت بۆیە داھات و بارودۆخی عیراق ئەگەر ھەر بەوجۆرە بڕوات قەیران و ئەزمەیەکی زۆر خراپتر چاوەڕوانیەتی و عیراقی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ و ٩٠ زۆر لە ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٠ باشترو پێشکەوتووتربوو.
• لەناو پەرلەمانی عێراق ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی بودجەی ھەرێمی کوردستان ببڕێت، ئایا ئەم پرسە چۆن سەریھەڵداوە و ئەو ھۆکارانە چین کە ئەم رقە شۆڤێنیە بەرانبەر کوردستان دروست بووە؟
• ئەو بڕیارو مامەلەیە لەمبارەوە بەپێچەوانەی دەستوورەی ھەمیشەی عیراقە، ھەروەھا بەپێی یاسایی موازەنەی ساڵی ٢٠١٩ ماددەی ١٠ و بڕگەی ج دەبێت مانگانە بەشە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و شایستە داراییەکان لەلایەن عیراقی فیدڕاڵەوە رەوانە بکرێت بەبێ ھیچ بیانوو و مەبەستێک، لەلایەکی دیکە ئەگەر باسی ئەوە دەکەن ھەرێم نەوت دەفرۆشێت و دەلێن دەبێت ٢٥٠ ھەزار بەرمیڵ مانگانە رادەستی عیراق بکات ئەوە ئێمە رێککەوتووین و گفتوگۆ لەو بارەوە کراوە کە کوردستان رازیە، ئەگەر نەوتەکەش نەدرا ئەو حکومەتی عیراق دەتوانێت بۆ نموونە ھەقی ھەرێم مانگانە ١ملیار دۆڵارە با ھەقی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکە کەم بکەنەوە ئەوەی دیکە بەبێ کێشە وەک ماف و دەستوورو ھەق بۆ خەڵکی کوردستان بنێرن لەو کاتەدا کیشە بۆ گوزەران و ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەوجۆرە خراپە دروست نابێت، بەڵام ئەو بابەتە بەسیاسی کراوە لەلایەن شیعە بەتایبەتی و ھەندێک ئەندام پەرلەمانی عیراق ھەیە کە گەندەلن ئەو باس و خواس و کێشانە دووبارەو سەدبارە دەکەنەوە بەرانبەر مافی ئێمە و لەو کاتەی کە دکتۆر فوئاد حوسین بۆتە وەزیری دارایی و کەسێکی باش و پاکە و رێگا بەو گەندەلکارانەی عیراق نادات مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن بۆیە دژی ئەویش قسە دەکەن کە ئەو دژایەتیەش ھەر ھەمووی شەخسی و حزبیە بەرامبەر جەنابی دکتۆر فوئاد حوسین دەیکەن و دڵنیایی دەدەمە خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم ناردنی موچە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی حکومەتی تازە لە عیراق دادەمەزرێت لەو کاتیش گفتوگۆو دانوساندنەکان بەردەوامە بۆیە لەرووی دەستووری و یاسایی و ھەبوونی شەراکەت لە حکومەتی عیراقدا موچەو بودجەو شایستە داراییەکان نابڕێت و دەبێت حکومەت و دەسەڵاتدارانی عیراق لەناردنی پابەندبن، چونکە بەپێی دەستوور و یاسا ھەموو فەرمانبەرانی عیراق یەک بەرنامەو سستەم و میکانزمیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت. ھەروەھا موچەو شایستە داراییەکان بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بەکێشەی سیاسی نییە کە دەسەڵاتدارانی عیراق بەتایبەتی شیعە کاری لەسەر دەکەن. بەڵکو ئەوە عەقلیەتی شۆڤینی و مەزھەبیە کە شیعە لە عیراق دەیەویت نەک پێادەی بکات بەڵکو دەیەوێت وەک سستەمێک جێگیری بکات و شەراکەت قبوڵ نەکات، ئەمەش بۆی ناچێتەسەر.
• باس لەوە دەکرێت کە چەند پەرلەمانتارێکی بەناو کورد رۆڵیان ھەیە لە دروستکردنی ئەم کێشەیە ، خۆشیان نەیان شاردۆتەوە و شانازی پێوە دەکەن، لە کاتیکدا کە ھاوپەیمانیەک لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانیەکان ھەیە ،، ئایا ھاوپەیمانی فراکسێۆنە کوردستانیەکان ھەڵوێستی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بەناو کوردانە چی یە؟
- زۆر بەداخەوە ھەندێ پەرلەمانتاری کوردیش ھەیە لە بەغدا بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان لایەنگری لایەنی شیعە دەگرن لەدژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەوە دەبێت خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و موچەخۆرو فەرمانبەران بەتایبەتی لەدژیان ھەڵویست وەربگرن کە چۆن دەبێت ئەوانە بەدەنگی گەلی کوردستان چوونەتە بەغدا و لەوێش بەئاشکرا لەدژی بەرژەوەندیەکانی دەنگدەرو کەسەکانیان بوەستنەوە، لەلایەکی دیکەوە خۆ فەرمانبەرانی کوردستان ھەر ھەمووی پارتی و حزبی نین، بەڵکو خەڵکی تێدایە سەربەخۆن و دوورن لە حزبایەتی بۆیە ناکرێت ئەو ئەندام پەرلەمانانە ئەگەر دژی پارتیشن کاری وابکەن لەدژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی قوتی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانی ھەرێم بەگینە ئەو بارودۆخە ناخۆش و دژوارە، بەڵام ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەجەسارەتەوە رۆژانە شەڕی دابینکردنی موچەو شایستە دارایی و بەرژەوەندیە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین و بەھیچ جۆرێک لەھەق و مافی یاسایی و دەستووری خۆمان خۆش نابین و ئێمە تەنیا بۆ دەنگدەرەکانمان کار ناکەین بەڵکو وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تەواوی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداین و کار دەکەین و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کوردستان کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست کەمترە رێگایان داوە خەڵک و پەرلەمانتاری شیعەو شۆڤینی دژی ماف و ھەقی کوردو کوردستان قسەو زماندرێژی بکەن کە ئەمەش جێگای داخە. بۆیە لێرەدا بە ئاشکرا دەلێم ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە بەھیچ جۆرێک نە کوردن نە نوێنەری خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و پێویستە لە ھەرێمی کوردستان و شارەکانی ھەرێم وێنەی ئەو پەرلەمانتارانە ھەڵواسرێن و نیشانەی نارەزانیان لەسەر بدرێت ھەروەک ئەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەغداو عیراق دەکرێت.
• سەبارە ت بە ناردنی مووچەی ئەم مانگەی ھەرێمی کوردستان باس لەوە دەکرێت لە یەکدوو رۆژی داھاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق بریاری خەرجکردنی دەدات .. ئایا ئێوە تاچەند ئاگاداری ئەم پرسەن ؟ ئایا مەزندەکەن یەکدوو رۆژی دیکە پارە لە بەغداوە بێتە کوردستان؟
- شاندی دانوساندکاری ھەرێمی کوردستان لە ٥/٥/٢٠٢٠ گەیشتنەوە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی حکومەتی عیراقی دانیشن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و رەوانەکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھەیە و بەپێی یاسا و دەستووریش دەبێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکرێت و بەھێچ جۆرێک حکومەتی عیراقی ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببڕێت، بەڵام یاریەکی سیاسیە بەرانبەر کوردستان بەتایبەتی بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت و لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی کازمی بێگومان فشاری جۆراوجۆر ھەیە دەکرێتە سەر حکومەتی عیراق کە پابەندبێت بە رێککەوتن و بنەماکانی دەستوور بەتایبەتی لە پابەندبوونی بەناردنی موچەو شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەموو لایەنەکانی دەسەڵات لە حکومەتەی عیراقی فیدڕاڵ باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری ھەموو خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی و بەھیچ جۆرێک وازناھێنێت لەماف و ھەق و شایستە و بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان و لەھەموو جومگەو کارەکاندا داکۆکیکارێکی بەردەوام و سەرسەختە بۆ مسۆگەرکردنی مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ئەوەداین کە ھەموو فراکسێۆنە کوردستانیەکان یەکدەنگ و یەکرێزو بڕیاربین بەتایبەتی لە کارو بەرژەوەندیە باڵاو چارەنووسەکانی گەلی کوردستان، چونکە لەھەر کات و بڕیارێک کە کورد لە بەغدا بەتایبەتی یەکگرتوو دەبێت زۆر کاریگەری و قورسای زیاتر و بەھێزتر دەبێت لەو کاتەشدا لایەنی سیاسی دیکەش حیسابمان زیاتر بۆ دەکەن، بەڵام جێگای داخە ھەندێک لە پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بیر لە کوردو بەرژەوەندیەکانی ناکەنەوەو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری لایەنی دیکەی شۆڤینی و دوژمنانی کورد. سەرەڕای ھەموو ئەوانەش ئێمە وەک پارتی ھەر لەھەوڵی ئەوەداین ھەموو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان لە عیراق یەکدەنگ و یەکھەڵویست بین تاوەکو کاریگەری و قورسایمان لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاتر و کاریگەرتربێت.
• ئەم باردۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ئابوری عێراقی خستۆتە دوریانێکی مەترسیی دار ,, ئایا حکومەتی عێراق بەرگەی ئەم ئەزمەیە دەگرێت ..یان ئایا چۆن دەتوانێت ئیدارەی ئەم ئەزمەیە بدات؟
- دابەزینی نەوت و ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەری زۆر لەسەر داھات ود ارایی عیراقی فیدڕاڵ دروستکردووە و ناتوانێت زۆر بە ئاسانی لەو قەیرانە رزگاری بێت و دەتوانێت تەنیا ئەو مانگە بەتەواوی موچەی فەرمانبەرای بدات، بەڵام بۆ مانگی داھاتوو ناتونێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵکو بیر لە میکانزمێکی دیکە دەکاتەوە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی بۆی ھەیە ٥٠%ی دەرمالەکان ببڕێت یان بەپێی پلەی وەزیفی بڕێک لە دەرماڵەو موچە کەم بکاتەوە تاوەکو بتوانێت موچە دابین بکات و وەک ئەوەی ھەندێ زانیاری ھەیە کە حکومەتی عیراقی بۆ مانگەکانی داھاتوو بۆ پێدانی موچە خەریکی پڵانێکی تازەیە بەتایبەتی ئەوە دوو، تا سێ رۆژە عیراق ھیچ بەرمیلە نەوتێکی نەفرۆشتووە و داھاتی عیراقیش زیاتر پشتی بە نەوت بەستووە.
• ئایا پاش ئەوەی عیراق نەیتوانی بەپێی سزاکانی ئەمرێکا چیتر وزەو کارەبا لە ئێران بکڕێت ئەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت غاز بۆ دابینکردنی کارەبا وەک فشارێک بەرانبەر عیراق بەکاربێنێت؟
- زۆر زەحمەتە عیراق بتوانێت دەستبەردانی وزەو کارەبای ئیران بێت، چونکە کاریگەری ئێران نەک لەسەر عیراق زۆرە بەڵکو بوونی ئێران لەناو عیراق زۆر ئاشکراو دیارە و ئەو کارەش زیاتر یەکێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانە باوەڕ ناکەم بڕیاری وا بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، لەلایەکی دیکە ئەگەر ھەر کاتێک ھەرێمی کوردستان بتوانێت غاز بۆ عیراق بنێرێت ئەوە کارێکی زۆر باشە بۆ ھەرێمی کوردستان.