فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان : تیرۆریستانی داعش روویان لەزیادبوون كردووەو كاروكردەوەی تیرۆرستی زیاتر ئەنجام دەدەن
May 4, 2020
دیمانەی تایبەت
فە ریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەبارەت بەجموجوڵەكانی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی كوردستانیان لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند:فە ریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەبارەت بەجموجوڵەكانی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی كوردستانیان لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند:
سەرۆك بارزانی لەچەندین بۆنەدا رایگەیاندبوو كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا جێگای مەترسییە، ئەوەی ئەمڕۆش دەیبینین داعش تەنیا خەلافەتەكەی رۆشتووەو وەكو بیروبۆچوونی توندوتیژیی و تیرۆرستی و شانەی چەكداریی و گروپ مەترسیەكانی ماوە، لە 2014 ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە ناوچەیەكی فراوانی لە سوریاو عێراق لەژێر كۆنترۆڵیدا بووەو چەندین كەس تێوەگلاون لەگەڵ ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە، لەدوای لەدەستدانی هەموو ئەو ناوچە فراوانە بەتایبەتی كە لەم دواییەدا لە سوریاش ناوچەیەكی فراوانی لە بیابانەكانی جەزیرە و شوێنەكانی دیكەیان لە دەستدا زۆربەی گروپە تیرۆرستیەكانی داعش روویان لە عێراق كردووە، بەتایبەتی لەناوچەكانی دیالەو كەركوك و نەینەواو كەركوك، كە ئەو پۆشاییە ئەمنیەیان قۆزتۆتەوە كە لەئەنجامی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا دروست بوو، هێزی پێشمەرگە پێشتر هەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا تیرۆرستانی داعش كاروكردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دەدەن بە بێ جیاوازی لەنێوان پێكهاتەو كەمینەكاندا پارێزگاریی لێكردوون، تەنانەت كاتێك داعش لە ئەوپەڕی توانای خۆیدا بوو بەردەوام هێرشی دەكردە سەر ئەو ناوچانە بەخوێنی پێشمەرگەو قارەمانێتی پێشمەرگە توانرا سنوورەكان بپارێزرێت و رێگا لە ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی سەدان خێزان بگیرێت. ئێستاكە زۆر زەحمەتە لەم بارودۆخە ناسەقامگیرییەی عێراق و لەگەڵ بوونی ئەو پۆشاییە ئەمنیەی نێوان هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بتوانرێت كۆتایی بەو هەموو شانەو گروپە چەكدارانەی داعش و شانە خەوتووەكاندا بهێنرێت، ئەم راستیە بە هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكانیش ووتراوە كە داعش جێگای مەترسییەو گورزی كوشندەو خراپ دەوەشێنن و دەبێت بۆ هەموو ئەگەرو مەترسییەك خۆمان ئامادە بكەین و تەنیا رێگە چارەسەرێك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم مەسەلەیە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانەو رێكەوتنی ئەمنی و سەربازییە لەنێوان هێزەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیمانان ، داعشەكان روویان لەزیادبوون كردووەو بەپشت بەستن بەو پۆشاییە ئەمنیەی لەناوچە جێناكۆكەكان هەیە كاروكردەوەی تیرۆرستی زیاتر ئەنجام دەدەن ، هەر خۆی لەخۆیدا ئەم بابەتە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو كشانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كێشەكەی ئاڵۆزكردووە، چونكە ئەوە لەبیر نەكەین كە داعش بەتەواویی ئە ماوەیە لێرەو لەوێ كارو كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام داوەو بەدەیان هاوڵاتی كوشتووەو چەندین كەسی رفاندووەو ناسەقامگیریی و نائارامی لێكەوتۆتەوەو هاوڵاتیانی كورد بە پلەی یەكەم لەو ناوچانەدا بوونەتە قوربانی ، من بەردەوام تەئیكیدم لەسەر ئەوە كردۆتەوە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر هاوڵاتیانی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان بوونەتە قوربانی تەعریب و داعش واتا لەلایەك هاوڵاتیانی كوردیان تەعریب كردووە لەلایەكی دیكەوە كەوتوونەتە بەر مەترسی ئەو گروپە چەكدارانەی داعش.
سەبارەت بەچارەسەركردنی نائارامی و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم فەریق جەمال ئیمنكی سوپا سالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند: هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر سەریهەڵدا، گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و هێزی سوپای عێراق شارەزاییەكی ئەو تۆیان لەو ناوچانە نییە و بێ هەماهەنگی و هاوكاری هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە مومكین نییە بتوانن ئارامی و سەقامگیری ئەو ناوچە فراوانە بپارێزن نابێت ئەوەش لەبیر بكەین شەڕی تیرۆرستی و شانەی چەكداری زۆر قورسترە لە شەڕی سەربازی كە لەپێگەو ناوچەیەكی دیاریكراوو بەرەیەكی شەڕدا رووبەروو ئەنجام دەدرێت، بەمشێوەیە دەبێت هۆكاری سەرەكی زیادبوونی كردەوە تیرۆرستیەكانی داعش بزانین كە بۆشایی ئەمنی و بێ توانایی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەموو ئەو هێزانەی دیكەی عێراقە كە بەداخەوە ئەوەندەی سەرقاڵی تەعریب و دەركردنی كورد بوون ئەوەندە نەیانتوانی هاوكاریی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە بكەن بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش و كۆتایهاتن بە فیكری ئیرهابی و توندوتیژی. كەواتە تەنیا رێگە چارەسەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی كوردستانی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە لەتەواویی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بگرە لەتەواویی عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش بەشێوەیەكی زۆر فراوان و مەترسیدارتر تەنانەت لەشارە گەورەكانیشدا دروستكردنەوەی هەماهەنگییە لەنێوان هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، كە بەداخەوە لەساڵی 2018 ەوە تا ئێستا تەنیا لەدوو كۆبوونەوە زیاتر هیچ كۆبوونەوەیەكی دیكەمان ئەنجام نەداوە و هەر لەو دوو كۆبوونەوەیەشدا نەگەیشتینە رێكەوتنێك و بڕیار وابوو كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەین ، پێویستە هەردوو لێژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لێژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق كۆببنەوە، هەرچەندە ئێمە زۆربەی جار ئامادەیمان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوانە بەڵام لایەنی عێراقی بەبیانووی جۆراوجۆر تا ئێستا ئەو كۆبوونەوانە ئەنجام نەدرایەوە، هەرجارەو بەبیانوویەك جارێك بەسەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناسەقامگیریی پارێزگاكانی عێراق و جارێك بەهۆی حكومەتی كاربەڕێكەر، ئەمە لەكاتێكدا لەهەندێك شوێن بەتەواوەتی داعش تێیدا كۆنترۆڵی كردووەو جموجوڵەكانی بەئاشكرایی دەكات ، كاتی ئەوە هاتووە لایەنی عێراقی بگەنە ئەو قەناعەتەی بەتەنیا بەهێزەكانی عێراق ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ ناكرێت، دەبێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی بكەن و ناوەندی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق بكرێتەوەو هەندێك ناوچەی ستراتیژیی و گرنك پێگەوە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ببرێت بەڕێوەو پارێزگاریی لێ بكرێت ، پێگەوە ئاستەكانی بوونی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاری بكەین فەوجێكە یاخود لیوایەكە كەمترە یاخود زیاترە ئەوە بە لێژنەی هاوبەش و هەماهەنگی ئەنجام دەدەرێت و دواتر دەتواین ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین نەك وەكو ئەوان دەیانەوێت و هیچ سوودێكی نییە كە تەنیا تەئكید لەسەر ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەكەن و دەیانەوێت ئەوان لەشوێنی خۆیان و ئێمە لەشوێنی خۆمان لەماوەی تەنیا 24 كاتژمێردا بەپەلەپەلەی و بێ هیچ تەنسیق و هەماهەنگی و پلانێكی سەربازی ئپراسیۆنێك لەناوچەیەك ئەنجام بدرێت و دواتر خێرا هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان ئەمە نەك بەفیڕۆدانی كات و خەرجی و بێ سوودە بگرە ئەم بێسەروبەریی و دوورە لە پلانێكی سەربازی تۆكمەوە بۆ پاراستنی بەردەوامی ئەو ناوچانە، ئەوەتا بەهۆی ئەو بێسەروبەرییەی ئەوانەوەیە ئێمەش لەناو ریزەكانی پێشمەرگە شەهید و قوربانیمان داوە و خەڵكی سیڤلی مەدەنیان فڕاندووەو لەسەر رێگاكان بازگە دادەنێن و هێرش دەكەنە سەر گوندەكان و دۆخێكی ناخۆش و نائارامیان بۆ خەڵكی دروست كردووە. بەمشێوەیە ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە پێمان وایە ناوچەی هاوبەش و ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەبێت پێكەوە ئەنجام بدرێت ئەوكات كاریگەریی لەسەر لەناو بردنی داعشەكان و پاراستنی ئەو ناوچانە دەبێت. هێزی پێشمەرگە هەموو تواناو پێداویستیەكی لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش .
سەبارەت بەپاراستنی كوردستان و ئامادەیی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەگەری هەر رووبەرووبوونەوەیەكی لەناوكاوی داعش سوپا سالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتی: ( داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەڵكو دوژمنی هەموو لایەكەو ئەوەتا لەم دواییانەدا چەندین پێشمەرگەی كوردستان بەدەستی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە لەكوڵە جۆ شەهید بوون و چەندین هاوڵاتیانی دیكەی مەدەنیان فڕاندو بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكی ئێمە لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، راستە داعشەكان لە ئێستادا بەدوای ئامانجی ئاساندا دەگەڕێن و زیاتر هێرش دەكەنە سەر حەشدی شەعبی و هێزەكانی سوپای عێراق بەڵام ئێمە زۆر بەووردی چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و زانیاریی هەواڵگری تەواومان لەسەر جموجوڵەكانی ئەم دواییەی داعش هەیە و چەندین جاریش بەردەوام هێزەكانی عێراقیمان ئاگاداركردوونەتەوە كە داعش بووەتە هەڕەشەیەكی جیددی و خۆیان رێكخستۆتەوەو بەئاشكرا لەهەندێك ناوچەدا جموجوڵ دەكەن و هەركاتێك هەلێك بدۆزنەوە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەش ، ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە لە ئامادەییەكی باشداین و ئاستی خۆئاگاداركردنەوەو مەترسیەكانمان بەرز كردۆتەوەو بەردەوام تەئكید لەپێشمەرگەو هێزەكانمان دەكەینەوە كە زۆر ئاگاداربن و هەر جموجوڵ و كاروكردەوەیەكی تیرۆرستی ئەنجام بدرێت زوو ئاگادارمان بكەنەوەو لەرێگەی هەواڵگری سەربازیی و زانیارییەكانمانەوە لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخەكەین و رۆژانە لەگەڵ هێزەكانمان لەسەر هێڵین و دەتوانین خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئامادەیی تەواودایە بۆ هەر رووبەرووبوونەوەو هێرشێكی چەكداریی كە دژ بەهەرێمی كوردستان لەلایەن ئەو رێكخراوە تیرۆرستیەوە ئەنجام بدرێت. لەدوا زانیاریمان ئاگاداریی ئەو جموجوڵانەی داعشین كە لەناوچەی كفری و كوڵەجۆو دەوروبەری خانەقین كە دەیانەوێت خۆیان كۆبكەنەوەو هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەو لەبەرامبەریشدا ئێمەش وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئامادەیی تەواوداین بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەك، بۆ ئەمەش تەنیسقی تەواومان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان هەیە ، هەرچەندە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆبوونەوەكان راوەستاون بەڵام پەیوەندیمان پێكەوە هەیە . لەرێگەی گۆڤارەكەشتانەوە سوپاسی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە دەكەم كە هەروەكو چۆن گیانفیداو قارەمانانە خەڵكی كوردستانیان لەدوژمنان پاراستووە بەهەمان شێوە بەشەوورۆژ لەسەر شەقامەكان لەخزمەتی گیان و سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیاندا بوون و توانیان تاڕادەیەكی باش پێكەوە لەگەڵ تیمەكانی تەندروستی و لایەنەكانی دیكەی حكومەتدا پارێزگاریی لەتەندروستی هاوڵاتیان بكەن و كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن و سوپاس بۆ خوا كە تاڕادەیەكی بەرز توانرا ژمارەی نەخۆش و قوربانیەكان كەم بكرێتەوە.