دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: عێراق لەناو قەیرانێكی گەورەدایە و ناچارە بەویستی لایەنە سیاسییەكان و ئەجیندەی دەرەكی كۆمەڵێك رێكاریی خراپ بگرێتەبەر

دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  عێراق لەناو قەیرانێكی گەورەدایە و ناچارە بەویستی لایەنە سیاسییەكان و ئەجیندەی دەرەكی كۆمەڵێك رێكاریی خراپ بگرێتەبەر
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئابووری عێراق بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند:
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئابووری عێراق بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند: بەهۆی قەیرانی كۆرۆناو نەوت و ناسەقامگیری سیاسی و خراپبوونی دۆخی ئەمنی و سەرهەڵدانەوەی داعش و كۆنترۆڵكردنی ئیدارەو كاروباری دەوڵەت بەدەست كۆمەڵێك میلیشیاتی چەكداریی و لایەنی سیاسییەوە كە لەدەرەوەی عێراق ئاراستە دەكرێن وڵات كەوتووەتە ناو قەیرانێكی زۆر گەورەو مەترسیدارەوە كە لەمێژووی خۆیدا رووبەرووی قەیرانی وا گەورە نەبووەتەوە، لەناو ئەم قەیرانەدا لەبری ئەوەی پێكەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەدوای ڕێگە چارەسەرەكاندا بگەڕێن و كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن ، كەچی لایەنە سیاسییە شیعەكان دۆخەكەیان ئاڵۆزتر كرد بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوان هەمووی پێكەوە بە پاساوو بیانووی جۆراوجۆرو بە ئیجتیهادی خۆیان خوێندنەوە بۆ بابەتی نەوتی كوردستان و موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم دەكەن، دۆخەكەیان وا لێكردووەو رای گشتیان وا تێگەیاندووە كە ئەوە هەرێمی كوردستانە نەوت بۆ عێراق نانێرێت و داوای پارەش بۆ موچەی فەرمانبەران دەكەن ، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو تا ئێستاش حكومەتی عێراق داهاتی ئەو بڕە نەوتەی كوردستان كە لە رۆژێكدا 250 هەزار بەرمیل بوو راستەوخۆ لەپشكی هەرێمی كوردستانیان لەبودجەی گشتی عێراق بڕیوە، هەربۆیە نانەوەی ئەم كێشەیە لەم كات و ساتەدا هیچ سەنەدو بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە بەتایبەتی كە نە سەرۆك وەزیران بڕیاری لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوە نە وەزیری دارایی ئاگاداری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەی بڕیاری داوە هەندێك كەس و لایەنی سیاسییە لەناو ئەمینداری گشتی و لەژێر فشارو ئەجیندەی دەرەكییەوە ، ئەمڕۆ عێراق و كوردستانیش لەناو چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەمەریكاو ئێراندایە و قوربانی سەرەكی ئەم ململانێیەش گەلانی عێراق و گەلی كوردستانە ، دۆخەكە ئەگەر بەهای نەوت بەمشێوەیەی ئێستا بێت زۆر خراپتر دەبێت و لەكۆتایدا عێراق ناچار دەبێت پەنا بۆ یەدەكی دراوی بیانی بانكی ناوەندی و قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی ببات بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی چونكە تەنیا تا كۆتایی ئەمساڵ بەم بارودۆخە خراپەو لەگەڵ ئەگەری بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت بەردەوام بێت و موچەی فەرمانبەرانی بدات. ئەوان لەم بارودۆخە خراپەدا دەستیان كردووە بەدژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی هەندێك هەنگاوی بەپەلە و گرنگی دارایی و ئابووری و كەمكردنەوەی خەرجیەكانیان بدەن ، ئەوەتا ئەوان پێشتر دەیانگوت چەند نەوت بۆ ئێمە بنێرن كارێكی باشە بۆ ئەوەی ئێمەش بەرامبەر خەڵكی و لایەنگرانی خۆمان وەڵاممان هەبێت، كەچی ئێستا ئەوان دەڵێن ئێوە نەوتی خۆتان دەفرۆشن و داهات نانێرن و داوای پارەش دەكەن بۆ موچەی فەرمانبەرانتان ، كاتێك شاندەكەی كوردستان دەڵێت 250 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا تەسلیم دەكەین كەچی ئەوان ئەمجارە دەڵێن ئەمە چارەسەر نییە و گوایە متمانەیان پێمان نییە، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە عێراق نەوتی كوردستانی ناوێت لەكاتێكدا نەوت نرخەكەی زۆر دابەزیوەو بگرە كڕیاری كەم بووە ، ئەوان دەڵێن ئەگەر نەوت گران بووەوە جارێكی دیكە ئێوە نەوت نانێرن واتە گرفتێكی گەورەی نامتمانەیی لەنێوان هەرێم و عێراقدا دروست بووە و دەستی دەرەكیشی تێكەوتووە ، بەپێی ئەو زانیاریی و شارەزاییەی من لەم مەسەلەیەدا هەمە بابەتەكە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە لەلایەك عێراق كۆمەڵێك میلیشیات حوكمی دەكات و بابەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەستراوەتەوە بەكۆمەڵێك ئەجیندەی دەرەكییەوەو لەدەرەوەی سنوورەكانەوە ئاراستە دەكرێن، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی عێراق خۆی لەخۆیدا لە ئێستادا كەوتووتە ناو كێشەیەكی قورسەوەو داهاتەكەی بەهۆی كۆرۆناو راوەستانی كاروچالاكی ئابووری و دابەزینی بەهای نەوتەوە بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار رووی لەكەمی كردووە، ئەمە جگە لەوەی عێراق لە ئێستادا خۆی ناتوانێت ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت بیفرۆشێت ، لێژنەی دارایی لەوەزارەتی دارایی پێی وتین ئێمە لە ئێستادا پێویستمان بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ موچە و پسوولەی خۆراك و دەرمان و ئەو نەوتەی بەم نرخەی ئێستا دەیفرۆشین نزیكەی 1.5 تریلیۆن دیناریان دەست دەكەوێت واتە لە 20%ی خەرجیەكانیان و پێویستە 6 تریلیۆن دینار قەرز بكەن، ئیتر ئەم قەرزە لەبانكی ناوەندی عێراق وەردەگرن یاخود لە رێكخراوو ئاژانسە نێودەوڵەتیەكان یاخود لەخەڵكی و دەرماڵەی فەرمانبەران وەردەگرن یاخود خەرجیەكان بەڕادەیەكی زۆر گەورە كەم دەكەنەوە ، بەشێوەیەكی گشتی عێراق لەناو قەیرانێكی گەورەی دارایی و ئابووریدایە و ناچارە كۆمەڵێك رێكاری خراپ بگرێتەبەر.

سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق وتی : چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەمشێوەیە نابێت هەمووجارێك گرفت و كێشەمان بۆ بنێنەوەو هەرجارەو قسەیەك بكەن و خواست و داواكارییەكانی عێراق ناروون و ناشەفافە، ئێمە هەموو زانیارییەكمان لەسەر داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان و ووردەكاریی لیستی موچەخۆرانی هەرێم پێشكەش بە حكومەتی عێراق كردووە، تەنانەت لەكاتی دانیشتن و گفتوگۆدا ئێمە لە بودجەی 2020ی عێراقدا بەدەنگ داواكارییەكانی ئەوانەوە چووین و هەموو داتاو زانیارییەكانمان داونەتێ بەوەی چیمان لای حكومەتی ناوەندی هەیە و ئەوانیش چیان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە ئێمە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێمان وایە هەموو كێشەكان پێویستە بەیەك باكێج چارەسەر بكرێن، من پێم سەیر بوو شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كاتێك سەردانی بەغدای كرد هیچ پەیوەندییەكی بەئێمەوە نەكرد لەكاتێكدا ووردەكاری هونەری و بابەتی ئەم مەسەلەیە لەلای منە ، چەند جارێك هەوڵی پەیوەندیم بە شاندەكەوە كرد هیچ سوودێكی نەبووە منیش لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە گوێبستی دانیشتن و چاوپێكەوتنەكانی شاندی هەرێمی كوردستان بووم لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان ، پێشتریش كاتێك من سەرۆكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بووم و بەووردی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقمان داڕشتووەو گفتوگۆیەكی باشمان لەناو هۆڵی پەرلەمان لەسەرئەم بابەتە كردوو توانیمان بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانمان لەناو ململانێ سیاسی یەكان و كێشە سیاسییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربهێنین، پێویستە لێژنەیەكی هاوبەش لەسەر ئاستێكی باڵا دەبنیشن و رێكەوتنێك واژوو بكەن و ووردەكارییەكانی ئەو رێكەوتنە بهێنرێتە ناو پەرلەمان و رەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەكی دەستووری و یاسایی و چارەسەرێكی بنەڕەتی و كۆتایی بۆ ئەم كێشەیە ، نەك هەر كەس و لایەنێكی سیاسی و گروپێك بێن و دەست ببەن بۆ موچەو بژێوی خەڵكی كوردستان و گەمە بە باروگوزەرانی ژیانی خەڵكەوە بكەن ، ناكرێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای میلیشیات و گروپی حزبی و چەكداری دابڕێژرێت و كۆنترۆڵی حكومەت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمدا بكەن لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ویست و ئەجیندەی خراپ.





دیمانه / شەماڵ نوری
Top