خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان : بەغدا نەك تەنیا 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە پشكی بودجەی كوردستان بڕیوە بگرە هیچ كاتێك ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی وەكو خۆی نەناردووە

خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان :  بەغدا نەك تەنیا 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە پشكی بودجەی كوردستان بڕیوە بگرە هیچ كاتێك ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی وەكو خۆی نەناردووە
راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە كە هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەی مستەفا كازمی لەم كاتەدا كە دنیا سەرقاڵی كۆرۆناو لێكەوتەكانێتی ، دژایەتیكردنێكی راستەوخۆی ئەو لایەنە سیاسییە دەستڕۆشتووانەی بەغدایە بەرامبەر خەڵكی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەكەی مستەفا كازمی و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق كرد لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.دیمانە : شەماڵ نوری
• وەكو ئاشكرایە كورد لەسەر بنەمای پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان دەنگ بە پێكهێنانی كابینە وەزارییەكەی مستەفا كازمی دەدات، ئایا تاچەند لە پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا رەچاوی تەوافوق و ویست و داواكارییەكانی كورد كراوە بەتایبەتی دوای ئەو كارە دوژمنكارییانەی كە هەندێك لایەنی سیاسی لەبەغدا بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێیان كردووە؟
- رەچاوكردنی بەشداریكردنی پێكهاتە و كەمینەكان لەعێراقدا مەرجی سەرەكی سەركەوتنی هەر كابینەیەكی حكومەتە لەئێستاو لەداهاتوودا، لە 2003 ەوە حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق و بەشداریكردنی پێكهاتە سەرەكییەكان دامەزراوە ، سەرۆك مەسعود بارزانی چەندین جار ئەمەی راگەیاندووە كە بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد ناكەین، تەنانەت جەنابی سەرۆك پێی وایە پێویستە بەشداریكردنی كورد لە حكومەتێكدا بێت كە لەسەر بنەمای بوونێكی راستەقینە دامەزرابێت، خۆ ئەگەر مافە دەستوورییەكانی كورد بەهەند وەرنەگیرێت و تەواجودێكی راستەقینەمان لەپرۆسەی سیاسی نەبێت و بۆ دانانی وەزیرەكان و ڕاوبۆچوونەكانی كورد بەهەند وەرنەگیرێت ئەوا لەو حكومەتە دەكشێینەوە، ئێمە نامانەوێت سەرۆك وەزیرانی نوێ پێوەری هاودژ و جیاواز بەكابهێنێت و جیاكاریی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی شیعە و كورد دا بكات، بۆ نموونە ناكرێت لە هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەكانی لایەنە شیعەكاندا رەچاوی ویست و خواستی ئەوان بكرێت كەچی بۆ ئێمەی كورد ئەو ئازادیی و رەچاوكردنە نەبێت.

• بەڵام ئەوان پیانوویان وایە ئەمە پاڵپشتیكردنە لە سیستەمی موحاسەسەكردن، ئایا جیاوازی نێوان سیستەمی تەوافوقی لەگەڵ موحاسەسەكردندا چی یە؟
گرفتەكە لەوەدایە زۆرجار لەلایەن هەندێك پەرلەمانتاری دژ بەكورد و ئەو لایەنە سیاسییانەی بەغدا وشەكان وەكو خۆی بەكارناهێنرێن و بۆ بەمەبەست و مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی بەكاردەهێنرێن، جیاوازییەكی گەورە لەنێوان سیستمی تەوافوقی و سیستمی موحاسەسەكردندا ( پشك پشكێنە)هەیە، سیستمی تەوافوق مەبەست لێی بەشداریكردنی پێكهاتەو كەمینەكانە لەحكومەتدا تاوەكو زۆرینە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە نەكات و ویست و خواست و مافەكانی پێكهاتەكان و كەمینەكان پێشێل نەكەن . هەروەكو ئەوەی ئێستا روودەدات بێ هیچ بنەمایەكی دەستووری و یاسایی راستەوخۆ لەسەر ویست و مەبەستی ژێربەژێری چەند لایەنێكی سیاسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، بگرە پروپاگەندەی ئیعلامیش بەكاردەهێنن گوایە هەرێم پابەندی رێكەوتنی تەسلیمكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە نەبووە لەكاتێكدا مانگانە داهاتی ئەو بڕە نەوتە بەزیادیشەوە دەبڕدار و هەرگیز هیچ كاتێك بەتەواوەتی بەشە بودجەی هەرێم نەنێردراوە بگرە ئەو رێژە كەمەی لەناو یاسای بودجە كە لە2019 دایانناو رێژەی 12.67% لەكۆی گشتی بودجەی عێراق بوو ، بەشێوەیەكی گشتی لە 12 تریلیۆن و 841 ملیار دیناری پشكی كوردستان لە بودجەی گشتی حكومەتی عێراق تەنیا نزیكەی 5 ملیار دیناری ناردووە، لەلایەكی دیكەوە هەموو ئەو كۆمەڵكوژی و وێرانكردنی گوندو ماف و شایستەداراییەكانی هەرێم لەقەرزو پارەی نەدراو بەپێشمەرگەو هەرێم كە دەگاتە نزیكەی 80 ملیار دۆلار نەدراوە بەهەرێمی كوردستان ، كەچی سەرەڕای ئەم هەموو زوڵم و نەدانی ماف و شایستە داراییانە ئەوان دەستپێشخەری دەكەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕن، ئەوەیان لەبیر كردووە لەرۆژە رەش و ناخۆشەكانی داعش دا ئەوە كورد بوو دەرزازەكانی بۆ ئاوارەكانی كردەوەو هاوكاری هێزی پێشمەرگە نەبووایە هەرگیز ئەو ناوچە فراوانەو شاری موسڵیان بۆ ئازاد نەدەكرد، لەرووی یاسایشەوە لەماددەی 10ی بڕگەی ج هاتووە لەكاتی تەسلیم نەكردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیلە تەنیا ئەو داهاتە لەبەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت نەك بڕینی هەموو بودجەكەو دەستبردن بۆ باروبژێوی خەڵكی كوردستان .
• بەڵام ئەو هێزە سیاسییانەی لەپشت بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوەن لەماكینە ئیعلامیەكانیاندا وا نیشانی دەدەن ئەوە كوردە بوونەتە هۆی بارگرانی لەسەر ئابووری عێراق و زیانی بەگەلانی عێراق گەیاندووە؟
- بەداخەوە ئەم قسەیە هەندێك لەكاڵفام و كەسانی نانیشتمانی و نەتەوەیی لەناو خۆی كوردستانیشدا بەكاری دەهێنن، ئەو راستیانەی سەرەوەیان لەبیركردووە كە بەغدا بەهیچ شێوەیەك تا ئێستا هەموو ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانی نەناردووە، پارتی لەمەدا باجی زۆری داوە بەوەی لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی موچەخۆران و خەڵكی كوردستان هاتووەتە دەنگ و رووبەرووی ئەو لایەنانە بووەتەوەی، خەڵكی عێراق باش ئەو راستیە دەزانن ئەوە هەرێمی كوردستان نییە باروگوزەرانی ئەوانی خراپ كردووە، لێرەدا نموونەیەك باس دەكەم دەزانن لەساڵی 2003 ەوە بەپێی راپۆرت و ئامارەكانی لەبەردەستدایە عێراق لەگەندەڵی 450 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، خراپی ئیدارەو بەڕێوەبردنی دۆسێی نەوت و ئابووری وڵاتی گەیاندووە بەم بارودۆخە سەختە ، هەموو خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیانی عێراق كە لە 2018 دەستی پێكردووە لەدژی گەندەڵی و خراپی باروگوزەران و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بووە، زۆرجار ئەم تاقم و گروپانەی دژ بەكوردن ویستوویانە دۆسێی گرفت و كێشەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمدا بەلاڕێدا ببەن ، بەڵام نەك هەر نەیانتوانیوە بگرە ئەمڕۆ لەعێراق هەموو كەسێك دەزانێت كە سیاسەت كۆنترۆڵی ئابووری كردووەو، مەنتیقی عەقڵ و زانستی و ئابووری لەم هاوكێشەیەدا بوونی نییە ، ئەوان بڕینی موچەو بودجەی خەڵكی كوردستانیان وەكو كارتێكی فشار دژ بەخەڵكی كوردستان و گەلەكەی بەكارهێناوە، ئەو لایەنە سیاسییانە لەبەرژەوەندییان نییە هەرێم و بەغدا لێكنزیك بنەوەو تێگەیشتنیان لەنێوانیاندا هەبێت و كێشە هەڵپەسێردراوەكان روو لەچارەسەركردن بكات ، ئەوان خوازیارن ئەجیندەو مەرامی خۆیان جێبەجێ بكەن و ڕاوبۆچوونی شەقامی عێراقی كە ناڕازییە لێیان بەرەو ئەم ململانێیە سەرقاڵ بكەن، جێگەی داخیشە لەناوخۆی هەرێم و لەناو پەرلەمانتارە كوردەكانیش دا كەسانێك هەن بیر لەوە ناكەنەوە كەبەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان لەریزبەندی پێشەوەی ئەرك و كارەكانیانە لەبەغدا، ئەوان نوێنەری گەلی كوردستان و داكۆكیكاری مافەكانی ئەم گەلە زوڵم لێكراوەیە. ئەوان باش دەزانن كە نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا تەنیا لەبەرژەوەندی گەلی كورد نییە بەڵكو لەبەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدایە، تەنیا لایەن و كەسانێك لە نزیكبوونەوەی گەلی كوردستان و حكومەتی عێراق زیانیان بەردەكەوێت كە كەوتوونەتە ژێر ئەجیندەی تایبەتی و گومانلێكراوەوە، لەم قۆناغە سەختەی كۆرۆناو لێكەوتە مەترسیدارەكانی ئابووری زۆر گرنگە هەرچی كێشەو گرفت هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن و متمانە چارەسەری بكەین. لەم وانگەیەوە ئومێدم زۆرە دواجار بارگرژییەكان روو لەچارەسەركردنی بكەن و گەلی كوردستان و گەلانی عێراقیش لە بارودۆخێكی باشی ئابووری و خزمەتگوزارییەكی بەرزدا ژیان بەسەر ببەن و ئیتر ئەوەندە سیاسییەكان گەمە بەكارتی موچەو ئابووری و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانەوە نەكەن .
Top