دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان بۆ گوڵان : ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەپێناو زاڵبوونی بەسەر كۆرۆنا و لێكەوتەكانی دا بەنزیكەی 1 ملیار دیناری ه
April 23, 2020
دیمانەی تایبەت
هەرچەندە هێشتا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەو كوردستان تەواو نەبووە، بەتایبەتی كە تاكو ئێستا دەرمان و ڤاكسینێك بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشی یە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی رێكارەكانیهەرچەندە هێشتا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەو كوردستان تەواو نەبووە، بەتایبەتی كە تاكو ئێستا دەرمان و ڤاكسینێك بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشی یە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی خەڵكی بۆ جێبەجێكردنی هەموو رێنمایی و راسپاردەكان هەرێمی كوردستانی عێراق لەسەر كەوتن بەسەر كۆرۆنادا نزیكبووەتەوەو چمارەو داتاكانی تووشبووان و ئەوانەی لەنەخۆشخانەكان ماونەتەنەوە زۆر رووی لەكەمی كردووە، لێكەوتەكانی كۆرۆنا لەسەر بازرگانی و باروگوزەرانی خەڵكی و كاسبكاران و رێگرتن لەئەگەری دروستبوونی قەیرانی خۆراك لایەنێكی دیكەی گرنگ بوو، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی بارزگانی و ئابووری و بارودۆخی جموجوڵی بازرگانی لەسەر سنوورەكان و لەنێوخۆی كوردستان ، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان كرد لێرەدا چوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
• وەكو سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە ئێستا بارودۆخی رەوشی بازرگانی لەهەرێمی كوردستاندا لەچی ئاستێكدایە؟
- كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری و بەتایبەتی لەسەر جموجوڵی بازرگانی نێوان وڵاتان زۆر مەترسیدار بوو، بەو پێیەی زۆربەی وڵاتان سنوورەكانیان لەسەر هاتوچۆكردن راگرتووە ، ئەمە وێڕای ئەوەی لەدۆخێكدا كە ناسەقامگیری تێدا بێت سەرمایەدارو بازرگانەكان بەپێی پێویست كاڵاو شمەكەكان ناهێنن، هەرچۆنێك بێت ئێمە وەكو ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و ئەنجومەنی كارگێڕی هەموو ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان توانیمان وێڕای ئەوەی ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بووین و دەواممان كردووە و پێشنیارو راوبۆچوونی باشمان پێشكەش كردووەو توانیومانە كارئاسانی بۆ بازرگانەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنەكان و پارێزگارەكان دۆخی بازاڕ رابگیرن و مۆڵەت بدەین بەكاسبكاران و بازرگانەكان بۆ ئەوەی بەكاروكاسبی خۆیان هەڵسن، وەكو ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان سوپاسی بارزگان و كاسبكارەكانی خۆراك و دەرمان و پێداویستی یە سەرەكییەكان دەكەین كە توانیان رێگربن لەكەتنەوەی قەیرانی خۆراك و تەنانەت بەهاو نرخی كاڵاو كەلوپەلەكان بەو رادەیە بەرز نەبووەوە كە جێگای نیگەرانی بێت ، هەروەها سوپاسی خۆڕاگری هاوڵاتیان و كاسبكارو دوكاندارەكان دەكەین كە پابەندی رێنمایی و راسپاردەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بوون و هەمووان پێكەوە توانیمان لە سەركەوتنی كۆتایی بەسەر كۆرۆنادا نزیك بینەوە.
• یەكێك لەدیمەنە جوانەكان هاوكاریی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازەكان و لایەنی تەندروستی بوو لەلایەن گەورە بازرگان و بیزنسكارانی كوردستانەوە ، ئێوە وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دەربارەی ئەم یارمەتی و هاوكارییانە چەند چالاكیەكتان هەبوو ، ئایا بەنیاز نین لەدوارۆژدا ئەم لایەنە زیاتر گرنگی پێ بدەن؟
- وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر توانیمان بەدابینكردنی چەند ئامێرێكی هەناسەی دەستكرد یارمەتیان بدەین بەبەهای 140 ملیۆن دینار، ئەمە وێڕای ئەوەی بڕە پارەیەكمان بۆ دامودەزگا خێرخوازییەكان دابین كرد وەكو دەزگای خێرخوازی بارزانی و روانگە و بڕە پارەیەكشمان بۆ هاوكاری خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت دابین كردوو بەسەر ژمارەیەك لە هەژارو خەڵكی كەم دەرامەت بەڕێگەی پارێزگاری هەولێر دابەشمان كرد، هەموو ئەم هاوكارییانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر نزیكەی 1 ملیار دینار بوو لەم هاوكارییانەش بەردەوام دەبین .
• وا لەسەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا نزیك دەبینەوە وەكو ژووری بارزگانی و پیشەسازیی كوردستان بەنیازن چی هەنگاوێكی دیكە بنێن و پلان و بەرنامەی داهاتووتان چی یە؟
- ئێمە لەئێستادا كۆمەڵێك كارو بەرنامەمان داناوە بۆ ئەوەی لەقۆناغی دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهەماهەنگی و هاوكاریی لەگەڵ بازرگان و پیشەسازیكاران چۆن بتوانین رەوشەكە ئاسایی بكەینەوەو لەهەمان كاتدا هاوكاریی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانی بازرگانی بكەین لەبواری ئاسایكردنەوەی تەواویی جموجوڵە بازرگانییەكان ، بۆ ئەمەش پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكانی حكومەت و دەستەی وەبەرهێنان و رێكخراوە مەدەنیەكانی وەكو یەكێتی وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و ئابووریناسان بەهێز بكەین ، هەروەها لەگەڵ ئابووریناسان و كەسانی ئەكادیمی و شارەزا لەبواری ئابووری و بارزگانی و پیشەسازیی بەرنامەیەكی گرنگمان لەبەردەستدایە كە چۆن ئابووری كوردستان بەرەو ئابوورییەكی هەمەجەشنەو جۆراوجۆر ببەین ئەوەندە پشت بە كەرتی پترۆڵ نەبەستین بەڵكو بەرەو ئابووری كشتوكاڵی و پیشەسازیی و بوژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی هەنگاو بنێین، لەمەشدا هەمووان پێویستیمان بە نەخشە ڕێگایەك هەیە بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و داهاتی ناوخۆ و دەستبەرداری ئابوورییەكی تاك لایەنەی نەوتی خاو ببین بەڵكو نەوتیش لە پێناو پەرەپێدان و بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێم بەكاربهێنین.
• ئەو رەوشە جیهانیەی باڵی بەسەر ئابووری و بارزگانی جیهان و دابەزینی بەهای نەوت دا باڵی كێشاوە تاچەند كاریگەریی لەسەر ئابووری كوردستان دەبێت ، ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆناو قەیرانی نەوت و قەیرانی ئابووری جیهان لەسەر هەرێمی كردستان كەم بكرێتەوە؟
- ئەوە ئەو پرسیارە گرنگەیە كە هەمووانی سەرقاڵ كردووە، هەربۆیە ئێمە لە ژوورە بارزگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان بڕوامان وایە قۆناغی داهاتوو قۆناغی پەرەپێدان دەبێت بەئابووری نیشتمانی و زیادكردنی بەرهەمی نێوخۆیی، چونكە ئابووری جیهان لەبارودۆخێكی وادا نییە ئێمەی كوردستانی پشتی بێ ببەستین، زۆر لەو بەرهەمانەی هەرێمی كرودستان لەوڵاتانی باشوری ئاسیاو ئەوروپا و وڵاتانی دەوروبەرەوە دەهێنرانە هەرێمی كرودستان بەهاكانی روو لەبەرزبوونەوەیە ، ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی عێراق لەتوانایدا نییە لەم بارودۆخە سەختەدا لەتوانایدا نییە بتوانێت هەڵاوسان راگرێت و كورتهێنانی بودجە كەم بكاتەوە ، واتا لەلایەكی دیكەوە بەهای دیناری عێراقی روو لە دابەزینە خۆ ئەگەر بانكی ناوەندی عێراق لەرێگەی ئەو مەزادەوە بەهاكەی رانەگرێت دۆخەكە زۆر دژوار دەبێت، كاتی ئەوە هاتووە لەم ناوچە نائارام و پڕ لە پشێوییەدا پشت بەبەرهەمی نێوخۆیی و داهاتی ناوخۆ ببەستین ، ئەمەش تەنیا بەبەشدارییەكی كارای كەرتی تایبەت دەبێت لەزۆر سێكتەری دیكەی نێوخۆ كە لەئێستادا لەلایەن كەرتی گشتی بەڕێوەدەبرێت. كۆرۆنا بووە بەندو وانەیەك بۆ ئێمەی كورد بەتایبەتی لەو بوارانەی كە هەست بە بوونی بۆشاییەكی گەورە دەكرێت .
• وابزانم زیاتر مەبەستت پاراستنی ئاسایشی خۆراكی و دەستكردنە بەپەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی ؟
- بەڵێ ئەم لایەنە زۆر گرنگە راستە سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكارمان بوو بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت قەیرانی خۆراكی لەهەرێمی كوردستان دروست بێت بەڵام دەبێت لەواڕۆژدا ئەم كەلێنەش بەتەواوەتی چارەسەر بكرێت، ناكرێت لەوڵاتێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە لەرووی ژینگەو خاك و ئاوو هەواو جوتیار و ئەو هەموو گوندە بین كەچی زۆربەی خۆراك و پێداویستیەكانمان لەدەرەوەی كوردستان بێت، هەنگاوی یەكەممان پێویستمان بەبوژانەوەی كشتوكاڵە دواتر هەنگاوی دووەم دامەزراندنی كۆگاكانی ساردكەرەوەی گەورەیە لەو دەشتە كشتوكاڵیانەی كە لەكوردستاندا هەیە دواتر دەست بە دامەزراندنی كارگەكانی پیشەسازیی خۆراكی بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرووبووم و سامانە كشتوكاڵی و ئاژەڵیەی بەرهەم دێت لەناو ئەو كارگانەدا ساخ بكرێتەوەو بەشێوەیەكی رێكوپێك بخرێتە بەردەستی كڕیارو دواتر كڕیاری ناوچەكانی دیكەی عێراق و جیهانی بۆ بدۆزینەوە.
• لەدنیای پێشكەوتوودا ئەمە بەكەرتی تایبەت بەڕێوەدەچێت، ئایا ئێوە وەكو نوێنەرانی بازرگانی و پیشەسازیكارانی كوردستان داواتان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان چی بە؟
- ئێمە ئەندامین لەئەنجومەنی باڵای ئابووری كوردستان لەدوا كۆبوونەوەی ئەم ئەنجومەنە وەرەقەی كاری ئێمە خوێندرایەوەو جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیەكی باشمان دەكات، تەنانەت بڕیار بوو كۆنفرانسێكی ئابووری گەورە رێكبخەین بەڵام هاتنە پێشەوەی ئەم قەیرانەی كۆرۆنا كارەكەی دواخست ، ئێمە لەئێستادا بەهاوكاریی و پاڵپشتی رێكخراوە پەیوەندارەكانی تایبەت بەئابووری و وەزارەت و كەسانی شارەزاو كۆمپانیاكان سەرقاڵی ئەوەین چۆن بتوانین نەخشە ڕێگایەك بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ ئامادەبكەین. رێكارەكان بەشێوەیەكی گشتی ئازار بەخش بوو بەڵام ناچار بووین بۆ ئەوەی ئەو پەتا كوشندەو مەترسدارە لەخەڵكی كوردستان دوور بكەوێتەوە ، لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەكە ئومێدمان زۆرە كارئاسانی بۆ بازرگانەكان و كاسبكاران بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان بتوانن خزمەتی زیاتری خەڵك بكەن و كۆنترۆڵی زۆربوونی خواست و نرخەكان بكرێت، لەكۆتاییدا هەر ئەم پەتاو نەخۆشیە كۆتایی دێت بەڵام دەبێت بۆ هەموو ئەگەرێكی دیكەی ناخۆش خۆمان ئامادەبكەین و ئابووری كوردستان بەهێز بكەین .