مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ گوڵان : گفتوگۆو دانوستانەكانی هەرێم و عێراق لەسەر نەوت و كارەبا و پەیوەندییە ئابوورییەكان ئومێد بەخشە
April 20, 2020
دیمانەی تایبەت
لەگفتوگۆیەكی تایبەت بە گۆڤاری گوڵان كە لەگەڵ مەسعود حەیدەرراوێژكاری بارزانی لەلایەن ئابووریناس شەماڵ نوری ئەنجام درابوو؛ راوێژكاری سەرۆك بارزانی سەبارەت بەدۆخی دارایی و ئابووری عێراق ئەوەی خستەڕوولەگفتوگۆیەكی تایبەت بە گۆڤاری گوڵان كە لەگەڵ مەسعود حەیدەرراوێژكاری بارزانی لەلایەن ئابووریناس شەماڵ نوری ئەنجام درابوو؛ راوێژكاری سەرۆك بارزانی سەبارەت بەدۆخی دارایی و ئابووری عێراق ئەوەی خستەڕوو كە دۆخی دارایی عێراق باش نییە و حكومەتی عێراق ناچارە كۆمەڵێك رێكاری ئابووری و دارایی و ئیداریی پەیڕەو بكات بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بكات لەو قەیرانەی تێیكەوتووە، بەتایبەتی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ، راوێژكاری بارزانی لەم گفتوگۆیەدا تیشكی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی دانوستانەكەی ئەم دواییەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا .
مەسعود حەیدەر راوێژكاری بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق لەبواری ئابووری دا گوتی:( پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبەرژەوەندی هەردوو لادایە و سوودێكی گەورەی بۆ دەربازبوون لەقەیرانە دارایی و ئابوورییەكان هەیە، بەتایبەتی كە لەئێستادا ژینگەیەكی لەبار بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەو بەهێزكردنی هەیە و لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر بەهێزكردنی ئەم پەیوەندییانەو دانوستاندن بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم كراوەتەوەو گفتوگۆكانی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێم و عێراق ئومێد بەخشە. بەشێوەیەكی گشتی گەیشتن بەتەكامولی ئابووری لەنێوان هەرێم و عێراقدا سوودێكی ئێجگار زۆری بۆ ئێمەی كوردستانیان هەیە ،چونكە هەرێمی كوردستان مامەڵە بە دراوی دینار دەكات كە ئەو دراوە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە سیاسەتەكانی بۆ دادەڕێژرێت، یلەكۆتاجاریشدا هەر سیاسەتێكی نەختینەیی كە حكومەتی عێراق پەیڕەوی دەكات راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئێمەش دەبێت، بەهێزكردنی ئەم پەیوەندییانەی نێوان هەولێر و بەغدا لەرووی بازرگانی و ئابوورییەوە سەقامگیرییەكی باش بە ئابووری هەردوو لا دەدات، ئەمە وێڕای پەیوەندییەكانی تایبەت بەدۆسێی نەوت و غازی سروشتی، بەرەوپێشچوونی ئەم گفتوگۆیانە بارودۆخێكی نوێ لەنێوان هەرێم و عێراقدا دەخوڵقێنێت بەوەی چیتر دۆسێی ئابووری نەكرێتە قوربانی ململانێ و پرسە سیاسییەكان، لەم قۆناخە سەخت و دژوارەی كە جیهان و هەموو گەلانی دنیا پێیدا تێپەڕ دەبێت كاتی ئەوەهاتووە هەمووان پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی گرفتە ئابوورییەكان و لێكەوتەكانی قەیرانی كۆرۆنا بكەینەوە، گفتوگۆكانی ئەمڕۆی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەم چوارچێوەیەدا دێت و هەردوو لا چەندین تەوەرەو بابەتی گرنگی ئابووری و نەوت و وزە و كارەبا و شایستە داراییەكانی هەرێمیان تاوتوێكرد، بەمەش پرسە ئابوورییەكان و پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و عێراق لەچوارچێوەی بابەتە سیاسییەكان سەیر ناكرێت و ئەوەندە موزایەدەی لەسەر ناكرێت .
راوێژكاری بارزانی باسی لەدوو تەوەرەی گرنگی ئەم پەیوەندییانە كرد ئەویش نەوت و كارەبایە سەبارەت بەم بابەتە وتی: (هەرێمی كوردستان جگە لەوەی خاوەنی نەوت و غازی سروشتییە خاوەنی چەندین وێستگەی كارەبایە كە ئەگەر عێراق سوتەمەنی بۆ دابین بكات دەتوانرێت سوودێكی یەكجار زۆری بۆ هەردوولا هەبێت، چونكە لە ئێستادا حكومەتی عێراق ساڵانە 3 ملیار دۆلار غاز و سوتەمەنییەكانی دیكە لە وڵاتی ئێران دەكڕێت و بڕە پارەیەكی زۆری عێراق دەچێتە ئەو وڵاتە، لەمبارەیەوە حكومەتی عێراق دەتوانێت سوود لەو غازە وەربگرێت كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە و ئیشپێكردنی تەواویی یەكەكانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباشی بگۆڕێت لە گازوایلەوە بۆ غازی سروشتی، لەم پرۆسەیەشدا حكومەتی عێراق سوودێكی یەكجار گەورە دەكات بەوەی خەرجییەكی زۆری بۆ دەگەڕێتەوەو پارەكەشی ناچێتە دەرەوەی عێراق و دراوەكەی بەهێز دەبێت، لەهەرێمی كوردستانیشدا تەواویی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی و كارەبا سوودێكی گەورە دەكەن بەوەی دەتوانن بەتەواویی توانای خۆیانەوە كار بكەن بۆ نموونە لەرووی بەرهەمهێنانی كارەبادا وێستگەكانی كارەبای هەرێم لەتوانایاندا هەیە لەسەرووی 6000 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سوتەمەنییەوە لەئێستادا تەنیا 3200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، لەمەشدا كۆمپانیاكانی ناوخۆ دەتوانن ئەو قازانجە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی بەرهەمهێنان و فراوانبوونی كارەكانیان خەرج بكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕە باج و رسوماتی خۆی لێیان وەربگرێت و بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری كوردستان و بەرژەوەندی گشتی خەڵكی خەرجی بكات). سەبارەت بەگرفتی زۆری ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق و موچەخۆرانی راوێژكاری بارزانی بە گوڵانی راگەیاند:( هۆكاری قەیران و گرفتی دارایی و ئابووری عێراق تەنیا دەرەكی نییە بەڵكو بۆ خراپ بەرێوەبردنی ئابووری و سیاسەتە هەڵەكانی دارایی و نەختینەیی دەگەڕێتەوە ئەمە جگە لەوەی بودجەی وڵاتەكە بارگران بووە بەژمارەو موچەیەكی زۆری فەرمانبەرانی كەرتی حكومی و كە ساڵانە موچەكانیان 50 ملیار دۆلار دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا تواناو بەرهەمی دامودەزگاكانی حكومەت زۆر لاوازە ، حكومەتی عێراق دەبێت هەنگاوێكی بنەڕەتی و یەكلاكەرەوە و بووێرانە بنێت بەرەو چارەسەركردنی بنەڕەتی ئەم گرفتە چ لەرێگەی چاوخشاندنەوە بەموچەو ژمارەی زۆری فەرمانبەرانی كەرتی گشتی یەوە بێت یاخود لەرێگەی بەهێزكردنی كەرتی گشتی و زامنكردنی هەلی كار بۆ گەنجانەوە بێت ، بەوەی ئەم كەرتە ئەوەندە بەهێز بكات چیتر كەرتی گشتی ئەوەندە سەرنج راكێش نەبێت و كەس ئامادە نەبێت لەكەرتی گشتی دابمەزرێت، بەڵكو هێزی كار بەرەو كەرتێكی تایبەتی دامەزراوەیی و بەهێز بچێت كە ئیمتیازاتەكان و مافی خانەنشینی و موچەی باشتر بێت و هەموو مافەكانی كرێكارو كارمەندانی كەرتی تایبەت پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت ببێتە داینەمۆی ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش ، هەروەها حكومەتی عێراق رووبكاتە تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ پرۆژە ستراتیژییەكانی كە دەتوانم بڵێم بەشێوەیەكی تەواو فەرامۆش كراوە ).
مەسعود حەیدەر سەبارەت بە مەلەفی نەوت و ئەگەری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت وتی : ( بەداخەوە تا ئێستا بیروبۆچوون و تێڕوانینی عێراقی بەرەو بەمەركەزیكردنی نەوت لە پرۆسەكانی -گەڕان و پشكنین و دەرهێنان و ناردنە دەرەوەو فرۆشتن دەچێت، ئەمە لەكاتێكدا توانای بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان بووەتە پرسێكی یاسایی و دەستووری و ئابووری و مەسەلەیەكی یەكلاكەرەوەیە، سەبارەت بەكەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و پشكی كوردستان لەو كەمكردنەوەیەدا راوێژكاری بارزانی وتی : (راستە وڵاتانی بەرهەمهێنەریی نەوت لە رێكخراوی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێكخراوە لەسەر كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی جیهانی رێككەوتوون و داوا لەعێراقیش كراوە بەڕێژەی لە 23%ی نەوتەكەی لەم چوارچێوەیەدا كەم بكاتەوە، لەمەشدا باس لەوە دەكرێت پشكی عێراق لەو كەمكردنەوەیە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بێت، بەڵام بەپێی شارەزایان و چاودێرانی بواری نەوت و منیش پێم وانییە ئەم كەمكردنەوەیە لە 500 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا تێپەڕ بێت، رەنگە لەم بڕە نەوتەش داوا لەهەرێمی كوردستان بكرێت نزیكەی 50 هەزار بەرمیل نەوت كەم بكاتەوە، واپێدەچێت رەنگە عێراق ئەو پشكەی هەرێمیش لە بەرهەمهێنانی خۆی كەم بكاتەوەو بەڵام لەسەر شێوازێكی دیكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكبكەون ، هەموو ئەم گفتوگۆیانە لەم بارودۆخەدا گەشبینیەكی پێوە دیارە چونكە عێراق زۆر پێویستی بەو تەكامول و پەیوەندییە هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی كە بەرەو وەرزی هاوین و هەڵكشانی خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی دەچین و بۆ پارێزگاكانی موسڵ و كەركوك و بەشێكی زۆری دیالەو تەواوی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێویستیان بە كارەبای هەرێم هەیە و ئەمەش وەزیری دارایی بەروونی ئاماژەی پێكرد.