ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بۆ گوڵان: ئەو پارەیەی بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆییەكان دیاری كراوە، پارەیەكی رەمزی و زۆر كەمە

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بۆ گوڵان:  ئەو پارەیەی بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆییەكان دیاری كراوە، پارەیەكی رەمزی و زۆر كەمە
پرسی چەندایەتی و چۆنیەتی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆییەكان و پلانەكانی بەرفراوانكردنی سەوزایی شار و شارۆچكەكان، هەروەها چۆنیەتی رێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و كۆنتڕۆڵكردنی شوێنە گشتییەكان و چەندین پرسی گرنگی دیكە، ناوەڕۆكی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر پێك دەهێنن.
* رەهەندە گشتییەكانی پلانی شارەوانی بۆ زیاتر خزمەتكردنی هەولێری پایتەخت چییە؟ ئایا بەرنامەتان هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی شارە هاوچەرخەكانی نیشتەجێش بگەڕێتەوە لای شارەوانی و لای كەرتی تایبەت نەمێنێت؟
- هەولێر وەك پایتەختی كوردستان لە هەموو لایەكەوە لە فراوانبووندایە، بۆیە دابەشی سەر شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی كراوە، سەرەڕای ئەوەی (بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەیی پارك و باخچەكان و بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی و فەرمانگەی پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان)مانە هەیە. بەهۆی ئەو بەرفراوانیەی لە هەولێر هەیە، لە بیركردنەوەداین، چۆن بتوانین لە ئایندەیەكی نزیك چەندین شارۆچكەی دەوروبەری هەولێر وەك دارەتوو و بنەسڵاوەو كەسنەزان و شاوێس و پیرزین و...تاد، بخەینە سەر سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، پێشتریش كار لەسەر ئەمە كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی كارێكی زۆری ئیداری و تەكنیكی تێدا مابوو، ئەو بەرنامەیە راگیرا. ئێمە ئەو بیرۆكە و دراسەتە دووبارە دەكەینەوە، ئەگەر لە ئایندە دیتمان لە بەرژەوەندیی ئەوەیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەش بخەینە سەر سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر. جێگای سوپاسە جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێر لە هەموو كارو بەرنامەكانمان هاوكارو پشتیوانمانن، تاوەكو لە پرۆسەی كارو بەرنامەكان سەركەوتوو بین. ئێستا تەندەری خاوێنكردنەوەی شاری هەولێر لەلامانە و دابەش كراوە بە سەر شەش كۆمپانیا، كە لە مانگی شەشی ئەمساڵ ئەو تەندەرە كۆتایی پێ دێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت وەك كارئاسانییەك بۆ ئەو شاری نیشەجێبوونانەی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێرن، كە ئێستا لە بری خزمەتگوزارییەكان، بۆ نموونە وەك هەڵگرتنەوەی خاشاك پارەیان لێ وەردەگیرێت، لە مانگی شەشەوە پرۆسەی خاوێنكردنەوەی ئەو شارە نیشتەجێبوونانە داخیلی ئەو تەندەرە بكرێت، لەو كاتەی داخیلی ئەو تەندەرە كرا، ئەوە ئێمە دەتوانین خاوێنكردنەوە و پاكڕاگرتنی ئەو شوێنانەش بخەینە سەر ئەستۆی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە رێگای ئەو شەش كۆمپانیایەی كە لە پرۆسەیەكی شەفاف و تەندەری ئاشكرا كارەیان بۆ دەردەچێت.
* تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵتان هەماهەنگە بۆ جوانكردنی پایتەخت و ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە چین كە بەرنامەتان بۆ داناون لە هەولێر جێبەجێ بكرێن؟
- هەفتانە ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر بە كارەكانی خۆیان هەڵدەستن، بەڵام چەند رۆژێك پێش ئێستا بە بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە دەرچوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵبوەشێتەوە ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە ئەنجومەنێكی دیكەی شارەوانی دابمەزرێت كە 75%ی ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دامودەزگاكانی حكومەتی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بێت و 25%ی ئەندامەكانیشی لە كەسانی رێكخراوە و كۆمەڵگەی مەدەنی بێت، ئەمەش گۆڕانكاری و پرۆسەیەكی زۆر تازە و گرنگە و ئەو ئەنجومەنە تازەیە لە هەر بڕیارێكدا بە هۆی بوونی ئەندامی هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە ناو ئەنجومەنەكەدا بەشدار دەبن لە بڕیاردانەكە، ئەگەرچی پێشتر لە كاتی بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانییەكان، لەوانەیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبا، یان ئاو و ئاوەڕۆ، گلەییان هەبووایە و بڕیارەكە لەگەڵ ئەوان نەگونجاو بووایە. بەڵام لە ئەنجومەنە تازەكەدا بڕیارەكان بەپێی پێویست و گونجاو پەسند دەكرێن و دەردەچن، لەم كارانەشدا جەنابی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێر خەمخۆر بوون كە ئەو كارو بەرنامانە بگەنە ئەو ئاستە و سەركەوتوو بێت، ئەمەش شایانی دەستخۆشییە لێیان. بێگومان جوانكردنی پایتەخت بەرنامەو ئامانجی خۆمانە و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی هاتووەتە مەیدانی ئەوەی كە بە باشترین و جوانترین شێوە كارە خزمەتگوزارییەكان پێشەكەش بە هاووڵاتیان بكات، هەر بۆیەش ئەركی سەرشانی هەر یەكەمان زۆر ئاسان نییە، چونكە دەبینین، حكومەتی هەرێم لەسەر ئەنجامدانی كارو بەرنامە خزمەتگوزارییەكان سوور و توند و جددییە بۆ ئەوەی بتوانرێت باشترین و زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان جێبەجێ بكرێت. لەهەمانكاتدا پرۆسەكە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێمە خۆمان بە خزمەتكاری هاووڵاتیان بزانین بۆ پێشكەشكردنی باشترین و جوانترین خزمەتگوزاری، واتە لە خزمەتی هاووڵاتیانداین و فەرمانگەكان دەبێت بە بێ رۆتین و دروستكردنی كێشە و گرفت مامەڵەكانی هاووڵاتیان رایی بكەن.
* شارەوانیی هەولێر خاوەنی داهاتێكی باشە و ئەگەر ئەم داهاتە بۆ خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت، دەتوانن خزمەتگوزارییەكی زۆر پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن. ئایا داهاتی ساڵانەی شارەوانی هەولێر چەندەو لەم داهاتە چەندی دەدەنە خەزێنە و چەندی دەدرێتەوە بە ئێوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن؟
- داهاتەكان چەندین جۆرن كە دابەشی سەر سێ بەش كراون، یەكەم: داهاتی بەكرێدانی گەراج و دووكان و كارگەكانی موڵكی شارەوانی كە 15%ی بۆ ئێمە دەگەڕێندرێتەوە. دووەم: داهاتی كرێی ریكلام و زبڵ و خاشاكە كە كرێی ریكلام و زبڵ و خاشاك لە رێگای كۆمپانیای (میدیا تێك) كە گرێبەستی لەگەڵ كراوە، كۆدەكرێتەوە كە رێژەیەك لە داهاتەكەی بۆ خۆیانە و رێژەكەی دیكە بە حكومەت دەدەن، لە ساڵانی رابردوو لەو داهاتەوە 17%ی بۆ ئێمە دەگەڕێندرایەوە و بەكاردەهاتەوە بۆ كارە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەی دەدرا بە ئێمە، لەلایەن وەزارەتی دارایی كەم كرایەوە بۆ 15%، ئەگەرچی بەپێی بەرفراوانیی شاری هەولێر پێویست بوو، ئەو رێژەیە زیاد بكرایە، نەك كەم بكرێتەوە، چونكە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كارو بەرنامە خزمەتگوزارییەكانمان هەیە. كەمكردنەوەی رێژەی تەرخانكراو بۆ ئێمە وای كردووە كە توانا و ئیمكانیاتمان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر كەم ببێتەوە، هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێر قسەمان كردووە كە داهاتەكانمان بۆ زیاد بكەن. بە رێژەی داهاتی بەشی یەكەم و دووەم لە ناو شاری هەولێر پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییە مامناوەند و بچووكەكانمان ئەنجام داوە، بەشی سێیەم: داهاتی فرۆشتنی زەویی نایاب و روكنەكان كە 100%ی بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانی بوو، كە لەكارو بەرنامەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە گەورەكانی شاری هەولێر خەرجمان دەكرد، بەڵام بە بڕیارێكی وەزارەتی دارایی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو داهاتەش 100% بڕاوە و، دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. ئەم بڕیارە جگە لەوەی جێگای نیگەرانیی ئێمەیە و كاریگەری خراپی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ شاری هەولێر دروست كردووە، بۆ ئەمەش لەگەڵ بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار قسەمان كردووە كە ئەو كێشەیە چارەسەرێكی جددی بكرێت، چونكە ئەنجامدانی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر زیاتر پەیوەستە بەو داهاتەوە.
* ماوەیەك لەمەوپێش پەرلەمانی كوردستان یاسای تاپۆكردنی خانووە زیدەڕۆییەكانی پەسەند كرد، بەو یاسایە چەند خێزان لە خانووە زیدەڕۆییەكانی هەولێر سوودمەند دەبن؟ بڕی ئەو پارەیەی بۆ هەر مەترێك زەوی لە هاووڵاتیانی وەردەگرن چەندە؟ ئایا ئەو پارەیە جارێكی دیكە بۆ خزمەتگوزارییەكانی پایتەخت خەرج دەكرێتەوە، یان دەدرێتەوە بە خەزێنە؟
- نووسراوی پرۆسەكە تازە گەیشتۆتە لای ئێمە و كارەكان و چۆنیەتی پرۆسەكە و مامەڵەكان بە تەواوی روون نەبۆتەوە، بەڵام ئێمە هەر شەش شارەوانی سنووری شاری هەولێرمان ئاگادار كردووەتەوە، هەر یەكەیان لە سنووری خۆیان جەردێك بۆ ئەو خانووە زێدەڕۆییانە بكەن، ئێمە لەگەڵ دەرچوونی ئەو بڕیارە كارێكی دیكەشمان كردووە، بۆ ئەوەی زێدەڕۆیی نەكرێتە سەر ئەو پارچە زەوییانەی لە تەنیشت خانووە زێدەڕۆییەكانن، چونكە هەوڵێك هەبوو كە ئەو زەوییانەش زیدەڕۆییان بكرێتە سەر و بخرێنە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆیەكان دەرچووە، بەڵام پاش ئەوەی هەر شەش شارەوانی توانییان بە تەواوی جەردەكانیان بۆ خانووە زێدەڕۆییەكانی سنوورەكانیان بكەن، ئەو كات دەتوانین ژمارە و ناو ئەو بڕە پارەی لە هەر یەكێك وەردەگرین، رابگەیەنین. كاریش دەكەین لەگەڵ تاپۆ و دادگاو وەزارەتی دارایی و لایەنی پەیوەندیداری دیكە بۆ ئەوەی هەموومان بە یەكەوە بتوانین خانووەكان بە سەر ئەو كەسانەی كە زێدەڕۆییەكانیان ئەنجام داوە، تاپۆ بكەین. ئەو پارەیەی لە بەرمبەر تاپۆكردنی خانووەكانی زێدەڕۆ وەردەگیرێت، پارەیەكی رەمزی و زۆر كەمە، ئەو بڕیارەی بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆییەكان دەرچوو، زیاتر بۆ ئەوە بوو كە خەڵكەكە سوودمەند بێت و لە رووی خزمەتگوزارییش بێنەوە ناو چوارچیوەی بەرنامە و رێنمایی و ماستەرپلانەوە و لە پاشان حاڵەتی زێدەڕۆیی بە هیچ جۆرێك روو نەدات و قبووڵیش ناكرێت.

* چەند ساڵێك پێش ئێستا هەندێك بینایە و باڵاخانە كە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان وەردەگرت، مۆڵەتیان لە شارەوانی وەرنەدەگرت، ئایا ئێستا ئەمە ماوە، یان هەموو لایەك دەبێت مۆڵەت لە شارەوانی وەربگرن؟ ئەگەر ئێوە مۆڵەت دەدەن، رێنماییەكانتان بۆ ئەو پڕۆژانە چییە و تاچەند رەچاوی رووبەری سەوزایی دەكەن؟
- پێشتر چەندین پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە رێگای پێ دراوە و كۆمپانیای شارەزاو تایبەتمەند سەرپەرشتیی پڕۆژەكانی كردووە. چەندین سێكتەری سەرەكییش هەیە لە كارو پڕۆژەكاندا، بەڵام هەر هەموو پڕۆژەكان بەپێی رێنمایی بۆیان دیاری كراوە كە 25%ی سەوزایی بكەن. لەلای ئێمەوە پاراستنی ئەو رێژەی 25%ی سەوزاییە لە پڕۆژەكاندا زۆر گرنگە و رێژەی سەوزایی لە ناو شار و پڕۆژەكان بەگشتی چۆتەپێش و ئێستا رێژەی سەوزایی لەناو شاری هەولێر لە 19% تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بەپێی تمووحی ئێمە نییە. لەناو شاری هەولێر تا ئێستا زیاتر لە 350 پارك و باخچە هەیە، لەوانە 15پاركی گەورەمان هەیە، وەك شانەدەرو منارەو پێشمەرگە و قوتابیان و ئەوانی دیكە پارك و باخچەی مامناوەند و بچووكن و 59 دوورگەی ناوەندی هەیە، بۆ نموونە دوورگەی ناوەندیی شەقامی 60 مەتری كە درێژییەكەی 10كیلۆمەترە، بە پانیی 9 مەتر كە رووبەری سەوزاییەكەی بەگشتی خۆی لە 90هەزار مەتر چوارگۆشە دەبینێتەوە. چەندین دوورگەی ناوەندیی دیكەش وەك شەقامی كەسنەزان و شۆڕش و مەخموور و...تاد هەن، هەروەها لەناو شاری هەولێر 60 نافورە هەیە. سەرەڕای ئەو رێژەی سەوزاییە بەرنامە و پلانمان بۆ زیاتركردنی رووبەری سەوزایی لە ناو شاری هەولێر و گەڕەكەكان هەیە، تاوەكو ژینگەیەكی باش و تەندروست بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین. سەبارەت بە شارە نیشتەجێبووەكان، ئێستا بەشێكیان لە وەبەرهێنان وەرگیراونەتەوە و هاتوونەتەوە لای ئێمە، لەمەودواش مۆڵەتدانی پڕۆژەكان بەگشی و بەتایبەتی نیشتەجێبوون لەلایەن ئێمەوە دەدرێت. ماوەیەك پێش ئێستا لە سیمنارێك گفتوگۆ و پێشنیار و رێنمایی زۆر باش خرانەڕوو بۆ رێكخستنەوەی پێدانی مۆلەت بە خانووی نیشتەجێ و باڵەخانەكان، لەبەر ئەوەی بێسەروبەرییەكی زۆر لەم رووەوە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە كە ئێستا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەر لە وەزارەتی شارەوانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگا و...تاد، هەموومان بە یەكەوە دەمانەوێت شارستانیەتی شاری هەولێر بە باشترین كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری و جوانكاری بهێنینەدی.
* تا ئێستا چەند موڵك ماوە تاپۆ بكرێن و بەرنامەتان بۆ ئەو كارە چییە؟
- لە ماوەی رابردوو 9500 كارت هەبووە و كاری لە سەر كراوە، بەڵام پرۆسەكە زەحمەتە و چوار لایەنی پەیوەندیدار كاری لەسەر دەكەن، كە ئەمانەن: (سەرۆكایەتیی شارەوانی و تاپۆ و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی كشتوكاڵ)، تاوەكو ئێستا توانراوە 6000 كارت لەوانەی ماوە، سەنەدیان بۆ دروست بكرێت. كێشەكە زیاتر ئەوەیە كە لە هەر كەرتێك زەوی لێ دابەش كراوە، بەشێكی كراوە بە سەنەد و بەشێكی وەك كارت ماوەتەوە، ئەمەش تێكەڵی و بێسەروبەری دروست دەكات. مانگێك پێش ئێستا داوام لە بەڕێزان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تێبینەرایەتیی خانوبەرەی هەولێر و هەر سێ تاپۆی هەولێر بە عەنكاوەوە كرد، كە كۆبوونەوەیەكمان لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی ئەنجام دا بۆ خێراكردنی چۆنیەتی راییكردنی كارەكانی تاپۆكردن و لەم كۆبوونەوەیەدا پێشنیارم كرد كە ژوورێك لە هەر تاپۆیەك دابنرێت بۆ راییكردنی مامەڵەكانی شارەوانی، كە لەم ژوورەدا هەموو ئەندامانی لێژنەكە بەیەكەوە مامەڵەی خەڵكەكە رایی بكەن، بەمەش هاووڵاتی ماندوو نابن.ئەو پێشنیارە كراوە بە بڕیار بۆ تاپۆی دوو چووە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەو ژوورە دروست دەكرێت و دەستبەكار دەبن.

* ناو شاری هەولێر و بەتایبەتی دەوروبەری قەڵات، لەگەڵ ئەوەی شوێنێكە بۆ كاسبیی هەزاران هاووڵاتی، بەڵام جەنجاڵی و قەرەباڵغییەكی زۆری هەیە كە جوانیی قەڵاتی شاردۆتەوە، بەرنامەتان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕ و سەرشەقامەكان چییە و ئەو هاووڵاتیانەی بە هۆی ئەم رێكخستنەوەیە بێكار دەبن، بەرنامەتان بۆ ئەوان چییە؟
- بۆ رێكخستنەوەی شەقام و بازاڕ و دووكانی ناو شاری هەولێر، پێویستە هاووڵاتیان ئاگادار بكەینەوە بۆ ئەوەی هاوكارمان بن، مەبەست لەوەش جوانكردنی سیمای بازاڕ و ناو شاری هەولێرە، بۆ ئەو كارانەش بەتایبەتی زێدەڕۆییەكان بەپێی یاسا و رێنماییەكان مامەڵە دەكەین. داوامان لە شارەوانییەكانی ناو شاری هەولێر كردووە، لە هیچ شوێن و بازاڕێك رێگا بە هاووڵاتیان نەدەن كە زێدەڕۆیی بكەن. هەروەها چەندین هەڵمەتمان لەناو شار و گەڕەك و بازاڕەكان ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی كەس زێدەڕۆیی بۆ سەر شۆستەكان نەكات. هەروەها ئەوانەی كاری دەسگێڕی و كاسبی لە بازاڕ و هەندێ شوێن دەكەن و بژێوی ژیانیان بەو رێگایەوە دابین دەكەن، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە نانی كەس نەبڕێت، بەڵام ئەوانیش دەبێت پابەندی رێكارو رێنماییەكانمان بن. ئێمە پارێزگاری لە هەموو ئەو مەرج و رێنماییانە دەكەین كە بۆ پاراستنی سیمای قەڵات پێویستن، بۆیە هەموو ئەو باڵەخانانەی لە دەوروبەری قەڵاتن دەبێت بەو كەرپووچەی دیاری كراوە، رووپۆشی بكەن، ئەمەش بۆ جوانكردنی هەولێر و پاراستنی سیمای شارستانیی قەڵاتە و لە ماوەی رابردوو توانیمان ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر تەواو بكەین و شەقامی 150 مەترییش قۆناغێكی باشی بڕیوە، كە لە شەقامی بەحركە بۆ شەقامی شۆڕش 60%ی تەواو بووە، ئەمەش خزمەتێكی باشی شاری هەولێر دەكات، بەتایبەتی لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی هاتوچۆدا، لە هەوڵی ئەوەشداین ئەمساڵەدا ئەو بەشەی شەقامی 150مەتری كە لەژێر ئەنجامدانە، تەواوی بكەین. لەماوەی رابردووش گرفتی ئاوەڕۆ و قیرتاوكردنی هەندێك شەقام و گەڕەكی هەولێری نوێمان چارەسەر كرد، كە پێویستی بە 178 ملیۆن دیناری عێراقی بوو، كە بۆمان دابین كرد و لە سەردانێكماندا بۆ گەڕەكی نەسیج ئەو كێشەو گرفتانەی هەیانبوو، لە كۆنكریتكردنی كۆڵانەكانیان خستمانە ناو بەرنامەكانمان و دەمودەست بڕی 60 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كرا، كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت. هەر لە گەڕەكی نەسیج گۆڕەپانێكیان هەبوو بڕیار درا لەلایەن ئەندازەی پارك و باخچەكان بیكەنە پاركێك كە ئەم پڕۆژەیەش دەستبەجێ چووە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لەبارەی زبڵ و خاشاكەوە كە رۆژانە بە هەزاران تەن لەناو شارو گەڕەكەكان كۆدەكرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی چارەسەركردن، ئێستا لە زبڵخانەی كانی قرژاڵە بە سیستەمێكی باشتر زبڵ و خاشاكەكە چارەسەر دەكرێت و چەندین بیر لەوێ لێ دراون، تاوەكو ئەو بۆنە ناخۆشەی هەیە، نەبێتە هۆی بێزاریی خەڵك، كە پێشتر ئەو بۆنە مایەی بێزاریی هاووڵاتیان بوو. ئەگەرچی پێویست بوو لە ساڵانی رابردوو نەك تەنیا لە هەولێر، بەڵكو بۆ هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كارگەی ریسایكلین دابمەزرێنین، كە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژە هاوچەرخانەی سیمای شار و ژینگەمان دەپارێزیت. بۆ ئەوكارگەیە من ئاگادارم جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەوڵدانێكی جددیدایە كە ئەمساڵ پڕۆژەی كارگەی ریسایكلین بگاتە قۆناغی كۆتایی و هەولێر ببێتە خاوەنی كارگەی ریسایكلینی خۆی.

* ئایا وەك وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی شارەوانی هیچ رێنماییەكتان بۆ هاووڵاتیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا؟
- بێگومان ئێمە وەك تیمەكانی شارەوانی بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەر شەش شارەوانی و تیمی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر هەڵمەتێكی گەورەمان ئەنجام دا، بۆ سەر ئەو كافتریا و كۆگایانەی نێرگەلیان دانابوو، كە دوور لە مەرج و رێنماییەكانی ئێمە و وەزارەتی تەندروستی بوون، هەستاین بەداخستنی شوێنەكان و دەست بەسەر نێرگەلەكانیشدا گیراو سزای پێ ژماردنیش بۆیان دانراوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ژیانی هاووڵاتیان بپارێزین، بەتایبەتی كە ئێستا بەداخەوە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چەندین وڵات بڵاوبۆتەوە، بەڵام چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت كە پابەندی رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەبێت، چونكە ئەو رێنماییانە هەر هەمووی پەیوەستە بە تەندروستیی گشتی و لێرەدا لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە داواكارم كە هاووڵاتیان پابەند بن بە رێنماییەكانی تەندروستی و شارەوانی و ژینگەوە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و گشت هاووڵاتیانی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت، ئەوە رێكاری یاسایی بەرامبەریان وەردەگیرێت. ئێمە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا هەڵمەتێكی رشاندن و هۆشیاری و خۆپاراستنمان لەناو وەزارەت و فەرمانگەكانمان ئەنجام داوە و هاتنی هاووڵاتیان بۆ فەرمانگەكانمان بەپێی سیستەم و ئاسانكارییەك كەم كردووەتەوە، بە بێ راگرتنی هیچ مامەڵەیەكیان. واتە مامەڵەی هاووڵاتیان هەر وەك خۆی رایی دەكرێت، بەبێ ئەوەی بێنە ناو فەرمانگە و وەزارەتەوە، ئەمەش بۆ خۆپاراستنی فەرمانبەرانمان و هاووڵاتیانە لە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
Top