محەمەد سەعدەدین ئیلیخانی ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا: دەمانەوێت زەمانەتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانە هەبێت كە ئەنجامیان دەدەین

محەمەد سەعدەدین ئیلیخانی ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا:  دەمانەوێت زەمانەتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانە هەبێت كە ئەنجامیان دەدەین
لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی د. عادل عەبدولمەهدی و راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە عێراقدا، مشتومڕ و ناكۆكییەكی زۆر هاتوونەتەئاراوە لە پەیوەندی بەوەی ئایا تا چەند ئەم حكومەتە توانای وەڵامدانەوەی خواست و ویستی راستەقینەی شەقامی عێراقی دەبێت و، تا چەند دەتوانێت كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەرەو ئاقارێكی ئەرێنی ببات، ئەمانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ محەمەد سەعدەدین ئیلیخانی ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، كە هاوكات سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان و ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە.
* لە ئێستادا پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرقاڵی ئەوەیە كە كابینیەیەكی نوێی حكومەت پێك بهێنێت، دیارە پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی جیاواز بووە لە هەموو ئەو كابینەیانەی كە لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق پێك هێنراون، ئایا فاكتەرە سەرەكییەكانی ئەم جیاوازییە تەنیا خۆپیشاندانەكان بوون، یان فاكتەری دیكەی سیاسیشی لە پشتەوە بوو؟

- هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ وەڵامدانەوەیە بۆ خەڵكی عێراق لەسەر پرسی گەندەڵی و ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانەكان قۆزرانەوە بۆ چەند مەرامێكی سیاسیی وەك ناچاركردنی عادل عەبدولمەهدی بە دەست لەكاركێشانەوە و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، چونكە هەمان ئەو حزب و لایەنە سیاسییە شیعانەی پاڵپشتیی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەكەن، پێشتر چەندین حكومەتیان پێك هێناوە، یان دەنگیان بە حكومەتەكان داوە، واتە ئەگەر تەماشای ئەو لایەنە سیاسییانە بكەیت، كە پاڵپشتی لە محەمەد توفیق عەللاوی دەكەن، ئەوا لە ساڵی 2003وە تاوەكو ئێستا خۆیان حكومەتیان پێكهێناوە، یان بەدەنگی ئەوان حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پێكهاتووە، چونكە ئێمە دەزانین عادل عەبدولمەهەدی تەنیا یەك ساڵ بوو حكومەتی پێكهێنابوو، ئەو دەسەڵات و ماوەیەی لە بەردەست نەبوو كە لە بواری كارگێڕی و دارایی عێراق رێكخستنەوە بكات، یان لە كاروباری حكومەتی عێراق چاكسازی بكات، ئەو دەرفەتەشیان پێ نەدا، كە ئەو كێشەو هەڵانەی پێش خۆی روویداوە چارەسەری بكات، ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و دامەزراوە حكوومییەكانی حكومەتی عێراقی و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی و لە هەمانكاتدا لە پەیوەندییەكانی پارێزگاكان و حكومەت بەرەو رێكخستنێكی باش دەڕۆیشت. بۆ نموونە، پاش ئەوەی عادل عەبدولمەهدی حكومەتەكەی پێكهێنا، هەندێك دۆسیە هەبوون، بە هەڵواسراوی مابوونەوە و لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر نەكرابوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا ئەو دۆسیانە بەرەو چارەسەر هەنگاوی بۆ نرا و، شێوازی مامەڵەكردنمان بەرەو رێكخستنەوە دەچوو و پەیوەندیەكانمان لەگەڵ عێراق بەرەو باشی دەچوون، ئەمەش تەنیا لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم و ناوەند نەبوو، بەڵكو ئەو پەیوەندییە كاریگەریی لەسەر لایەنی سیاسییش دروست كردبوو، كە بینیمان پەیوەندیی هەرێم و بەغدا بەرەو باشتر هەنگاوی ناوە و خاڵە سەرەكییەكە جگە لە مافە دەستوورییەكانمان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، كە هاووڵاتی ئاسایی هەستی پێ دەكات، هاوكات كە بینیمان ئەو بەشە بودجەیەی كە مانگانە مووچەی پێ دەدرا، بە رێكوپێكی بۆ هەرێمی كوردستان دەهات. پوختەی قسە ئەوەیە كە ئەو لایەنە سیاسییانە ئەو خۆپیشاندانانەیان قۆزتەوە، تاوەكو دەست لەكاركێشانەوە بە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بكەن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی ئینتیقالیدا خۆیان ئامادە بكەن و بۆ داهاتوو خۆیان بەهێز بكەن، هەر بۆیە ئەو لایەنە شیعەیانە كە لە پشتی پێكهێنانی حكومەتی محەمەد تۆفیق عەللاوین، دەیانەوێت لە ماوەیەكی كاتی و ئینتیقالی، زەمینەیەك بۆخۆیان بڕەخسێنن، تا حكومەتێك دروست بێت، كە خۆیان تێیدا زاڵ و دەسەڵاتدار بن و خۆیان كۆنتڕۆڵی حكومەتەكە بكەن.
* بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق بە راددەیەك ناسەقامگیر و تێكئاڵۆزاوە، كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت بەم كابینەیە هیچ لایەكی چارەسەر بكرێت، بە رای ئێوە ئایا ئەم كابینەیە چی پێ دەكرێت، بەتایبەتی كە محەمەد عەللاوی بەڵێنی ئەوەی داوە كە هەموو پڕۆسەكە راست بكاتەوە؟
- محەمەد تۆفیق عەللاوی بانگەشەی ئەوە دەكات كە حكومەتێكی بێلایەن پێك دەهێنێت، بۆیە هەموو وەزیرەكان دەبێت بێلایەن بن و نابێت هیچ هێزێكی سیاسی لە پشت وەزیرەكان بێت، بەڵام ئێمە دەزانین كابینەی عادل عەبدولمەهدی زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە پشتی بوون و نەیتوانی كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، باشە چۆن حكومەتێكی بێلایەنی وەك ئەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی باسی دەكات، دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات؟ كەواتە ئەگەر حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بەو شێوەیە پێكبهێندرێت، ئەوا حكومەتێكی زۆر لاواز دەبێت، چونكە حزب و لایەنە سیاسییەكان ئاراستەی دامودەزگا و دامەزراوەكانی حكوومی و ئەمنی و سەربازیی عێراق دەكەن، بۆیە حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەو ئاستەدا نابێت كە سەركەوتوو بێت.
* دیارە ئەمە حكومەتێكی كاتییە و زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە ساز دەكات، بێگومان پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە كارێكی ئاسان نییە و زەحمەتە پێی ئەنجام بدرێت، ئایا ئەركە سەرەكییەكانی ئەم كابینەیە چین كە محەمەد تۆفیق عەللاوی دەبێت لەو ماوە كورتەدا ئەنجامی بدات؟
- مەسەلەكە كات نییە و ئێمە دەزانین ئەو حكومەتە بەهێز نابێت و ناتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە ماوەی 10 مانگ، یان یەك ساڵ زۆر زەحمەتە، بۆیە ئەگەر حكومەتەكە بەو شێوازە بێت كە محەمەد عەللاوی بانگەشەی بۆ دەكات، ئەوە ناتواندرێت لە ماوەی یەك ساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە ئەنجامدانی هەڵبژاردن سێ شتی پێویستە، یەكەم: پێویستە ئیرادە و بڕیارێكی سیاسی هەبێت كە هەڵبژاردن بكرێت. دووەم: كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق كە ئاراستە و سەرپەرشتیی هەڵبژاردن دەكات، ئامادە بێت بە گوێرەی ئەو یاسایەی هەیەتی كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدات. سێیەم: پێویستە حزبە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە تەفاهوم بكەن، باشە ئەگەر بۆ دەستنیشانكردنی یەك كەس بۆ سەرۆك وەزیران كە حزبە سیاسییەكان نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجام و تا ئێستاش كێشەكە بەردەوامە و خەریكە لە عێراق قەیرانێكی سیاسی و بۆشاییەكی دەستووری و سیاسی و حكوومی دروست دەبێت، چۆن دەتوانن بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق 6،7 حزبی سەرەكی بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی، بۆیە ئەمە زۆر زەحمەتە. كەواتە كابینەكەی عەللاوی هیچ جیاوازی نابێت لەگەڵ كابینەكانی پێش خۆی و زۆر لاواز دەبێت، بەڵام بەو شێوەیەی كە ئێستا باس دەكرێت، ئەگەر حكومەتەكەش پێكبهێندرێت، ئەوا حكومەتێكی بێهێز دەبێت و نوێنەرایەتی یەك لایەنی سیاسی دەكات و ئەوانەشی كە بەشدار دەبن لە حكومەتەكە، هەر هەمووی پاشكۆی ئەو لایەنە سیاسییە شیعەیە دەبن، واتە بەشداربوونی لایەنەكانی دیكە لە حكومەتی عەللاوی نابنە نوێنەری راستەقینەی خەڵكی عێراق، بەڵكو ئەو لایەنانەی دیكە دەبنە ئامرازێك لەبەردەستی لایەنێكی سیاسیی شیعە.
* لەگەڵ ئەوەی بانگەشە بۆ ئەوە دەكرێت كە محەمەد توفیق عەللاوی كاندیدێكی سەر بەخۆیە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە و گومان هەڵناگرێ، كاندیدی (فەتح و سائیرون)ـە، ئایا تا چەند گەمەی سەربەخۆبوونی ئەم كاندیدە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی شیعە سەركەوتوو دەبێت؟
- ئەمە سەركەوتوو نابێت، چونكە لە كاتێكدا ئەو كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیران دەستنیشان كراوە، ئەگەر بێلایەن بووایە، ئەوا دەیتوانی بە پاڵپشتیی هەموو لایەنەكان دانوستاندن ئەنجام بدات و دەنگی پێ بدرێت، بەڵام تەنیا یەك لایەنی شیعە لە پشت ئەو كاندیدە هەیە. چەند لایەنێكی شیعەش داوایان لە شاندی كورد و سوننە كردووە كە پاڵپشتی لە عەللاوی بكەن، بەڵام كورد و سوننە باش دەزانن كە عەللاوی ئەو هێزەی نییە، چونكە نە سەرۆك حزبە و نە سەرۆكی قەوارەیەكی سیاسییە و نە گرووپێكی لە پشتە، تەنیا كەسایەتییەكی سەربەخۆیە، ئەگەرچی كوتلە گەورەكەی پەرلەمانی عێراق پاڵپشتی دەكات، بەڵام با ئێمە سەرنجی ئەوە بدەین كە ئەو لایەنەی شیعە كە گەورەترین كوتلەیە خۆی سەرۆك وەزیرانەكەی كاندید كردووە و خۆیشی دەنگی پێ دەدات، بەڵام بە كورد و هەرێمی كوردستانی رەوا نابینن كە خۆمان نوێنەری خۆمان و وەزیرەكانمان دەستنیشان بكەین، كەواتە چۆن كوتلە گەورەكەی شیعە هەقی بەخۆی داوە كە سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكات، بە هەمان شێوە هەق و مافی هەرێمی كوردستانیشە كە نوێنەر و وەزیرەكانی خۆی بۆ كابینەكەی عەللاوی دەستنیشان بكات.
* سەبارەت بە بەشداریی كورد لە حكومەتەكەی عەللاویدا، هەتا ئێستا ئەوەندەی ئێمە لە میدیاوە چاودێریی دەكەین، هیچ تێگەیشتنێكی فەرمیی هاوبەش لە نێوان شاندی كوردستان و محەمەد عەللاوی نییە، ئایا بە رای ئێوە شاندی كوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بارودۆخە كردووە؟
- ئێمە دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ عەللاوی ئەنجام دا، لە كۆبوونەوەی یەكەمدا بینیمان شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان هەڵەیە، چونكە وەك هەرێمێكی سیاسی كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناتوانێت مامەڵە بكات، چۆن لەگەڵ حزبە سیاسییەكان دانیشتووە، دەیەوێت ئاواش گفتوگۆ و رەفتار و مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكات، وەك بینیمان لە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا تێ ناگات، بۆیە ئێمە هەڵویستمان بەرامبەری وەرگرت و هەستمان كرد كە ئەو كەسایەتییە ئەزموونی سیاسی نییە و ناتوانێت ئیحتیوای ئەزمەكان بكات، ئەگەر هەر بەم شێوازە مامەڵە بكات، قەیرانەكە قووڵتر دەبێت. پاشان كە پەیامەكەی ئێمە گەیشتە هەموو لایەنە شیعەكان و، بەتایبەتیش ئەو لایەنە سیاسییەی كە پاڵپشتی عەللاوی دەكات، لە كۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی بینیمان سیاسەت و مامەڵەی گۆڕدرا و رایگەیاند كە رێز لە ئێرادە و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرم و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرەكان، بە مەرجێ بێلایەن بن و گوتیشی ئامادەیە هەموو شایستە داراییەكان بە هەرێمی كوردستان بدات و كێشە داراییەكان چارەسەر بكات و، ئامادەیە لەسەر دۆسیەی ئەمنی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور كار بكات، بەڵام ئێمە متمانەمان بەو قسانەو ئەو جۆرە رێككەوتنانە نییە، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەو لایەنەی كە پاڵپشتی لە عەللاوی دەكات، بەیەكەوە لە چوارچێوەی زەمانات بگەینە رێككەوتن، ئینجا كورد و هەرێمی كوردستان بەشداری لە حكومەت و كابینەی عەللاوی بكات، واتە شاندی هەرێمی كوردستان دوو مەرج و داواكاریی سەرەكی هەیە بۆ بەشداریكردن لەو حكومەتە، یەكەم: رێزگرتن لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی هەموو مافە دەستوورییەكانی. دووەم: لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكان لە كابینەكەدا ئەگەر حزبی بێت، یان بێلایەن، پێویستە لە دەست هەرێمی كوردستان خۆی بێت، چونكە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە و حزب و كوتلەی پەرلەمانی و دامەزراوەی شەرعیی خۆی هەیە و دەبێت هەرێمی كوردستان بەخۆی نوێنەری خۆی بۆ بەغدا دابنێت، هەر وەك چۆن لە 2003 تا ئێستا بەردەوام بووە، هەم وەك عورف هەم وەك یاسا و دەستوور ئەو رێگایەمان پێ دەدات كە ئەو داوایە لە حكومەتی عێراق بكەین.
Top