دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم بۆ گوڵان: كوردستانێكی بەهێز پێویستی بە كەرتێكی تایبەتیی بەهێز و تۆكمە هەیە
March 4, 2020
دیمانەی تایبەت
ئابووریی ئازاد، یان ئابووریی بازاڕ بەردی بناغەی سەركەوتنی پڕۆسەی پەرەپێدان و رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەر وڵاتێكە، هەر بۆیە كاتێك كەرتی تایبەت لەسەر بنەمای ململانێی بازاڕ و یاساكانی ئابووریی ئازاد هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرێت و چالاكانە لە پڕۆسەی پەرەپێداندا بەشداری هەبێت، ئەوا رۆڵێكی كاریگەر و گەورە لە پێشخستنی وڵات و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی شایشتە بۆ وڵاتەكەی دەگێڕێت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە بەرنامەكەیدا بە روونی ئاماژەی بە بەهێزكردنی كەرتی تایبەت لە كوردستان كردووە، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە پشتگیریی گەورەی وەبەرهێنەران و بزنێسنمانەكانی ناوخۆی وڵات بكات، هەروەها زەمینەی ئەوەشیان بۆ بڕەخسێنت كە لەگەڵ بزنسمان و وەبەرهێنەرانی دەرەكییش پەیوەندییەكی تۆندوتۆڵێان هەبێت، لەمەش زیاتر دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندوون كە وەبەرهێنەرانی كوردستان بتوانن بە هاوكاری لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی پێكەوە پڕۆژە و كاری هاوبەش لە كوردستان ئەنجام بدەن، ئەم نەخشە رێگەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتگیریی كەرتی تایبەت، بۆتە فاكتەری سەرەكی بۆ دروستبوونی جووڵەیەكی باش لە بواری كەرتی تایبەت و دروستبوونەوەی متمانەیەكی گرنگ لە نێوان كەرتی تایبەت و حكومەتدا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە و ئەو جووڵەیەی لە كەرتی تایبەت بە شێوەیەكی گشتی و هەروەها بەشێوەیەكی تایبەتی لەمیانەی ئامادەكردنی ئەو پڕۆژانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی كردبوون، بوونە تەوەری ئەم وتووێژەی كە لەگەڵ (دارا جەلیل خەیات) سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان هەرێم ئەنجاممان دان و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* وەك نوێنەری بازرگانان و پیشەسازیكارانی كوردستان و توێژێكی گرنگی كەرتی تایبەت، چۆن دەڕوانیتە دۆخی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان؟
- لە ماوەی رابردوودا بەتایبەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەنگاوی باشی بڕیوە، كە هاوكات بوو لەگەڵ كەمبوونەوەی گرفتی نێوان هەرێم و عێراق و كۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، ئەمەش وایكرد كە جموجووڵە بازرگانییەكان زیاتر بن و بەشێكی زۆری ناوچە وێرانبووەكانی شەڕی داعش لە مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوە پشت بە هەرێمی كوردستان ببەستن، ئەمەش بەو مانایەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەرژەوەندیی هەردوولا بوو، هەروەها دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راگەیاندنی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەكەی، دۆخەكە زۆر زیاتر بەرەو باشی چووە، ئەوەتا ژمارەی شاندە بیانییەكان و زیادبوونی ژمارەی بارزگان و پیشەسازیكاران ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە، كە رەوشی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا باشە و ئاسۆیەكی روون لە ئابووریی كوردستاندا بەدی دەكرێت. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا زووە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو قەناعەتەی كە ئابووریی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاریی نەوعی نییە، چونكە ئابووری بەردەوام پێویستی بە گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوون هەیە.
* دیارە لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بزنێسمانەكانی كوردستان ئەنجام دا، ئایا تا چەند ئەم كۆبوونەوەیە هاندان بوو بۆ وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی بەشدارییەكی فراوان لە دووبارە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكاندا بكەن؟
- ئێمە وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشداریی ئەو كۆبوونەوە فراوانەمان كرد، كە سەرۆكی حكومەت لەگەڵ گەورە بازرگان و بزنێسكار و وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەنجامی دا، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئابووریش چەندین پێشنیاز و بۆچوونمان خستەڕوو، كە بە خۆشحاڵییەوە جێگای رەزامەندیی ئەوان بوو، سەرۆكی حكومەت قەناعەتی تەواوی بەوە هەیە كە كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی كارا، بێ بوونی كەرتێكی تایبەتی بەهێز بونیات نانرێت، ئەو وێڕای هاندان و پاڵپشتیكردنی گەورە وەبەرهێن و بیزنسكارانی كوردستان بۆ ئەوەی روو لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی بكەن و جۆرێك لەهەمە جەشنی كەرتەكان لەناو ئابووری كوردستان دروست بێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داواشی لێكردوون كە رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی و ئابووریی نیشتمانیی كوردستان بكەن، من وەكو سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان، سەرەڕای مەترسییەكانی قەیرانی عێراق و ئاڵۆزی و پشێوییەكان و چارەسەرنەبوونی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، جموجووڵێكی باشی بارزگانی و پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستاندا دەبینم، هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری راست و دروست هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو قەیران و گرفتانە دەنێت و بەڕێوەبردنێكی باشی قەیرانە ئابوورییەكان دەكات.
* ئایا ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا چ پێشنیار و راسپاردەیەكی ئابووریی هەبووە؟
- ئێمە وەكو یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم، لە ساڵانی رابردوودا چوار كۆنفرانسی گەورە و چەندین دیداری ئابووریمان ئەنجامداوە، بۆ نموونە لەگەڵ شاندی بازرگانانی فەرەنسا و ژووری بازرگانانیی شاری ئەنتوروپی لە وڵاتی بەلجیكا و لەگەڵ ئەنجومەنی كاری عێراقی – بەریتانی و هەروەها واژووكردنی پڕۆتۆكۆڵی لێكگەیشتن لە نێوان ژوور و رێكخراوەیی لەگەڵ هەریەك لە جی ئای ئەڵمانیا و ژووری بازرگانیی پۆڵۆنیا واژوو كرا، دیداری نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و كۆمەڵەی پیاوانی خاوەن كاری توركیامان ئەنجام دا، ئەمە جگە لە كۆڕبەندی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە كوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانیی مۆسكۆ، كە لە زۆربەیاندا پێشنیار و راسپاردەمان هەبووە، باسمان لەوە كردووە، ئابووریی كوردستان پێویستی بە هەمەچەشنكردن هەیە، ئەوجا لەگەڵ هەموو دیدار و چاوپێكەوتن و بەشداریكردنی كۆنگرە و كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان و بازرگانانی بیانی، بەتایبەتی ئەوانەی نیازیان هەیە بێنە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، دوا دیداری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمیش لەگەڵ كۆمەڵەی پیاوانی خاوەن كاری توركیا بوو، باسی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیامان كردووە، باسی ئەو حاڵەتەمان كردووە كە ژینگەی هەرێمی كوردستان لەبارە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان و بەشداریكردن لە كار و بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتی تەواویی بازرگان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆشمان كردووە، ئەوان رۆڵیان لە وەبەرهێنەرانی بیانی و كۆمپانیاكانی وڵاتان زۆر زیاترە.
* سەبارەت بە دۆخی عێراق و پەسەندنەكردنی بودجە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەم بابەتە تاچەند كاریگەریی لەسەر ئابووری و بازاڕی كوردستان هەیە؟
- ئێمە وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووین كە بارزگانان و بزنێسكار و وەبەرهێنەرانی كوردستان و عێراق پەیوەندییەكی باشیان هەبێت، لە مێژووشدا هەر كاتێك عێراق دۆخی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی بووبێت، هەردوولا سوودمەند بوون و تەكامولێكی ئابووری و پەیوەندییەكی باشی ئابووری لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی هەموو عێراقدا دروست بووە، بە پێچەوانەشەوە، ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و پشێوی و نائارامی، یان سەپاندنی گەمارۆ و زیانگەیاندن بە گەلی كوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نەبووە، هەر خۆی لەخۆیدا ئاراستە و بیروبۆچوونی رێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەرەو هاوبەشی و پتەوكردنی پەیوەندییەكان هەنگاوی هەڵگرتووە، راستە دروستبوونی گرفت و كێشە و نائارامی نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو لە ناوچەكەشدا كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ئابووریی كوردستان دەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نابێت كە جێگای مەترسی بێت، چونكە دەرئەنجام دۆخی عێراق بەگشتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان هەر زیاتر بەرەو باشی دەچێت و ئەمەش جێگای ئومێدە، هەروەكو چۆن زیادبوونی ژمارەی بازرگان و كۆمپانیا و بەگەڕخستنەوەی چەندین پڕۆژە نیشانەیەكی روونی ئابوورییە بەوەی دۆخی ئابووری و بازاڕ لە هەرێمی كوردستاندا لەبارە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان.