خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: باشترین میكانیزم بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی پەسەندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنە بۆ كوردستان

خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  باشترین میكانیزم بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی پەسەندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنە بۆ كوردستان
چاودێریكردن و لێپرسینەوە لە دامودەزگاكانی حكومەت و دژایەتیكردنی گەندەڵی پێویستی بەوە هەیە كە دووبارە هەندێك یاسا هەموار بكرێتەوە و دابڕێژدرێتەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا چەندین میكانیزم بۆ راگرتنی گەندەڵی لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر كارەكانی دیوانی چاودێریی دارایی و ئەو رێوشوێنانەی ئەم دامەزراوەیە دەیگرێتەبەر بۆ چاودێریكردنی دامەزراوەكان، ئەم دیدارەمان لەگەڵ خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
* ئایا ئەو بوارانە چین كە لە كاری دامەزراوەییدا دیوانی چاودێری كاری تێدا دەكات؟
- دیوانی چاودێریی دارایی بوارێكی فراوان و زۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە دڵنیابوون لە ئەنجامی چالاكییەكانی ژمێریاری و كارگێڕی و وردبینیكردنی مامەڵەكانی خەمڵاندن و بەدەستهێنانی داهات، تاوەكو بوارەكانی دەرخستنی بەڵگەكانی گەندەڵی و فێڵكردن و بەفیڕۆدان و خراپ بەكارهێنان، هەروەها بێتوانایی لە كاروبارەكانی وەرگرتن و خەرجكردن و بەكارهێنانی دارایی گشتی و ماڵی گشتی، كارەكانی بەدواداچوون و جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییە دارایی و ژمێریارییەكان.
* چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پەسەند نەكردووە، بڕیارە بوو ئەمساڵ بودجە ئامادە بكرایە و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرایە، بەڵام ئەمەش نەكرا، ئایا گرنگیی بودجە بۆ حكومەت چییە و ئەگەر بودجە نەبوو، ئێوە چاودێریی چی دەكەن؟
- بودجە جگە لەوەی رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەر حكومەتێكە لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، هاوكات نەخشەڕێگاو ئەدای حكومەتەكانیش نیشان دەدات، چونكە چوارچێوەیەكی یاساییە بۆ كۆكردنەوە و خەرجكردنی داهاتەكان، بەداخەوە ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە و چەندین سلبییاتی لێ كەوتۆتەوە، لەوانە پێشكەش نەكردنی وەزارەتی دارایی بۆ ژمێرەی كۆتایی (حسابات ختامی) ساڵە داراییەكانی رابردوو، هەروەها راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و نەبوونی پلان، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوامان كردووە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بۆ ئەوەی ساڵانە بودجەی خۆی ئامادە بكات، بیانووی وەزارەتی دارایش بۆ ئامادەنەكردن و پەسەندنەكردنی یاسای بودجەی ساڵانە بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەگەڕێنێتەوە لەلایەن بەغداوە، بەڵام دیوانی چاودێریی دارایی بە پێویستی دەزانێت، حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر ئەم پڕۆسەیە بكەن و گشت داهات و خەرجییەكانی خۆجێی و دەرەكی هەرێم بخرێتە ژێر ئەم چوارچێوە یاساییەوە، دەكرێت لەسەر بنەمای ئەو داهاتەی لە بەردەستدایە، بودجە ئامادە بكرێت و بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.
* ئێوە وەك دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە لەم دامەزراوەیەدا كار دەكەن، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەست دەكرێت سەر لەنوێ هەیكەلەی دامەزراوەیی حكومەت بە شێوەیەكی دیكە رێك دەخرێتەوە و دامەزراوەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان هەڵدەسووڕێن، ئایا میكانیزمی تازەی ئێوە بۆ چاودێریكردنی دامەزراوەكان چۆن دەبێت؟
- دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان تێبینیی ئەوەی كردووە كە بەشێكی زۆری بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارن لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی دیوانی چاودێریی دارایی كە لە یاسای دیوان هاتووە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەنگاویان هەڵگرتووە بەرەو چەند یاسا و رێنمایی و بڕیارێك بۆ لابردنی سەرچاوەكانی بەهەدەردان و زێدەڕۆیی و كەمكردنەوەی رۆتین و.. هتد، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە كاتی تەواوی خۆی هەیە و، بە هۆی هەبوونی كۆمەڵێك لە هۆكار و فاكتەری سیاسی و دەرەكی و دەستووری كە كاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر كاتی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە، ناتوانین لەكاتی ئێستادا وەكو دیوان هەڵسەنگاندنێكی كۆتایی و خێرای بۆ بكەین.
* ئاشكرایە ئەركەكانی ئێوە كە چاودێریكردن و لێپرسینەوەیە لە دامودەزگاكان، پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی تەواو لەگەڵ حكومەت هەیە، ئایا تاچەند ئەم هەماهەنگی و هاوكارییە تەواوە لە نێوان دامەزراوەی چاودێری و حكومەت هەیە؟ هەروەها هەندێك بەرنامەی ئێوە لەوانەیە پێویستی بە داڕشتنی یاسای تازە هەبێت، ئایا ئێوە خۆتان یاساكان بەرز دەكەنەوە بۆ پەرلەمان، یان دەینێرن بۆ حكومەت و حكومەت رەوانەی پەرلەمانی دەكات؟
- بەپێی ئەزموونی دیوان لە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە دووی ساڵی (2008) لە ماوەی رابردوودا، دیوان رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی ئامادە كردووە كە چەند قۆناغێكی تۆكمەی تێپەڕاندووە و پێش ماوەیەك لە مەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دارایی پەسەند كراو، نێردرا بۆ ئەنجومەنی شورای هەرێم، وەكو دەزگایەكی سەربەخۆ دەبووایە ئەوان رەشنووسی پڕۆژەكە بنێرنەوە بۆ دیوان تاوەكو دیوان راستەوخۆ بەرزی بكاتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بە رێچكەیەك رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كرا، لەم پڕۆژە یاسایەدا هەموو ئەو كەلێن و بۆشاییانەمان پڕكردۆتەوە.
* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندنی بەرنامەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە قەڵاچۆكردنی گەندەڵی ئامانجی سەرەكیی ئەم كابینەیە دەبێت، ئێمە لەم پەیامە وا تێگەیشتین كە حكومەت لە شوێنی خۆیدا گەندەڵی رادەگرێت، ئایا وەك ئەزموونی پیشەییتان، میكانیزمی راگرتنی گەندەڵی بۆ هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت و تاچەند سەروەریی یاسا هاوكارە بۆ ئەكتیڤكردنی كارەكانی دیوانی چاودێری؟
- بە راوبۆچوونی ئێمە گرنگترین هەنگاوی پێویست بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و راگرتنی بریتییە لە:
1. پەسەندكردنی دەستوورێكی سەردەمییانە بۆ هەرێمی كوردستان .
2. بە دامەزراوەییكردنی گشت دامودەزگا فەرمییەكان، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی دێرین و هێزە ئەمنییەكان و كاراكردنی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای یەك سەرچاوەی دەسەڵات، كە جیاوازی لە نێوان هەر دەسەڵاتێكی هاتوو لە یاسا و رێنماییەكان نەكات.
3. كردنەوەی گشت سەرچاوەكانی زانیاری بۆ دەستەكانی دیوان و گشت دامودەزگاكانی دیكەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، وەكو دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی تاوەكو بتوانن كاری یاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.
4. كاركردن بە بنەمای مەشرووعییەت كەوا دەستوور زاڵە لەسەر یاساكان و رێنمایی و بڕیار چ بە نووسراو، یان بە زارەكی جێگرەوەی یاساكان نابێت، بەمەش زۆر سەرچاوە و دەرگای كێشەی سیاسی و بەهەدەردان ودادپەروەری و... هتد دادەخرێت.
* زۆر باس لە زیادكردنی داهات دەكرێت، بۆ ئەمەش جیا لە گەڕان بەدوای سەرچاوەی دیكەدا، حكومەت هەوڵیداوە بە رێگەی كەمكردنەوەی خەرجیی وەزارەتەكان و زیادكردنی باج، داهات زیاد بكات و خەرجی كەم بكاتەوە، ئێوە وەك دیوانی چاودێریی هەرێم تاچەند لەم پڕۆسە گرنگەدا بەشدارن؟
- سەرەتا پێویستە زیادكردن و كۆكردنەوەی داهات پێشبینی بۆكراو بێت و لە چوارچێوەی یاساكان و بودجەی پەسەندكراوی ساڵانەدا بێت، پێویستیشە ئامانجی زیادكردنی داهات رەچاوی بنەمای دادپەروەری و پێداویستییەكانی جووڵەی ئابووری لە كەرتە جیاجیاكانی وەكو پیشەسازی و كشتوكاڵ و خانووبەرەدا رەنگ بداتەوە.
* دیارە پڕۆسەی حوكمڕانی لە هەر وڵاتیكدا هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دەگرێتەوە، بێگومان پێشخستنی وڵات پێویستی بە ئەكتیڤیی هەردوو كەرتەكە هەیە و پێویستیشە كە هاوسەنگی لە نێوانیاندا هەبێت، ئایا ئێوە وەك دیوانی چاودێری بەرنامەتان بۆ هاوسەنگی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت چییە و لە چ بوارێكدا چاودێریی كەرتی تایبەت دەكەن؟
- سەرەتا دەمەوێت باسێكی پڕۆسەی حوكمڕانی لە هەر وڵاتێكدا، یان بازنەی (حوكمە) بكەم، دیوانی چاودێریی دارایی هاوشانی دەستەی دەستپاكی و لێژنە پەرلەمانییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ، رۆڵ و پێگەیەكی گرنگیان لە چالاكبوون و ئەكتیڤبوونی پڕۆسەی حوكمڕانیدا هەیە. هەر خۆی لە خۆیدا چالاكی و ئەكتیڤبوونی ئەم پڕۆسەیە بەشێكیان پەیوەستە بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكومەتەوە، هەر لە ئاستی خوێندن و تەندروستی و پاراستنی مافی ئافرەتان و ئازادیی رادەربڕین و بڵاوكردنەوە و.. هتد، سەبارەت بە رۆڵی دیوانی چاودێری دارایی لە بەشی ئەم پڕۆسەیە و لە چاودێریكردنی كەرتی تایبەتیشەوە، ئەوا پاڵپشت بە پەیڕەوی ژمارە دووی ساڵی 2020 كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەركراوە، بەم زووانە ئەنجومەنی پیشە دادەمەزرێت و سەرۆكی دیوان سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە دەكات و بە ئەندامێتی كۆمەڵەی ژمێریاریی یاسایی و بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی بازرگانی دەبێت، یەكێكیش لە ئەركەكانی ئەنجومەنی پیشە سەرپەرشتی كارەكانی كەرتی تایبەت دەبێت و مۆڵەتیان پێ دەدات بۆ پەسەندكردنی ژمێرەی كۆتایی كۆمپانیاكان.
* كێشەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستان سیستمی بانكییە، هەر وڵاتێك سیستمێكی بانكیی سەركەوتووی نەبێت، ئەوا پەرەپێدانیش سەركەوتوو نابێت، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی سیستمێكی بانكیی سەركەوتوومان لە هەردوو بواری بانكی حكوومی و بانكی تایبەت هەبێت؟ ئایا بە رای ئێوە دەبێت میكانیزمی پەیوەندی و هاوكاریی بانكەكانی حكومەت و ئەهلی چۆن بێت؟
- ئێمە لە دیوانی چاودێریی دارایی زۆر جەختمان لەسەر سیستمی بانكی و پێشكەوتنی ئەم بوارە كردۆتەوە و تێڕوانینی تایبەتمان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەوەی پێویستە سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان ببووژێتەوە، بە بووژانەوەی سیستمی بانكی كۆمەڵێك كێشە چارەسەر دەبێت، ناكرێت بانكەكان تەنیا بە ئەركی دابەشكردنی مووچە هەڵسن، دەبێت بانكە حكوومییەكان متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە و ببنە سەرچاوەی داهات و هاوشێوەی بانكە ئەهلییەكان خۆیان بەڕێوەببەن، هەرچەندە من لە ئەدای بانكە ئەهلییەكانیش نیگەرانم، بۆیە هەنگاونان بەرەو دووبارە بونیاتنانەوەی سیستەمی بانكی و فراونبوونی كاروچالاكیی بانكی و هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی بازرگان و بزنێسكار و هەموو چین و توێژەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگە، دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن متمانە بۆ بانكەكانی كوردستان بە بانكی حكوومی و تایبەتەوە دەگێڕێتەوە، بەمەش ئاڵووێڕی بازرگانی و ئابووری، باشتر و فراوانتر و خێراتر دەبێت. دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم لە رێگای نووسراوەكانی و راپۆرتەكانی رابردوویەوە بەتایبەت لە راپۆرتی ساڵانەدا ئاماژەی بەم گرنگییەی بانكەكان كردووە و داوای رێكخستنەوە و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی بانكەكانی كردووە، كەرتی بانكی و سیستمی بانكی رۆڵی گەورە و گرنگیان هەیە لە زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی و زیادبوونی وەبەرهێنان لەو كەرت و سێكتەرانەی مەبەستمانە پێش بكەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێویستە هەرچی سیولەی نەختینەیی و داهاتە لە بانكە حكوومییەكاندا دابنرێت، تاوەكو دیسان ئەم بانكانە رۆڵیان لە پەرەپێدانی ئابووریدا هەبێت و بەپێی سیستەمێكی سەردەمیانەی هاوچەرخ، هاوشێوەی بانكە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بانك ببێتە جێگای متمانەی هاووڵاتیان.
گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ بانكەكان دەرگا بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم فراوانتر دەكات، بۆ بەدواداچوون و وردبینی لە جووڵەی ئەم ژمێرانە، بەمەش دەرگای تاوانی شووشتنەوەی پارە و بەدەستهێنانی ماڵ و سامان بە شێوەی نایاسایی و نامەشرووع بە رێژەیەكی بەرچاو كەم دەكات.
Top