فیلیپ ئەكێرمان لیبەرمان پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و مێژوو لە زانكۆی ڤاندەربیڵت بۆ گوڵان: بونیادی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیاندا ناگونجێت

فیلیپ ئەكێرمان لیبەرمان پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و مێژوو لە زانكۆی ڤاندەربیڵت بۆ گوڵان:  بونیادی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیاندا ناگونجێت
فیلیپ ئەكێرمان لیبەرمان خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك و لە ئێستادا پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و مێژووە لە زانكۆی ڤاندەربیڵت، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئێستای ئیدارەی سەرۆك ترەمپ، بەتایبەتی سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سزا و فشارەكان لە دژی ئێران و چارەنووسی ئەوەی پێی دەوترێت (سەفقەی سەدە) و ئایندەی چەند وڵاتێكی پڕ لە پشێویی ئەم ناوچەیە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانن، پێتان وایە ئاراستە و ئاقاری ئەم سیاسەتە بەرەو كوێ دەڕوات؟
- لە راستیدا ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پتر پێداگری لەسەر ئاستی ئابووری دەكات، ئەمەش خۆی لە زیادكردنی رسوماتی گومرگی و سەپاندنی سزای ئابووریدا بەرجەستە دەكات. ئەوەی پەیوەست بێت بە بواری سەربازییەوە، ئەوا دەكرێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ستراتیژیەتەی ئاسایشی نەتەوەیی، كە ئەم ئیدارەیە بڵاوی كردۆتەوە و، تێیدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵ دەدات لە رێی هاوپەیمانەكانیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتەكانی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا جێەجێ بكات.
* ئێوە ئاماژەتان بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، ئەوەی لەم رووەوە بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بە تەواوەتی دەستی لە پرسی بنیاتنانی نەتەوە و پەرەپێدانی دیموكراسی هەڵگرتووە، پێتان وایە هۆكار و پاڵنەری ئەمە چییە؟
- لە راستیدا ئەگەر من وەڵامێكی كورتی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ئەوا پێم وایە ئەگەرچی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لەم ناوچەیەدا كەمتر سەرقاڵە بە پرسی بنیاتنانی نەتەوەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئەمە سیاسەتێكی راگەیەندراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.
* بە شێوەیەكی گشتی، ئایا پێتان وانییە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەكی كەمتری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەیە، بە چەشنێك كە ئێستا ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بایەخێكی كەمتر بەم ناوچەیە دەدات؟
- ئێمە دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین كە ئەمریكا سەرقاڵە بە چەند بەرەیەكی رووبەڕووبوونەوەوە، بۆ نموونە سەرقاڵە بە بارگرژییەكانی لەگەڵ چیندا، بە هەمان شێوە لەگەڵ رووسیادا. بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەوا ستراتیژیەتی ئەمریكا ئەوەیە كە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكانی ئەم ناوچەیەدا نەكات، بەڵكو پەیوەندی و دەستڕۆیشتوویی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لەم ناوچەیەدا بەكار بهێنێت، بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشە و تەنگژانەدا بكەن. ئەمەش دەرفەت و بوار دەدات بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی بتوانێت هەوڵ و تەركیزی چڕ بكاتەوە بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشە و ناكۆكییەكانی بەشەكانی دیكەی جیهاندا.
* بەڵام ئەگەر بە دیاریكراوی باسی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بكەین لە ئاست وڵاتی ئێراندا و ستراتیژیەتی هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار لەبەرچاو بگرین، كە دژی ئەو وڵاتە پیادەی دەكات، ئایا پێت وایە ئەم ستراتیژییەتە لە بەدیهێنانی ئامانجە راگەیەندراوەكانیدا سەركەوتوو بووە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەوە نهێنییەك نییە بیدركێنین، كاتێك بڵێین سەرۆك ترەمپ خۆشحاڵ نەبوو بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا كە سەرۆك باراك ئۆباما پشتیوانیی لێ دەكرد، لەم روانگەیەشەوە رێچكەیەكی جیاوازی لە ئاست ئێراندا گرتەبەر، كە ئێمە دەبێت گرتنەبەری ئەم هەڵمەتی ئەوپەڕی فشارەش هەر لەم چوارچێوەیەدا سەیر بكەین و لەبەرچاوی بگرین.
* پێویست بوو ئیدارەی سەرۆك ترەمپ چ سیاسەتێكی لە ئاست ئێراندا بگرتایەتەبەر، كە پتر كارا بووایە؟
- لە راستیدا من خۆم لە پێگەیەكدا نابینم كە بتوانم راسپاردەم هەبێت و بڵێم دەبوو ئەمریكا ئەم رێچكەیەی بگرتایەتەبەر، یان سیاسەتێكی جیاوازتری پیادە بكردایە.
* ئەگەر باس لە كێشەیەكی دیكەی درێژخایەنی ئەم ناوچەیە بكەین، كە بریتییە لە ناكۆكیی فەلەستین و ئیسڕائیل، ئەوا بەم دواییە سەرۆك ترەمپ دوای چاوەڕوانییەكی زۆر پلانی ئاشتیی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە راگەیاند، كە بە سەفقەی سەدە دادەنرێت، ئایا پێت وایە جێبەجێ دەكرێت، یان چارەنووسی شكست و پشتگوێخستن دەبێت؟
- یەكەم كێشە لە ئێستادا كە رووبەڕووی پلانی سەفقەی سەدە بۆتەوە، ئەوەیە كە حكومەتێكی سەقامگیر لەنێو ئیسرائیلدا نییە، تا ئەم پرسەش یەكلا نەبێتەوە، ئەوا زەحمەتە بتوانرێت كاری بۆ بكرێت. كێشەی دووەم ئەوەیە كە ئاشكرایە فەلەستینییەكان خۆشحاڵ نین بەو پێشنیارەی سەرۆك ترەمپ خستیەڕوو، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەربەست و ئاستەنگێكی دیكە دروست دەكات، كە دەبێت كار بكرێت بۆ زاڵبوون بەسەریدا. لە روانگەی هەموو ئەوانەی وتران، ئەوا تێڕوانینی من ئەوەیە كە ئەم پلانی ئاشتییەی كە پێشنیار كراوە، نابێتە هۆی ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل چارەسەر و یەكلا بكاتەوە.
* ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ناتواندرێت چارەسەری ئەم ناكۆكییە بكرێت، ئایا پێتان وایە دەكرێت لە ئایندەیەكی دووردا هاوكار بێت بۆ ئەو چارەسەرەی كە بوونی دەوڵەتێكی فەلەستینی لەپاڵ دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لەخۆ دەگرێت؟
- من بۆچوونەكەی خۆم دووپات دەكەمەوە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم پلانە هەڵگری چارەسەر نییە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ناكۆكییەكی یەكجار ئاڵۆزە و بڕینی چەند بەربەستیش هەم لەلای ئیسڕائیل و هەم لای فەلەستینییەكانەوە پێویستە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا.
* راستە ناتواندرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كە ئەم كێشەیە ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەم ناوچەیە بەدەست چەندین كێشەی دیكەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی سووریا لەبەرچاو بگرین، كە بەم دواییە توركیاش راستەوخۆ دەستێوەردانی لەو وڵاتەدا كردو ئێستا ئەم دوو وڵاتە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم پەرەسەندنانە چییە؟
- ئێمە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە توركیا لە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەیەوە رووبەڕووی چەندین تەحەددی بۆتەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی لە باكووری سووریا دەگوزەرێت، لەم روانگەیەوە رەنگە وا لێك بدرێتەوە كە ئەوەی توركیا دەیكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە رەنگە ئەمە دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ناتۆش بێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت، دەبێت ئەو وڵاتە كار بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی بكات.
* كەواتە پێت وایە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن توركیا لەنێو خاكی سووریادا دەمێنێتەوە؟
- هەروەك ئاماژەم پێ كرد، توركیا رووبەرووی تەحەددیی پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی بۆتەوە و دەیەوێت لە رێی جووڵەكردنەوە بەرەو سووریا بەرەنگاری ئەم تەحەددییانە ببێتەوە.
* وڵاتێكی دیكە كە بە دەست چەندین كێشەی قورسەوە گرفتارە، وڵاتی عێراقە، كە ئێستا پشێوییەكی تەواو باڵی بەسەر بارودۆخەكەیدا كێشاوە و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامن، ئایا چۆن لە ئایندەی ئەم وڵاتە دەڕوانن و پێتان وایە دۆخەكە بەرەو كوێ دەچێت؟
- من تەمەننام دەكرد كە بتوانم شتێكی باش لەم بارەیەوە بڵێم، چونكە بە راستی دۆخی عێراق ئاڵۆزە، هەروەك دەزانین پێكهاتەكانی كورد و شیعە و سوننە لەم وڵاتەدا هەن و ئەمەش وای كردووە هێنانەئارا و پاراستنی دۆخێكی پڕ لە ئاشتی كارێكی ئاسان نەبێت، بە راستییش من نازانم ئایا بۆ دەستەبەركردنی ئاشتی لەم وڵاتەدا چارەسەری درێژخایەن چییە.
* ئەی پێت وایە ئەم وڵاتە بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە، یان چارەنووسی دابەشبوون و پارچە پارچە بوونە؟
- ئەوەی من دەكرێت لەم بارەیەوە بیڵێم، ئەوەیە كە كاتێك دەوڵەتان لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست كران، ئەوا وەك پێویست پێكهاتەی ئایینی و كۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانە لەبەرچاو نەگیرا، كە دەكرێت ئاماژە بە وڵاتانی سووریا و عێراق و ئێران بكەین، كەواتە رەنگە پێشنیاری ئەوە بكرێت كە چارەسەری درێژخایەنی ناسەقامگیری لە عێراقدا دابەشبوونی بێت بەسەر پێكهاتەكانیدا، هەرچەندە وڵاتێكی وەك لوبنان سەرەڕای بوونی پێكهاتەی ئایینیی جیاواز، تا راددەیەك سەقامگیر بووە، بە هۆی بونیادی حكومەتەكەیەوە، كەواتە هەردوو رێگاكە لە ئارادان.
Top