هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا: هەرێمی كوردستان تەنیا قەوارەی سیاسیی نادەوڵەتییە كە هەمووساڵێك بەشداری لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەكات

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا:  هەرێمی كوردستان تەنیا قەوارەی سیاسیی نادەوڵەتییە كە هەمووساڵێك بەشداری لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەكات
هەرێمی كوردستان ماوەی شەش ساڵە بە بەردەوامی بەشداری لە كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشنی ئەڵمانیا دەكات، ئەمساڵ جیا لەوەی كۆنفڕانسی میونشن داوەتی فەرمیی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو، لە هەمانكاتدا داوەتی فەرمیی هێمن هەورامی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردبوو، شاندەكەی هەرێمی كوردستانیش بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە رۆژانی 14-16ی شوباتی 2020 بەشداریی كۆنفڕانسی ئاسایشی كرد و لە میانەی ئەم بەشدارییەشدا، شاندی كوردستان 31 دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ شاندی وڵاتانی بەشداربوو هەبوو، كە چوار دیداری تایبەتیان لەگەڵ وەزیرانی (وزە و بەرگری و دەرەوە و شاندی هاوبەشی كۆنگریس)ی ئەمریكا بوو، بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی ئەم كۆنگرەیە و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنی سیاسەتی ئاسایش و بەرگری لە سەر ئاستی جیهان و، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رووداوە گرنگە و بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و ئامادەكارییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆنگرەی 14، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامداو، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ساڵانە بە ئامادەبوونی، سەرۆك و بڕیارسازانی بواری سیاسەتی ئاسایش و سەربازی لەسەر ئاستی جیهان گرێ دەدرێت، ئایا بایەخی ئەم كۆنفڕانسە بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهان چییە؟
- كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن كە ئەمساڵ 56 ـەمین كۆنفڕانسی خۆی گرێدا، یەكێكە لەو پلاتفۆڕمە گەورە و گرنگانەی كە بە دوای چارەسەر بۆ ئەو كێشانەدا دەگەرێت، كە رووبەڕووی ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەبنەوە، ئەم پلاتفۆڕمە لە سەردەمانی شەڕی سارددا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو جەمسەری رۆژهەڵات و رۆژئاوا كاری كردووە، ئەمەش بەو مانایەی كە رۆژانی ئەم كۆنفڕانسە ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەیەكگەیاندنی لایەنە ناكۆكەكان و راگۆڕینەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە نێودەوڵەتییەكان، هەر بۆیە هەموو كات ئەم كۆنفڕانسە ناوەندێكی رەخساندنی دەرفەت بووە بۆ بەشێك لەو شاندانەی بەشداری دەكەن، ئەگەر ئەو كۆنفڕانسە نەبوایە، لەوانەیە نەیانتوانیایە یەكتری ببینن، هەر بۆ نموونە ئەرمینیا و ئازەربایجان كە لەسەر پرسی ناگۆڕنۆكەرەباغ كێشەیەكی گەورە لە نێوانیاندا هەیە، ئەمساڵ لە كۆنفڕانسی میونشن لە پەنێڵێكی كراوەدا پێكەوە دانیشتن. هەروەها فلادیمیر پۆتین سەرۆكی رووسیا لە ساڵی 2007 هەر لەم كۆنفڕانسەدا روانگەی خۆی بۆ دووبارە گێڕانەوەی شكۆی رووسیا بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خستەڕوو، ئەوجا وێڕای ئەم كێشانە، ئێستا كێشەی ئاسایشی سایبەر (Cyber security)یشی هاتۆتەسەر، بۆیە ئێستا بۆتە گەورەترین پلاتفۆرمی جیهانی بۆ قسەكردن لەسەر سیاسەتی ئاسایش و بەرگری لە جێهاندا.

* دیارە ناونیشانی راپۆرتی ئەمساڵی كۆنفڕانسی میونشن نەمانی رۆژئاوا (Westlessness) بوو، ئایا ئەم ناونیشانە سەیر و مەترسیدارە تاچەند ئاستەنگ و تەحەددی بۆ سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی دروست دەكات؟
- ئەم تایتڵەی بە ناونیشانی نەمانی رۆژئاوا (Westlessness) بۆ راپۆرتی ئەمساڵ دایاننابوو، ئاماژەیەكی گرنگ بوو، بەوەی كە رۆژئاوا لەسەر ئاستی ستوونی لە ناوخۆی خۆیدا و لەسەر ئاستی ئاسۆیی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا كێشەی تێ كەوتووە، بەمانایەكی دیكە ئێستا رۆژئاوا لە بەرامبەر رۆژهەڵات هەست بە جۆرێك لە لاوازی دەكات، كە توانای جڵەوگیری و چارەسەری تەواوی كێشەكانی نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئاشكرایە رۆژئاوا شانازی بە كۆمەڵێك بەهای گرنگەوە دەكرد، ئێستا ئەو بەهایانەش كێشەیان تێ كەوتووە، ئەوجا بۆ دووبارە پێناسەكردنەوەی رۆژئاوا و هەڵوەستەكردن لەسەر كێشەكانی، هەر ساڵێك بۆ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆكی كێشەكان، لەسەر ئاستی ئەو ئەكتەرانەی بەشداری لەو كۆنفڕانسە دەكەن، ئەولەوییەتی خۆیان دادەنێن و لە ریگەی پەنێڵەكانەوە قسەی چڕ و پڕیان لەسەر دەكرێت.
* ئاشكرایە ڤیزەی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردنی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو لەم كۆنفڕانسە جیهانییە، رێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە لە شەڕی دژی داعشدا، پرسیاری ئێمە ئەوەیە كە چۆن سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بوونە ڤیزەی بەشداریكردنی كوردستان لەم پلاتفۆڕمە گرنگەدا؟

- ئاشكرایە لە ساڵی 2014 ئەو سیستمە جیهانییەی پێی دەڵێن: «سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی»، كەوتە بەردەم چەندین هەڕەشە، كە هەرە گرنگەكەیان هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوو، ئەمە دەریخست كە ئەم سیستمە تەنیا بە كاراكتەری دەوڵەتی ناتوانێت بپارێزرێت، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو كە ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئەم سیستمە ببوونەوە، كاراكتەری دەوڵەتی نەیدەتوانی وەڵامدەرەوەی ئەو هەڕەشانە بێت، هەر بۆیە وەك (جۆزیف نای) لە تیۆرەكەیدا بە ناونیشانی پەرتبوونی هێز (Diffusion of Power) ئاماژەی پێ كردووە، هێز لە كاراكتەری دەوڵەتییەوە پەرت بووە بۆ لای كاراكتەری نادەوڵەتی، ئەمەش هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی گۆڕیوە، لێرەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە جیاتی كۆمەڵێك دەوڵەت لە ناوچەكە و جیهان بە رابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی سەركردایەتیی شەڕی دژە تیرۆر دەكات، بۆیە زۆر راستە گیانفیدایی پێشمەرگە و شێوازی رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی بوونە ئەو ڤیزەیەی كە هەرێمی كوردستان ببێتە ئەندامی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشن، ئەمە لەلایەك، بەڵام لەلایەكی دیكە ئەمە مانای ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی نادەوڵەتی لە جیاتی ئەوەی ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەكە داخورێنێ، خۆی بۆتە بەخشەری ئاسایش بۆ دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهانیش، ئەم پێگە گرنگە وایكردووە كە دەوڵەتانی جیهان بەو جۆرە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن كە كاراكتەرێكی بەخشەری ئاسایشە لە جیهان و دەبێت بانگهێشتی كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهان بكرێت و گوێی لێ بگیرێت و كۆبوونەوەی لەگەڵدا بكرێت.
* ئایا بێجگە لە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسیی نادەوڵەتی، هیچ هەرێمێكی دیكە لە جیهاندا بەشداریی ئەم كۆنفڕانسەی كردبوو؟
- وەك قەوارەیەكی سیاسی كە كاراكتەری نادەوڵەتی بێت، ئەوەندەی ئێمە تێبینیمان كردبێت، تەنیا هەرێمی كوردستان بانگهێشتی فەرمیی ئەم كۆنفڕانسە كرابوو، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاراكتەری نادەوڵەتی بە شێوەیەكی دیكەش پۆلێن كراوە، هەر بۆ نموونە لە بواری ئاسایشی سایبەر، ئەمساڵ مارك زۆكەربێرك سەرۆكی كۆمپانیای فەیسبووك داوەت كرابوو، لە پەنێڵەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەو بودجەی لە ساڵانی 2019 و 2020 بۆ ئاسایشی فەیسبووك تەرخانیان كردووە، هێندەی هەموو سەرمایەی فەیسبووك بووە لە ساڵی 2012، بۆیە ئەمەش وایكردووە كە كاراكتەری نادەوڵەتی لە بواری ئاسایشی سایبەر رۆڵێكی گەورە بگێڕن.
* ئاشكرایە گۆڤاری گوڵان ساڵانە زۆر بە وردی چاودێریی كۆنفڕانسی میونشن دەكات و راپۆرتی لەسەر ئامادە دەكات، بەڵام ئەوەی لە كۆنفڕانسی ئەمساڵ تێبینیمان كرد، ئەوە بوو كە گەرمتر لە ساڵانی پێشوو پێشوازیی شاندی هەرێمی كوردستان كرا و، لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا 41 كۆبوونەوە و دیداری ئەنجامدا، ئایا ئەم تێبینییەی ئێمە لە جێگەی خۆیدا بووە؟
- ئەگەر سەرنجتان لە راپۆرتی ئەمساڵی كۆنفڕانسی میونشن دابێت، لە بەشێكیدا باس لە دووبارە رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Rearranging the Middle East) و هەروەها باس لەو هەڕەشانە دەكات كە لە كاراكتەرە نادەوڵەتییەكانەوە لەسەر ئاسایشی ئەم ناوچەیە هەیە، كەواتە ئەم دووبارە رێكخستنەوەیە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ئەو سیستمە هەرێمییەیە كە پێی دەڵێن» (Regional Order)، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئێستا لە جیهاندا تەنیا یەك سیستەم بوونی نییە، بەڵكو پشت بەو سیستمە هەرێمییانە دەبەستن، دیارە كاراكتەری رێكخەری ئەم سیستمە هەرێمییانە لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاراكتەری گرنگن، ئێستا هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی ئەم سیستمە هەرێمیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە خەریكی رەنگڕێژكردنەوەین، جیا لەوەی كاراكتەرێكی زۆر گرنگە، لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستان لە چەقی كۆمەڵێك ئەجیندایە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەجیندای زۆر گەرمن، بۆ نموونە ئەجینداكانی ململانێی ئەمریكا و ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق، ململانێی مەزهەبیی شیعە و سوننە، نەمانی مەشرووعییەتی حوكمڕانی لە عێراقدا دوای رزگاربوونی لە دەستی داعش، ئێستاش بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، گەڕانەوەی رووسیا بە هێزەوە لە رێی سووریاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی وزە لە ناوچەكە، ئاسایشی تاك لەسەر ئاستی هەموو ناوچەكە، دووبارە زەمینەسازكردنەوە بۆ هاتنی سەرمایەداری بیانی بۆ ئەوەی لە ناوچەكە وەبەرهێنان بكەن، سەرباری ئەمانەش هەرێمی كوردستان لە رووی پارێزگاریكردن لە بەهاكان (Value) هەرێمی كوردستان ئەو هێزەیە سەلماندی كە دەتوانێت فرەكولتووری و فرەئایینی (multiculturalism) بپارێزێت، كە ئێستا دیاردەی فرەكولتووری لە وڵاتانی رۆژئاوادا بۆتە كێشە، بۆیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەم هەموو تایبەتمەندییە، هەرێمی كوردستان ئەو پێگەیەی هەیە كە هەموو لایەك بایەخی پێ بدەن و داوا بكەن دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدەن.

* بەو پێیەی لە هەموو دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندنی كوردستان ئامادە بوویت، ئایا ئەو تەوەرە گرنگانە چی بوون كە لەو 41 دیدارەدا جەختیان لەسەر كرایەوە؟
- بێگومان چەندین دیداری دیكەش هەبوون، بەڵام لەبەر نەبوونی كات ئێمە هەر فریای ئەو 41 دیدارە كەوتین، بەهۆی هاوكاتبوونی دیدارەكان لەگەڵ یەكدی بە ناچاری رەتمان كردنەوە، ئەگەرنا دیدارەكان زیاتر دەبوون، سەبارەت بە بەشداریی منیش، بەڵێ، لە زۆربەی هەرەزۆری دیدارەكاندا ئامادە بووم، لەم دیدارانە كە بەرێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، ئەم تەوەرانە باسیان لێوە كراوە:
1. جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان خوازیارە لەسەر بنەمای پەیوەندیی هەمەلایەنە (multilateralism) پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ كاراكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هەبێت.
2. جەختكردنەوە لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەو هەڕەشانەی كە تیرۆر لەسەر ناوچەكە هەیەتی.
3. خستنەڕووی روانگەی هەرێمی كوردستان بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق.
4. خستنەرووی روانگەی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكێشە هەرێمییەكان لە ململانێ نێودەوڵەتییەكاندا.
5. هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێت، بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
6. هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێت، بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی و داڕشتنی بنەماكانی حوكمڕانیی باش بۆ خزمەتی ناوچەكە.
7. لە هەموو كۆبوونەوەكاندا سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازی و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، ئێستا دەستەی گشتیی وەبەرهێنان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار لەسەر 1000 پڕۆژەی سەرمایەگوزاری دەكات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، بۆیە داوای لە هەموو ئەو وڵاتانە كردووە كە بە رێگەی سەرمایەگوزاریی راستەوخۆ، یان بە رێگەی هاوبەشیكردن لەگەڵ حكومەت (Public private partnership) بین و پێكەوە كۆمەڵێك پڕۆژە وەبەرهێنانی تێدا بكەن، یان ئەو كۆمپانییانە بێن بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. بە شێوەیەكی گشتی ئەم حەوت تەوەرە، تەوەری گشتیی هەموو كۆبوونەوەكان بوون، بەڵام لە كۆبوونەوە و دیدارە دووقۆڵییەكاندا خاڵی دیكەش كە جێگەی بایەخی هەردوولا بوون، باسیان لێوە كراوە.
* خاڵێكی دیكەش كە لای ئێمە جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو كە شاندی كوردستان ئەمجارە چوار كۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ هەر سێ وەزیری (وزە، دەرەوە، بەرگری) ئەمریكا و شاندی كۆنگرێس ئەنجامدا، ئایا ئەم سەرنجە لە لای ئێوەش هەبوو؟

- حەز دەكەم راشكاوانە بڵێم، سەبارەت بە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی كۆنگرێس كە 22 كۆنگرێسمانی لەخۆ گرتبوو، بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمان لیندسی گراهام تەنیا لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان، هەموو شاندەكە پێكەوە كۆبوونەوە، ئەگەرنا دوایی هەر دوو دوو و سێ سێ لەگەڵ شاندەكانی دیكە كۆدەبوونەوە، ئەوەی لای شاندی كۆنگرێس گرنگ بوو، ئەوە بوو داوایان كرد، بەرێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆچوونی خۆیان لەسەر بارودۆخی ئاسایشی ناوچەكە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشیان بۆ باس بكات، سەررۆك وەزیران لەو كۆبوونەوەیدا باسی ئەوەی كرد، كە ئێستا رۆژانە تیرۆریستانی داعش دوو كردەوەی تیرۆریستی كە دەكاتە 60 كردەوەی تیرۆریستی لە مانگێكدا ئەنجام دەدەن، هەروەها باسی لەوە كرد كە شكستپێهێنانی داعش لە رووی سەربازییەوە نەبۆتە هۆكاری لەناوچوونی داعش، لەبەر ئەوەی ئەو زەمینەی بووە هۆكاری ئەوەی داعش سەرهەڵبداتەوە، ئێستاش ئەو زەمینەیە هەر ماوە، بۆیە جەختی كردەوە كە دەبێت كار بۆ ئەوە بكرێت، ئەو زەمینە نەمێنێت، سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی دیكەش، دیارە ئەوە یەكەمجارە كە لە كۆنفڕانسێكدا سێ وەزیری ئەمریكا بەشدار بن و هەر سێكیان لەگەڵ یەك شاندا كۆبوونەوەی تایبەتی بكەن .
* دیسان هەر لەم كۆنفڕانسەدا، شاندی هەرێمی كوردستان دوو دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرگریی حكومەتی ناوەندیی عێراقیش هەبوو، ئەمەش جێگەی هەڵوەستە بوو، كە شاندی هەرێمی كوردستان جیاواز بوو لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

- پێشتریش شاندی هەرێمی كوردستان لە میونشن لە گەڵ شاندی حكومەتی عێراق كۆبۆتەوە، هەر بۆ نموونە لەساڵی 2017 سەرۆك مسعود بارزانی لە دوای دەستبەكاربوونی د.حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیران بۆ یەكەمجار لە كۆنفڕانسی میونشن بینی، پێشتر نەیبینیبوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە وەك ئینگلیز دەڵێت: (punching above Its weight) تواناكانی كوردستان لە سەرووی قەوارەی خۆیەتی و رۆڵێكی دیار و بەرچاوتری هەبووە، لەلایەكی دیكەوە ئێمە لەگەڵ شاندی عێراق یەك شاند نەبووین، ئێمەش وەك حكومەتی عێراق داوەتنامەی تایبەتمان بۆ هاتبوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە كۆنفڕانسی میونشن كاراكتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی بەشداری دەكەن، وەك كۆبوونەوەكانی رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە كە تەنیا دەوڵەتی خاوەن سەروەری بەشداری تێدا دەكەن، هەر بۆیە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا بەشداریی كۆبوونەوەكانی UNدەكات، بەڵام لەم كۆنفڕانسەدا وەك پلاتفۆڕمێكی گەورەی ئاسایش و جیۆپۆلەتیك لەسەر ئاستی جیهان مامەڵە لەگەڵ كاراكتەرێكی نادەوڵەتی وەك هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە لەوێش ئاسایی بوو ئەم دوو كاراكتەرە كۆبوونەوە بكەن و یەكتری ببینین.
* دیارە بەشێك لە قسەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە لە كۆبوونەوەكان كردبوونی، دزەی كردبووە ناو میدیاكانی جیهان، هەر بۆیە میدیا بەناوبانگەكانی جیهان دیمانەی تایبەتیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران ئەنجامداو، وتەكانی ئەویان وەك مانشێتی سەرەكی پیشان دا، ئایا متمانەكردن بە قسەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- سەرچاوەی ئەم متمانەیە بە قسەكانی بەڕێز مسرور بارزانی ئەوەیە كە شاندەكان و میدیاكانی جیهانیش باكگراوەندی مسرور بارزانی دەزانن، كە پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان بووە، هەروەها دەزانن لە كوردستانیشدا لە ناو جەرگەی دروستكردنی بریاڕدایە و، پێشتریش كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی كۆڕبەندی ئابووریی داڤوسی كرد، سەرۆك ترەمپی بینی، ئەمە مانای ئەوەیە كە سەرچاوەی دروستكردنی بڕیار لای ئەوان روون و ئاشكرایە، هەر بۆیە ئێستاش كە بەڕێز مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران بەشداری لەم كۆنفڕانسە دەكات و رۆڵێكی گرنگی لە تیكشكاندنی داعشدا هەبووە، بۆیە كاتێك ئەم كەسایەتییە دەڵێت: داعش كۆتایی نەهاتووە و خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە، ئەوا ئەم قسەیە زۆر بە جددی و بە متمانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
* بە مەزندەی ئێوە چۆن ئەم متمانەیەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەبێتە هۆكارێك بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانان، بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان؟


- لەسەر بنەمای زانیاری پێت دەڵێم، نەك بە مەزندە، لەكاتی كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریكا، بە فەرمی بە سەرۆك وەزیران و شاندی هەرێمیان راگەیاند كە ئەوان هاوڕان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەوەی كە داعش كۆتایی نەهاتووە و ئەو زەمینەیەی داعش تیایدا سەری هەڵداوە، نەتوانراوە چارەسەر بكرێت، بۆیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و هاوپەیمانەكانیان ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر هاریكاری و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە، هەروەها شاندی كۆنگریس بە سەرۆك وەزیرانیان راگەیاند كە ئەوان هەوڵی جددی دەدەن، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، هەروەها وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و وەزیری بەرگریی كەنەدا، هەموویان سەبارەت بەوەی پەیوەندی بە رووبەڕووبوونەوەی داعشەوە هەیە، جەختیان لەسەر پشتیوانیی بەردەوام بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە، بێگومان خۆتان ئاگادارن ئەو كاتەی هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان دژ بە داعش راگرتبوو، بەڵام ئەوە نزیكەی دوو هەفتەیە تەواوی ئۆپەراسیۆنەكان، واتە ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و ئۆپەرەیشنی هاوبەش لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستی پێ كردۆتەوە، هەروەها بڕیارە كە رۆڵی ناتۆ لەم پڕۆسەیەدا فراوانتر بكەن، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو رۆڵەی ناتۆ وەری دەگرێت، هاوكاری و پشتیوانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

* دوای تەوابوونی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆك وەزیران بە فەرمی سەردانی رۆما و ڤاتیكانی كرد، ئایا ئەم سەفەرە تایبەتەی سەرۆك وەزیران بۆچی لەگەڵ كۆنفڕانسی میونشن هاوكات بوو؟
- وەك دەزانن پار لە مانگی یەك سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ شاندێكی پەرلەمان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، ئەوكات بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی شاندی پەرلەمانیان لەگەڵ بوو، منیش لەو كۆبوونەوەیە بەشدار بووم، لەو كۆبوونەوەیە بەفەرمی داوەتی بەڕێز مسرور بارزانی كرا كە لە دەرفەتێكدا سەردانی ڤاتیكان بكات، بێگومان ڤاتیكان زۆر بایەخ بەو ناوچەیە (هەرێمی كوردستان) دەدات، كە كریستیانەكانی تێدا پارێزراون و ئازادییان بۆ دابین كراوە و خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكرێت، هەروەها ئەمە یەكەمجار نییە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی ڤاتیكان بكات، پشتریش بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان بووە داوەت كراون، ئێستاش كە مسرور بارزانی داوەت كراوە، مانای ئەوەیە كە بایەخدانی ڤاتیكان و كۆمەڵگەی كاسۆلیكی بە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، كە توانیویەتی بە پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتانی دیكە نەوایەكی ئارام بۆ كریستیانەكان فەراهەم بكات، هەروەها پشتگیریی ڤاتیكان پشتگیرییەكی گرنگە، چونكە خۆتان دەزانن هەموو وڵاتانی رۆژئاوا پارتی دیموكراتی كریستانیان هەیە، ئەم پارتانە لە پەرلەمان بەشدارن و گوێ لە ڤاتیكان دەگرن، بۆیە كاتێك ڤاتیكان بایەخ بە هەرێمی كوردستان دەدات، ئەوا پارتە دیموكراتە كریستیانەكان لە پەرلەمانی خۆیاندا بایەخ بە هەرێمی كوردستان دەدەن.
* لە بەشێك لە قسەكاندا ئاماژەت بەوە كرد كە لەگەڵ ئەو شاندانەی كۆبوونەوە، تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و رەوشی خۆپیشاندانەكان گرنگ بووە، ئایا تێڕوانینی خۆت لە سەر رەوشی سیاسیی ئێستای عێراق چۆنە؟
- لەسەر ئاستی شرۆڤەكردن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئێستا سەردەمی ئاڵۆزی (complexity) و سەردەمی نادڵنیاییە (uncertainty)، ئەم دوو دیاردەیە لە سیاسەتی عێراقدا زۆر بە وردی دیار و بەجەستەیە، هەر بۆ نموونە: ئاڵۆزی لە پێكهاتەی دەسەڵاتی عێراق هەیە، ئاڵۆزی لە ناوخۆی ماڵی شیعە هەیە، ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی دیكە هەیە، ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، ئەمە جگە لە هەموو ئەو دەستێوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی كە بە كردەیی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە. ئەم هەموو ئاڵۆزییە وایكردووە جۆرێك لە ناڕوونی و نادڵنیایی لە هاوكێشەی هێز لە عێراقدا دروست ببێت، بەڵام ئەوەی كە سیماكەی بە روونی دیارە، ئەوەیە كە ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەسەر چەندین ئاست شكستخواردوو بووە، بۆ نموونە: لە مامەڵەكردنیان لە شێوازی حوكمڕانی، لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ هاووڵاتیانی ژێر نفوزی خۆیان، لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ پێكهاتەی عەرەبی سوننە لەسەر ئاستی مەزهەبی، لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، لە هەموو ئەمانەدا شكستخواردوو بوون، لە ئێستادا عێراق خۆی لە بەردەم كێشەیەكی زۆر گەورەدایە، كە ئەویش كێشەی ناسنامەیە، پرسیار ئەوەیە عێراقیبوون چییە؟ ئایا بۆ تاكێكی شیعە و سوننە و كورد چ مانایەك دەگەیەنێت، هەروەها كێشەیەكی گەورەی حوكمڕانی هەیە، ئەگەر سەیری ئیندێكسی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بكەین، دەبینین عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لە رووبەڕووبوونەوەی هەژاریدا لە ئاستێكی زۆر نزمدایە، ئەگەر سەیری فەلسەفەی دەوڵەت بكەین، بەو مانایەی دەوڵەت ئامرازێكە بۆ مۆنۆپۆڵی هێز و دەبێت هێز تەنیا لای دەوڵەت بێت، ئەوا بە هیچ جۆرێك ئەم پێناسەیە بەسەر دەوڵەتی عێراقدا جێبەجێ نابێت .بۆیە هەرچۆنێك سەیری پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكەین دۆخێكی هێجگار ئاڵۆزە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەم حاڵەتە دوو خاڵی گرنگ رەچاو دەكەین:


1. چۆن قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ناو ئەم ئاڵۆزییەدا بپارێزین.
2. پەیوەندیی وامان لەگەڵ ئەو ناوەندانەی بڕیار لە بەغدا هەبێت، كە بتوانین بەشە بودجەی هەرێمی پێ دابین بكەین، هەروەها بتوانین دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆمان بپارێزین، بۆ ئەوەی ئەگەر توانیمان رۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێن بۆ ئەوەی عێراقیش لەگەڵ ئێمە بتوانێت لەسەر قاچی خۆی بوەستێت.
* ئایا ئەم قسانەی ئێوە ئاماژەیەك نین بەوەی كە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە كاریگەری لەسەر ئەو رێككەوتننانەش دەبێت كە پێشتر هەرێم لەگەڵ حكومەتەكەی د. عادل عەبدولمەهدی لەسەری رێككەوتوون؟
- راشكاوانە دەڵێم، ئێمە لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی گەیشتبووینە رێككەوتنێكی زۆر باش، ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانەی ناوخۆی هێزەكانی شیعە نەبوایە و خۆپیشاندانەكان بەو ئاراستەیە نەچووبان، واتە د.عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیران بەردەوام بوایە، ئێستا ئەم رێككەوتنە ئیمزای لەسەر كرابوو، نێردرابوو بۆ پەرلەمان و بەشێكی زۆری كێشەكانی هەرێمی لەگەڵ بەغدا چارەسەر كردبوو، بۆیە بمانەوێت، یان نەمانەوێت، پریشكی ئەو ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەی ئێستای عێراق بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت، بۆیە دۆخی عێراق، دۆخی ئاڵۆزی و نادڵنیاییە، تەنیا ئێمە هەوڵدەدەین و جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین.
* لەبەرئەوەی ماوەیەك یاریدەری سەرۆك بارزانی بوویت، دەزانی لە ساتە ئاڵۆزەكاندا سەرۆك بارزانی رۆئیای تایبەتی هەیە، ئایا رۆئیایی ئێستای سەرۆك بارزانی بۆ ئەم كێشە ئاڵۆزە چۆنە؟
- سەرۆك بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كلیلی سەرەكی بۆ مامەڵەكردن لەم بارودۆخەدا ئەوەیە كە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەڵگری ئەجیندای كوردستانی بن، ئەو هێزانەی كە لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیی كورد دەكەن، بە یەك ستراتیژ سەیری ئەم پرسە بكەن و پێكەوە كاری جددی لەسەر بكەن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو هێزە كوردستانییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام داوە، دیارە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، ئەم شاندە پێكهاتووە لە نوێنەرانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، پارتی، نوێنەری كریستیان و توركمانەكان) بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە، بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێك گرنگترە، ئەوەیە كە ئێمە دژایەتیی سوننە نەكەین بۆ بەرژەوەندیی شیعە، هەروەها بە پێچەوانەشەوە، كێشەی ئێمە ئەوە نییە پشكی ئێمە لە بەغدا چەندە و دەكەوێتە لای چ لایەنێكی كوردستانی، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە بڕیاری كوردستان لە دەستی كوردستان خۆیدا بێت، نەك لە دەستی بەغدا، یان لە وڵاتانی هەرێمییەوە لە جیاتی كوردستان بڕیار بدرێت.


* بابەتێكی گرنگی دیكە كە دەخوازم لەگەڵتان باسی بكەم، ئامادەكارییەكان بۆ گرێدانی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئێوەش ئەندامی لیژنەی باڵای دیراسەت و هەڵسەنگاندن و زەمینەسازیی كۆنگرەی 14 ن، ئایا چۆن بوو لە ئێستادا بڕیاردرا پارتی كۆنگرەی خۆی گرێ بدات؟
- لە كۆنگرەی 13دا بڕیارێك لە ناو پەیڕەودا تۆمار كرا، كە دەبێت هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرە گرێ بدرێت، بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخانەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندران، نەمانتوانی لە كاتی خۆیدا كۆنگرە گرێ بدەین، بەڵام لە كۆنگرەی 13 ـەوە تا ئێستا، ئێمە بەشداریی پێنج هەڵبژاردنمان كردووە، كە بریتین لە:
1. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە نیسانی 2014
2. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری 2018
3. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەیلوولی 2013
4. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەیلوولی 2018
5. هەڵبژاردنی پارێزگاكانی كوردستان لە نیسانی 2014


ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر رێژەیەك وەربگرین، واتە هەر دووساڵ جارێك هەڵبژاردنێك كراوە، لە هەر پێنج هەڵبژاردنەكەش پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان براوە بووە، لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی 2013 پەرلەمانی كوردستان ئێمە 38 كورسیمان هەبوو، ئێستا 45 كورسیمان هەیە، سەرۆكی نوێی هەرێم هەڵبژێردراوە و سەرۆكی حكومەتیش لای پارتییە، هەروەها كۆمەڵێك گۆڕانكاری روویانداوە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەیەكی چۆنایەتی (نەوعی) خۆی ببەستێت، بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیشە كە لە ساڵی2020 كۆنگرەی خۆی گرێ بدات.
* مەبەستتان لە گرێدانی كۆنگرەیەكی چۆنایەتی (نەوعی) چییە؟

- ئێمە كە دەڵێن كۆنگرەیەكی نەوعی، مەبەست ئەوە نییە كە دابڕانێك لەگەڵ رابردوو دروست بكەین، بەڵكو مەبەستمان پڕۆسێسێكی بەردەوامە، ئێمە كە سەیری پڕۆگرامی كۆنگرەی 13 دەكەین، ئاشكرایە بەشێك لە ماددەكانی پڕۆگرامی كۆنگرەی 13 ئەنجام دراون، هەر بۆ نموونە: لە كۆنگرەی 13 داوامان كردووە كە لە رووی چاودێرییەوە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان شەفافتر بن، دامەزراوەی دەستەی دەستپاكی دروست بكرێت، چاودێربی داریی ئەكتیڤ بكرێت، ئەمانە هاتوونەتە ئاراوە و جێبەجێ كراون، بۆیە سەیری پرۆگرام دەكەین، ئەوانەی جێبەجێ كراون، لای دەبەین، ئەوەی ماوە دەیهێڵینەوە، هەروەها چەندین شتی دیكەش هەن كە گۆڕانكارییەكانی ئێستا داوای دەكەن و دەبێت ئەوانیش بخەینە ناو پرۆگرامەوە، هەروەها دەبێت هەوڵبدەین كە پارتی بكەینە پارتی هەڵبژاردن، ئەمەش بەو مانایەی كە هەموو هەوڵی خۆمان بخەینەكار بۆ ئەوەی رێژەی كورسییەكانمان كە ئێستا 45 كورسییە، زیاتری بكەین، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی پارتی فراوانتر بكەین.

* وەك ئەوەی لە هەندێك لە هەڤاڵانی ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی گوێمان لێ بووە، دیارە پێشنیارێك هەیە رێژەی بەشداریی ئافرەت لە سەركردایەتیی پارتی بەرز بكرێتەوە بۆ 30 %، ئایا ئەمە بۆتە پێشنیار؟
- ئەوە ئەركی ئەم لێژنەیەی ئێمە نییە و، ئەركی لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەیە، كە ئەویش دابەش دەبێت بەسەر سێ لێژنەی دیكەدا، كە بریتین لە لێژنەی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە، لێژنەی كارگێڕیی كۆنگرە، لێژنەی بەڕێوەبردنی كۆنگرە، لێژنەی ئێمە لیژنەی دیراسەت و ئامادەسازییە، بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نەوعی، ئەم وردەكارییانە زیاتر لە ناو كۆنگرە وتووێژی لەسەر دەكرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.
Top