پیری ئەرنۆڵد بۆ گوڵان:كێشەی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ئەوەیە، رۆژنامەنووسان بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە پاپەند نابن بە ئیتیكی رۆژنامەگەرییەوە

پیری ئەرنۆڵد بۆ گوڵان:كێشەی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ئەوەیە، رۆژنامەنووسان بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە پاپەند نابن بە ئیتیكی رۆژنامەگەرییەوە
پرۆفیسۆر پیری ئەی ئەرنۆڵد ئوستادی زانستی سیاسیی و پەرەپێدانی سیاسی و سیاسەتی گشتیە لە زانكۆی نۆرس داما و یەكێكە لەو چالاكوانانەی كە رێكخەری هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی بووە لە ئەمریكا و خاوەنی كتێبی (چۆن سەركردەیەكی نموونە دروست بكەین)، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی میدیا لە پرۆسەی بونیادنانەوە و بونیادی دیموكراتی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، چەندین پرسی گرنگمان لەگەڵ تاوتوێ كرد و پرۆفیسۆر ئەرنۆڵد بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* لە سیستمی دیموكراسیدا كۆمەڵێك توخم هاوبەشن لە پرۆسەی حكومڕانیدا، كە لەناویاندا میدیاش یەكێكیانە، ئایا تاچەند میدیا لەناو پرۆسەی حكومڕانی دیموكراتی رۆڵی خۆی دەگێڕێت؟
- دیموكراسی سیستمە، لەبەر ئەوە پێشبینی بوونی پارتی سیاسی دەكەین لە دیموكراسیدا، هەروەها پێشبینی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەین، ئەمەش ئەوە لە خۆدەگرێت كە پێویستە هاووڵاتیان زانیاریان هەبێت لەبارەی ئەو هێزانەوە پێویستە زانیاریان هەبێت لەبارەی پاڵێوراوەكانەوە، لەبارەی بەرنامەكانەوە، لەبارەی پرسە گشتیەكان و سیاسەتەكانەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا راگەیاندن ئەو رۆڵە دەگێڕێت كە زانیاری بداتە هاوەڵاتیان و هاووڵاتیانیش لەڕێی ئەو زانیاریانەوە ئەو پێشمەرجانە بەدەست دەهێنن كە پێویستن بۆ هەڵسوكەوتی دیموكراتیانە.
* ئەگەر رۆڵی میدیا چاودێریكردنی حكومەت و پەرلەمانیش هەر چاودێری كاری حكومەت بكات، ئایا لەم حاڵەتە جیاوازی نێوان پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس چیە؟
- پێموایە ئەمە پرسیارێكی گرنگە، با لە گومانكردن لەو بناغەیەوە دەست پێبكەم كە پرسیارەكەی ئێوەی لەسەر بنیاتنراوە، پێموانییە راگەیاندن و یاسادانەران، هاوتەریبن یاخود هاوتای یەكن، یاسادانەران لە چوارچێوەی دامەزراوەی دەوڵەتدان، ئینجا دامەزراوەی راگەیاندن هەیە. پرسیارەكەی ئێوە كە باس لەوە دەكەن دامەزراوەی راگەیاندن كاریگەریەكی گرنگی هەیە لەسەر بیروبۆچوون و تێڕوانینی هاووڵاتیاندا، زیاتر لە یاسادانەران یاخود لە حكومەت، كەواتە دەكرێت دامەزراوەكانی هەواڵ و رۆژنامەگەری كاریگەری بەهێزیان هەبێت، كە دەكرێت بەلای خراپ و بەلای باشیشدا بێت، چونكە مەرج نییە دەزگای راگەیاندن پابەند بێت بە گەڕان بەدوای ئامانجێكی دیاریكراودا، رەنگە دەزگایەكی راگەیاندن هەبێت، وەك دەزگایەكی هەواڵی یان كەناڵێكی تەلەفزیۆنی، كە بۆ مەبەستی قازانج كراونەتەوە، هەندێ جار بۆ لایەنداریكردن كۆمپانیایەك ئامادەییەكی زۆری هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانەی ناڕاستن. ئەگەر گۆڕانكاریەكان یان ئەوەی لە داهاتوودا لە كۆمەڵگەدا روودەدات بە راددەیەكی گەورە بوەستێتەسەر ئەوەی هاووڵاتیان چۆن بیر دەكەنەوە سەر ئەوەی هاووڵاتیان دەیانەوێت چی ببینن، ئەوا ئەوەی هاووڵاتیان لە راگەیاندنەوە فێری دەبن كاریگەری دەبێت لەسەر ئاییندە.
* زۆر جار باس لەوە دەكرێت پێویستە راگەیاندن پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت، بەڵام لە وڵاتێكدا كە هێشتا بنەمایەكی ئابووری لەسەر ململانێی بازاڕ دروست نەبووە، راگەیاندن پێویستی بەهاوكاری حكومەتە، ئایا دەكرێت حكومەت لەڕووی دابینكردنی داهاتەوە پشتگیری میدیا بكات؟
- ئەمەش پرسیارێكی جێی بایەخە، ئایا پێویستە حكومەت لەڕووی ئابووریەوە پاڵپشتی راگەیاندن بكات. كێشەی ئەم حاڵەتە ئەوەیە، ئەگەر حكومەت پاڵپشتی راگەیاندن بكات، ئەوا راگەیاندن دەبێتە ئامرازێكی پڕوپاگەندە بۆ حكومەت، پاساوی ئەوەیە، رەنگە بناغەی ئابووری راگەیاندن لاواز بێت، كەواتە پێویستە حكومەتی دیموكراتی پاڵپشتی دەزگاكانی راگەیاندن بكات، لەبەر ئەوەی راگەیاندن گرنگە بۆ دیموكراسی. ئەگەر پاڵنەری بەهێزی دەسەڵاتداران بۆ پاڵپشتیكردنی دەزگاكانی راگەیاندن بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆیان بێت و پاڵپشتی پارتەكەیان بكات و بەو شێوەیە ببێتە ئامرازی پڕوپاگەندە، ئەمە مەترسیەكەیە، ئەم مەترسیەش بە شێوەیەكی دیاریكراو پەیوەستە بە وڵاتە تازەگەشەكردووەكانەوە، لە چوارچێوەی دیموكراسیە نوێیەكاندا، كە خودی دیموكراسی بناغەیەكی باشی نەچەسپاندووە، كە دیموكراسی نەریتێكی لاواز و بناغەیەكی لاوازی هەیە. من دەگەڕێمەوە بۆ پرسیارەكە و ئایا ئامڕازێكی بەدیل هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی راگەیاندن لەلایەن دامەزراوەی حكومەتەوە، بەدیلی دامەزراوەكانی حكومەت بۆ ئەوەی بناغەیەكی سەقامگیری راگەیاندنی هەبێت. هەروەها ئەوەش دێتە هزرمان كە لە ناوخۆدا و لە نێو وڵاتدا، كە بكرێتە بەشێك لە بەرپرسیارێتیەكانی زانكۆ كەپاڵپشتی هەندێ كەناڵی تەلەفزیۆنی یان رۆژنامەی گرنگ بكەن.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ، رۆڵی میدیا لەنێو فەزای گشتی و پێدانی زانیاری راست بە هاووڵاتیان، ئایا تاچەند ئیتیكی رۆژنامەگەری بۆ دروستكردنی رای گشتی گرنگە؟
- ئەمەش پرسیارێكی زۆر باشی دیكەیە. لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكان و هەروەها لە وڵاتە گەشەكردووەكانی وەك ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپادا ئەو جۆرە كێشەیە هەیە كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، كە چۆن وابكەین رۆژنامەگەری و راگەیاندن پابەندبن بە ئەتەكێتی ئاست بەرزەوە و هەروەها بەوەی وردی راپۆرت بكەن. وەڵامەكە ئەوەیە لە زۆربەی وڵاتە گەشەكردووەكاندا پابەندبوونی خودی رۆژنامەنووسان بە ئیتیكی رۆژنامەنووسەیەوە نییە وەك ئەمریكا، لە وڵاتیكی وەك ئەمریكا پێشبینی دەكرێت خودی رۆژنامەنووس خۆیان پیشەوەربن و ئەتەكێتی خۆیان هەبێت. كەواتە ئەتەكێتی رۆژنامەوانی هەیە، كە رۆژنامەنووسان لەسەر ئەوە پەروەردە دەكرێت، كە پێشێلكاری نەكەن و لەلایەن دەزگای راگەیاندنەوە بسەپێنرێت، بۆ نموونە لەلایەن موحەڕیڕی رۆژنامەكانەوە. هیچ یەكێك لەمانە مۆڵەتپێدانی حكومەت لە خۆناگرێت، هیچ شتێك لەمانەوە ئەوە لە خۆناگرێت كە حكومەت ئەوە دیاری بكات چی راپۆرتێك ورد و چ راپۆرتێك ورد نییە. كێشەكە ئەوەیە لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكاندا، نموونەی هەموو جۆرە خراپەكانی رۆژنامەگەری و راپۆرتی نا ورد هەیە، و بوونی رێكخستنێكی خودی زەمانەت نییە. كاتێك ئێمە قسەدەكەین ئەوا بیر لە نموونەی خراپ دەكەمەوە، لە حاڵەتی پاكستان بڕوانە، كە دەزگاكانی راگەیاندن بە بەردەوامی توندوتیژی و تیۆری پیلانگێڕی و بانگەشەی بێ بنەما بڵاودەكەنەوە و رێكخستنێك نییە بۆ ئەم كارە. كێشەكە ئەوەیە ئایا كوالێتی راگەیاندن چیە، رەنگە باشترین وەڵام بریتی بێت لە وەڵامە كۆنەكە، كە بریتیە لە بوونی «بازاڕی بیرۆكە»، واتە رەنگە باشترین وەڵامی راپۆرتێكی خراپ بریتی بێت لە راپۆرتێكی باش، رەنگە دەزگایەكی راگەیاندنی باش بێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، كە راپۆرتی خراپ درۆ دەكات، بە دڵنیاییەوە خاڵی سەرەكی لێرەدا بریتییە لە بوونی هاووڵاتیەكی خاوەن زانیاری كە راستی جیا دەكاتەوە.
* لایەنیكی دیكە لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو، دەسپێكی پرۆسەی پەرەپێدان و گواستنەوەی ئابوورییە لە ئابووری دەوڵەتەوە بۆ ئابووری بازاڕ، هەروەها دەركەوتنی دیاردەی گەندەڵیە لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریەدا، ئایا تاچەند میدیا بەشدار دەبێت لە پرۆسەی پەرەپێدان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا؟
- ئەوەی جێی بایەخە لە پرسیارەكەی ئێوەدا، بریتییە لەوەی بوونی دەزگایەكی راگەیاندنی باش رەنگە باشترین چەك بێت بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، یان ئاشكراكردنی گەندەڵی، بەڵام ئەگەر رۆژنامە، یاخود، دەزگای راگەیاندن، یان تەلەفزیۆن و رادیۆ پشت بە داهاتی رێكلام ببەستن لە كەرتی تایبەتیەوە، ئەوا ئەو كاتە دەكرێت دەمكوت بكرێن، ئەمە دژیەكیە. با بگەڕێمەوە بۆ شتێك كە پێشتر ئاماژەم پێكرد، كە پەیوەستە بە گرنگی پشتبەستنی راگەیاندن بە حكومەت، ئێستا پرسیارەكەی ئێوە ئەوەیە پێویستە راگەیاندن پشت بە كەرتی تایبەتی نەبەستێت، كاتێك پێشنیارم كرد، كە دامەزراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە لە نێویاندا من باسی زانكۆكانم كرد، كە دامەزراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن پشتیوانی دەزگای راگەیاندن بكەن، كە ئازاد دەبێت لە حكومەت و ئازاد دەبێت لە كەرتی تایبەت، ئەوا لە كۆمەڵگەدا دەنگێك دروست دەبێت كە پابەند دەبێت بەوەی بابەتیانە راپۆرت بكات.....ئەو كاتە بەلای كەمەوە دەزگایەكی راگەیاندن دەبێت كە دەتوانرێت لە رێیەوە حوكم لەسەر دەزگاكانی دیكە بدرێت....ئەوەی من دەمەوێت خۆمی لێ لابدەم، گەیشتنە بەو دەرئەنجامەی كە وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بێت، ئەویش ئەوەیە بەڵێ پێویستە راگەیاندن لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری بكرێت، لەبەر ئەوەی پێموانییە ئەوە چارەسەرەكە بێت، بە تایبەتی لە كۆمەڵگە تازەگەشەكردووەكاندا. با حاڵەتێكی پێچەوانە وەربگرین، دەتوانین ئاماژە بە دوو حاڵەتی دیاری راگەیاندن بكەین كە لەلایەن حكومەتەوە پشتیوانی دەكرێت، وەك بی بی سی و لە ئەمریكا national public radio هەیە، ئەمانە دەزگای راگەیاندنی زۆر جیاوازن، بەڵام ئەمانە حاڵەتی زۆر دەگمەنن، ئەمە پێویستی بەوەیە ئاستی دیموكراسی زۆر بەرز بێت و بونیادێكی بەهێز هەبێت كە بوار بە حكومەت بدات دەزگایەكی راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ هەبێت، پێموانییە وڵاتە تازەگەشەكردووەكان ئەو توانایەیان هەبێت.
* بەڵام لەبارودۆخی ئێستا هاووڵاتیانیش بەجۆرێك لە جۆرەكان وەك رۆژنامەنووس دەتوانن بەرێگەی ئەنتەرنێت زانیاری و هەواڵ و بیروبۆچوونی جیاواز بڵاوبكەنەوە، ئایا ئەم حاڵەتە كاریگەری لەسەر میدیا نەكردووە؟
- ئەمە پرسیارێكە جێی بایەخپێدانی زۆر و پرسیارێكی گرنگیشە. هەموو ئەوانەی ئێوە باسی دەكەن بە راددەیەكی گەورە شڵەژان لە رۆژنامەگەریدا دروست دەكەن، هەم وەك كار و هەم وەك پیشە لە جیهانی گەشەكردودا، من مەزەندەی ئەوە دەكەم لە جیهانی تازەگەشەكردودا زیاتریش بێت. كێشەكە ئەوەیە هەموو كەسێك دەبێتە موحەڕیڕ و هەروەها پەیامنێریش. كەواتە ئەوەی راگەیاندنی كۆمەڵایەتی بواری پێدەدات و ئەوەی ئەنتەرنێت بواری پێدەدات، بریتییە لەبڵاوبوونەوەی شەپۆلێك لە زانیاری و بیروبۆچوون و تیورگەلێكە كە دیاری كراو نین. رەنگە هەموو كەسێك ببێتە پەیامنێر، بەڵام كەسانێكی كەم دەزانن ببنە پەیامنێرێكی باش، لەبەر ئەوە شڵەژانێكی زۆر دەخوڵقێت. كەواتە دەرئەنجامەكە- لە پەیوەندیدا بە دەست گەیشتن بەو زانیاریانەی لە ئەنتەرنێتدا و لە راگەیاندنی كۆمەڵایەتی بڵاودەبنەوە، لە ئەمریكادا بیرمان لە مەترسی ئەوە كردۆتەوە، ئەویش ئەوەیە خەڵكی لە ئەنتەرنێتدا بە دوای ئەو زانیاری و بانگەشانەدا دەگەڕێن كە هاوڕان لەگەڵیاندا، كەواتە بە دوای ئەو دەنگانەدا دەگەڕێت كە دەگونجێن لەگەڵ ئایدۆلۆژیای خۆی و لەگەڵ وەلائی خۆیدا، لەبەر ئەوە خۆت دادەخەیت بە رووی دەنگەكانی دیكە و زانیاریەكانی دیكەدا، ئەمە پەرەسەندنێكی مەترسیدارە بۆ دیموكراسی- تا ئەو ئاستەی كە روودەدات-. كەواتە ئێمە لە جیهانی گەشەكردودا ململانێ لەگەڵ ئەو كێشەیەدا دەكەین كە بریتییە لەوەی چۆن پارێزگاری لە ئامادەگیەكی بەهێزی راگەیاندن بكەین.
Top