پڕۆفیسۆر ڕێكس جەی برینان بۆ گوڵان:   ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتەوەختێكی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت

پڕۆفیسۆر ڕێكس جەی برینان بۆ گوڵان:     ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتەوەختێكی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت

 

 

ڕێكس جەی برینان، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و سەرۆكی پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی مەكگیڵ لە هەرێمی كیوبیك لە وڵاتی كەنەدا، وانەبێژ و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگیشە وەك: سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی هەرێمی و پرۆسەی ئاشتیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، پەنابەران، هاوكارییەكانی پەیوەست بە پەرەپێدان، بنیادنانی ئاشتی، تاكڕەوی و بەدیموكراتیكردن لە جیهانی عەرەبی. بۆ تاوتوێكردنی پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای ڕووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 كە بزووتنەوەی حەماس هێرشێكی كتوپڕی كردە سەر ئیسرائیل و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

 

* دوای ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 و هێرشكردنەسەر وڵاتی ئیسرائیل لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزایە نێو پشێوی و ناكۆكیی زیاترەوە، كە تێیدا ئێران و وەكیلەكانی لە عێراق و سووریا و، حزبوڵا لە لوبنان و بزووتنەوەی حوسییەكان لە یەمەنیش تێوەگلان، بە تێڕوانینی ئێوە ڕەوتی ئەم شەڕە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕوات؟

-  لە ڕاستیدا زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینیی ئەوە بكەین كە ڕەوتی ڕووداوەكان بە چ ئاراستەیەكدا دەڕۆن، هەرچەندە نابێت ئەو ئەگەرەش بە دوور بگرین كە ڕەنگە كرانەوەیەك لە تەنگژەكەدا بێتە ئاراوە و، ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەستێك بۆ شەڕەكەی غەززە بكرێت، كە ئازادكردنی بارمتەكانیش لەخۆ بگرێت، كە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا دەبێتە هۆی خاوكردنەوە و كەمكردنەوەی بارگرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەڵام لە هەمان كاتیشدا نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەكەی غەززە كۆتایی نەیەت و تێیدا ئیسرائیل بە چەشنێك تۆڵە لە ئێران بكاتەوە، سەرەنجام سەربكێشێت بۆ هەڵكشانی زیاتری بارگرژییەكان، بۆ نموونە: هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، یان ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی زەمینی ئەنجام بدات لە دژی حزبوڵا لە لوبنان. لەبەر ئەوە پێم وایە ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، ساتەوەختێكی زۆر مەترسیدارە، كە ئاشكرایە ئەوەی لە غەززەدا ڕوو دەدات كارەساتێكی مرۆییە.

* بۆ یەكەم جار لە مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەم وڵاتە بە بەكارهێنانی دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، كە ئەمەش بووە هۆی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بێ ئەوەی هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەی لێ بكەوێتەوە، ئێوە چۆن لە دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی ئەم پەرەسەندنانە دەڕوانن؟

- ئەوەندەی من مەزەندەی بكەم ئەوەیە كە لە نێو سەركردایەتیی ئیسرائیلدا مشتومڕێكی چالاك هەیە، هەندێك پێیان وایە ئەم هێرشەی ئێران دەرفەتێكە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببات و بە شێوەیەكی پتر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، هەندێكی دیكە ئاماژە بەوە دەكەن كە هێرشەكەی ئێران بە ڕاددەیەكی گەورە تێك شكێندرا لە لایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانیەوە و، پێویستە هەر كاردانەوەیەكی ئیسرائیل لەم ڕووەوە كاردانەوەیەكی سنووردار بێت (هەروەك ئەوەی بەدی كرا).

* هەروەك ڕوونە لە عێراقدا چەندین گرووپی چەكداری هەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، كە ئەم گرووپانەش دژ بە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كار دەكەن و هێرش دەكەنە سەر ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا و ئەردەن، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟

- من پێم وایە ئەو گرووپە چەكدارییانەی ئێران پشتیوانیان لێ دەكات بەردەوام دەبن لە هێرش و پەلامارەكانیان، ئیدی دژی ئیسرائیل بێت (لە ڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە) یان دژی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق و دەوروبەری عێراق، هەرچۆنێك بێت، زۆرێك لە مەسەلەكە بەندە بەوەی ئایا ئێران دەیەوێت بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببات، یان بارگرژییەكان خاو بكاتەوە.

* ڕۆژی 15ی نیسان، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە هاوەڵی شاندێكی گەورەی حكومەتەكەی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە (جۆ بایدن) و بەرپرسەكانی دیكەی كۆشكی سپی ئەنجام دا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە گرووپی میلیشایی لە عێراقدا هەن كە هەڕەشە و هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا عێراق بە هاوبەشێكی سەرەكی دادەنێت، شرۆڤەكاری ئێوە بۆ ئەم دۆخە چییە؟

- پێم وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرقاڵە بە شەڕی غەززە و بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە لوبنان و هێرشەكانی حوسییەكان لە دژی كەشتییە بارهەڵگرەكان و ئێرانەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە لە ڕوانگەی ئەم پرسە كورتخایەنانەوە لە عێراق دەڕوانێت.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە هەرێمی كوردستان چەندین كێشەی چارەسەرنەكراوی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە پێویستە بە گوێرەی دەستووری ساڵی 2005 چارەسەر و یەكلا بكرێنەوە، هەرچۆنێك بێت، كێشەكە ئەوەیە كە دەستوور جێبەجێ نەكراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كوردستان ڕووبەڕووی گرفت ببێتەوە، ئەگەر ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ویلایەتە یەكگرتووەكان نەتوانن بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە كوردستان بكەن، ئایا ئەمە كوردستان تووشی دژواریی زیاتر ناكاتەوە؟

- پێم وایە هەرێمی كوردستان لە بارێكدایە كە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی كێشە ببێتەوە، ئەویش لە كاتێكدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵە بە ڕووداوەكانی شوێن و ناوچەكانی دیكەوە.

 

Top