فوئاد ئیزەدی پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتی لە زانكۆی تاران بۆ گوڵان:   سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران سەركەوتوو بوو و سەرەتاییەكی نوێی پەیوەندییەكانی لێكەوتەوە

فوئاد ئیزەدی  پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتی لە زانكۆی تاران بۆ گوڵان:     سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران سەركەوتوو بوو و سەرەتاییەكی نوێی پەیوەندییەكانی لێكەوتەوە

 

 

فوئاد ئیزەدی، پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، و پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە لە زانكۆی تاران، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق بەگشتی و سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئێران و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، لە سەرووی هەموویانەوە ڕابەری باڵا، و كاریگەری و دەرئەنجامەكانی ئەم سەردانە.

 

* ئاشكرایە كە لە ڕابردوودا عێراق و ئێران لە كێشە و ناكۆكی و بگرە لە شەڕێكی خوێناویدا بوون لەگەڵ یەكتری، بەڵام لەم چەند ساڵانەی دوایی و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، بارودۆخێكی دیكە هاتە ئاراوە. بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەكانی ئەم دواییە چۆن لە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا پەیوەندییەكان باشن لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا و بگرە لە بەرەوپێشچووندان، دیدگای هەردوولاش ئەوەیە كە بوونی پەیوەندیی باش و پەرەسەندوو لە نێوانیاندا لە قازانج و بەرژەوەندییاندایە. دواتر ئێمە دەزانین كە ئێران چەندین ڕایەڵ و پەیوەندیی مێژوویی و فەرهەنگی لەگەڵ عێراقدا هەیە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆ ئێران گرنگە، چونكە بەلەبەرچاوگرتنی سنووری دوورودرێژی نێوان ئەم دوو وڵاتە، ئەوا هەر بارێكی نائەمنی لە عێراقدا ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئێرانیش دەبێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەزانین كە چەندین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپێنراون، یەكێك لە ڕێگاكانی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم سزایانەش بریتییە لە برەودان بە پەیوەندیی باشی ئابووری لەگەڵ دراوسێكاندا، لەم ڕوانگەیەوە بوونی پەیوەندیی پتەوی ئابووری لەگەڵ عێراقدا گرنگە بۆ ئێران و بگرە ئەمە مایەی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەردوو لایە.

* كەواتە دەكرێت چی بكرێت بۆ نەهێشتن و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەكانی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان پتر بەرەو پێش بچن؟

- لە ڕاستیدا لایەنی سێیەم هەن كە خوازیاری بەرەوپێشچوون و قووڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق نین، ئەم لایەنەش دەیەوێت پارێزگاری لە هەژموون و باڵادەستیی خۆی بكات لە عێراقدا، لەم ڕووەوە نایەوێت دەوڵەتێكی بەهێز لە عێراقدا هەبێت. كەواتە دەكرێت بڵێین: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆشحاڵ نییە بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران. هەرچۆنێك بێت، هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە حكومەتی عێراق دەرك بەو ڕاستییە دەكات كە بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ ئێراندا مایەی خێر و خۆشی دەبێت بۆ هاووڵاتییەكانی و بۆ وڵاتەكەی، لەبەر ئەوە بەپەرۆشن بۆ پارێزگاریكردن لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و بەرهەڵستی فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش دەكەن لەم ڕووەوە.

* پێشهاتێكی گرنگی دیكەی ئەم دواییە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو ئێران و ئەنجامدانی چەندین دیدار و كۆبوونەوە بوو لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتەدا. ئێوە چۆن لە سەنگ و قورسایی و گرنگیی ئەم سەردانە دەڕوانن؟

- بە تێڕوانینی من سەردانەكەی تەواو سەركەوتوو بوو، كە لە باڵاترین ئاستی حكومەتی ئێرانیدا پێشوازی لێكرا، كە ئەمە شتێكی ئاسایی نییە، واتە پێشوازیلێكردنەكەی لەوە زیاتر بوو كە زۆر كەس پێشبینی دەكرد. ئەمەش ئاماژەی بایەخدانی ئێرانە بە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمە كوردییەكەدا. ڕاستە ئێران بە شێوەیەكی گشتی خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ عێراقدا، بەڵام ئەمە بە شێوەیەكی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕاستە، چونكە پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگی و ئابوورییەكانی ئێران لەگەڵ كوردستاندا گرنگن. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە ئەمە سەردانێكی تەواو سەركەوتوو بوو، هەروەها تاوەكو سەردانی زیاتری لەم چەشنە ئەنجام بدرێت، ئەوا بوارێكی كەمتر دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە ئیستیغلالی بكەن و ئەو ئاڵنگارییانەی -كە ڕەنگە لە ئارادا بن- بۆ سوودی خۆیان بەكار بهێنن. كەواتە دەكرێت بڵێین، ئەمە سەرەتایەكی نوێیە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان.

*  سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوزارشتی لە خواستی خۆی كرد بۆ چارەسەركردنی سەرجەم پرسەكان لەگەڵ ئێراندا و بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەسەر تێكڕای ئاستەكاندا، ئێوە تا چەند گەشبین و ئومێدەوارن لەم ڕووەوە؟

- ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، ئەوا پێم وایە هیچ سنوورێك بۆ برەودان و گەشەپێدان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نییە، واتە تاوەكو هاوكاریی زیاتر لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستاندا بێتەدی، ئەوا حكومەتی ئێران خۆشحاڵتر دەبێت. یەكێك لە نیگەرانییەكانی ئێران ئەوەیە كە ئەم خاكە لەلایەن دوژمنەكانی هەردوولاوە بەكار نەهێنرێت بۆ دروستكردنی دژواری لە هەردوو دیوی سنوورەكە. پێم وایە پەیامی بەڕێز بارزانی ئەوە بوو، كە ئەویش هەمان دید و تێڕوانینی هەیە. كە ئەمە یەكێك لەو خاڵانە بوو كە ورووژێنرا لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكانی ئێراندا، پێم وایە ئەوەش بەدی دەكەن كە باشتركردنی پەیوەندییەكان بۆ بەرژەوەندیی هەردوولا دەشكێتەوە.

* ئێمە دەزانین پێشتر بارگرژی و بەدگومانییەك هەبوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە بۆچوونی ئێوە هۆكارەكانی ئەو بارگرژییانە چی بوون، كە هەندێ جار هەڵكشان و تەنانەت هێرشكردنەسەر كوردستانیشی لێكەوتەوە؟ چۆن دەكرێت لەمەودوا ئاسۆیەكی نوێ بە ڕووی پەیوەندییەكاندا بكرێتەوە؟

- من پێم وایە یەكێك لە لایەنە ئەرێنییەكان ئەوەیە كە پەیوەندییەكی چڕی فەرهەنگی لە نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەیە، دەكرێت پەرە بەم پەیوەندییانەش بدرێت. ئێمە دەزانین ئێران پەرە بە زانست و تەكنەلۆژیا دەدات و دەكرێت ئەمە بە سوود و قازانجی هەرێمی كوردستان بشكێتەوە، ئەوەتا خەڵكانێك لەم هەرێمەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕوودەكەنە نەخۆشخانەكانی ئێران. كەواتە ئەو تێگەیشتنەی گەڵاڵە بووە، ئەوەیە كە بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەكان مایەی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی زیاتری هەردوولایە.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئێران كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی زۆری لە نێو عێراقدا هەیە، بە بۆچوونی ئێوە تا چەند ئێران دەتوانێت و دەیەوێت ڕۆڵێكی ئەرێنی و بنیادنەری لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەبێت، بەتایبەتی لە پرسی بودجە و مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان؟

- گومانی تێدا نییە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ حكومەتی عێراق و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا هەیە، ئەمە ئەو دەرفەتە بە ئێران دەدات، كە ڕۆڵی ناوبژیوانی ببینێت، بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانی هەردوولا بڕەوێنرێتەوە. دواتر ئێمە دەزانین كە بوونی هەرێمێكی دەوڵەمەند (هەرێمی كوردستان) و بوونی عێراقێكی دەوڵەمەند سوودی بۆ ئێران هەیە، چونكە بارودۆخێكی باش نییە ئەگەر دراوسێكانت هەژار بن. كەواتە ئەگەر دەوڵەتە دراوسێكان لەڕووی ئابوورییەوە لە گەشە و پێشكەوتندا بن، ئەوا تۆش لە بارودۆخێكی باشتردا دەبیت. ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێراندایە كە زامنی ئەوە بكرێت، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەهرەمەند و بەشدار بن لە سامان و سەروەتی وڵاتەكەیان.

* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە ئێران و توركیا لە ململانێدان بۆ ئەوەی زۆرترین دەستڕۆیشتووییان هەبێت لە عێراقدا. لەم ڕوانگەیەوە ئاماژە بەوە دەكرێت، كە ئێران دەیەوێت لایەنەكانی عێراق لە خۆی نزیك بكاتەوە و ببێتە پارسەنگێك بۆ هەر كاریگەرییەك كە توركیا بیەوێت هەیبێت لە عێراقدا، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- من پێم وایە ئێران دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتە دراوسێكانیدا بدات، لە نێویاندا دەوڵەتی توركیا. ئێمە دەزانین كە لە ڕووی مێژووییەوە توركیا كێشەی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش هەبووە، دانیشتووانێكی بەرچاوی كوردیش لە توركیا دەژین، ئێرانیش نایەوێت ئەم كێشانە ببنە هۆی دروستبوون و هێنانەئارای ململانێ و ناكۆكی لە نێوان دراوسێكاندا، لەم سۆنگەیەوە بوونی پەیوەندیی باش لە نێوان توركیا و عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستاندا لە بەرژەوەندی و سوودی ئێران دەبێت، چونكە ئەگەر ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت، ئەوا هەمووان سوودمەند دەبن، ئومێدی ئێرانیش ئەوەیە كە توركیاش دەرك بەم ڕاستییە بكات و لەبەرچاوی بگرێت. ئێران پیێ وایە دەبێت ڕێز لە یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتانی ناوچەكە بگیرێت، ئەگەرنا بشێوی بڵاو دەبێتەوە و باڵ دەكێشێت بەسەر ناوچەكەدا.

Top