د.جەمال عەبدول جەواد سوڵتان بۆ گوڵان: هەنگاوی عەمەلی بۆ كۆتایی هێنانی توندوتیژی دەستێوەردانی سەربازییە بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام ئەم هەنگاوەش جارێ دیار نییە

د.جەمال عەبدول جەواد سوڵتان بۆ گوڵان: هەنگاوی عەمەلی بۆ كۆتایی هێنانی توندوتیژی دەستێوەردانی سەربازییە بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام ئەم هەنگاوەش جارێ دیار نییە
د.جەمال عەبدول جەواد ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی ئەمریكی لەقاهیرەو پێشتر بەڕێوەبەری سەنتەری ئەهرام بووە بۆ دیراساتی سیاسەت و ستراتیژی، ئێستاش ڕاوێژكاری هەمان سەنتەرە بۆ دیراساتی سیاسی و ستراتیژی، د.جەمال یەكێكە لەشرۆڤەوانە دیارەكانی میدیای عەرەبی و تۆژەر و پسپۆرە لەبوارەكانی كێشەی عەرەب ئیسرائیل و پێوەندییەكانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و پێوەندی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەریای سپی ناوەڕاست و هەروەها بەرەو پێشەوەچوونەكانی دیموكراتی لەوڵاتانی عەرەبیدا، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای سوریا گوڵان وتووێژێكی لەگەڵ د. جەمال عەبدول جەواد سازكرد كە ئەمە دەقەكەیەتی.
* سوریا خەریكە دەگاتە قۆناخێك كە دەرگای هەموو ئەگەرەكان كراوەبن، هەروەها ڕژێمی ئەسەد گۆشەگیر بووە بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەك وڵات باڵیۆزخانەی سوریایان داخست، ئایا بارودۆخەكە لای بەڕێزت چۆن دەخوێنرێتەوە؟
- تەنگژەكەی سوریا ئاڵۆز بووە و، ململانێ لەگەڵ ڕژێمەكەدا چارەسەری نییە، مەبەستم ئەوەیە بەداخەوە چارەسەرێكی سیاسی نییە و دەرفەتی ئەم چارەسەرەش لەدەستچوو، پێموایە هەموو ئەو ڕێوشوێنانە لەبری ئەوەی چارەسەری بكەن، قەیرانەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتری دەبەن، هەربۆیە داخستنی باڵیۆزخانەكانی سوریا لەوڵاتان ڕەنگە ببنەهۆی خێراتربوونی كۆتایی هاتنی ڕژێمەكە، بەڵام دوای ئەوەی ململانێكە توندوتیژی زیاتری بەخۆوە دەبینێ و و قوربانی زیاتری لێدەكەوێتەوە.
* ئایا تاچەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد بیر لەڕێگە چارەیەكی عەمەلی دەكاتەوە؟
- هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی عەمەلی بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دیار نییە، لەبەر ئەوەی هەنگاوی عەمەلی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد بریتییە لەدەستێوەردانی سەربازی، ئەمەش كارێكی زۆر قورسە، چونكە ئەمە هەنگاوێكە خودی ئەوروپیەكان خۆشیان سڵی لێدەكەنەوە و ناتوانن ڕەزامەندی و پشتیوانی خەڵكەكەیان بەدەست بهێنن لەگرتنەبەریدا، بەڵام ئێمە هەڵكشانی زیاتری بارودۆخەكە دەبینین، چەكداركردنی زیاتری موعارەزە دەبینین، بەسەربازیبوونی زیاتری ململانێ سیاسیەكە لەسوریا دەبینین، لەگەڵ كەوتنی قوربانی زیاتردا تاوەكو دۆخەكە گەیشتۆتە ئاستێك لەئێستادا كە ناتوانین پێشبینی بكەین.
* روسیا ڕۆڵێكی خراپ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرامبەر گەلی سوریا دەگێڕێت، ئێستا ڕوسیا دەیەوێت گەلی سوریا كۆمەڵكوژ بكرێت، بەڵام ڕژێمی ئەسەد بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش ئامادەیە ڤیتۆ بەكاربهێنێت بۆئەوەی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی شەرعیەتی نەبێت، ئایا چۆن دەتوانرێت كارێك بكرێت بۆئەوەی ڕوسیا پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات؟
- لە هەل و مەرجی ئێستادا هۆكارێك نییە قەناعەت بە ڕوسیا بكات واز لە هەڵوێستەكەی خۆی بهێنێت، متمانەی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا لاوازە، بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی ڕووداوەكانی لیبیا، ڕوسیا متمانە بە ڕۆژئاوا ناكات كە بەڵێنەكەی خۆیان بپارێزێن لەپێوەندیدا بەسنووری دەستێوەردان لەسوریا، لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوا ئەم كارەی لەلیبیادا نەكرد. پێموایە ئەو هۆكارەی دەبێتەهۆی ئەوەی ڕوسیا دەست لەم ڕژێمە هەڵگرێت ئەوەیە بەرگریكردن لەم ڕژێمە ببێتە كارێكی مەحاڵ، بارودۆخێك بێت كە سەد هێندەی ئێستا هەڵوێستی ڕوسیا -هەڵوێستێكی-نائەخلاقی بێت، هەرچەندە هەل و مەرجی ئێستا و ئاستی ئەو توندوتیژیەی لەئارادایە بەتەواوەتی سیفەتی ئەخلاقی لەسیاسەتی ڕوسیا دادەماڵێت، ئەوەی لەئێستادا بڕیاربەدەستانی ڕوسیا گرنگی پێدەدەن كاردانەوەی هاووڵاتیانی ڕوسیایە، تا ئێستا پرسی هەڵوێستی ڕوسیا لەئاست سوریادا نەبۆتە كێشەیەكی گەورە لەكارنامەی ڕای گشتیدا و تا ئێستا هاووڵاتیان بەو شێوەیە لەسیاسەتی حكومەت ناڕوانن كە سیاسەتێكی نائەخلاقی بێت، بە پێچەوانەوە بەسیاسەتێكی دروستی دەزانن. لەبەر ئەوە باوەڕم وایە بۆ ماوەیەكی دورودرێژی داهاتوو ڕوسیا لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام دەبێت، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە بەرگری كردن لەڕژێمەكە ببێتە ئەركێكی مەحاڵ، ئەویش كاتێك پەرەسەندنە سیاسییەكانی سەر ئەرزی واقیع بگەنە ئاستێك كەوتن و ڕووخانی ڕژێمەكە زۆر نزیك بێت، یاخود ژمارەی قوربانییەكان بەشێوەیەك زیاد بكات كە قابیلی قبوڵ نەبێت و نەتوانرێت بەرگری لێبكرێت، بەڵام باوەڕم وایە بۆ ماوەیەكی داهاتوو ڕوسیا هەمان سیاسەت دەگرێتەبەر.
* هەندێك لەچاودێران پێیانوایە كلیلی چارەسەری بارودۆخی سوریا توركیایە، تەنانەت ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپاش بەبێ توركیا هیچیان پێ ناكرێت، بەڵام توركیاش بێجگە لەپێشوازی كردن لەكۆبوونەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا شتێكی تری نەكردووە، ئایا توركیا بۆ لەم بارودۆخەدا وەك پێویست ناتوانێت ڕۆلی خۆی بگێڕێت؟
- ڕۆڵی توركیا مەترسیەكی زۆر لەخۆدەگرێت، توركیا بەتەنیا لەناوچەكەدا ناژێیت، بەڵكو دەبێت هاوسەنگی لەنێوان كۆمەڵێك ئیعتیباردا بدۆزێتەوە، دەستێوەردانی زیاتر لەسوریادا مەترسی خۆی هەیە، بەدڵنیاییەوە دەستێوەردانی سەربازی لەسوریادا كارێكی زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم ناكۆكیە بۆ ساڵانێكی دورودرێژ درێژە بكێشێت و كەسیش نازانێت دوا وێستگەی چی دەبێت، توركیا لەوە دەترسێت كە چالاكبوونی زیاتری لە هەل و مەرجەكەدا ببێتە هۆی گرژبوونی پێوەندیەكانی لەگەڵ ئێراندا-كە بەدڵنیاییەوە ئەمەش ڕوودەدات-گەمەكە لێرەدا لەنێوان دوولایەندا نییە، بەڵكو گەمەیەكی سێلایەنی ئاڵۆزە، بارودۆخی سوریا تەنیا بەشێكە لەبارودۆخی گشتی ناوچەكە، هەل و مەرجی سوریا پەیوەستە بەهەل و مەرجی بەحرەینەوە، هەروەها دەوڵەتە دراوسێ عەرەبیەكانی سوریا، وەك سعودیە ئیعتیبارێكی گەورەی هەیە لەم مەسەلەیەدا، هەروەها كەمینەیەكی گەورەی عەلەوی هەیە لەتوركیا، كە توركیا دەترسێت لەوەی دەستێوەردان دژی ڕژێمەكەی ئەسەد ببێتەهۆی دروستبوونی كێشەی تائیفی لەناوخۆدا. عێراقیش دراوسێی سوریایە و بەلای كەمەوە حكومەتەكەی سیاسەتێكی دیاریكراوی هەیە لەئاست بارودۆخەكە، هەروەها لایەنێكە لەمەسەلەكە، ئەگەرچی وەك پێویست بەهێز نییە لەئێستادا، بەڵام بەشێكە لەحساباتی هاوسەنگیەكان، مەبەستم ئەوەیە مەسەلەكە لەڕوانگەیەكی ئەخلاقی سادەوە لێكنادرێتەوە بۆئەوەی بڵێین كامە هەڵوێستی دروستە بیگرینەبەر و كامە هەڵوێستی هەڵەیە دەستی لێهەڵگرین، مەسەلەكە زۆر لەوە ئاڵۆزترە، هاوسەنگی هێزە ئیقلیمیەكان لەوپەڕی هەستیاریدایە لەململانێیەكدا كە كۆتاییەكەی نەزانراوە، توركیا سیاسەتی ڕاگەیەنراوی هەیە، بەڵام ئەوەی سیاسەتی عەمەلی بگرێتەبەر و هەل و مەرجی سەر ئەرزی واقیع بگۆڕێت، -ئەم كارە ناكات- بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە دەكات و دوای هەر هەنگاوێكیش حساباتی ورد بۆ كاریگەری و كاردانەوەكانی لەسەر وڵاتەكەی دەكات.
* لایەنێكی دیكە كە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم دەستێوەردانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكایە، هەندێك دەڵێن ئەمریكا لەم ساتەدا و لەبەر ئەوەی دەچێتە ناو هەلبژاردن ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات، پرسیار ئەوەیە ئایا بۆچی ئەمریكا لەم قۆناخە و لەبەر خاتری ئەوەی دەچێتە هەڵبژاردن، كۆمەڵكوژی گەلی سوریا قبوڵ دەكات؟
- دوای ئەزموونی عێراق ڕای گشتی ئەمریكا پاڵپشتی شەڕێكی دیكە ناكەن و ئیدارەی ئەمریكا دەترسێت ئەگەر تێوەبگلێت لەشەڕی سوریادا، ئەوا ڕای گشتی لەدژی دەوروژێت، یاخود ئەمە كارتێك دەداتە دەست ڕكابەرە كۆماریەكان لەهەڵبژاردنەكاندا، لەبەر ئەوە دوودڵە لەم ڕووەوە و من پێموایە قسەی زۆر دەبیستین پێش ئەوەی جوڵەی ڕاستەقینە ببینین.
* تەنیا ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەسەد بەهێزكردنی ئۆپۆزسیۆن و پێكەوە گرێدانەوەی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی ڕاپەڕیووە، بەڵام بێجگە لەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی یەكگرتوو نییە، لەهەمانكاتدا وەك پێویستیش هاوكاری ناكرێن، بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن دەتوانرێت ئۆپۆزسیۆن ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵێكی گەورەتر و كاریگەرتر بگێڕێت؟
- ئەمە قورسترین پرسیارە، لەبەر ئەوەی پاساوی دواخستنی پاڵپشتی بۆ موعارەزەی سوری ئەوەیە كە یەكگرتوو نییە و ئەمە ئەو پرسیارە دروست دەكات كە دواتر چی، چی دەبێت ئەگەر ڕژێمەكە لەسوریا بڕووخێنرێت و ئایا چۆن ڕەفتار دەكەن؟ ئەو پرسیارەی لەحاڵەتی لیبیادا نەكرا-كە ئێستاش بارودۆخەكە لەو وڵاتەدا بەسەر هەموو ئەگەرەكاندا كراوەیە-. كاتێك موعارەزەی سوری یەكدەگرێت و كاتێك بیرۆكەیەكی باشترمان دەبێت دەربارەی ئەوەی ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێمەكە چی ڕوودەدات، ئەو كاتە پاساوی دواخستنی پاڵپشتی بۆ موعارەزەش نامێنێت، ئەو كاتە كەوتنی شەرعیەتێك و دەركەوتنی شەرعیەتێكی دیكە دەبینین، لەئێستا كەوتنی شەرعیەتی ڕژێمەكە دەبینین، بەڵام نابینن لەبەرامبەردا شەرعیەتی موعارەزە جێی بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەسەرخۆیدا دابەش بووە و میسداقیەتی نییە، لەڕاستیدا ئەمە قورسترین پرسیارە و دەبێت زیاتر لەلایەنێك كاری لەسەربكات، ئەگەر ئەمریكا و ئەوروپا و توركیا و وڵاتە عەرەبیەكان، بەتایبەتی سعودیە، بتوانن بێ دابەشبوون كاربكەن، ڕەنگە بتوانن هاوكاربن لەكەمكردنەوەی كەلێن و دابەشبوونی نێو موعارەزە و دروستكردنی میسداقیەت و متمانە لەنێوان لایەنەكانی موعارەزەدا. لەسایەی هەل و مەرجی ئێستادا موعارەزەی سوری توانای ئەم كارەی نییە و ڕەنگە ئەمەش پێویستی بەكۆششی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەبێت و ئەمەش هێشتا ڕووی نەداوە. ڕاستە داوای یەكگرتن لەموعارەزە دەكرێت، بەڵام هێشتا هەوڵنەدراوە بۆ ئەوەی ئەم یەكگرتنە بكرێت، ئەگەر ئەمەش ڕووبدات، ئەوا ڕێككەوتن لەنێو موعارەزە بكرێت لەسەر بەرنامەیەك كە هیچ لایەنێكی نێو موعارەزە تاكڕەوی نەكات و بەتەنیا ئاییندەی سوریای نەكەوێتە دەست، لەوەش گرنگتر بەرنامەیەك بێت كە هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان زەمانەتی بكەن دەربارەی پاراستنی مافی كەمینەكان، لەبەر ئەوەی كەس نایەوێت ڕژێمێك لەسوریا بێتەسەر كار تائیفی بێت و ئیستبدادی بێت، ڕژێمێك بێت مومارەسەی سەركوتكاری تائیفی بكات لەدژی بەشێك لەخەڵكەكەی، لەم ڕووەوە ڕۆڵی دەوڵەتە ئیقلیمەكان دەبێت جددی بێت و نەك تەنیا قسەكردن بێت، واتە ڕەنگە بەشێك لەم هەنگاوانە ببێتەهۆی یەكگرتنی موعارەزە.
Top