محەمەد حافز بۆ گوڵان: ئیخوان موسلمینی میسر لە نێوان نەهزەی تونسی و سەلەفیەكاندایە جارێ نازانرێت بەلای كامیاندا هەنگاو هەڵدەگرێت

محەمەد حافز بۆ گوڵان: ئیخوان موسلمینی میسر لە نێوان نەهزەی تونسی و سەلەفیەكاندایە جارێ نازانرێت بەلای كامیاندا هەنگاو هەڵدەگرێت
پرۆفیسۆر محەمەد حافز ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی میزوریی و تۆژەرە لە ئامۆژگای ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتی (USIP) و تایبەتمەندە لەسەر پرسی حزب و تەیارە ئیسلامیەكان لەوڵاتانی عەرەبیدا، بۆ قسەكردن سەبارەت بە ڕەوتی هەڵكشانی ئیسلامیەكان چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەكردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* زۆرێك لە شارەزایان پێیان وایە هۆكاری توندڕەوی وڵاتە ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتیەكان بریتیە لە ئاین. پرسیارەكە ئەوەیە لە كاتێكدا هەموو ئاینێك بانگەشە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان دەكات، بۆچی ئاین دەگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەی توندوتیژی، كاتێك بە سیاسی دەكرێت؟
ــ بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕوون و ئاشكرایە كە توندڕەوی هۆكارێكە بۆ توندوتیژی و من نازانم چۆن ئیزافەیەكم هەبێت بۆ ئەم مەسەلەیە. لە ڕاستیدا دەكرێت ئاین بۆ ئاشتی و بۆ توندوتیژیش بەكار بهێنرێت. بۆ نموونە ئێمە مەسیحی ئوسوڵیمان هەیە، هەروەها جولەكەی ئوسوڵیمان هەیە، بە هەمان شێوە ئیسلامی ئوسوڵیشمان هەیە، كە ئاین بەكار دەهێنن بۆ برەودان بە توندوتیژی، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوەنییە كە ئاین نابێتە سەرچاوەی ئاشتی، لەبەرئەوەی ئاین باس لە سۆز و میهرەبانی، لە لێبوردەیی و عەدالەت دەكات. بەڵام بە داخەوە هەندێك جار كەسانێك هەن خەڵكانی دیكە بەوە تاوانبار دەكەن كە لە ئاین دەرچوونەو لە خوا دووركەوتونەتەوەو بەم شێوەیە ئاین بەرەو توندوتیژی دەبەن.
* زۆربەی پارتە سیاسە ئیسلامیەكانی وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە ئەتوانن خۆیان لەگەڵ دیموكراسیدا بگونجێنن، بەڵام كاتێك بەشداری لە پرۆسە دیموكراسیەكەدا دەكەن ئەوا تاوەكو دەگەنە دەسەڵات پابەند دەبن بە دیموكراسیەوە. بە بۆچوونی ئێوە، چۆن پارتە سیاسیە ئیسلامیەكان ئەتوانن ببنە هێزێكی دیموكراسی بۆ ئەوەی بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بكەن؟
ـ هەندێ پارت و ڕێكخراوی ئیسلامی هەن، وەك جیهادی و سەلەفیەكان كە دیموكراسی ڕەتدەكەنەوە، بەڵام پارتگەلی دیكە هەن وەك ئیخوان و نەهزە لە تونس و دادو گەشەپێدان لە توركیا كە بەشداری لە پرۆسەی دیموكراتی لە هەڵبژاردن و لە پەرلەماندا دەكەن، كە لەم ڕووەوە پشت بە هەندێ مەسەلە دەبەستن، وەك بوونی «شورا» لە ئیسلامدا كە بە مانای پرس و ڕاوێژ دێت، هەروەها باس لە ئیجماع دەكرێت، لەگەڵ پرسی ئەوەی لە ئایندا ناچاركردن نییە» لا اكراە فی الدین»، واتە هەموو ئەمانە بەهایەكی دیموكراتیان هەیە، بە مانای ئەوە دێن كە دەبێت پرس و ڕاوێژ لەگەڵ خەڵكدا بكەیت، دەبێت بگەیتە ئیجماع و كۆدەنگی و ناتوانیت بیروبۆچونی خۆت بەسەر خەڵكدا بسەپێنێت.
* كاتێك باس لە ئیسلام و دیموكراسی دەكرێت، ئەوا باس لە پارتە مەسیحیەكانی ئەوروپا دەكرێت كە خۆیان لەگەڵ دیموكراسیدا گونجاندووە، هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە جیاوازیەكە لە نێوان ئاین و دیموكراسیدا نییە، بەڵكو لە نێوان پارتە ئیسلامیەكانی ڕۆژهەڵات و پارتە مەسیحیەكانی ڕۆژئاوادایە. كەواتە بە تێڕوانینی ئێوە جیاوازی چییە لە نێوان ئەو دوو پارتەدا؟
- بە دڵنیاییەوە جیاوازیی هەیە، بەڵام لە پێوەندیدا بەوەی پارتێكی ئاینی ببێتە پارتێكی دیموكراتی، ئەوا ئەمە شتێكی مومكینە، ئەمەمان لە توركیا، لە ئەندەنوسیا و لە تونس بینی، واتە هیچ شتێك نییە لە پارتە ئیسلامیەكاندا ڕێگر بێت لەوەی بەشداری لە پرۆسە دیموكراسیەكەدا بكەن و بە ڕاستی بایەخ بە دیموكراسی بدەن. بەڵام لەگەڵ پارتە مەسیحیە دیموكراتیەكاندا كە بە ئەزموونێكی هاوشێوەی خۆگونجاندندا تێپەڕین بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە دامەزراوە دیموكراتیەكانی ئەوروپادا بكەن.
* هەڵكشانی چالاكی ئیسلامی لە زۆرێك لە وڵاتە عەرەبیەكاندا بەدی دەكرێت. لەم ڕووەوە گفتوگۆ لەبارەی هەندێ مۆدێلەوە دەكرێت. وەك مۆدێلی توركیا و تونس. هەروەها مۆدێلی ئیخوان موسلمین و سەلەفیەكانی میسر هەیە. ڕاگەیاندنی جیهانی تەفزیڵی مۆدێلی توركیا و تونس دەكات، نەك ئیخوان و سەلەفیەكان، بۆچونی ئێوە چییە؟
- مەسەلە فراوانەكە ئەوەیە كە هەندێ پارتی ئیسلامی وەك سەلەفیەكان ڕێگایەكی دوورو درێژیان لەپێشە بۆ گونجاندن و گۆڕینی بەرنامەی سیاسی و گوتاری سیاسیان بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە دامەزراوە سیاسیەكاندا بكەن، من نیگەرانم لە ئاست ئەم گرووپانە. بەڵام لەلایەكی دیكەوە ئەو پارتە ئیسلامیانەش هەن كە سازشی مێژووییان كردوەو دووبارە تەفسیریان بۆ قەناعەت و باوەڕەكانیان كردۆتەوەو بۆ ئەوەی بوار بە بەشداریەكی دیموكراسی ڕاستەقینە بدەن، لە ئێستادا ئیخوان موسلمین لە نێوان ئەم دوو گرووپەدایە، ئیخوان موسلمینی میسر بە چەشنی سەلەفیەكان ڕەفتار ناكات، هەروەها هاوشێوەی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا و نەهزەی تونسیش نییە، پێم وایە ئەمەش تەحەددی بەردەم ئیخوان موسلمینە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئایا پابەند دەبێت بە دیموكراسیەوە و ئایا سازش دەكات؟ یان هەڵوێست و ڕەفتارەكانی لە ڕەفتاری سەلەفیەكانەوە نزیك دەبێت كە لە ڕووی مێژوییەوە دیموكراسیان ڕەتكردۆتەوە؟
* ئەگەر لایەنە ئیسلامیەكان دیموكراسی بە بەرهەمێكی ڕۆژئاوایی بزانن و ئەگەر بیانەوێت مۆدێلێك لە حكومەت دابمەزرێنن كە ئیسلامی بێت، ئەوا تا چ ڕاددەیەك لایەنە ئیسلامیەكان ئاڕاستەی دیموكراسی بەرەو توندوتیژی دەگۆڕن؟
ئاشكرایە كە ئەگەرچی ئەوە ئەگەرە، بەڵام ئێمە ئەمەمان لە جەزائیر بینی لە سەرەتای نەوەدەكاندا، لەجەزائیر ئیسلامیەكان سەركەوتووبوون بەڵام سوپا دەستێوەردانی كردو هەڵبژاردنەكەی هەڵوەشاندەوەو ڕێگەی نەدا فۆرمێكی توندوتیژی ئیسلامی بەسەر جەزائیردا بسەپێنرێت، كەواتە ئۆباڵەكە تەنها لە ئەستۆی پارتە ئیسلامیەكان نییە، بەڵكو لە ئەستۆی حكومەتیشە بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیسلامیەكاندا دەكات، ئایا دادپەورەرانە ڕەفتار دەكەن و ئایا بوار بە هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە دەدەن و ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ دەكەن؟ كەواتە توندڕەوی بەرهەمی چۆنیەتی مامەڵەكردنی حكومەتە لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامیەكاندا، نەك تەنیا بەرهەمی ئایدۆلۆژی بزووتنەوە ئیسلامیەكان بێت.
Top