ستیڤن برێخن بۆ گوڵان: حكومەتی باش بەرژەوەندی گشتیی دەپارێزێت و لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكاندا هەماهەنگ دەبێت

ستیڤن برێخن بۆ گوڵان: حكومەتی باش بەرژەوەندی گشتیی دەپارێزێت و لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكاندا هەماهەنگ دەبێت
پرۆفیسۆر ستیفن ئار بێخن ئوستادی سیسیۆلۆژییە لەزانكۆی ماكسویڵ و تایبەتمەندە لەسەر پرۆسەی پەرەپێدان و ڕۆڵی ڕێكخراوە ناحكومیەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ قسەكردن لەسەر قۆناخی پرۆسەی پەرەپێدان لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و ئاستەنگەكانی ئەم قۆناخە و ڕۆڵی حكومەتی ئەكتیڤ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر بریخن كرد كە ئەمە دەقەكەیەتی.
* لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، قۆناخی پەرەپێدان قۆناخێكی تازە و سەختە، هەروەها لەم قۆناخەدا جۆرێك لە ناهاوسەنگی دروست دەبێت، بەتایبەتی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا، بەڕای بەڕێزتان ئایا چۆن هاوسەنگی دەخوڵقێندرێت لەمیانی پڕۆسەی پەرەپێداندا بەوشێوەیەی كە تیایدا ئاستی هەژاری كەمبكرێتەوە؟
- بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەرەپێدان سەركەوتوو بێت پێویستە قازانج و سەرچاوەكان لەنێوان خاوەن بەرژەوەندی و گرووپەكان بە یەكسانی دابەشبكرێت، هەڵبەتە وەدیهێنانی ئەو شتە زەحمەتە و میكانیزمەكانی بازاڕ بوار لەمڕووەوە فەراهەم دەكات، بەڵام كاتێك كە حكومەت دەستێوەردان نەكات لەبەر ئەوەی سروشتی بازاڕ وا هەڵكەوتووە كە سەرچاوەكان بگوازرێتەوە لە زۆرینەوە بۆ دەست گرووپێكی بچووك، بەڵام حكومەت چەندین رێگەچارەی جیاوازە دەگرێتەبەر بۆ دەستێوەردان، بۆنموونە لەڕێگەی دانانی باج یان لەڕێگەی دیكە بۆ مەبەستی دووبارە دابەشكردنەوەی سەرچاوەكان، بەڵام چەندین ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ بەرزكردنەوەو بەرەوپێشەوەبردنی دۆخی گرووپە داهات ئاست نزمەكان بۆ ئەوەی لە چالاكییە جیاوازەكاندا سوودمەندبن لەزمنیشیان ئەو گرووپانەی كە لە بازاڕدان، هەر بۆیە ئەم پرسە پەیوەستە بە چۆنیەتی رێكخستنی بازاڕ و چۆنیەتی جێبەجێكردنی چالاكییەكان، بەڵام ئەمە مەسەلەیەكی ئاڵۆزە و نزیكەی یەك سەدەیە مشتومڕ لەسەر پرسی پەرەپێدان و ئابووری هەیە، هەر بۆیە رێگەچارە هەیە بەڵام پێویستیی بە مومارەسەی پراكتیكی هەیە.
* زۆرجار لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی لە كۆمەڵگەدا حكومەت هەڵدەستێت بە پیادەكردنی پڕۆسەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بەواتای هەموو خەڵكی بێكار دەكات بە مووچەخۆری حكومەت، بەوشێوەیەش حكومەت دەكەوێتە ژێر بارێكی قورسەوە و ناتوانێت خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست بۆ خەڵك دابینبكات، بەڕای تۆ ئایا تاچەند پڕۆسەی چاودێری كۆمەڵایەتی تواناكانی هاووڵاتیان سڕدەكات؟
- من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام كە پێویستە حكومەت هەماهەنگ بێت و پێكەوەكاركردنی هەبێت لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان دەتوانن ئەو شتانە دابین بكەن كە حكومەت ناتوانێت ئەنجامیان بدات، لەبەرئەوەی ئەگەر هات و حكومەت نەیتوانی بەپێی پێویست خزمەتگوزاری و سەرچاوەكان دابین بكات بۆیە پێویستە بەدوای سەرچاوەی دیكە بگەڕێین و لێرەیشدایە كە دەكرێ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان كاریگەر بن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەربۆیە بەڕای من پێویستە لەسەر حكومەت و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان پێكەوە و لە نزیكەوە كاربكەن لەپێناو بەرزكردنەوەی سەرچاوەكان و تواناكان و هەروەها هەوڵدان بۆ خستنەڕووی كێشە و ڕووداوە گرنگەكان بۆ هاووڵاتیان.
* پسپۆران پێیانوایە كە لە پڕۆسەی پەرەپێداندا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی هانی هاووڵاتیان دەدات بۆئەوەی ئاكتیڤ بن و هەست بە نائومێدی نەكەن، بەڵام وەك دیارە عەدالەتی كۆمەڵایەتی پێویستیی بە سەروەری یاسا و دامەزراوەی بەهێز هەیە، بەڕای تۆ چۆن دەتوانرێت عەدالەتی كۆمەڵایەتی بچەسپێندرێت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو كە تیایاندا دامەزراوەكان لاوازن؟
- ئەمە تەحەددایە، دووبارەی دەكەمەوە: لێرەدا ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان دێتە ئاراوە و كە دەكرێ سوودیان هەبێت، هاوكات دەكرێ سیستەمی نێودەوڵەتیش لەمڕووەوە سوودبەخش بێت، پرسیارەكانتان زۆر قورسە و وەڵامدانەوەیان بەو ئاسانییە نییە، بەڵام من پشتگیری دەكەم لە دروستكردنی سیستەمی فرە ڕێكخراوەیی لەسەر ئاستە جیاوازەكاندا بۆ ئەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە هەماهەنگ بن و پێكەوە كاربكەن لەسەر جێبەجێكردنی چالاكییەكان لەڕووی پەرەپێدانی ئابووری، هەڵبەتە وەدیهێنانی ئەمەیش پێویستیی بە هەماهەنگی و هاریكاری هەیە لەسەر ئاستە جیاوازەكان و لەنێوان ڕێكخراوە جیاوازەكان، هەروەها پێویستە بەكاریگەرییەوە چالاكییەكان جێبەجێبكرێت و هاوكات پێویستە شەرعییەتی هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەیش گرنگە هاووڵاتیانیش بەشێك بن لەم پڕۆسەیە بەو ئاستەی كە دەنگیان بیستراو بێت و وەڵامدانەوە هەبێت لەبەرامبەر خواستەكانیان، بەڵام ئەگەر هات و حكومەت گوێگرتن و وەڵامدانەوەی بۆ هاووڵاتیان نەبوو ئەوكات ئەمە دەبێت بە كێشەیەكی گەورە لەبەردەم پەرەپێدانی ئابووری.
* زۆرجار بەهۆی شكستی پڕۆسەی پەرەپێدان خەڵك پڕۆسەی دیموكراسی رەتدەكەنەوە، چونكە پێیانوایە كە پێویستییان بە دیموكراسییەت نییە، بەڕای تۆ هۆكارەكان چین لەپشت شكستی پەرەپێدان لە پڕۆسەی بونیادی دیموكراسی؟
- ئەمە بابەتێكی مشتومڕ لەسەركراوە و زۆربەی پسپۆران پێیانوایە كە پەرەپێدان پێویستیی بە بونیادنانی دامەزراوەی دیموكراسیی بەهێز هەیە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی بەهێز بونیاد بنرێت كە تیایدا دەنگی هاووڵاتیان فەرامۆش نەكرێت، دیموكراسییەت پڕۆسەیەكی زۆر هەڵخەڵەتێنەرە و پێویستیی بە بەها و دامەزراوەی بەهێز هەیە لەنێو هاووڵاتیان و گرووپە جیاوازەكان، هەروەها پێویستە ئاستێك متمانە و لێكتێگەیشتن هەبێت لەنێوان گرووپ و پێكهاتە جیاوازەكان لەپێناو سەركەوتنی دیموكراسییەت، پێویستە هاووڵاتیان هەڵستن بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان و كەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، هەربۆیە لە هەندێك لە وڵاتەكاندا پێویستە پەرەپێدانی ئابووری بهێندرێتەدی بۆ مەبەستی پاڵپشتی لە بڕۆسەی دیموكراسی، بەڵام ئەم مەسەلەیە ئاڵۆزە و پێویستیی بە بیركردنەوەی قووڵ و وریاییەكی زۆر هەیە.
* هەندێك لە پسپۆران پێیانوایە كە سەركەوتنی پڕۆسەی پەرەپێدان پێویستیی بە حكومەتی باش هەیە، بەڕای تۆ ئایا حكومەتی باش چۆن لە قۆناغی گواستنەوەدا درووست دەبێت؟
- ئەوە زەحمەتە، دووبارەی دەكەمەوە: من لەگەڵ ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان-م، بەڕای من ئەو رێكخراوانە دەتوانن زۆر شت وەدیبێنن لەڕێگەی هەماهەنگی و پێكەوەكاركردن لەگەڵ حكومەت، ئەگەر بێت و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان – لەسەر ئاستەكانی لۆكاڵ و نێودەوڵەتی – لەژێر چاودێری بن و بەشێوەیەكی درووست هەڵبژێردرابن ئەوە پێموایە كە دەتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت زۆر شت بێننەدی، هەربۆیە بەڕای حكومەتی باش ئەو حكومەتەیە كە كاردەكات لەپێناو پاراستن و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەكان و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان، هەروەك ئاماژەم پێكرد حكومەتی باش دەتوانێت لەگەڵ ڕێكخراوە ئاكتیڤەكاندا كاربكات لە نێو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان بۆنموونە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەمریكای ناوەڕاست لەگەڵ حكومەت هەماهەنگن لەپێناو وەدیهێنانی هەندێك لەو چالاكییانەی كە حكومەت ناتوانێت جێبەجێیان بكات.
* ئەمڕۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پشتگیری و یارمەتی بۆ ئەو وڵاتانە دابین دەكەن كە سەركەوتووبوون لە پڕۆسەی پەرەپێدان، بەڕای تۆ ئایا پێوەر و ستاندەرەكان چین بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی پەرەپێدان و تەواوبوونی قۆناغی گواستنەوە؟
-من بەشێوەیەكی تەواو بەدواداچوونم نییە لەبارەی سەركەوتن و شكستی پەرەپێدانی جیهانی ...و تاد. بەڵكو من زیاتر بایەخ بە ڕێكخراوە گەورەكان دەدەم وەكو بانكی جیهانی كە دەكرێ هەندێكجار سوودبەخش بێت و هەندێك جاری دیكەیش بێسوودە، لەبەرئەوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەندێك جار سوودیان هەیە و هاریكارن، بەڵام هەندێك جاری دیكەیش سوود بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكان دەگەیەنن، هەربۆیە ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە بارودۆخ و حاڵەتەكان، بەڕای من دەكرێ سەیری پێوەرو ستاندەرەكان بكرێت لەڕووی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان و هەڵسەنگاندنێك بكرێت بۆئەوەی بزانین تاچەند پێداویستییەكان جێبەجێكراون بۆنموونە لەسەر ئاستی پەروەردەیی كە تاچەند كۆمەڵگە خوێنەدەوارە یان نا، لەسەر تەندرووستی و زانینی رێژەی چارەسەركردنی كێشە تەندرووستییەكان و رێژەی چارەسەركردنی هاووڵاتیان، لەگەڵ ئاستی داهاتەكانی هاووڵاتیان و گوزەرانیی خێزانەكان و ئاستەكانی فەراهەمكردنی هەلی كار، بەڕای من ئەم لایەنانە باشترین پێوەرن بۆ هەڵسەنگاندنی پەرەپێدان.
* تاچەند پێتوایە كە هەردووك لە پڕۆسەكانی بونیادنان و دیموكراسی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا پێكەوە و لە یەك كاتدا دەتوانن سەركەوتووبن؟
- ئامانجی دیموكراسییەت بریتیە لەوەی كە دەنگ و خواستی هاووڵاتیان لەلای حكومەت بیستراو بێت و كە حكومەت كار لەپێناویان بكات، منیش لەگەڵ ئەم بۆچوونە هاوڕام و پێموایە كە پێویستە حكومەت گوێگرتن و وەڵامدانەوەی لەبەرامبەر هاووڵاتیان هەبێت بۆئەوەی پەرەپێدان بێتەدی، هەربۆیە بایەخی دیموكراسییەت لەوەدایە كە بوار فەراهەم دەكات بۆ تاك و خێزان و هاووڵاتیان كۆمەڵگە لەڕووی ئازادی رادەربڕین و گوزارشت لەخۆكردن، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن ئازادنە خواست و داواكارییەكانیان بخەنەڕوو، لەگەڵ بەرپرسیاركردنی حكومەت و دەستەبژێری سیاسی بۆئەوەی وەڵامدانەوەیان هەبێت، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان دەڵێم لەمڕووە ئەگەری هەیە بەڵام بەو مەرجەی دامەزراوەكانی حكومەت بەشێوەیەكی درووست بونیادنرابن و دیموكراسییەت هەبێت بەو ئاستەی كە هاووڵاتیان ئازادی رادەربڕینیان هەبێت و هەڵبژاردنی دیموكراسی بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیان ئازادبن لە گوزارشت و رووداو و مەسەلەكانی رۆژانە تاوتۆبكەن بەبێ ئەوەی ترسیان لە حكومەت هەبێت، بەڕای من پێویستە ئەو دوو پڕۆسەیە پێكەوە بەڕێوەبچن و هەندێك جار هاوتەریب بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەم تێكەڵەیە كەمێك ئاڵۆزە لەبەرئەوەی هەندێك جار لێكدەترازێن.
Top