دكتۆر عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح بۆ گوڵان: پرۆژەم بۆ میسرییەكان ئەوەیە دانەبڕێین لە ئەمەریكا و بەرانبەر ئیسرائیلیش نەجەنگێین

دكتۆر عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح بۆ گوڵان: پرۆژەم بۆ میسرییەكان ئەوەیە دانەبڕێین لە ئەمەریكا و بەرانبەر ئیسرائیلیش نەجەنگێین
دكتۆر عەبدولمونعیم عەبدولفتوح یەكێكە لە پاڵێوراوەكانی كە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری میسر بەرنامەی داناوە، پیشەی پزیشكە و یەكێكە لە ئەندامانی پێشووی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین، ساڵانێكی دوورو درێژ ئەمینداری گشتی یەكێتی پزیشكانی عارەبی بووە، لیژنەكانی فریاگوزاریی ئیسلامی دامەزراندووە كە لە ناوچەكانی قەیران و كارەساتە سروشتیەكاندا كاری كردووە.وێڕای كرانەوەو لێبوردەیی كە هەر لە سەرەتاوە ئەبولفتوحی پێ ناسراوەو وای كردووە كە پێوەندییەكانی بە هەموو ڕەمزو توێژەكانی میسرەوە دانەبڕێت، چاودێران لە ڕێی وتاردانەكەی پاش خۆپاڵاوتنیەوە بۆ سەرۆكایەتی وەرچەرخانێك بەدی دەكەن لە سەركردەیەكی سنوورداری ئیخوانییەوە بۆ زەعیمێك كە خۆی بۆ هەموو بیرو ئاڕاستەكانی میسر نمایش دەكات، لەمیانەی ئەم دیمانە ڕاستەوخۆیەمان لەگەڵیدا وا دیارە ئەبولفتوح مكوڕو سوورە لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنەكە. ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەكەیە.
پاڵێوراو بۆ سەرۆكایەتی كۆماری میسر لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵان: پێویستە سەرلەنوێ پێوەندییەكانمان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا ڕێك بخەینەوە.


گوڵان: ساڵێك بەسەر شۆڕشەكەدا تێپەڕیوە، لەو ساتانەی رابورد تۆ چۆن ئەوانە هەڵدەسەنگێنیت كە بەرهەمت هانیون و ئەوانەشی كەتێیدا شكستخواردوو بوویت، ئایا بە ڕای تۆ ئەمڕۆ میسر لە مەترسیدایە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ململانێ لەسەر ئیرادەو ویستەكان تا ئەم چركەساتەش بەردەوامە، بە تایبەت لە لایەن دوژمنانی شۆڕشەكەوە، كە بریتین لە پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو، ئەوانەیان كە سوودمەندبوون لێی یان لە پاڵیدا گەندەڵخۆربوون، بەشێكیان لە ڕێكخراوەكانی بەڵتەجەن، كە بەدەست ڕژێمی پێشوەوە ئامڕازێكی چەوسێنەرەوە بوون، تا ئێستاش پاشماوەكانی ئەو ڕژێمە وەك داردەستێك بەكار دەهێنرێن، بەڵام ئەوەی سەلمێنراوە ئەوەیە كە ویستی میللیانەی شۆڕش دواجار سەردەكەوێت و شۆڕشیش بەردەوامە بەو شێوەیەی گەلی میسر دەیویست و ناشوەستێت تا هەموو ئامانجەكانی وەدینەیەت.

گوڵان: وەك ئەوانی تر سڵ ناكەیتەوە لەوەی شۆڕشەكە لەبارببرێت یان بڕفێندرێت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەمە روونادات، گەلی میسر بێدەنگ نابێت، بەڵگەشم بۆی كاتێك دەسەڵات بەدەستانی ئێستا دواكەوتن لەوەی سەرانی ڕژێمی پێشوو بەرنە بەردەم دادگا، گەلی میسر بە تووڕەیی هاتەوە سەر شەقام تا بیانخەنە بەر دەمی دادگا، كاتێك لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دواكەوتن دیسانەوە ڕژانەوە سەرشەقام بۆ دانانی وادەی دیاریكراوی هەڵبژاردن.

گوڵان: بەڵام لە ناو گەل دابەشبوون دروست بووە، هەندێك لە پاڵ سوپادایەو هەندێكیش لەگەڵ شۆڕشدایە، ئەوانەی گەیشتنە پەرلەمان و ئەوانەی لە دەرەوەیدان؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ناوی لێ نانێم دابەشبوون، هەموو گەل لەگەڵ سوپادایە، گەل و سوپا وەك شۆڕشەكە ڕایگەیاندووە یەك دەست و مەچەكن، ئەدای خراپ و خاووخلیچكی ئەنجوومەنی سەربازی مانای وا نییە گەل لەوان دابڕابێت یان بە پێچەوانەوە، گەلی میسر قبوڵی دابەشكردن ناكات چونكە نە ململانێی ئیتنی نە ئاینی نە تایەفەگەری بوونی نییە لە میسردا هەموویان یەكپارچەن و ناكۆكی لەسەر بیرو ڕای جیاواز بەروبوومی سروشتەو لە حاڵەتی ئازادی دەربڕین و دیموكراتیەتدا بوونی ئاساییە.

گوڵان: ئەی كەی ئەم ململانێیەی ئیرادەو ویستەكان بە كۆتا دێت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەو كاتەی كۆماری دووەم دادەمەزرێت و سەرۆك هەڵدەبژێردرێت و دەستوور دادەنرێتەوە، ئەو كات سەرەتای كۆتایی ململانێی ویستەكان دەستپێدەكات، ئەو كاتە دەسەڵاتێكی جێبەجێكار دادەمەزرێت و سەرۆكی دەوڵەت دیاری دەكرێت و ئامڕازەكانی دەوڵەت پەرتوبڵاو نابنەوە.

گوڵان: وتت هەڵەكانی ئەنجومەنی سەربازی، بەلای چ ئیرادەو ویستێكدا داكشاوەتەوە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: لە راستیدا ویستی زۆر پاڵنەرین، من لەوانە نیم كە گومان بخەمە سەر ئەنجومەنەكە یان بەخیانەتكاری تۆمەتباریان بكەم بەڵام بە كەمتەرخەم و خاووخلیچك و خراپی لە جێبەجێ كردندا ناوزەدم كردون، نەمخستونەتە بەرەی دژە شۆڕشەوە و بە تەكفیرو تەخوین تۆمەتباریان ناكەم، گەر هەڵەیان هەبێت نابێت بەهۆیەوە بخرێنە قاڵبی كافران و خیانەتكارانەوە.

گوڵان: هەندێك پێیان وایە كە سەركردەكانی دەزگای سەربازی لە كۆسووڕی موبارەكین، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەیت گەر بچیتە سەر كورسی دەسەڵات؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەو سەركردانە هەركاتێك ڕۆڵی سیاسییان تەواو بێت دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆڵگێڕانی سەربازییانەی خۆیان وەك ئەفسەرانێك لە سوپادا ئەو ڕۆڵەیان سەركەوتووە، ئەگینا كارەسات دەقەومێت گەر رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا پێ بدرێت، ئێمە خۆمان ڕامانسپاردون بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، ئەوانیش بە دەنگ داواكاریمانەوە هاتن، بەڵام بە توانای خۆیان هێندەیان دەزانی كە كردیان، جارێ كات گونجاو نییە تا داوایان لێ بكەین واز بێنن، دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خۆیان دەڕۆن.

گوڵان: قسە لەسەر دەرچوونێكی ئاشتیانەی ئەنجومەنی سەربازی دەكرێت، قسەی تریش هەیە لەسەر دەسەڵاتپێدانی زیاتری سوپا بۆ قۆناغی داهاتوو، چۆن دەڕوانیتە ئەمە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: سوپا نابێت دەسەڵاتەكانی بگۆڕدرێت هەروەك چۆن لە دەستووری پێشیدا بۆی دیاریكراوە كە تەنیا ڕۆڵی سوپا پارێزگاری كردنە لە سنوورەكانی وڵات و ئەوەش جێی شانازییە بۆ سوپا، بەڵام مەسەلەی دووركەوتنەوەی ئاشتیانە یان دادگایی كردن بۆ هەر جەمسەرێك كە ئێستا لە دەسەڵاتدایە چ بۆ حكومەتی شەرەف یان جەنزووری یان ئەنجومەنی سەربازی، من لەگەڵ زاراوەی دووركەوتنەوەی دادپەروەرانەم، ئەوەی هەڵەی كردووە موحاسەبە بكرێت.

گوڵان: ئێستا وادەی هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە چۆن دەڕوانیتە لیستی زەمەنی و میكانیزمەكانی كە ڕاگەیاندراوە، تۆ ڕەزامەندی لێی یان بەربەست هەن لەبەردەم پاڵێوراوان؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: لە ماوەی 60 ساڵێكدا ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد دەبێت، من لەوەدا هۆشیاریم پێداون كە نابێت پلان لە دژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داڕێژرێت، میسر سەقامگیر نابێت تا گەل راستەوخۆ سەرۆكەكەی هەڵنەبژێرێت، ئەوانەی دەیانەوێت گەمە بكەن بەم هەڵبژاردنەی سەرۆكایەتی ناسەقامگیریان بۆ میسر دەوێت..

گوڵان: ژێدەرو سەرچاوەكانت بۆ تەمویلی هەڵمەتی هەڵبژاردنت چین؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: تا ئێستا تەنیا پشت بەستوم بە لایەنگرانم و ناتوانم پارە سەرف بكەم لە بەرنامەو پلانی ریكلامی بەهێزدا، چونكە هێندە پارەم نییە.

گوڵان: قسە لەسەر دانانی سەرۆكێك دەكرێت بە تەوافوقی، تۆ وتت مەگەر تەرمەكەم بكەوێت ئەگینا لەم هەڵبژاردنەدا ناكشێمەوە، لەملاوەش پارەو ئەجیندای دەرەكی هەن، ئایا فشار یان هێزانێك هەن لە هەوڵی دامەزراندنی سەرۆكی داهاتووی میسردا لەكاردابن؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەوە ململانێی ئیرادەو ویستەكانە، بە پێی هەڵوێستەكان، مەترسیدارترین كاتی قۆناغی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكە، تێیدا ململانێیەكانی ویستە جیاوازەكان بەرجەستە دەبنەوە لە نێوان هێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا، هەوڵی وەرسوڕاندەوە بە دەوری ئەم هەڵبژاردنەدا تا سەرۆكێكی تری وەك موبارەك بە پۆلیس بهێننەوە بۆ حوكمكردنی گەلی میسری، ئێمە بە توندی ڕووبەڕووی ئەمە دەبینەوەو تا دوا هەناسە رەتی دەكەینەوە، نەدەكشێینەوە نە دوودڵ دەبین لێی.

گوڵان: ترسی ئەوەت هەیە گەمە بە ئیرادەی گەلەوە بكرێت لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا یان پلانێكی لە دژ دابڕێژرێت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: پێویستە لەسەر گەلی میسر لە رووی هەموو پیلانگێڕییەكان بوەستێنەوە بە تایبەت ئەو پیلانانەی كە نیازمەندبن بە پشتەوەی هەڵبژاردنەوە بسوڕێنەوە، تەنیا سندوقەكانی هەڵبژاردن دەتوانێت سەرۆك بهێنێت نەك رێكەوتننامەو چرپە چرپی دانیشتنە داخراوەكان..

گوڵان: چۆن پارسەنگی وتارەكەت دەدەیتەوە لە نێوان ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی ناو ئیخوان موسلمین كە ڕێزی تۆیان لایەو ئەو جەماوەرە بەرینەش كە لە هەموو تەوژم و ئاڕاستەكانەوەیە چۆن ئەو هاوسەنگییەت پێ ڕادەگیرێت ئەمە زەحمەت نییە بۆ كارەكانت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: پرۆژەكەم كە پرۆژەیەكی نیشتمانییە نەك شەخسی بۆ هەموو گەلی میسرە بە جیاوازی بیرو ڕایانەوە، لە دوای خواوە میسرییەكان پشت و پەنامن، بە تایبەتی وەچەكانی بزاڤە ئیسلامیەكان چ ئیخوانیەكان بن یان كەسانی تر، ئێمە دەمانەوێت ئەم نیشتمانە بونیاد بنێین، شۆڕش بۆیە هەڵگیرسا تا داهاتوو بونیاد بنرێتەوە، ڕووبەڕووی هەژاری و نەزانین و نەخۆشی بێتەوە بۆیە پێویستە هەموومان دەست لە ناو دەستی یەكتر بنێین.

گوڵان: جیاوازی هەیە لە نێوان هەردوو جەمسەردا؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: كامە دوو جەمسەر؟

گوڵان: نەوەكانی بزاڤە ئیسلامیەكان و نەوەكانی میسر؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: وای نابینم، نەوە دڵسۆزو راستگۆ و نیشتمانپەروەرەكەی ناو بزاڤە ئیسلامیەكە لە هەر كوێ بووبێتن خزمەتكاری نیشتمانەكەیان بوون.

گوڵان: چۆن كار دەكەیت بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆكایەتی لە كاتێكدا هێشتا دەستوور دانەنراوەتەوە، دەسەڵاتەكانی سەرۆك روون نین، حاڵەتێكی سیوولە هەیە لە پرۆسەی سیاسیدا؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: نە سیوولە و نە بۆشایی دەستووری بوونی هەیە، هەندێك وا دەڵێن كە بۆشایی دەستووری هەیەو چۆن سەرۆكێك بێ دەستور دەهێنن، كارو تایبەتمەندییەكانی سەرۆك چین وەك لە پەرلەماندا بە پێی دەستووری كاتی دیاریكراوە، سەرۆك لەسەر ئەو بناغەیە دانراوە، تا دەستورێكی نوێ دادەنرێت، لەگەڵ دانانی دەستوورەكەشدا دەسەڵاتەكانی سەرۆك و حكومەتیش رێك دەخرێتەوەو چاو دەخشێنرێتەوە بە هەموو شتەكاندا بەڵام سەرۆك بە پێی ئەم دەستوورە كاتییە دێت كە دەڵێت سیستمی میسری سیستمێكی سەرۆكایەتییە كەواتە سەرۆكە كە دەسەڵاتی پێبدرێت بۆ دروست كردنی حكومەت تا دەستوورێكی نوێ دادەنرێت..

گوڵان: چۆن مەسەلەی پارەبەخشینی بیانی دەخوێنیتەوە، هەندێك دەڵێن دەستێوەردانی ئەمریكی بۆ كاروباری ناوخۆی میسر بەردەوامی هەیەو وڵاتەكە لەو روەوە ئیختیراق كراوە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: حوسنی موبارەك كلیلەكانی نیشتمانی دابوو بە ئەمریكیەكان، ئێمە كار بۆ وەرگرتنەوەی ئەو كلیلانە دەكەین تا بدرێتەوە بە خاوەنی خۆی كە گەلی میسرین یەكێك لە ئامانجەكانمان چاوخشانەوەیە بە پێوەندییەكانی نێوان میسرو ئەمریكا بەشێوەیەك رێكبخرێتەوە بەرژەوەندی هاوبەشی گەلانی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت، نەك لەسەر حیسابی گەلی میسری بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا سەربخرێت، بنەماكانی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان چۆنن ئاوها پێوەنید نێودەوڵەتی میسرو ئەوانی تر رێكبخرێتەوە دیارە كە پێوەنییەكان كۆمەڵەی خێرخوازی نین تا وڵات بەوانی تر ببەخشین و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەكان دیار نەبن، حوسنی موبارەك تواناكانی میسری بەوانی تر فرۆشتووە بێ ئەوەی نرخەكەی بۆ گەلی میسری بگەڕێتەوە تەنیا لە پێناوی مانەوەی خۆی بەسەر كورسیەكەوە ئەمەی كردووە، بۆیە ئەو سەرۆكەی كە هەڵدەبژێردرێت پێویستە بەو پێوەندییانەدا بچێتەوە كە میسر لەگەڵ دنیادا هەیەتی، خۆمان لەكەس دانەبڕێنین، میسر لەوە گەورەترە ترسی هەبێت لە پێوەندی بەستن بە دەوڵەتانێكەوە، مەرج ئەوەیە لەهەر پێوەندییەكدا بەرژەوەندی و سەربەخۆیی نیشتمانی بپارێزرێت.

گوڵان: چۆن ئەو وتەزایە دەنرخێنیت كە دەڵێت «هەر سەرۆكێكی میسری پێویستە شانسی رەزامەندبوونی ئەمەریكاو ئیسرائیلی بەر بكەوێت»؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەم وتەزایە لە بەرانبەر ڕژێمێك دەوترا كە خۆی تەخت كربوو بۆ ئەمریكاو ئیسرائیل، سوكانی وڵاتەكەی دابووە دەستیان، لە جێی خۆی بێ پرسی ئەوان نەدەجووڵایەوە، بەڵام ئەگەر سیستمێكی سیاسی لە لایەن گەلەوە ئازادانە هەڵبژێردرابێت و بووبێتە خزمەتكار بەرگریكاری بەرژەوەندییەكانی گەل ئەم وتەزایە هیچ شرۆڤەیەكی بۆ نامێنێتەوە.

گوڵان: ئەگەر بە پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئیسرائیلدا بچینەوە كە خۆتان لە بەرانبەر رێكەوتننامەی كامب دیڤید هەڵوێستان هەبووە بەوەی ئەو رێكەوتننامەیە زاڵمانە بووە، چۆن چاوی پیا دەخشێننەوە لەم كاتەدا كە میسر كێشەی ناوخۆیی زۆری هەیە،؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: زیاتر خۆم بە بونیادنانی داهاتوو سەرقاڵ دەكەم نەك بە رابردووەوە، ئەوەش فەرامۆش ناكەم بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی هەموو تواناكانت بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو سەرف بكەیت یان بە دیوی بونیادنانی داهاتوو ئاڕاستەی بكەیت، چاوخشانەوە بە هەر پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی بە پێی بەندەكانی پەیماننامەكە كۆمەڵێك مەسەلەی یاسایی دێنێتە پێشەوە، ئایا لە پاش مانگێك یان ساڵێك یان ئێستا چاوبخشێنینەوە بەمانەدا، ئەمە پێوەندیدارە بە ئاستی ڕێزگرتنی ئەوانی تر لە دەق و بەندەكانی ئەو پەیماننامەیەوە..

گوڵان: هەندێك لە تەواوبوونی ماوەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەترسن، نەوەك بكەوینە جەنگێكی تازەوە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: خۆم پێشكەش دەكەم بۆ سەرۆكایەتی نەك بۆ جەنگان لەدژی هیچ لایەنێك، گەر تەعداشمان لێ بكرێت دەستەودامێن ناوەستین،هیچ پێوەنیدییەك نابینمەوە لە نێوان چاوخشانەوە بە پەیماننامەیەك و لە نێوان ڕاگەیاندنی جەنگێكدا.

گوڵان: كشانەوی ڕۆڵی دەرەكیانەی میسر یەكێك بوو لە هۆكارەكانی شۆڕشی 25ی یەناییر؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەمە پێوەندی بە كەرامەتەوەیە كێشەی ڕووباری نیل كە شادەماری ژیانە لە میسر ون نەكرێت پێوەندیمان بەو وڵاتانەی كە نیلی لێوە سەرچاوە دەگرێت تێك نەچێت، ئەوەی پێشتر میسری حوكم دەكرد ئاگاداری بەرژەوەندییەكانی میسر نەبوو، بەرنامەی ڕووباری نیل لە بەرنامەمدایەو بە ئەمنی نەتەوەیی دەزانم، ئاوەدانكردنەوەی سینا ئەمنی نەتەوەییە، پارێزگا سنوورییەكان و بایەخی پەرەپێدان و دامەزراندنی پرۆژەی گەورە ئەمنی نەتەوەییە، صەعید ئەمنی نەتەوەییە هەروەها توێژینەوەی زانستی بابەتی ئەمنی نەتەوەییە چونكە رێنیسانسێكە بۆ میسر، كەواتە ئەمنی نەتەوەیی تەنیا پارێزگاری كردن نییە لەسنوورەكان لە رێی سەربازییەوە، ئەمە بەشێكی كارەكەیە، چەمكی ئەمنی قەومی لەوە بەرفراوانترەو گشتگیرتریشە..

گوڵان: پێوەندییە عەرەبیەكانیش گرفتی گەورەی تێكەوتووە چ پێش یان لە پاش شۆڕشەكەوە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: كەس تەسەوری ئەوە ناكات كە میسر بە بێ برایانی خۆی دوور لە وڵاتانی عارەبی بژی، عارەبیش هەروا بێ میسر ناژین، گرنگە سەرلەنوێ پێوەندییەكانی عارەبیمان رێكبخەینەوە لە ڕووی ئابووری و كەلتووریی و مێژوویی و ئەمنییەوە.

گوڵان: ئەی پێوەندییەكانتان لە بەرانبەر ئێران چۆن ڕێكدەخەنەوە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: دوودڵ نیم لە هەر پێوەندییەكی نێودەوڵەتی چونكە ئەوە پێوەندییەكە لەسەر پرۆسەی بەرژەوەندی هاوبەشە و كۆمەڵەی هەرەوەزی خێرخوازیی نییە بۆ كەس، دوا قسەش بۆ بەرژەوەندی میسر دەبێت بكرێت نەك بۆ حیساباتی سیاسی و شەخسی.

گوڵان: چۆن لە پەرەسەندنەكانی دیمەنی سووریایی دەڕوانیت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: رژێمێكی خوێنڕێژە، سڵ لە كوشتنی گەلی سیڤیلی سووریا ناكاتەوە، پێویستە باربكات و بڕوات، پێویستە بڕیارە لاوازەكانی كۆمكاری عارەبی ئەكتیڤ بكرێنەوە.

گوڵان: چوار دۆسیەی بە مینڕێژكراو لەبەردەمتایە، ئاسایش و ئابووری و خوێندن و پاكتاوكردن، چۆن مامەڵەیان لە تەكدا دەكەیت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: هەردوو مەسەلەی ئاسایش و پاكتاوكردن لە پێشترن ئێمە ناتوانین هەنگاو بهاوێژین بۆ دروستكردنی ئابووری و خوێندن و فێربوون و تەندروستی میسری تا ئەو دوو گرفتە چارەسەر نەكەین، دوای ئەوە گرفت لەبەردەمیان نامێنێتەوە، میسر كەتوانی سەرلەنوێ سوپاكەی لە دوای 1967 دامەزرێنێتەوە بە شەش مانگ كارگێڕی و رێكخستنەكانی داڕێژێتەوە دەسەوەسان نابێت لە بەرانبەر چارە دۆزینەوە بۆ گرفتەكانی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی ئێستا هەیەو دروستكراوە، لە 3 تا6 مانگی تر بەم شێوەیە نامێنێتەوە، ئەمنی ناوخۆ دەچێتەوە باری ئاسایییەوە، پاكتاوكردن بە زەرورەتێك دەزانم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ناتوانین رێنیسانس بكەین لە كاتێكدا بەلوعەكانی گەندەڵی كرابێتنەوەو بەردرابێتنەو.

گوڵان: ئەی بارودۆخی ناهەمواری ئابووری چۆن چارەسەر دەكەن؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: میسر ولاتێكی دەوڵەمەندە گەر بێت و بە رێك وپێكی سامانی ببرێت بەڕێوە، گەر بەلوعەكانی گەندەڵیمان گرتەوە، تۆ لەو بڕوایەداییت كە راوێژكارانی حكومی ساڵانە18 ملیار جنیێیان دەسكەوتە، خراپی بەرێوەبردن ساڵانە ڕێژەی گەیشتۆتە 170 ملیار جنێ ئەگەر بەرێوەبردن ڕێك بخرێتەوە 50 ملیار جنێمان بۆ دەگێڕێتەوە، كە ئێستا دەچێتە لای دەوڵەمەندەكان، بۆیە پێویستە پەیكەربەندی سیستمی باج بە شێوەیەك داڕێژینەوە تا ببێتە سامانێكی نیشتمانی، وێڕای ئەوەی بە گەڕانەوەی سەقامگیری وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ میسر، چ وەبەرهێنانی نیشتمانی، یان بیانی تا رووبەرووی بێكاری پێ ببینەوەو بودجەیەكی وا دابین بكەین هەستانەوەی ئابووری وەدیبێنێت، گەر بە تەنیا تەماشای پرۆژەی نۆكەندی سوێس بكەینەوە، یان ئەگەر سیناو ئاودێرییەكەی بۆ كشتوكاڵ وەگەڕ بخەینەوە سەدان هەزار دۆنم زەویمان دێتە بەردەست، بیابانی خۆرئاوا 4 ملیۆن دۆنمی بۆ كشتوكاڵ و زەوی بەراو تێدایە، مەسەلەكە ئەوەیە چۆن چۆنی بخەینە گەڕ، چۆن دەروازەكان بە ڕووی جووتیارانی میسریدا بكەینەوە تا ئەو زەوییانە ببنە موڵكی ئەوەی دەیچێنێت تا سەقامگیری و بەردەوامێتی مسۆگەر بكەین و پابەند بین بە خولی كشتوكاڵی و بەرنامەكانیەوە كە دەوڵەت دایدەنێت تا هاووڵاتی بەروبووم بچێنێت و بە پاڵپشتی بووژانەوی كشتوكاڵیی داهاتوویەكی گەش بونیاد بنرێتەوە..

گوڵان: ئەی خوێندن و تەندروستی؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەمانە بەشێكی گرنگی ترن كە لە بەرنامەمدایەو بە مافێكی دەزانم كە پێویستە بە خۆڕایی پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت، بودجەی خوێندن%5ی بۆ تەرخانكراوەو تەندروستیش ڕێژەیەكی نزیك بەوە لە بودجەی گشتیدا پێویستە بۆ %20 تا %25 هەریەكەیان بەرزبكرێنەوە.

گوڵان: چۆن كاری ئەو ئیسلامیانەی كە گەیشتنە دەسەڵات لەمیسردا هەڵدەسەنگێنیت ئایا دەبنە مۆدێرێكی تاڵیبانی یان سودانی یا سعودیە یا ئێرانی یا توركیایی؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئیسلامیەكان لە میسر هیچ كام لەوانە نین، بەڵكو میسرین، نموونەی ئیسلامی لە میسر نموونەیەكی ساف میسرییە، بەچاوپۆشین لەوەی نوێنەرایەتی كێ دەكەن بەڕای من نوێنەرایەتی سەرجەم گەلی میسر دەكەن، لەناوەندیاندا ئیخوان و سەلەفیەكان وەك نموونەیەكی میسری هەن، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە ناكۆكین لەگەڵ ئەزموونی ئەوانی تردا بەڵكو سوود وەردەگرین لە ئەزموونی توركیاو كۆریاو چین و هەر ئەزموونێكی تری جیهان، بەڵام لە چوارچێوەی مۆدێرێكی سەربەخۆدا.

گوڵان: چۆن ئەدای ئیسلامیەكان لە پەرلەماندا هەڵدەسەنگێنیت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەداكەیان پێویستی بەچاوخشاندنەوەیە بەڵام لە كۆتاییدا ئەم پەرلەمانە وەكو گەلی میسر ئێمە هێناومانەو پێویستە پشتگیری بكەین و لە پاڵیدا ڕابوەستین و دەرفەتێكی بدەینێ، ئەوە دادپەروەری نییە لە ئێستاوە بكەوینە هەڵسەنگاندنیان، پێویستە ئامۆژگارییان بكەین بە ڕەخنەو پێشنیاز كەسیان نەخەینە دەرەوەی بازنەكانی ڕەخنەوە، ئەگەر ساتمەیەكیان كرد پێویستە بەئامۆژگارییەوە بەرچاویان ڕوون بكەینەوە، ئەمانیش وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەهان، كەس لەدوای شۆڕشەوە لەسەرووی رەخنەوە بوونی نییە، سەرۆكی دەوڵەت ئەگەر كەموكورتی لە شتێكدا بنوێنێت بەرپەرچی دەدرێتەوە، هەروەها پەرلەمان و هەر دەسەڵاتێكی تر لێپێچینەوەیان بەرامبەر دەكرێت گەربێتوو لە بەرژەوەندی میسردا كار نەكەن.

گوڵان: لەلایەن چەند گروپێكی رۆشنبیرانەوە چەند دەستاوێشێكی تەوافوقی پێشكەشكراوە بۆ دانانی سەرۆك و جێگرەكەی؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: هەر شتێك لەلایەن توێژێكی میللیەوە پێشكەش بكرێت پێویستە لە رووناكایداو بەروونی بخرێتەڕوو، هەموو لایەكیش پێی رازی بن، ئەگەر بێتوو تەوافوقیەت بەو مانایە بێت كە لایەنێكی نێودەسەڵاتی جێبەجێكردن دەست وەربدات لەمەسەلەیەكی گرنگەوە ئەمە بەتوندی رەت دەكرێتەوە.

گوڵان: ئێستا ترسێك هەیە لە ئیسلامیەكان كە بەدەسەڵاتەوە خۆیان بنووسێن و حزبێكی نیشتمانی تازە دابمەزرێنن؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ئەگەر میللەت هەر لایەنێكی ئیسلامی یان چەپ یا لیبرالی هەڵبژێرێت پێویستە ڕێز لە هەڵبژاردنەكەی بگرین ئیتر ئەمە چ كاریگەربوونێكە یا چ چڵەوگرتنە دەستێكە مادام بەهەڵبژاردن هەموو شتێك ساخ بووەوە هەركەسێكیش حەزی لە كێبركێ بێت پێویستە ئامرازەكانی دیموكراتیەت بۆ ئەو گەمەیە بەكاربهێنێت بۆئەوەی هەوڵبدات بگاتە ئەو پایەیەی كە دەتوانێت گۆڕانی تێدا بكات نەك بەهات و هاوارو سكاڵا دنیا بووروژێنێت.

گوڵان: ئایا چ بەرژەوەندییەك لەوەدایە بەتەنیا لایەنێك لەژێر سایەی قورسایی ئەركی نیشتمانیدا حوكم بكات؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: میسر بە پراكتیكی پێویستی بەكاراكردنی دەوڵەتی یاسایە، نەك تەنیا بەنووسین لەسەر لیستە یاساییەكانی دەوڵەتیدا، وەك چۆن رژێمی پێشوو ئەوەی ئەنجام دەدا، پێویستە رژێمێكی سیاسی و مەدەنی بەهێز بونیات بنرێت، هەموومان هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی میسر ببێتە دەوڵەتێكی یاسا، دادوەرییەكی سەربەخۆی جیا لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن پاڵپشتی بێت، هەروەها لە سەروو دەزگای سەرۆكایەتی بۆ دابنرێت، هەروەها دادوەرییەكی مافخوازی وای هەبێت كە مافەكان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەكانی، ئازادییەكان و دیموكراتی هاوبەشایەتی تیدا قووڵبێتەوە، لەپێناوی بونیاتنانی نیشتمانیدا بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی نیشتمانی وا سەربگرێت پێویستە هەموو تەوژمە فیكریی و هێزە سیاسیەكان لەدەوری یەكتر كۆببنەوەو وەچەیەكی وا دروست بكەن، لەسەروو هەر فڕوفێڵی یاساییەوە فێركرابن كە خزمەتی هاووڵاتی و نیشتمان بكەن.

گوڵان: تا ئێستا نیگەرانییەك هەیە سەبارەت بەبارودۆخی ئافرەت و ئەقباتەكان و ئازادییە گشتیەكان و ئازادی داهێنان و هونەر، ئایا چۆن تەماشای ئەم ئازادییانە دەكەیت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: نە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و نە دەسەڵاتی یاسادانان بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە دەست وەربدەن لە ئازادییەكانی تاك و هی خەڵكی بە گشتی، چونكە لە كۆتاییدا ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی ئایینیانەی موسڵمان و مەسیحیدا دەژین و كەس چاوەڕێی ئەوە نەكات تا كەسانێك بێن و فێری داب و ڕەوشتی ئایینیمان بكەن و بەخەڵك بڵێن چی ڕاستەو چی هەڵەیە.

گوڵان: ئەو وروژان جووڵانەوەی كە لە ناو میسردا پێی هەڵسای چ بەرهەمێكی بۆت هەبوو، هەندێك دەڵێن تۆ لەسەركردەیەكی ئیخوانەكانەوە بازت دا بۆ ئەوەی ببێتە زەعیمێك كە هەموو توێژەكانی گەلی میسر دەدوێنێت؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: بەڵكو من بۆ خزمەتكاری نیشتمان گۆڕدرام، دوای ئەوەی خزمەتی توێژێكی دیاریكراوم دەكرد، ئێستا من بەم خزمەتە نیشتمانیەوە دڵشادم كە بۆ هەموو خەڵكی میسرە.

گوڵان: گەیشتنت بەم گۆڕانكارییە زەحمەت نەبووە؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: نەخێر زەحمەت نەبوو.

گوڵان: چی پاڵێوراوێك لەبەرامبەرتدا هاوسەنگە یان سڵی لێدەكەیتەوە، چی دەكەیت ئەگەر بەخت یاوەرت نەبێت لە هەڵبژاردندا؟
د.عەبدولمونعیم ئەبولفەتوح: ترسم نییە لەبەرامبەر هیچ پاڵێوراوێك چونكە بەرژەوەندی شەخسیم نەخستۆتە پێشەوەو لەكەسیش سڵ ناكەمەوە، خزمەتی نیشتمانەكەم دەكەم ئەگەر بەسەركەوتنم بێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یا بەدەرنەچوونم.
Top