ئیبراهیم محەمەد بەحر ئەلعلوم: تێڕوانینی حكومەتی عێراق بۆ یاسای نەوت و غاز لەگەڵ بۆچوونی لیژنەی نەوت و وزە یەكناگرێتەوە

ئیبراهیم محەمەد بەحر ئەلعلوم: تێڕوانینی حكومەتی عێراق بۆ یاسای نەوت و غاز لەگەڵ بۆچوونی لیژنەی نەوت و وزە یەكناگرێتەوە
ئیبراهیم محەمەد بەحر ئەلعلوم یەكێكە لەو سیاسەتوانە نیشتمانپەروەرە عیراقیانەی كە زمانی ئاخافتنی هاوكوفە بە هەڵوێستەكانی، كار بۆ ئەوەش دەكات كە لە عیراقی داهاتوودا سیاسەت بە مانا زانستی و دروستەكەی ببێتە مۆدێل، بۆیە هەمیشە لە لێدوانەكانیدا بە وردەكارییەوە دەپەیڤێت، وێڕای ئەوەش وەك خاوەن تێزێكی دكتۆرا لە ئەندازەی نەوتدا كە لە ساڵی 1991 پێشكەشی زانكۆی نیومەكسیكۆی كردووە، شارەزایی بەرفراوانی لەو بوارەشدا چەندین دەیان كتێب و توێژینەوەی لەسەر بڵاوكردونەتەوەو لە چەند قۆناغێكیشدا پۆستی وەزیری نەوتی عیراقی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2005 بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر هاووڵاتیان دەستی لەكاركێشایەوەو پێشتریش ئەنجوومەنێكی بەناوی(تجمع عراق ئەلموستەقبەل) دامەزراندبوو. لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەم شێوەیە بیرو بۆچوونەكانی خۆی پێ گەیاندین.
بەحر ئەلعلوم: هەتا حكومەتی ئێستای عێراق بەو جۆرە بیر بكاتەوە ناتوانین دەوڵەت بونیاد بنێین


گوڵان: سەرەتا دەمانەوێت ڕاو بۆچوونی بەڕێزتان لەسەر بارودۆخی عێراق وەربگرین بەڕای تۆ عێراق بەرەو چ ئاڕاستەیەك دەڕوات، ئایا پێتوایە گرژی و ململانێی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، یان نیمچە سەقامگیرییەك دێتەدی؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: هەڵبەتە ئاشكرایە عێراق بە قەیرانێكی سیاسی تێدەپەڕێت و بێگومان ئەم قەیرانە سیاسییەش بە تەنیا بەرهەمی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010، بەوشێوەیەی كە وا لە عێراق هات لە قەیرانێك دەردەچوو و دووچاری قەیرانێكی نوێ دەبۆوە، هەڵبەتە ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ هاوكات بوو لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەكۆتاییەكانی پارساڵ، بەڕای من چەندین هۆكاری تێكهەڵكێش هەیە لەپشت ئەم قەیرانەوە بەڵام پێموایە هۆكارە سەرەكییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی لە ئەدای پەرلەمان لەڕووی داڕشتن و دانانی یاساو چاودێرییەوە، تا ئەو ئاستەی كە وای لێهات قەوارە سیاسییەكان لە پەرلەمان بەهێزتر بوون، لەهەمان كاتیشدا پێموایە سەرپێچیی بەردەوام لە دەستوور و پاپەندنەبوون بە دەستوور لەلایەن قەوارەكانی پەرلەمانەوە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئەم قەیرانە و قەیرانەكانی پێشووتریش، بەڵام سەبارەت بەو ئاڕاستەیەی كە بۆی دەڕۆین ئەوە پێموایە كە پێویستە هەڵوەستەیەكی ژیرانە و جددی هەبێت لەپێناو دانانی چوارچێوەیەكی دروست و گونجاوو زەمینەخۆشكردن بۆ بونیادنانی دەوڵەتی عێراقی، ئێمە پشتمان بە كۆنگرە نیشتمانییەكە ئەستوور بوو بۆئەوەی ببێت بەدەستپێشخەرییەكی نیشتمانی لەپێناو پێداچوونەوەیەكی جددی بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی خاڵە نێگەتیڤەكان و پاشان كاربكرێت بۆ دانانی چوارچێوە و پێوەری نوێ بۆ هەنگاوەكانی قۆناغی داهاتوو، بەڵام وادیارە سازدانی ئەم كۆنگرەیەی نیشتمانیی پشتگوێخراوە بەهۆی سەرقاڵبوونی عێراق بە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی، بۆیە پێموایە هاوشێوە لەگەڵ هەموو كێشەكانی دیكەی عێراق ئەم كۆنگرە نیشتمانییەیش هەر دوادەخرێت.

گوڵان: ئەمڕۆ عێراق خاوەنی گەورەترین بودجەیە لەناوچەكەدا و پارە و سامانی زۆرە بەڵام خزمەتگوزاری نییە، عێراق زۆر دەوڵەمەندە بەو ئاستەی كە دەتوانێت 500 فڕۆكەی ئێف 16 بكڕێت، بەڕای تۆ ئەلتەرناتیڤەكان چین؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: بەڕای من چەند مەسەلەیەك لێرەدا هەیە، نەخشەڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەمڕۆی دەوڵەتی عێراقی پێویستیی بە چەند قۆناغێك هەیە، قۆناغی یەكەم بریتیە لەدەربازبوون لە ململانێی تایفەگەری و قەومی لەبەرئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەناڵێنین بە دەستی نەبوونی بەرنامە یان پڕۆژەی نیشتمانی لە بارودۆخەكانی ئەمڕۆدا، هەربۆیە پێویستە خۆمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بكەین بەتایبەتی كە هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان لەپێشمانە، هەروەها پێویستە تێڕوانینێكی نوێمان هەبێت لەڕووی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان بۆئەوەی دووبارە نەكەوینە ئەو هەڵانەی كە لە رابردوو دووچاری بووین و ململانێی تایفەگەریمان نەبێت و نەگەینە ئەو ئاستەی كە تیایدا بڵێین بۆنموونە لیستی عێراقیە نوێنەرایەتیی سوننە دەكات و فڵان لیست نوێنەرایەتیی شیعە دەكات و فیسار لیستیش نوێنەرایەتیی كورد دەكات، بەڕای من ئەم جۆرە رەفتارانە رێگرە لەپێشمان لە خوڵقاندنی عێراقێكی یەكپارچە لەبەرئەوەی تەكەتولەكان و هاوپەیمانێتییەكانی ئەمڕۆ دژەیەكن لەسەر هەردوو ئاستی ئاسۆیی و ستوونی، لەسەر ئاستی ئاسۆیی دەبینین هەر سێ قەوارە سیاسییە سەرەكیەكە و بەهۆی رەفتارە سیاسییەكەیانەوە بوونەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی ئەو دۆسیە هەرەگرنگانەی كە ئەمڕۆ بەلای هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەوە زۆر پێویست و گرنگن، لەسەر ئاستی ستوونیش دەبینین لەچوارچێوەی یەك قەوارەی سیاسی ململانێ و ناكۆكی لەنێوان خۆیاندا هەیەو پێموایە تاڕادەیەك هەڵوەشانەوەو لێكترازان لەناو هەندێك لە قەوارە سیاسییەكاندا روویداوە، بەم شێوەیەیش دەبینین مەسەلەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان بەپێی تێڕوانینی هاوبەش و لەسەر بنەمای پلان و بەرنامەی سیاسی نەبووە، بەڵكو دەبینین پێكەوە گرێدانێكی ناخوازیارانە هەبووە لەڕووی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكانەوە، تەنانەت پێش هەڵبژاردنەكان یان پاش هەڵبژاردنەكانیش، ئێمەیش ئەمڕۆ باجی ئەو شتە دەدەین و هەر بەهۆی ئەمەیشەوە ئەمڕۆ پەرلەمان بەم شێوەیە پەكی كەوتووە، ئێمە پێویستیمان بە بەرنامەیەكی نیشتمانی هەیە كە پێكهاتەكانی عێراق تیایدا بەشداربن بەپێی بەرنامەیەكی سیاسی نەك لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتیی تایفەگەری و قەومی، بەڕای من ئەمانە مەسەلەی گرنگ و هەستیارن و پێویستە شەقامی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا تێیان بگات، مەسەلەیەكی دیكە: ئێمە پێویستیمان هەیە بە مەرجەعییەتێكی دەستووری بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانمان و ئەم مەرجەعییەتە دەستووریەیش دادگای ئیتیحادییە و یاسای دادگای ئیتیحادی هێشتا لە پەرلەمان لە جێی خۆی ماوەتەوە، بۆیە پێویستە هەنگاوێكی نیشتمانی هەڵبگیرێت بۆ تەواوكردنی ئەم یاسایە، مەسەلەی سێیەم: بەڕای من پێویستە زەمینەسازی بكەین بۆ هەڵبژاردنێكی تەندروست لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دووچاری چەند هەڵەیەك بووبووین بەهۆی نەبوونی یاسایەك بۆ پارتە سیاسییەكان لەبەرئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010ی كارپێكراو پێویستیی هەیە بە پێداچوونەوە ئێمە لەڕابردوودا دوچاری چەندین هەڵە بووینەوە، لایەنێكی دیكەی گرنگ بریتیە لە بەسیاسی نەكردنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بەڕای من ئەم سێ لایەنانە گرنگن بۆ رێنماییكردنی پڕۆسە سیاسییەكە و هەڵبژاردنەكان، لایەنی چوارەم: ئەگەر ئەمڕۆ دیالۆگ لەئارادا نەبێت لەنێوان حكومەتی ئیتیحادی و هەرێم و پارێزگاكان بەپێی چوارچێوە دەستوورییەكان ئەوە پێویستە دەستوورەكە هەر وەك خۆی قەبوڵ بكەین و ناكرێ لە پرۆسەی دەستووردا ئینتیقائیانە بین بەڵكو دەستوورەكە بە هەموو هەڵەكانیەوە پەسەند بكەین – لەم بارەیەشەوە ئیجرائاتی دەستووری هەیە بۆ چارەسەركردنی – هاوكات پێویستە هەموو هاوبەشە سیاسییەكان لەكاتی پێویست بیكەن بە ژێدەرو مەرجەع، بەم شێوەیەیش پێموایە كە ئەمە دەبێت بە نەخشە رێگەیەكی سەرەتایی بۆ پێگەیاندنی پرۆسە سیاسییەكە.

گوڵان: لەدوای ساڵی 2003ەوە هەوڵەكان بۆ ئەوەن دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای یەكێتیەكی ئارەزوومەندانە( فیدرالی) دامەزرێتەوە، بەڵام ئێستا ئەم یەكێتیە گۆڕاوە بۆ یەكبوون لە چوارچێوەی یەكپارچەیی عێراقدا نەك هاوبەشی و یەكێتی ئارەزوومەندانە لەناو عێراقدا، هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت عێراقیكی فیدرالی بونیات بنرێتەوە و حكومەت بتوانێت خزمەتگوزار بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، ئایا بەڕێزت لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: بەڕای من هۆكارەكانی دەگەڕێتەوە بۆ شكستێك لەسەر ئاستی پەرلەمانی و هەروەها لەسەر ئاستی حكومیش، شكستی پەرلەمانی لەڕووی یاسادانان لەوەدایە كە هاوپەیمانییە سیاسییەكان بووەتە بەربەست لەبەردەم دانانی یاسا گرنگەكان، هەروەها هاوپەیمانییە سیاسییەكان بووەتە بەربەست لەبەردەم چاودێری و پشكنین لەئاكامیشدا ناتوانرێت كەمتەرخەمەكان سزابدرێن، لەلایەكی دیكەوە شكست هەیە لەڕووی ئەدای حكومی، بەڕای من بەشێك لە هۆكارەكانی پشت شكستەكە بۆ ئەدای حكومەت دەگەڕێتەوە، بۆ نەبوونی تێڕوانینێكی ستراتیژی، بۆنموونە لەڕووی ئابوورییەوە بۆ بونیادنانی عێراق لەكاتێكدا بودجەی عێراق لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لەنێوان 40 هەزار ملیار دۆلار، بەڵام هاووڵاتیان تاكو ئەمڕۆش هەستیان بە هیچ بەرەوپێشەوەچوونێك نەكردووە لە ئاستی خزمەتگوزارییەكاندا، كەواتە لێرەدا ئیشكالییەتێك هەیە لەڕووی چۆنیەتی تەوزیفكردنی داهاتەكانی نەوتی عێراقی، لەوانەیە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم ئیشكالییەتە لە سیستمە قێزەوەنەكەی موحاصەصە-وە سەرچاوەی هەڵگرتبێت كە لەئاكامیدا وەزارەتەكان بوونە پڕۆژەیەكی بەموڵكداریكراوی پارتەكان و هەربۆیە دەبینین لە حكومەتی عێراقیدا هیچ تیمێكی یەكگرتوو نییە كە هەڵستێت بە جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی دیاریكراو و هەروەها هیچ هەماهەنگییەك لەئارادا نییە لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكار، لەگەڵ چەندین نموونەی دیكە كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بینیمان، لەئاكامیشدا ئەم هۆكارانە بوونەهۆی وەستانی حكومەت تەنانەت گەر لەسەر ئاستی حكومەت بێت یانیش لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكاری و ئەمەیش خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی زۆر گەورەیە، بەهۆی ئەو موحاصەصە سیاسییەوە ئەمڕۆ نەگونجاندن روویداوە و نوێنەرەكانی ئەمڕۆ لە وەزارەتەكان خاوەن عەقڵیەتێكی تەكنۆكراتی نین كە لەتوانایاندا هەبێت بەرنامەی بەسوود جێبەجێ بكەن كە خزمەت بە هاووڵاتیان و نیشتمان بگەیەنێت لەكاتێكدا پارە و سەرچاوەی زۆر لەبەردەستمان هەیە، بەڵام لەبری ئەوە تاكو ئەمڕۆیش دەستمان هێشتا بەستراوە بە سیستەم و دەقە ئیدارییەكانی سەردەمی رابردووەوە، لەكاتێكدا لەبری ئەمە دەمانتوانی هەنگاوی گەورە هەڵبگرین بۆمەبەستی نەهێشتنی ئەم كەڵەكەبوون و دژەیەكانەی كە تاكو ئەمڕۆیش هەر بوونیان هەیەو بوونەتە بەربەست لەبەردەم جووڵانەوەمان، ئێمە هەر باسی شكستەكان دەكەین بۆیە پێویستە باسی دەسكەوتەكانیش بكەین، راستە دەسكەوت هەیە، بەڵام بە ئاستێكی دیاریكراوە بۆنموونە لەڕووی وەبەرهێنانی نەوت و تاڕادەیەك لەڕووی بونیادنان و ئەو جۆرە بابەتانە، بەڵام پێشكەوتنەكان هێشتا بەپێی پێویست نین، بەتایبەتی لەڕووی خزمەتگوزارییەكانەوە بۆنموونە دابینكردنی تەزووی كارەبا و ئاوی خاوێن و سیستەمی ئاوەڕۆ و شوێنی نیشتەجێ، كێشەی نیشتەجێ لە ئاستێكی زۆر بەرزەو ئەمڕۆ عێراق پێویستیی بە 6 ملیۆن یەكەی نیشتەجێ هەیە بەڵام تاكو ئەمڕۆیش ناكۆكی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكاری هەیە لەسەر دابینكردنی پارەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە.

گوڵان: بەڕێزت باست لە كێشەی موحاصەصە كرد و موحاصەصە بارەكەی گەیاندووەتە ئەمڕۆمان، بەڕای تۆ ئەلتەرناتیڤی موحاصەصە چییە؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، بەڕای من ئەلتەرناتیڤەكەی ئەوەیە هاوپەیمانێتییەكانمان لەسەر بنەمای سیاسی دروستبكەین نەك لەسەر بنەمای تایفەگەری و قەومی، مەبەستم لەوەدایە كە پێویستە خاوەن تێڕوانینێكی نیشتمانی بین و بەرنامەیەكی نیشتمانیمان هەبێت كاری بۆ بكەین بەو ئاستەی كە دەرچین لە بازنەی تایفەگەرێتی، ئەمڕۆ هەموو پێكهاتەیەك لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆی هەوڵدەدات لەكاتێكدا هاووڵاتیی عێراقی دوورە لە بەرژەوەندییەكانی ئەو پێكهاتانە، بۆنموونە یەكسانی لە هەل بۆ پێكهاتە سیاسییەكان رەخساوە نەك بۆ هاووڵاتیان و ئەمەیش نابێتە مایەی دروستبوونی دەوڵەت بەوشێوەیەی كە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین بەڵكو دەبێتەهۆی درووستبوونی ژمارەیەك پێكهاتەی سیاسیی كە تیایدا هەموو پێكهاتەیەكی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی هەوڵدەدات و بیر لە بەرژەوەندییەكانی لایەنەكانی بەرامبەر ناكاتەوە، هۆكاری ئەم ئیشكالییەتە لە دەسپێكی ئەم پرۆسەیەوە سەرچاوەی هەڵگرتووەو راستە كە ئێمە هێشتا لە دەسپێكین، بەڵام دەسپێك پێویستیی بە هەلومەرج و كۆڵەكە هەیە لەگەڵ هەنگاوهەڵگرتن بەپێی بەرنامەیەكی نیشتمانی بەوئاستەی كە لیستی ئیئتیلافی تەنیا لەچوارچێوەی شیعە یان سوننە یانیش كورد قەتیسكراو نەبێت بەڵكو هەموو عێراقییەكان لەخۆبگرێت و هەموو پێكهاتەیەكی ئیئتیلافەكە خاوەن بەرنامەی تایبەت بەخۆی بێت و لەئاكامیشدا ناكۆكییەكان لەسەر بەرنامەكان دەبێت نەك لەسەر بنەمای تایفەگەری.

گوڵان: باری ئەمڕۆ وا دەخوازێت عێراق دابەش بێتە سەرهەرێمەكان، بۆئەوەی هاووڵاتی هەست بە فەرامۆشی نەكات، لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، ئەمە خواست نییە بەڵكو بۆتە شتێكی پێویست، رای بەڕێزتان لەمبارەیەوە؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: مافی دەستووری هەن بۆ هاووڵاتیان فەراهەمكراوەو مەسەلەی هەرێمەكان بەشێكە لەو مافانەی كە لە دەستووردا دەستەبەركراوە، بەڵام پێموایە كە داواكارییەكانی ئەمڕۆ بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان سەرچاوەیان هەڵنەگرتووە لە پێویستبوون بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان، بەڵكو پێموایە هۆكارەكەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەمڕۆ هاووڵاتیان هەست بەوە دەكەن كە پێوەندیی نێوان ناوەند و هەرێم یان پارێزگاكان لە ئاستێكی باشدا نییە، هەربۆیە بیر لە رێگەچارەی دیكە دەكەنەوە و هەڵبەتە لەمڕووەوە وەكو نموونەیەك سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن و هیوای ئەوە دەخوازن ئەوانیش بگەن بەو قۆناغەی كە تیایدا بتوانن بۆ پێكهاتەو تایەفە و نیشتەجێبووەكانی ناوچەكانیان دەسكەوت و پێشكەوتن وەدەستبێنن، راستە پێكهێنانی هەرێمەكان مافێكە بەڵام لەهەمان كاتیشدا چارەسەر نییە لەبەرئەوەی خۆی لەخۆیدا پێویستە پێكهێنانی هەرێمەكان ببێت بە رێككەوتنێكی سەرەكی لەنێوان عێراقییەكان لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی عێراقیی نوێ لەسەر بنەمای بەهاووڵاتیبوون كە كۆڵەكەی سەرەكیی ئەم یەكگرتنە بێت لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندییەكانی فرەیی لە كۆمەڵگەی عێراقی، بەڵام تاكو ئەمڕۆیش ئەم شتە ڕووی نەداوە و هێشتا هەر ناكۆكبوونی سیاسی لەئارادا هەیە، هەر لەمبارەیەوە نموونەیەكتان بۆ دێنمەوە لە مانگی ئابی پارساڵ 2011 كاتێك كە لیژنەی نەوت و وزە هەڵستا بە پێشكەشكردنی پێشنیارێك بۆ یاسای نەوت و غاز بینیمان حكومەت بە یاسای نەوت و غاز وەڵامی لیژنەكەی دایەوە، ئەگەر بێت و هەردووك لەو پێشنیار و پڕۆژە یاسایە بخوێنینەوە دەبینین هەر یەك لە حكومەت و لێژنەكە خاوەن فەلسەفەیەكی جیاوازن لەڕووی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی، هۆكاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی هەر یەك لە گرووپ و لایەنەكان و ئەمەیش نابێتەمایەی درووستبوونی دەوڵەت، بۆیە پێویستە لەسەر چوارچێوەیەكی دیاریكراو رێكبكەون و ئێمە دەستوورمان هەیە و وێڕای لایەنە نێگەتیڤەكانی بەڵام پێویستە دەستوور بكەین بە سەقفێكی نیشتمانی لەپێناو هەنگاوهەڵگرتن بەرەو ئاڕاستەی بونیادنانی دەوڵەت ئەگەر نا ئەوە دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و لەئاكامیشدا دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و ناكۆكییەكانیشمان بوار فەراهەم دەكات بۆ دەرچواندنی هەندێك سیاسەت كە نە من و نە ئێوە و هیچ پارێزگایەك یان هەرێم پەسەندیان ناكات.

گوڵان: بەڕای تۆ چەند كاتمان پێویستە بۆ نەهێشتنی هەژاری و بێكاری و نەبوونی كەلتووری دیموكراتی و دواكەوتن لە هەندێك ناوچە و كۆمەڵگەكاندا؟ چەند كاتمان پێویستە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان لەڕووی كارەبا و ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێ و كێشەكانی نێوان هاووڵاتیان و بەرەوپێشەوەبردنی بواری تەندروستی و هەموو لایەنەكانی دیكەی ژیان لەسێبەری ناكۆكی و بارودۆخەكانی ئەمڕۆدا؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: لەسێبەری بارودۆخەكانی ئەمڕۆدا زەحمەتە بتوانین سەقفێكی كاتی بخەمڵێنین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە، جگە لەو حاڵەتەدا نەبێت كە ئیدارەیەكی تەكنۆكراتی بێتەكایەوە كە لەتوانایدا هەبێت بەرنامە داڕێژێت بۆ وەدیهێنانی تێڕوانینێكی ستراتیژی بۆ بونیادنانی عێراق، ئەمڕۆ لێرەو لەوێ پڕۆژە هەیە بەڵام بەپێی تێڕوانینێكی موتەكامل نییە كە مایەی بونیادنانی دەوڵەتێك بێت هەربۆیە لەوانەیە كاتێكی زۆر بخایەنێت، هەڵبەتە ئێمە پێویستیمان هەیە بە چەند هەنگاوێكی زۆر گرنگ لەزمنیشیان، هەنگاوی یەكەم: پێویستە خاوەن تێڕوانینێكی ستراتیژی بین لەڕووی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانی عێراق لەبارەی سیستەمی سیاسی و بەو ئیعتوبارەی كە عێراق دەوڵەتێكی دیموكراسییە و چۆنیەتی بونیادنانی دیموكراسییەت و شیكردنەوەی میكانیزمەكان و دەستنیشانكردنی رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ...و تاد. هەنگاوی دووەم: بەڕای من، ئەگەر نەتوانین پازێكی جۆریی لە میانەی سیاقاتی ئیداری و یاسایی ئەنجام بدەین كە ئەمڕۆ حوكمڕانیمان دەكەن ئەوە ئەوكات پێموایە هەر لەژێر حوكمی یاساكانی سێ دەیی رابردوو دەمێنینەوە، ئەمەیش ئەركی پەرلەمانە، ئێمە ئەمڕۆ دامەزراوەمان هەیە بەڵام ئەم دامەزراوانە بە عەقڵییەتی رابردوو بەڕێوەدەبردرێت و لەگەڵ گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان گونجاو نییە و ئەمەیش كێشەیەكی زۆر گەورەیە، ئێمە ئەمڕۆ پێویستیمان بەوە هەیە لەمبارەیەوە بەشێوەیەكی سەرەكی بیری لێ بكەینەوە لەگەڵ بایەخدان بە توێژی ناوەند كە لەتوانایاندا هەیە جووڵانەوە و دینامیكییەت بە كۆمەڵگە ببەخشێت، ئەمڕۆ رێژەی هەژاری لە %23ـە و ئەگەر رێژەی هەژاریی ئەمڕۆ لەگەڵ ساڵانی رابردوو بەراوردبكەین دەبینین پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، هاوكات پێشكەوتن لەسەر ئاستی بژێوی تاكی عێراقی هەیە بەڵام وێڕای ئەوەیش هێشتا هەر پێویستبوونێكی زۆر هەیە بە نەهێشتنی هەژاری لەبەرئەوەی هێشتا هەندێك توێژی كەمدەرامەت هەن كە تەنانەت خزمەتگوزارییە سادەكانیشیان نییە، بەڕای من ئەگەر هێزی كاراو دڵسۆز بێنەكایەوە كە خاوەن بەرنامەی نیشتمانی بن لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكاری و دادوەریدا ئەوكات پێموایە لەماوەی 2 خولی پەرلەمانیدا دەتوانرێت كێشەكان چارەسەربكرێن، ئەمڕۆ عێراق تاكە دەوڵەتە كە خاوەن ئیمكانییاتی ئایندەییە كە داهاتی ئاستبەرزی بۆ دابیندەكات لەڕێگەی سامانە نەوتییەكان، لەوانەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەساڵانی داهاتوودا روو لە بەرزبوونەوە بكات بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن ئەو سامانە بەڕێوەبەرین بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان لەڕێگەی تەوزیفكردنی سامانەكان لە پڕۆژە ستراتیژییەكاندا و كەمكردنەوەی ئاستی كەمدەرامەتی و ئەمەش تەنیا ئەوكات دێتەدی پاش ئەوەی بتوانین فرەجۆری بخوڵقێنین لە ئاستی بەرهەمهێنانی سەرچاوەكانی عێراق، بەواتای نەبین بە دەوڵەتێك كە تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت بەڵكو بتوانین داهاتەكانی نەوت تەوزیف بكەین لەپێناو بەرفراوانكردنی بناغەی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەكان و لەپێناو نەهێشتنی ئەو بێكارییەی كە ئەمڕۆ هەیە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانمان لەڕێگەی تێڕوانینێكی ئابووری و عەقڵییەتێكی ئابووری بۆئەوەی بتوانین داهاتەكان بەشێوەیەكی دروست وەبەربێنین و ئاستی ژیانی گەلی عێراقی بەرەوپێشەوەبەرین.

گوڵان: بەڕای تۆ ژمارەكان لەماوەی داهاتوودا دەگەنە چەند لەبواری نەوت؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: زەحمەتە نرخی نەوت لە قۆناغی داهاتوودا پێشبینی بكرێت لەبەرئەوەی بەهۆی بارودۆخەكانی ناوچەكەوە ئەگەر هەیە نرخەكەی بەرزبێتەوە بەڵام هاوكات لە 80 دۆلار دانابەزێت بۆ هەر بەرمیلێكی نەوت، نرخی نەوت بۆ 2 ساڵی داهاتوو پەیوەست بە ئاستی بەرهەمهێنانمان و ئێمە پێشبینیی ئەوە دەكەین بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بێنین و نزیكەی دوو ملیۆن و شەش سەد هەزار بەرمیل هەناردە بكەین، بەڕای من ئێمە دەتوانین ئەو ژمارەیە هەناردە بكەین و ئەگەر هەیە هانەردەكردنی نەوت پەرە بەخۆیەوە ببینێت بەڵام هاوكات پێویستە ئاستی وەبەرهێنان بپارێزین بۆ كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لە عێراق بەو ئاستەی كە پێویستە كۆمپانیا بیانییەكان هەست بەوە بكەن كە وەبەرهێنانەكانیان لەچوارچێوەی یاسایی پارێزراون و هەروەها پێویستە كۆمپانیاكان هەست بەوە بكەن زەمینە بۆیان لەبارەو كە بەپێی خواستی ئەوانە، پێشبینی دەكەم داهاتەكانی نەوت روو لە زیادبوون بكات و عێراق تاكە وڵاتە كە خاوەن ئایندەیەكی گەشە لەڕووی داهاتەكانیەوە كە بەسە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی بۆیە پێویستیمان بە كادری شیاو و لێهاتوو هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو داهاتانە.

گوڵان: قسەی زۆر دەكرێت لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم و دەوترێت دروستە ...و تاد. بەڵام حكومەت و بەتایبەتی وەزارەتی نەوت زۆر بە كەمی باس ئەم مەسەلەیە دەكات، رای بەڕێزتان چییە لەسەر رێككەوتنەكان؟
ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم: بەڕای من عێراق لەساڵانی داهاتوودا دەرفەتێكی زێڕینی لەدەستچوو پاش ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی ئەنجامدرا لەسەر رەشنووسەكەی یاسای نەوت و غاز، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك كە نازانم چین و ئاگام لە وردەكارییەكانی نییە یاساكە ئەكتیڤ نەكرا و ئەوە بوو پاشان ناكۆكی و جیاوازی سەریهەڵدا، ئەمڕۆ عێراق پێویستیی بە چوارچێوەی ئیداری و یاسایی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی، ئێمە لە پرسیارەكانی پێشووتاندا قسەمانكرد لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی داهاتەكانی سامانی نەوتی بەڵام پرسیارە هەرەگرنگەكە ئەوەیە كە ئایا چۆن بتوانین كەرتی نەوتی بەڕێوەبەرین؟ كەرتی نەوتی پێویستیی بە چوارچێوەی ئیداری و یاسایی هەیەو ئەمەیش بوو كە لە رەشنووسەكەی یاسای نەوت و غاز خرابووە ڕوو، هاوكات ئەنجوومەنێكی ئیتیحادی بوونی هەیە بۆ نەوت و غاز كە پلان دادەنێت و ستراتیژییەتی گونجاوی هەیە بۆ بەكارهێنانی سامانەكان بەشێوەیەكی دروست، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە و بەردەوامبوونی ناكۆكی سیاسی لەنێوان هەرێم و ناوەند دەرفەت بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەكان دەڕەخسێنێت بۆنموونە لەماوەی رابردوودا كاتێك كە كۆمپانیای ئەكسۆن گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرد وەزارەتی نەوتی عێراقیی خستە بارێكی هەستیارەوە، هەربۆیە بەردەوامبوونی ناكۆكی ئاستی وەبەرهێنان لاوازدەكات و دەمانخاتە بارێكی هەستیار، بۆیە هەرچەند زووتر كێشەكانمان چارەسەر بكەین و یاسای نەوت و غاز تێپەڕێنین یاخود بكەین یانیش بەلایەنی كەمەوە رێككەوین لەسەر ئەنجوومەنی ئیتیحادی بۆ نەوت و غاز ئەوە بەگشتی سوود بە پرۆسەكە دەگەیەنێت لەسەر ئاستەكانی ئابووری و سیاسی، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە هەر بەوشێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ئەوە ئەوكات هەرێمی كوردستان گرێبەست واژۆ دەكات بەو شێوازەی كە بەلایەوە گونجاوە و پێی باشە و هەروەها حكومەتی عێراقیش هەمان شت بەپێی تێڕوانینەكانی خۆی گرێبەست واژۆدەكات لەئاكامیشدا ئەمە نابێت بە عێراقێكی یەكگرتوو كە خاوەن تێڕوانینێكی هاوبەش بێت بۆ هەموو هاووڵاتیان و هەرێم و پارێزگاكانی لەڕووی بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی، بۆیە بەڕای من لەو جۆرە حاڵەتانەدا مەسەلەكان بەو ئاستە نابێت كە هیوای بۆ دەخوازین.
Top