ئەنتۆنی كۆردسمان بۆ گوڵان: لەعێراقدا ململانێ لەسەر دەسەڵات فۆرمگەلێكی جیاوازی وەرگرتووەو بووەتە كێشەیەكی ئیفلیجكەر

ئەنتۆنی كۆردسمان بۆ گوڵان: لەعێراقدا ململانێ لەسەر دەسەڵات فۆرمگەلێكی جیاوازی وەرگرتووەو بووەتە كێشەیەكی ئیفلیجكەر
ئەنتۆنی كۆردسمان ئوستادی كورس ئەلین برۆكە لەستراتیژییەت لەسەنتەری دیراساتی دەولی و ستراتیژی (CSIS) هەروەها شرۆڤەكاری ئاسایشی نیشتمانی كەناڵی ABC news، پێشتر ئوستادی ئاسایشی نەتەوەیی بووە لەزانكۆی جۆرج تاون، كۆردسمان لەشەڕی كەنداوی ساڵی 1990-1991 و هەروەها لەپرۆسەی ڕێوی بیابان و كێشەكانی بۆسنە و سۆماڵ و كۆسۆڤۆ وەك یەكێك لەشرۆڤەوانە جیهانییەكان دەركەوت، لەمیانەی كاركردنیش لەسەنتەری دیراساتی ستراتیژی نێودەوڵەتی، پۆستی بەڕێوەبەری پرۆژەی هەڵسەنگاندنی كۆتایی ناوچەی كەنداوی هەبووە، هەروەها گەورە تۆژەری پرۆژەی بەرگری نیشتمانی بووە، كۆردسمان چەندین پۆستی لەوەزارەتی بەرگری و دەرەوە و وزە وەگرتووە، پۆستی یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگری هەبووە و لەساڵی 2008یشدا یاریدەدەری ئاسایشی نەتەوەیی سیناتۆر جۆن مەكین(پاڵێواری كۆمارییەكان بووە بۆ سەرۆكی ئەمریكا)، كۆردسمان سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە پێشوازی لێكراوە، بۆ قسەكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق، بەپێویستمان زانی چەند پرسیارێك ئاراستەی بەڕێزی بكەین و بەرێزی بەسوپاسەوە بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
بەردەوامی ناسەقامگیریی عێراق
گوڵان: دۆخی ئاڵۆزی عێراق دووبارە وڵاتەكە بەرەو توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ دەبات، كاتێك سوننەكان لەپرۆسە سیاسییەكە كشاونەتەوە، بەم دواییە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، نەك بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئایا تا چەند ئاییندەی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە ئەگەر وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ناسەقامگیری؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: كێشەكە ئەوەیە هەرگیز عێراق بەڕاستی سەقامگیر نەبووە، ئاستێكی بەرزی توندوتیژی بەردەوامی تێدا هەیە، بەڵام نەك ئەو یاخیبوون و شەڕی ناوخۆییەی كە تاوەكو ساڵی 2008 درێژەی كێشا، بەڵام كاتێك لەئامارەكان دەڕوانیت لەعێراقدا، ئەوا توندوتیژییەكی زیاتر بەدی دەكەین لەڕووی ژمارەی قوربانیەكان كە زیاترە لەژمارەی قوربانیەكانی شەڕی ئەفغانستان، كە هەردوو وڵات نزیكەی هەمان ژمارەی دانیشتووانیان هەیە. لەڕاستیدا ماوەیەكی زۆر پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2010ـەوە حكومەتێكی سەقامگیر لەئارادا نەبووە لەعێراقدا. ململانێی دەسەڵات پێش هەڵبژاردنەكە دەستی پێكرد كە فۆرمگەلێكی جیاوازی وەرگرتووە، بەدڵنیاییەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مەترسیدارتر بووە. هەرگیز سەردەمێك نەبووە، خەڵكی بەشێوەیەكی سروشتی تەركیز لەسەر حكومڕانیكردنی عێراق بكەنەوە، بەوەی هەڵبستێت بەدابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵك و ئاسایشی بەدیهێنابێت، ئەمەش كێشەیەكی ئیفلیجكەر بووە، كە لەئێستادا هەڕەشەی سەرەكی سەر عێراق گرووپێكی یاخیبوو یان توندڕەو نییە، بەڵكو سەركردە سیاسیەكانێتی.

ئەو ململانێیەی كە عێراق دادەبڕێنێ لەكاروانی پێشكەوتن
گوڵان: بەپێی بۆچوونی زۆرێك لەشارەزایان، بۆ ئەوەی عێراق بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی، دەبێت لایەنە سوننەو شیعەكان پێكەوە كاربكەن و كۆنفرانسێكی نیشتمانی ببەسترێت، هەروەك ئەوەی لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە پێشنیار كراوە، بەڵام سەرۆك وەزیران هەر جۆرە گفتوگۆیەك ڕەت دەكاتەوە، كەواتە تا چ ڕاددەیەك ڕەتكردنەوەی گفتوگۆ ئەوەندەی دیكە دۆخەكە ئاڵۆز دەكات؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: دەبێت زۆر وریابین و نەڵێین لایەنێك گرفتە. لەئازاری ساڵی 2010ـەوە هەردوولا پتر بایەخیان بەتموحەكانی خۆیانداوەو كەمتر گرنگیان بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق داوە، بەڵام ئاشكرایە كە پێویست بەسازشكردن دەكات لەنێوان هەردوو لایەنی شیعە و سوننەدا، هەروەها پێویست بەهاوكاری نێوان كورد و عەرەب و كەمینەكان دەكات، لەسەرووی هەمووشیەوە پێویستە حكومەتی مەركەزی تەركیز لەسەر ئاسایش و گەشەپێدان بكاتەوە، نەك لەسەر تموحی سەركردەكانی. ئایا گفتوگۆ و سازش دەكرێت لەپێناو ئەنجامدانی ئەم كارەدا؟ ئەمە پرسیارێكە كەسێك لەدەرەوە ناتوانێت ڕاسپاردەی هەبێت لەبارەیەوە. بەڵام پێموانییە مەسەلەكە ئەنجامدانی گفتوگۆ بێت، عێراق بەرگەی بوونی بەرپرسگەلێكی باڵای هەڵبژێردراو ناگرێت كە بایەخ بەبوونی حكومڕانیەكی كارا و ئاسایش بۆ خەڵك و بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی ئابووری خەڵك نادەن. ئەوەی لەدەرەوە دەیبینین بایەخدانە بەتموحی شەخسی و بەخۆپەرستی، نەك هەر تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاییندەی وڵات، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر تێكڕای خەڵكی عێراق.

گوڵان: هەندێ لەشارەزایان پێیانوایە دەبێت ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ عێراق بگوازێتەوە بۆ حكومەتی عێراق، ئایا پێتانوایە ئەمریكا دەتوانێت لەڕێی پشتیوانیكردنی عێراقەوە فشار بخاتە سەر حكومەتی عێراق؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: كێشە عەمەلیەكە ئەوەیە ئەمریكا لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە فشاری خستۆتەسەر عێراق و تەنانەت لەپێش هەڵبژاردنەكانیشەوە كاری كردووە بۆئەوەی قەناعەت بەلایەنەكان بكات كە دەبێت لەگەڵ یەكدا كاربكەن بەچاوپۆشین لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا لەم ساتەوەختەدا هیچ دەسەڵاتێكی نییە بۆئەوەی دەستێوەردان بكات یان فشاری بخاتەسەر، هەروەها هاوكارییەكانی ئەمریكاش ئەوەندە نییە كە بتوانێت بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی قەناعەت بەسەركردە سیاسییەكانی عێراق بكات كە پێكەوەكاربكەن. ئەمە دۆخێكە نەك تەنیا ئەمریكا، بەڵكو چەندین وڵاتی دیكە كاریان كردووە بۆ ئەوەی سازش بكرێت(لەنێوان لایەنەكاندا). نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەوڵ و كۆششی گەورەی كردووە بۆئەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێكەوە كاربكەن، بەڵام ئەو هەوڵانە خۆیان لەخۆیاندا سەركەوتوو نابن، ئەمە كێشەی عێراقیەكانەو تەنیا لەلایەن عێراقیەكانەوە چارەسەر دەكرێت.

ڕۆڵی پێشەنگانەی كورد لەدیاریكردنی ئامانجدا
گوڵان: ئایا كورد هیچ ڕۆڵێی ئیجایی دەبینن لەهێوركردنەوەی بارودۆخەكەدا؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: پێموایە كوردەكان ڕۆڵی ئیجابیان بینیوە، زۆر گرنگە كورد هەوڵی گەیشتن بەسازشكردن و گرێدانی پێوەندییەكی سەركەوتووانەیان داوە لەنێوان سەركردە شیعە و سوننە جیاوازەكاندا. لەبەر ئەوەی ڕاستیەكە ئەوەیە كە هیچ بەدیلێك نییە، بەلای كەمەوە لەئاییندەیەكی نزیكدا بۆ پاراستنی یەكگرتوویی عێراق، ژێرخانی وڵاتەكە و سەرچاوەكانی وزە و مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا، كوردەكانیش تاوەكو ئێستا ڕۆڵێكی گەورەیان بینیوە بەئاڕاستەی ئەو ئامانجانەدا.

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی عێراق
گوڵان: بەپێی بۆچوونی هەندێك لەشارەزا محەلیەكان، گرێدانی كۆنگرەی نیشتمانی تاكە ڕێگایە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عێراق، چونكە ئەگەر عێراق كێشەكانی بەگفتوگۆ چارەسەر نەكات، ئەوا دەبێتە دەوڵەتێكی شكستخواردو، ئایا ئەگەر عێراق ببێتە دەوڵەتێكی شكستخواردو چ كاریگەرییەكی لەسەر ئاسایشی ناوچەكەو لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەبێت؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: بەدڵنیاییەوە عێراق گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەكەو عێراق هێزێكی گەورەیە لەكەنداودا و دەتوانێت ڕۆڵێكی هەستیار ببینێت لەزەمانەتكردنی ئاسایش و سەقامگیری كەنداودا. بەڵام ئەو عێراقەی كە سەركردایەتیەكی كارا و یەكگرتووی هەبێت و عێراقێك كە بتوانێت وڵاتەكە بەرەو ئاسایش و گەشەكردن ببات. ئەوەی هۆشداری لەبارەوە دەدەم ئەوەیە كە كۆنگرە و گفتوگۆكان بێمانا دەبن ئەگەر ئەو خەڵكانەی بەشداری دەكەن ئامادەی سازش نەبن و ئامادەی گرێدانی ئەو پێوەندیانە نەبن كە پێوەندیگەلێكی سەركەوتوو دەبن، كە دەبوو ئەمانە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا و بێ كۆنگرە و ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕەسمی ڕوویان بدایە. مەسەلەكە مەسەلەی سازدانی كۆبوونەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە ئایا سەركردەكان بەرژەوەندی عێراق دەخەنە پێشەوە.

گوڵان: هەندێ لەشارەزایان پێیانوایە ئەگەر دۆخی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتەكە دەبێتە گۆڕەپانێك بۆ دەستێوەردانی دەرەكی، بەتایبەتی ئەگەری زیادبوونی ئاستی دەستێوەردانی ئێران لەعێراقدا، هەروەها چ پێشبینیەكت هەیە بۆ دابەشبوونی عێراق بۆ سێ وڵاتی كورد و عەرەب و سوننەكان؟
ئەنتۆنی كۆردسمان: دەبێت وریابین ئەگەر عێراق زۆر لاواز بێت، كە بۆی هەیە لەئێستا لاوازتر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران زیاتر دەبێت بەسەر شیعەكانەوە، ئەگەر لایەنێكی دیكە نەبێت پەنای بۆ ببەن، ئەوەش تا ڕاددەیەك حەتمیە كە سوننەكان پەنا بۆ وڵاتانی كەنداو دەبەن، دەبێت كوردەكانیش هەوڵبدەن هاوسەنگیەك بدۆزنەوە لەنێوان ئێران و وڵاتانی كەنداو و توركیادا، ئومێدەكە ئەوەیە بتوانن ئەم كارە بەهاوكاری دەرەوە بكەن. ڕاستیەكەی ئەوەیە عێراق ناتوانێت سەركەوتوو بێت گەر بەو شێوە بچێت هەر وەك وڵاتێكی دابەش بوو. لەپێوەندیدا بەسوود وەرگرتن لەسەرچاوەكانی ئاو، سەرچاوەكانی وزەی وڵاتەكەو هۆكارەكانی گواستنەوەو سیستمەكانی كارەبا، باسكردن لەدابەشبوونی وڵاتەكە ئاسانە، بەڵام ئەو ساتەی تۆ دەتەوێت ئەمە پیادە بكەیت ئەوكاتە دەبینیت كە چی ڕوودەدات. عێراقیش لەدۆخێكی دەگمەندایە لەپێوەندیدا بەپشتبەستن بەداهاتی نەتەوە، هیچ وڵاتێكی دیكەی كەنداو بەهەمان ئاست پشت بەسەرچاوەی نەوت و بەدابەشكردنی داهاتی ئەو نەوتە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەسەر خەڵكدا نابەستێت. هەروەها ڕوونە عێراقێكی لاواز و دابەشبوو كە پتر لاوازدەبێت لەبەرامبەر فشاری دەوڵەتە دراوسێكاندا، ئاشكرایە كە نازانرێت ئایا هەر یەك لەم وڵاتانە دەتوانن چی بكەن، ئەمە زۆر جیاوازە لەبەهێزكردنی پارێزگاكان و لەپیادەكردنی سیغەیەكی فیدراڵی كە تێیدا دەسەڵاتی زیاتر بەپارێزگا و شارەكان بدرێت بۆ ئەوەی ئاییندەی خۆیان كۆنتڕۆڵ بكەن و سەرچاوەكانی وڵاتەكە دابەش بكەن كە كۆنتڕۆڵێكی مەركەزی كەمتر هەبێت. ئەم هەوڵ و كۆششە ڕەنگە كاریگەری ئیجابی لێبكەوێتەوە ئەگەر عێراقیەكان ڕازی بن بەسازدانی سازش، بەڵام دابەشكردنی عێراق بۆ چەند دەوڵەتێكی بچكۆلە عێراق ئەوەندە لاواز دەكات كە نەتوانێت بەڕێوەبچێت و بەردەوام بێت.
Top