ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمینێتەوە باشترین چارەسەر بریتییە لە سەندنەوەی متمانە لە حكومەت

ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمینێتەوە باشترین چارەسەر بریتییە لە سەندنەوەی متمانە لە حكومەت
ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری خزمەتگوزاری لەم دیمانەی گوڵاندا باس لەو مەترسیانە دەكات كە رووبەرووی پرۆسەی سیاسی و حكومی دەبێتەوە و هاوكات هاوڕایە لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی و پێی وایە عێراق بەترسناكترین قۆناغەكانی تێپەڕ دەبێت و ئێستا كوردو عەرەب و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق ترسیان لە داهاتووی ئەم وڵاتە هەیە، ئەمەش بەهۆی ویستی تاكڕەوی. سەبارەت بەو كۆنگرە نیشتمانییە گشتیە چاوەڕوانكراوەی كە ئێستا ئامادەكاری بۆ بەستنی دەكرێت جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی : (بەبێ ئامادەبوونی بەڕێزان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم و موقتەدا سەدر لەو كۆنگرەیە دا سەركەوتن بەدەست ناهێنێت. )تەنانەت ئەوەشی راگەیاند كە ئەگەر كۆنگرە كۆبوونەوەیەك بێت بۆ نیفاقی سیاسی ئەوا ئامادە نابێت .بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم مەسەلانەی كە داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراقی پێوەی بەندە، ئەم پرسانەمان رووبەرووی بەڕێزیان كردەوە كە بەسوپاسەوە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوەو ئەمە دەقەكەیەتی.
سەرۆك بارزانی بارودۆخی ئێستای عێراقی بە ترسناكترین بارودۆخ وەسف كردووە، بێگومان ئەمە راستە چونكە ئەم جارە حزبی دەسەڵاتدار خەڵك هان و جۆش دەدات و دەیانەوێ بیكەن بە شەڕێكی تائیفی

* تێڕوانینت بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق چییە و چۆنی دەبینی؟
- سەرۆك بارزانی بارودۆخی ئێستای عێراقی بە ترسناكترین بارودۆخ وەسف كردووە لە دوای داگیر كردنی عێراقەوە تاكو ئێستا، بێگومان ئەمە راستە و منیش هەست دەكەم ترسناكترین قۆناغە كە عێراق بە مێژووی دوور و درێژی پێیدا تێپەڕیوە، چونكە ئەم جارە دەیانەوێ بیكەن بە شەڕێكی تائیفی و حزبی دەسەڵاتدار خەڵك هان و جۆش دەدات بە ڕێگای تائیفییەوە، دیارە عێراق بە زۆر شەڕ و شۆڕشی گەورەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا ڕووبەڕووی كێشەیەك نەبۆتەوە كە لەسەر بنەمای تائیفی بووبێت، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە (واتە تائیفی بێت) ئەوا زۆر ترسناكە، بەڵام لە هەمان كاتدا من دڵنیام كە عێراقییەكان بەرەو ئەو لێژاییە ترسناكە راناكێشرێن و ئەگەر ململانێیەكە ڕووبدات دەبێتە ململانێی حكومەت و میلیشیا لەلایەك دژ بە گەلێك كە دیكتاتۆریەت وهەژموونی تاكە كەسی و تاكە حزبی رەت دەكاتەوە لەلایەكەی ترەوە.

*ئایا هیچ ئەگەرێكی دیاریكراو هەیە كە عێراق پەنای بۆ ببات؟
- مەسەلەكە دەوەستێتە سەر حیكمەتی سەركردە سیاسییەكان، ئەگەر سەركردە سیاسییەكان كۆببنەوە و حیكمەت هەبێت، لە هەمان كاتدا ئازایەتی هەبێت بە گوتنی قسەی حەق، كە بە داخەوە تا ئێستا لای زۆربەی سەركردە سیاسییەكان نییە و ئێستا دووڕوویی سیاسی (النفاق السیاسی) یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی سەركردە سیاسییەكان و زۆر كەم ئەو سەركردانەی قسەی حەق دەڵێن، بۆیە داواكردنی ئامادەبوونی بەڕێزان مسعود بارزانی و موقتەدا سەدر مەرجێكی سەرەكییە بۆ بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی، چونكە ئێمە دەمانەوێ كەسێك ئامادە بێت كە بتوانێت قسەی حەق بڵێت، دیسان دەڵێم بە داخەوە ئەو كوتلانەی ئێستا بە نیفاق كار دەكەن باش دەزانن كە ئێستا دیكتاتۆریەت لە عێراق هەیە و بەڕێز مالیكی خەریكە نەهجێكی تاكڕەوی پیادە دەكات و هەوڵ دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی تاكە كەس و تاكە حزب بەسەر عێراقدا، بەڵام تا ئێستا جورئەتی ئەوەیان نەبووە قسەی حەق بڵێن بەڵكو نیفاق وای لێكردوون زۆر جار پێچەوانەی قەناعەتی خۆیشیان قسە بكەن.

* ئەگەر كۆنگرەكە لە بەغدا یان شوێنێكی تر ببەسترێت بەڕێزتان بەشداری تێدا دەكەن؟
-بەشداری كردنی من دەوەستێتە سەر ئەوەی كێ بەشداریی تێدا دەكات، ئەگەر كۆنگرەكە كۆبوونەوەیەك بێت بۆ نیفاقی سیاسی ئەوا ئامادەی نابم، بەڵام ئەگەر دڵنیا بووم كە كەسانێك لە كۆنگرەكەدا بەشداری دەكەن و توانا و ئازایەتی و ئامادەیی ئەوەیان هەیە كە قسەی حەق بڵێن ئەوا بەشداری تێدا دەكەم و بە هەموو هێزێكەوە ڕووبەڕوویان دەبمەوە.

*ئێستا بارودۆخی شەخسی خۆت چۆنە، ئایا دەسەڵاتەكانت بەكار دەهێنی وەك جێگری سەرۆك وەزیران؟
-من ئێستاش جێگری سەرۆك وەزیرانم، بەڕێز نوری ئەلمالیكی فەرمانێكی دەركردووە و مۆڵەتێكی بە ناچاری (اجازة اجباریة)ی پێداوم، بێگومان ئەمەش كارێكی نا یاساییە، دوای ئەوەی زانیی كە ئەمە نا یاساییە فەرمانێكی دیكەی نا یاسایی دەركرد و ناوی نا (مۆڵەتی كراوە -اجازة مفتوحة)، لەبەر ئەوەی هەردوو فەرمانەكەی نا یاسایی بوون بۆیە من پێوەیان پابەند نیم و تا ڕادەیەكیش ئەركەكانی خۆم بە ئەنجام دەگەیەنم.

*ئێوەی سیاسەتمەدار بۆچی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانانیشن، بۆچی متمانە نییە لەنێوانتان بۆ پێكەوە دانیشتن و باس كردنی كێشەكان و رزگار كردنی عێراق لەو بارودۆخەی تێیكەوتووە؟
-چونكە كەسانێك هەن لە رۆژی دامەزراندنی حكومەت و لە دەست گرتنی حكومەتەوە بڕیاریداوە خۆی بدزێتەوە لە هەموو ئەو رێكەوتنانەی لەسەری رێكەوتووین لە هەولێر و دەرەوەی هەولێر و كە لەرێگایا‌نەوە سەرۆكی وەزیران دانرا، لەبەر ئەوەی بە مەنتقی گفتوگۆ سەردەكەوین بۆیە ئەو كەسە مەنتقی گفتوگۆی ناوێ، بەڵكو مەنتقی تاكڕەوی دەوێ، بۆ نموونە كاتێك سەردانی ئەمریكای كرد تاكە كەسێكیشی لە لیستە ئەلعێراقییە كە گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردنەكانە لەگەڵ خۆی نەبرد، چونكە دەیەوێ پەراوێزیان بخات و وێنەیەكی جیا نیشانی ئەمریكا بدات، بۆیە من ئەو كات لێدوانم دا وەك پەیامێك بۆ ئۆباما و ئیدارەی ئەمریكی كە ئەوان پێشوازی لە كەسێكی هەڵە و بە وەسفێكی هەڵە دەكەن، ئێوە وەك رزگاركەری عێراق و پارێزەری یەك پارچەیی عێراق وەسفی دەكەن و پێتانوایە دوای رۆیشتنی ئێوە ئاشتی بەدی دەهێنێت كە ئەمانەش هەموویان وەسفی هەڵەن، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەك بكەن، چونكە ئەم كەسە دیكتاتۆرە، ئەم لێدوانەی من پەیامێكی بوو بۆ ئەمریكییەكان زیاتر لەوەی بۆ مالیكی بێت و ئەم لێدوانەش كاریگەری خۆی هەبوو، چونكە گۆڤار و رۆژنامەكان بەشێوەیەكی دیكە قسەیان كرد، چونكە مالیكی دەیویست دیكتاتۆریەت پتەوتر بكات بە رەنگی دیموكراتیەت.

* بەرای جەنابت بۆچی مالیكی لەسەر ئەو رێبازەی هەنگاو دەنێت، ئایا ترسە لە كودەتا و گەڕانەوەی سوننەكان؟
- مالیكی لە نیوەی بیركردنەوەی خۆیدا تەنیا بیر لە كودەتا و پیلان و نەبوونی باوەڕ و متمانە بە كەسانی دیكە دەكاتەوە، ئەم بابەتەش دەیكات بە مرۆڤێكی بێ بەرهەم، لە كاتێكدا رۆژانە دەیان كەس لە بەغدا و شارەكانی دیكە دەبنە قوربانی كەچی ئەو هێشتا دەستی بەسەر مەلەفە ئەمنییەكاندا گرتووە و پێداگیرییان لەسەر دەكات، چونكە باكی بەوە نییە چی ڕوودەدات گرنگ ئەوەیە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بە دەست خۆی بێت بۆ ئەوەی بە زەبر و هێز دەسەڵاتی بەدەست بێت و تەنیا بیر لە ئێستا ناكاتەوە، بەڵكو بیر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووش دەكاتەوە بۆیە كار بۆ ئەوە دەكاتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە زۆرینە بباتەوە و بتوانێت دەستوور و یاساكان بگۆڕێت لە رێگای ئەم زۆرینەیە.

* ئەگەرەكانی بەردەم عێراق ئێستا بریتین لە دامەزراندنی حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی، وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، دابەش بوونی عێراق بۆ چەند هەرێمێك، ساڵح موتڵەگ بیر لە كام لەم ئەگەرانە دەكاتەوە؟
- سەبارەت بە خۆم پێموایە بوونی مالیكی واتە دابەشبوونی عێراق بۆیە پێم باشە بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمینێتەوە باشترین چارەسەر بریتییە لە سەندنەوەی متمانە لە مالیكی، چونكە ئێمە یەك عێراقمان دەوێ.

*حكومەتی هەرێم گەشبین نییە بە بەستنی ئەم كۆنگرەیە، چۆن دەڕوانیتە بەستنی ئەم كۆنگرەیە؟
- بەرای من رەنگە ئەم كۆنگرەیە ئەنجامی ئیجابی لێ نەكەوێتەوە بە پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی راستەقینە، بەڵام هەموومان دەگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە سەندنەوەی متمانە لە مالیكی باشترین چارەسەرە.

* كێشەی تاریق ئەلهاشمی بە كوێ گەیشت و تێڕوانینت چییە بۆی؟
-دیارە هەر لە سەرەتاوە كێشەی تاریق ئەلهاشمی كرا بە كێشەیەكی سیاسی و ویستیان لایەنی تائیفی لە عێراق بوروژێنن تەنانەت كاتەكەشی لە چلەی ئیمام حوسێن بوو لەو كاتەشدا هەستی خەڵك بە ئاسانی دەوروژێنرێت، بۆیە كاتەكەی و شێوازی دەرخستنی سیاسی بوو، ئیمڕۆ ئێمە لەگەڵ یاساین یاسایەكی بێلایەن لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێ كارێكی سیاسیش بكرێت كە بۆچی لەو كاتە ئەم مەسەلەیە وروژێنرا و بۆچی هەر لە سەرەتاوە بە سیاسەت كرا؟ بەڕای من ئەوەی ئەمڕۆ حوكم دەكات ئەو تاوانەكەی بەسەردا ئیسبات بووە،تا ئێستا هیچ تاوانێك لەسەر تاریق ئەلهاشمی نەسەلمێنراوە، بەڵام مالیكی بەسەریدا سەلمێنراوە، چونكە گوتی ماوەی سێ ساڵە چەند فایلێكی لەلا هەیە و تا ئێستا نەیخستۆتەڕوو و لێپێچینەوەی لەسەر نەكردووە، كەواتە ئەو دەیزانی كوشتن لە عێراق هەیە و خۆی بێدەنگ كردووە كە ئەمەش تاوانە بۆیە ئەو كەسەی كە دانی بە تاوانەكەی ناوە ئەو تاوانبارە و پێویستە سزا بدرێت، بەڵام لایەنەكەی تر لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێ لەوانەیە تاوانبار بێت و لەوانەیە بێ تاوان بێت‌‌.

* ئێستا زۆر باس لە ئەلعێراقییە دەكرێت بەوەی بووەتە هۆكاری پەكخستنی گشت پرۆسەی سیاسی و تەنانەت كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیانیش، بۆچی گرفتە سیاسییەكان دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك باس ناكرێن و چارەسەر ناكرێن؟
- سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم وەزیرانی لیستی ئەلعێراقییە هێشتا دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن كارەكانیان رادەپەڕێنن، ئامادە بوون لە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەبوونێكی سیاسییە، ئەلعێراقییەش گرفتێكی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی قانون هەیە و دەیەوێ چارەسەری بكات بۆیە ئامادەی كۆبوونەوەكان نابێت، جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئامادە نابێت، چونكە رێگای پێنادرێت ئامادە بێت بە فەرمانێكی سەرۆك و بە كارێكی نا یاسایی و بەلتەجی، ئەمە چ ئەنجوومەنێكی وەزیرانە و ئەمە چ رێزێكە لە پیرۆزی ئەو شوێنە دەگیرێت‌.

* ئەی پەرلەمان و فەسڵكردنی 6 ئەندام پەرلەمانی ئەلعێراقییە؟
- پەرلەمان بەردەوامە لەسەر كارەكانی خۆی و ئەوانەی كە فەسڵیش كران لەبەرئەوە كە سەرپێچی بڕیارەكەی ئەلعێراقییەیان كردووە، ئێمە دەمانەوێ دەنگی خۆمان هەڵبڕین كە ناڕازین لەوەی ئێستا ڕوودەدات.

* دوای رووخانی رژێم هەموو لایەك رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی وڵات، بەڵام ئێستا هەموو لایەك هەست بە مەغدووری دەكات، ئەلعێراقییە، دەوڵەتی قانون، هاوپەیمانی كوردستان، ئایا كەلێنێك لە دەستووردا هەیە یاخود گرفتەكە ئەو كەسانەن كە كاروباری وڵات بەڕێوە دەبەن؟
- بەڕای من هەر لەسەرەتاوە گرفتەكە لە پرۆسە سیاسییەكەدا هەبوو، هەر لە سەرەتاوە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای چەند حزبێكی تائیفی ئیسلامەوی دامەزراوە كە هیچ شارەزاییەكیان نییە لە بەڕێوەبردن و حوكمڕانی تەنیا شارەزاییان لەوە هەیە ئۆپۆزیسیۆن بن، بۆیە كە حوكمڕانیش بوون بە شێوەی ئۆپۆزیسیۆن مامەڵەیان دەكرد بۆیە دوای 8 ساڵ سەركەوتوو نەبوون و وڵاتێش بەرەو خاو بوونەوە دەچێت لە هەموو لایەكەوە، بە قەناعەتی خۆم ئەو گروپانەی كە ئێستا حوكمی عێراق دەكەن و ركابەرێتیانە لەسەر گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمێكی دواكەوتوو نەك بۆ سەردەمێكی شارستانیانە و ناتوانن وڵات بونیاد بنێنەوە، بۆیە پێویستمان بە پێداچوونەوە هەیە بە سەرتاپای پڕۆسەی سیاسی.

* بەڵام ئێستا دیارترین ناكۆكییەكان لەنێوان سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانە نەك ئەندامانی كوتلەكان و و خودی كوتلەكە؟
- گرفتەكە لەوەدایە كە كەسانێك هەن دەیانەوێ پڕۆژەی ئەلعێراقییە پەك بخەن، پڕۆژەی نیشتمانی لە عێراق كە پێكدێت لە شیعە و سوننە و كورد و عەرەب و توركمان و ئێزیدی، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەركەوتوو بێت‌ حزبە سیاسییەكان ئیسلامییەكان كە لەسەر بنەمایەكی تائیفی دامەزراون هیچ گرنگییەكیان نامینێت لە عێراق، بۆیە ویستیان كۆتایی بەم پڕۆژەیە بهێنن، بەتایبەتی كە بینیان لە هەڵبژاردنەكاندا لەوانەیە ئەم پڕۆژەیە سەربكەوێت بۆیە هەوڵی بچووك كردنەوەیاندا و سەرەتا چەند گرفتێكیان دروست كرد لەنێوان سەركردەكانی نێوان كوتلەی ئەلعێراقییە، هەوڵیاندا گرفت و ململانێ لەنێوان من و ئەیاد عەلاوی بنێنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بەهەمان شێوە لەنێوان من و ئوسامە نجێفی و رافع عیساوی و تاریق ئەلهاشمی و لە هەموو ئەو هەوڵانەش سەركەوتوو نەبوون، ئینجا روویان لە سەركردەكانی ئەلعێراقییە كرد بۆ بچووك كردنەوەیان و سەرەتا بە ئەیاد عەلاوی دەستیان پێكرد و گوتیان ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان دەستووری نییە ئەمە لە كاتێكدا كە خۆیان لەسەر دامەزراندنی رێككەوتوون و لەم خاڵەدا دژی دەستوور وەستانەوە، دواتر ڕوویان لە سالح موتڵەگ كرد و هەوڵی نەهێشتنیان دا، دواتر ڕوویان لە تاریق ئەلهاشمی كرد، هەروەها روویان لە رافع ئەلعیساویش كردووە و تا ئێستا پێی نەگەیشتوون بۆ ئەوەی سەركردەكانی ئەلعێراقییە كۆتایی پێ بهێنن و مەبەستی سەرەكیشیان بێهێزكردنی ئەم پڕۆژەیەیە و بۆ ئەوەی حزبە ئیسلامییەكان باڵا دەست بن.

* رۆڵ و پێگەی هاووڵاتی لەم وردەكاریانە چییە كە سیاسەتمەداران ئاگادارن؟
- هاووڵاتیش بەشێك لە بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەو هاووڵاتیەی كە لە رۆژی هەڵبژاردندا بە عەقڵانی بیر ناكاتەوە و لەسەر بنەمایەكی تائیفی دەنگ دەدات، وشیارە بەوەی كە ئەم ئاراستەیە خزمەتی وڵات ناكات و ئابووری پێش ناكەوێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هاووڵاتی راپەرێت دژی ئەم هەموو نەریت و ئایدیۆلۆژیا پاشكەوتووانەی كە وڵات دەگەڕێننەوە دواوە و بە هیچ شێوەیەك بەشێك نەبوون لە مێژوو و شارستانیەت و كلتووری ئێمە، پێویستە هاووڵاتی ئەو كەسە هەڵبژێرێت كە دەتوانێت وڵات بەشێوەیەكی راست و دروست ئاراستە بكات دوور لەو شتە بێ بنەمایانەی كە ئێستا هەن.

* بۆچی دابەشكردنێك ئەنجام نادرێت و ناوچە شیعی و سوننی و كوردەكان جیا بكرێنەوە و دوور بكەونەوە لە وەرگرتنی دەسەڵاتەكان لە ناوەندەوە و ئەم گرفتە چارەسەر بكەن؟
-پێموایە ئەمە گرفتەكە چارەسەر ناكات، چونكە ئێستا كە یەك هەرێمە ئاڵۆزییەك هەیە، ئەگەر دابەش بكرێت بۆ چەند هەرێمێك لەسەر بنەمای تائیفی گرفتەكە چارەسەر ناكات، سەرەڕای ئەمەش چەند پارێزگایەك هەن كە ئەم ئەگەرەیان هەڵبژاردووە، بەڵام سەرۆك وەزیران ئەمەی رەت كردەوە و ئەم رەتكردنەوەیەش پێچەوانەی دەستوور بوو.

* بۆچی عێراقییە هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو سەبارەت بە دەستێوەردانی دەوڵەتە عەرەبی و هەرێمییەكان لە مەسەلەی بەڕێز هاشمی؟
- توركیا كە وڵاتێكی عەربی نییە ترس و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە روودانی جەنگێكی تائیفی لەسەرتاسەری ناوچەكە و بەڕای من ئەم ترس و نیگەرانییەی توركیا لەجێی خۆیەتی، بەڵام لە مەسەلەی هاشمی و موتلەگ هیچ دەستێوەردانێك نەبووە لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و هەرێمییەوە، بەڵام ئێران دەست لە كاروباری عێراق وەردەدات بۆ هێشتنەوەی مالیكی بەتایبەتی كاتێك بینیان ئەگەری لادانی لە ئارادایە لە سەندنەوەی متمانە لێی لە پەرلەمان.

* سوریا چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر بارودۆخی عێراق؟
- پێموایە ئێمە ئێستاش باجی ململانێیە هەرێمییەكان دەدەین لەوانەش ململانێیەكان لە سوریا، ئەمەش بەداخەوە مایەی نیگەرانییە كە شەڕ لە وڵاتێكی تر بێت و كاریگەری بەسەر عێراقییەكانەوە هەبێت، پێموایە هەوڵێك لە ئارادایە كە سەرنجی جیهان لەسەر سوریا كەم بێتەوە و ئەو سەرنجە ئاراستەی عێراق یان ناوچەیەكی دیكە بكرێت ئەمەش مایەی ترس و نیگەرانییە.

*ئەگەر بارودۆخی عێراق ئاڵۆزتر بوو پێشبینی دووبارە گەڕانەوەی ئەمریكا دەكەی؟
-ئەگەر بارودۆخی عێراق بەو شێوەیە بمینێتەوە و كۆمارییەكانیش لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنن، دووبارە گەڕانەوەی ئەمریكا بە دوور نازانم.

*دوای رووخانی رژێم باس لەوە دەكرا كە ئەلعێراقییە و سەركردەكانی دژی زۆر مەسەلە دەوەستنەوە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا دەبینین سەركردەكانی ئەلعێراقییە روویان لە كوردستان كردووە و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبنەوە بۆ چارەسەرەكردنی ئەو گرفتانەی كە هەیە، لێكدانەوەت بۆ ئەم دوو حاڵەتە چییە؟
- پێموایە پێگەیشتنێكی سیاسی لە هەردوو لامان روویداوە، زۆر شت هەبوو پێشتر ئێمە لەسەری ناكۆك بووین، پێموایە كاتی ئەوە هاتووە چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی رەوتێكی دیموكراتی بەهێز لە عێراق بونیاد بنرێت بۆ ئەوەی ئاراستەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق راست بكاتەوە و ئەگەر هاوسەنگییەك بكەین لەنێوان ئەوەی كە ناكۆكی لەنێوانمان بەردەوام بێت یان لێك گەیشتن و دیالۆگ هەبێت چی روودەدات لە عێراق ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، هەروەها ئێستا گوتاری كوردیش میانڕەوترە و جۆرێك لە بە عەقڵانی بوون لە گوتاری هەموومان بەدی دەكرێت بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی پێشتر هەبووە، بەشێكی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە لەسەر ئاستی شەخسی یەكتر دەناسین و بەشەكەی تریش ئەوەیە كە كەس پێشبینی نەدەكرد عێراق بگاتە ئەو ئاستەی ئێستای لە وێرانی بە جۆرێك كە كورد و عەرەب و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق ترسیان لە داهاتووی ئەو وڵاتە هەیە.
Top